
گفتووگۆی ئاڵای ئازادی له‌گه‌ڵ تاهیر حه‌سه‌ن
ئاگاداریه‌ك:
ئه‌م كفتوگۆیه به‌سوپاسه‌وه له‌سه‌ر داوای ڕۆژنامه‌ی (ئاڵای ئازادی) ئه‌نجام دراوه. ڕۆژی چوارشه‌ممه 24/6/2009 به‌شی یه‌كه‌می له ژماره‌ی 812 دابڵاو بۆوه. سه‌رباری به‌ڵێندانی ڕۆژنامه‌كه به‌وه‌ی كه وه‌ك خۆی گفتوگۆكه بڵاو ده‌كاته‌وه. به‌ڵام له‌به‌شی یه‌كه‌مدا چه‌ند په‌ره‌گرافێكی لێ قرتێنرابوو!. سه‌رباری ناڕهحهتیم, به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه كه هه‌ستم كرد كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌جێنه‌هێشتووه, هیچم نه‌ووت. به‌ڵام هیوام خواست كه بۆ به‌شی دووه‌م كارێكی وا دووباره نه‌بێته‌وه. به‌ڵام به داخه‌وه كاتێك به‌شی دووه‌م له ژماره 813 دا بڵاو بووه‌وه,ده‌بینم نزیكه‌ی نیوه‌ی قرتێنراوه. بۆیه ناچارم هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆ ئه‌وانم ناردووه بڵاو بكه‌مه‌وه.
تاهیـر حهسهنئاڵای ئازادی: له‌چه‌ند هه‌ڵبژاردنی ساڵانی پێشوودا ئێوه ڕای خۆتان به‌یان كردووه‌و ڕاتان گه‌یاندووه كه هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كوردیه‌كان سیناریۆیه‌و داواتان له خه‌ڵك كردووه به‌شداری نه‌كات. ئایا بۆ هه‌ڵبژاردنی مانگی ته‌مووزیش هه‌مان ڕاتان هه‌یه و به سیناریۆی ده‌زانن؟.
تاهیـر حـه‌سـه‌ن:
وێنای سیاسی كوردستان هێشتا درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و ڕه‌وه‌نده‌یه كه‌ساڵی 1992 یه‌كه‌مین سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی تێدا به‌رپاكرا. سه‌رباری هه‌ڵكشان و داكشان و جێگا گۆڕكێی هه‌ندێ له هێزه ده‌رگیره‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق, هێشتا ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی كه( ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) یان له‌سه‌ر داناوه, چاره‌نووسی مانه‌وه‌ی خۆی وسپاردنی ئه‌مڕۆی به سبه‌ینێ له نێو قڵشتی قه‌یرانی سیاسی عێراقدا دابین ده‌كات. له 18ساڵی ڕابردوودا دوو جار بوار ڕه‌خسا كه چاره‌نووسی كوردستان له چاره‌نووس و قه‌یرانی سیاسی عێراق به‌یه‌كجاری داببڕێ و ببێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی واقعی و به ڕهسمیهتناسراوی نێو ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێت.جارێك دوای ڕاپه‌ڕین و جارێكی تر دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس. به‌ڵام یه‌كێتی و پارتی ئه‌و كاره‌یان نه‌كرد و ڕێگای گرێدانی ئومێدی مانه‌وه‌یان به سیاسه‌ت و ئیستیراتیژی ناڕۆشن و ئاڵۆزی ئه‌مریكاوه له عێراقدا هه‌ڵبژارد و سه‌رگه‌ردانی و نادیاری چاره‌نووسی سبه‌ینێشیان كرده نسیبی هه‌تا ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.
