ئیسلامییه‌کان و ده‌ستور…..ئاری ئه‌بوبه‌کر
ئیسلامییه‌کان و ده‌ستور
ئاری ئه‌بوبه‌کر
ئیسلامییه‌کانی کوردستان هه‌میشه دوو خوێندنه‌وه‌یان بۆ کراوه، خوێندنه‌وه‌یه‌کییان پێی وابووه، که ئیسلامییه‌کان ته‌نها به زمان و جلوبه‌رگ کوردن، ئه‌گینا عه‌قڵ و فکر و ئه‌ساسییاتی ڕۆشنبیرییان له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه بۆ دێت و کۆنترۆڵی ده‌ستی سعودییه‌و ئێران و ئیخوانه‌کانی میسرن، به‌جۆرێک که ئیخوانه‌کانی میسر بڵێن به‌یانی باران ده‌بارێت، ئه‌مان له کوردستان چه‌تر هه‌ڵده‌که‌ن، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئیسلامییه‌کان پێی وایه، که ئه‌مانه به‌ڕۆح وفکر و عه‌قڵ کوردن و ڕۆشنبیرییه‌که‌یان له‌سه‌ر ئه‌ساسییاتی کوردبوون داناوه و ئه‌مانه به‌شێکن له بزاوتی ڕزگاریخوازی کورد و ناکرێت باسی ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌ی کوردی بکه‌ین بێ ئیسلامییه‌کان، به‌ڵام به جیا له‌م دوو خوێندنه‌وه‌یه، ده‌بێت دان بهوڕاستییهدا بنێین که جه‌ماوه‌ری ئیسلامییه‌کان به هۆی غیابی عه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی باڵای یه‌کێتی و پارتی دا گه‌شه‌یانکردووه و ئه‌مه‌ش مافێکی خۆیانه بووه و ناکرێت نکوڵی له‌م مافه بکرێت.
دیاره ئیسلامییه‌کانیش، که ڕۆژانێک میلله‌ت به فریادڕه‌سی ده‌بینین بۆ قوتارکردنی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ده‌ست نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵی، به‌هۆی چاوبڕین له کورسی ده‌سه‌ڵات و پاره و پۆستی وه‌زاره‌ت و…هتد، نه‌ک نه‌یانتوانی به‌شێکی چاوه‌ڕوانییه‌کانی خه‌ڵک پراکتیزه‌بکه‌ن، به‌ڵکو بونه هۆی نائومێدبوونی خه‌ڵک و به‌گومان سه‌یرکردنیان له‌و پاکێتییهی که ئیدیعایان بۆ ده‌کرد و به‌کارهێنانی قودسیاتهکانی دین بۆ مه‌رامی سیاسی و به‌س، چونکه هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌کی کوردستان، بێ‌شک سه‌رکردایه‌تی ئیسلامییه‌کان به‌شێکن لێی به ئه‌ندازه‌ی یه‌کێتی و پارتی، ناکرێت باسی گه‌نده‌ڵی بکه‌ین و ئیسلامییه‌کانی لێبێبه‌ری که‌ین، ناکرێت باسی نا دادپه‌روه‌ری بکه‌ین و ئیسلامییه‌کانی خاوه‌ن ده‌سه‌لات و وه‌زاره‌ت داببڕین.
دواهه‌مین ماکی ئیسلامییه‌کان، که بۆ خه‌ڵک ده‌رکه‌وت، ڕازی بونیان بوو به تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور، له کاتێکدا که ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانیان له‌ناو په‌رله‌ماندا(بێگومان به بڕیاری مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانیان، وه‌ک ئه‌ندام مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانی تری حزبه‌کان) ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕی له‌سه‌ر ڕاپرسی ده‌ستور له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و دیدار و چاوپێکه‌وتنانه هات، که سه‌رکرده‌ی ئیسلامییه‌کان له‌گه‌ڵ مه‌سعود به‌رزانی دا کردیان. دیار تا پێش ئه‌و چاوپێکه‌وتنه ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی ئیسلامییه‌کان وه‌ک ڕیمۆت کۆنترۆڵ به‌ده‌ست مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانه‌وه، شیعاری "نابێت ده‌ستور به‌م په‌له پڕوزێیه تێبپه‌ڕێندرێت" یان ده‌وته‌وه، که‌چی کاتێک که مه‌سعود به‌رزانی هه‌ندێک وه‌عدی ئاشکرای پێدان(ئه‌گه‌ر وه‌عدی ژێر به ژێریشیان وه‌رنه‌گرتبێت)، سوبحانه‌ڵا یه‌کسه‌ر سه‌دوهه‌شتا ده‌ره‌جه وه‌رگه‌ڕان و داوایان له ئه‌ندامه‌کانیان کرد، که ده‌نگ به به‌ڵی بده‌ن بۆ ده‌ستور.
به‌م کاره‌یان ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌ربه‌خۆیی له بڕیاردانی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی سه‌ر به ڕه‌وته ئیسلامییه‌کانیان خسته گومانه‌وه، هه‌مان ئه‌و مۆدێله‌یان دووباره‌کرده‌وه، که یه‌کێتی و پارتییان پێ تاوانبار ده‌کرد. دوا جار مه‌ودای ئه‌و گومانه یان به‌رین تر کرد که پێی وابوو، ئیسلامییه‌کان ده‌یانه‌وێت خزمه‌ت به خۆیان ده‌که‌ن، نه‌ک هه‌موو میلله‌ت، ئه‌مه‌شیان کاتێک کرد، که به ئاشکرا ڕایانگه‌یاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبییان له پرۆژه‌ی ده‌ستوردا دابین ده‌کرێت، واتا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبیی، ڕازین له‌سه‌ر ڕاپرسی ده‌ستور.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیسلامییه‌کان ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ ده‌رخستین، که ئیسلامییه‌کان ناتوانن وه‌ڵام به داخوازییه‌کانی خه‌ڵک بده‌نه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبییان له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی میللتهوه پۆلێنکردووه.
ئه‌م وتاره له پاشکۆی هه‌ڵبژاردنی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
Arei1976@hotmail.com