بڕوانه. ساڵی 1992 یه‌كێتی و پارتی به ئومێدی به ڕه‌سمیه‌ت ناسینی ده‌سه‌ڵاتیان له‌لایه‌ن ئهمریكاو هاوپه‌یمانانی غه‌ربه‌وه, سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان گێڕا. بێ ئاگا له‌وه‌ی كه خوڵقاندنی جه‌نگی خه‌لیج (1990) و وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ڕژێمی به‌عس كه ئه‌وان ئیستیراتیژی خۆیان له‌سه‌ر بیناكردبوو,هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به ده‌رپه‌ڕاندنی سووپای عێراق له كوێت وهێنانی دیموكراسی بۆ عێراق و ناوچه‌كه نه‌بوو, به‌ڵكو ئامانجی ئه‌مریكا شكڵدان بوو به نه‌زمێكی جیهانی نوێ كه‌تیایدا خۆی سه‌ركرده‌و ڕابه‌ری جیهانی سه‌رمایه‌داری دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد بێت, له‌م نه‌خشه‌و ئیستیراتیژیهی ئه‌مریكادا جێگاوڕێگای كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی بایه‌خێكی نه‌بوو. عێراق ته‌نیا گۆشه‌یه‌كی بردنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و ئیستیراتیژیهی ئه‌مریكا بوو كه دواتر ئه‌فغانستانیشی چووه سه‌ر. بۆیه له‌گه‌ڵ بێ ئومێدیان به سیاسه‌تی ئهمریكاو غه‌رب, په‌رله‌مانه‌كه‌یان چه‌ند مانگێك به‌رگه‌ی نه‌گرت و هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شی خۆیان برده‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و جه‌نگی ناوخۆی له مێژینه‌یان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌تی له كوردستان هه‌ڵگیرسان. له ساڵی 1992 ه‌وه تا پێش ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس, ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی چ به‌شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شی كورت ماوه‌یان, چ به‌شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی درێژماوه‌ی جیا‌و دوو ئیداره‌ییان, خۆراكی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ژێر سێبه‌ری ناوچه‌كانی دژه‌فڕین و له‌نێو قڵشتی قه‌یران و كێشمهكێشێكدا دابین ده‌كات ,كه ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس ده‌رگیریه‌تی. له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق, جارێكی‌تر ئیستیراتیژی یه‌كێتی و پارتی و چاره‌نووسی ده‌سه‌ڵاتیان هێزێكی به‌به‌ردا هاته‌وه‌و به‌ته‌واوی تواناوه له‌ژێر ئاسۆ و ئامانجی ئه‌مریكادا له‌و جه‌نگه‌دا به‌شداریان كرد.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس, ئه‌مریكا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا, به‌ر له‌هه‌ر شتێك كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی وه‌ك ووڵاتێكی قه‌ومی و دینی و تایه‌فی پێناسه كرد‌و پاشان تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ڕه‌وت و ئه‌حزابی ناكۆك و دژ به‌یه‌كی قه‌ومی و دینی و تایه‌فی پێكه‌وه ناو به‌ڕێژه‌ی جیاواز ڕیش سپی بۆ داتاشین و ناردنیه په‌رله‌مانی عێراق . یه‌كێتی و پارتی (كه ئاماده‌ترین و ڕێكخراوترین هێزی به‌شدار بوون له جه‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراقدا) له چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنێكی نهێنی نێوانیاندا, كرانه نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و له‌وێ له‌سه‌ر چه‌ند كورسیه‌ك دانیشتن. به‌پێی قسه‌ی یه‌كێتی و پارتی و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه ده‌ستوری عێراقیان نووسیه‌وه. ده‌ستووری عێراق له‌سه‌ر بناغه‌ی ته‌وافق نوسراوه‌ته‌وه. شك له‌وه‌شدا نیه كه ته‌وافوقی نێوان چه‌ند هێزێكی ناكۆك و دژ به‌یه‌ك , كه هه‌ر یه‌كێكیان به‌شه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له بێ ده‌سه‌ڵاتكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌یدا ده‌بینێ, له‌سه‌ر هاوسه‌نگی هێز پێك دێت, هه‌ركاتێك هاوسه‌نگی هێز به‌لایه‌كدا گۆڕا ته‌وافوقی پێشوو له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌گۆڕێ و ته‌وافوقی تازه ده‌هێنێته ئاراوه. ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم, له‌دوای ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عسه‌وه تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت,له ژێر سایه‌ی سیاسه‌تی ئهمریكاو له نێو قه‌یرانی ئه‌و ته‌وافوقه‌دا كه له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی شیعه و سووننه‌و ناسیونالیزمی عه‌ره‌بدا كردوویانه درێژه‌ی به‌مانه‌وه‌ی ژیانی خۆی داوه. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی یه‌كێتی وپارتی و دابه‌شكردنی پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمیشیان هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی تهوافوقێكه كه له‌گه‌ڵ به‌غداد كردوویانه. (تاڵه‌بانی ) به‌و شه‌رته سه‌ره‌ك كۆماری عێراقه, كه (بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێم بێت,(نێچیرڤان) به‌و شه‌رته سه‌ره‌ك وه‌زیرانه كه (عه‌دنان موفتی) سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێت!!>
به‌پێی قسه‌ی ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی ئیستیراتیژی سیاسه‌تی ئه‌مریكا, ئه‌مریكا له عێراقدا شكستی خوارد. هاتنه‌خواره‌وه‌ی جێگا‌و ڕێگای سه‌رووتری ئهمریكاوشكستی ئیستیراتیژی وبنهبهستی پڕۆژه‌ی نه‌زمی نوێی دنیا‌و پڕۆژه‌ی( ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره), بێشك ئیستیراتیژی ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی كه ئومێدی به‌ده‌سه‌ڵات گهیشنتنیان, یان له ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه‌یان به سیاسه‌تی ئه‌مریكاوه له ناوچه‌كه‌دا گرێدابوو, له‌گه‌ڵ شكست و بنبه‌ست به‌ره‌و ڕوو ده‌كات. بزووتنه‌وه‌ی بۆرژوا- ناسیونالیزمی كورد‌و هه‌ردوو حزبه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی( یه‌كێتی و پارتی) قوربانیانی ئه‌م شكسته‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكا ده‌بن. یه‌كه‌مین نیشانه‌كانی, داڕمانی ووشكه كه‌ڵه‌كی تهوافوقێكه كه یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌زدا ده‌سه‌ڵاتیان پێ بهشكردووهو كوردستانیان به عێراقه‌وه لكاندۆتهوه و ده‌ستووریان پێ نووسیوه. ئه‌وه‌ی كه نووزه‌ی له مادده‌ی 140 بڕی و فیدرالیزمه قه‌ومیه‌كه‌ی یه‌كێتی وپارتی كردووه به ژێر لێوی مه‌ركه‌زه‌وه , ئه‌وه‌ی كه فیرقه‌ی 12ی سووپای مه‌ركه‌ز له ده‌وروبه‌ری شاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی گه‌رمیان جێگیركراون,ئه‌وه‌ی كه ناوچهسنووریهكانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا ده‌كه‌ونه به‌ر هێرشی سووپای توركیا‌و تۆپبارانی ئێران, ئه‌وه‌ی كه هه‌رجاره‌ی به به‌هانه‌یه‌ك بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن مه‌ركه‌زه‌وه دوا ده‌خرێت. ئه‌وه‌ی كه مالیكی ده‌ڵێ لێره‌به‌دوا حكومه‌تكردن به موحاسهسهو ته‌وافوق ناكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه مه‌ركه‌ز ده‌ڵێ ده‌بێ دووباره ده‌ستوور ده‌ستكاری بكرێته‌وه‌و ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بهێنرێ. هه‌موو ئه‌مانه نیشانه‌كانی تێكچوونی ته‌وافوقی پێشووه, كه‌له ئاكامی تێكچوونی هاوسه‌نگی هێزی پێشوو وگۆڕینی به قازانجی مه‌ركه‌ز له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا هاتۆته ئاراوه.
هه‌لومه‌رجی نوێی دنیا‌و گۆڕینی هاوسه‌نگی هێزی جیهانی و ناوچه‌یی, كه به‌هاتنه‌خواره‌وه‌ی جێگا‌و ڕێگای سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی ئه‌مریكا له دنیادا هاتۆته ئاراوه, ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی عێراق كه هه‌رله سه‌ره‌تاوه ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی بردنه‌پێشه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی (نه‌زمی نوێی دنیا)ی ئه‌مریكا بوو, به‌تووندی ده‌خاته ژێر كاریگه‌ری ئه‌م هه‌لومه‌رجه نوێیهوهو وه‌ڵامدانه‌وه به پرسه سیاسیه بێ وه‌ڵامه‌كانی تائێستا و پێناسه‌كردنی هاوكێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی تائێستای عێراق, ده‌بنه سه‌نتێزی به‌رامبه‌ركێ و ململانێی زلهێزه ئه‌مپریالیسته جیهانیه‌كان. ئه‌م ڕه‌وه‌نده هه‌تا بێت ده‌روازه‌ی ژیانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی وپارتی ته‌نگتر ده‌كاته‌وه‌و به‌ره‌و داخرانی ده‌بات.
هۆیه‌كه‌ی زۆر به ساده‌یی ئه‌وه‌یه كه كوردستان به بڕیارێكی ناڕه‌وای یه‌كێتی و پارتی و به‌بێ پرسی خه‌ڵك لكێندرایهوه به عێراقه‌وه و چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان خرایه نێو قه‌یرانی سیاسی و ئاڵۆزی عێراقه‌وه. چاره‌نووسی سیاسی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراقدا كرایه یه‌ك پرس و یه‌ك هاوكێشه. ئێستا ئیتر كێشه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌ز له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و ناوچه تهعریبكراوو به‌زۆر ڕاگوێزراوه‌كان, كێشه‌ی دوو ده‌وڵه‌ت نیه له‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو. وه‌كو كێشه‌ی ئیسرائیل و سووریا له‌سه‌ر(جۆلان). به‌ڵكو كوردستان به‌قانوونی و به‌ده‌ستووری كرا به به‌شێك له عێراق و به‌م شێوه‌یه كێشه‌كانیشی وه‌ك كێشه‌ی یه‌ك ووڵات له ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیدا چاوی لێده‌كرێت . كه ده‌كرا وا نه‌بێت, ئێستاش سه‌رباری سه‌ختتر بوونی ده‌كرێ وانه‌بێت.
له جوگرافیایه‌كی وه‌ك ئێستای كوردستاندا, كه هیچ ناسنامه‌یه‌كی بهڕهسمیهت ناسراوی ووڵاتی نیه, مافی حكومه‌تكردن تیایدا له هیچ پشتیوانیه‌كی یاسایی نێو ده‌وڵه‌تی به‌هره‌مه‌ند نیه, تا ئێستا‌و به‌شێوه‌یه‌كی قانوونی به‌شێك بێت له عێراقێكی ئاڵۆزكاوی سیاسی وپڕكێشمهكێش وهه‌تا سه‌ر مۆخ فاسد و گه‌نده‌ڵ, بودجه‌ی بژێوی مانگانه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له مه‌ركه‌زه‌وه بێت. دوو حزبی خاوه‌ن میلیشیای چه‌كدار ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی موقه‌ده‌رات وسه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌دا گرتبێ, ته‌نانه‌ت نانی بژێوی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك به بارمته‌ی لایه‌نگری له لایه‌كیان گیرابێ. ناتوانێت شتێك بوونی هه‌بێت ناوی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن بێت. ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی دابه‌شكراوی نێوان یه‌كێتی و پارتیه. گێڕانی سیناریۆی هه‌ڵبژاردن ته‌نیا وه‌رگرتنی (به‌یعه‌ت) ێكی تره بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئه‌و دووحزبه, نه‌ك شتێكی تر. ئه‌گه‌ر كوردستان ووڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بوایه‌و ده‌سه‌ڵات تیایدا له كه‌مترین ستانداردی به ڕه‌سمیه‌ت ناسراوی نێو ده‌وڵه‌تی به‌هره‌مه‌ند بوایه, نه‌ك هه‌ر موقاته‌عه‌ی هه‌ڵبژاردنمان نه‌ده‌كرد, به‌ڵكو به ته‌واوی تواناوه به‌شداریمان دهكردو هه‌وڵمان ده‌دا خه‌ڵك هان بده‌ین به‌شداری بكه‌ن و ده‌نگ به ئێمه بده‌ن. به داخه‌وه كه ئێستا وانیه.
ئاڵای ئازادی : ئاستی به‌شداریكردنی خه‌ڵك له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا چۆن ده‌بینیت,به‌تایبه‌تی كه ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له دژی ده‌سه‌ڵات په‌ره‌ی سه‌ندووه. ئایا پێتوایه خه‌ڵكی كوردستان هۆشیار بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌نگ و متمانه‌ی كه ده‌یبه‌خشێت به‌لایه‌نێك یان لیستێك؟.
تاهیـر حـه‌سه‌ن:
Fmمن له‌و بڕوایه‌دام ئاستی به‌شداریكردنی خه‌ڵك زۆر ده‌بێت,نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ئومێدی ئاینده‌یه‌كی باشتریان به‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌یه, به پێچه‌وانه‌وه كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و لاوانی دڵ پڕلههیواو ژنانی سته‌مدیده, ئه‌و ڕاستیه ده‌زانن كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ته‌نیا نمایشێكی چه‌ند هه‌فته‌یی یه‌كێتی و پارتیه‌و ته‌واو ده‌بێت, دواتر خه‌ڵك ده‌چنه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و ئه‌وانیش وه‌ك پێشوو ده‌سه‌ڵاتدار ده‌مێننه‌وه. خه‌ڵكی ئه‌گه‌ر ترسی نانبڕینی منداڵه‌كانیان نه‌بێت ناچن بۆ ده‌نگدان. چونكه له كوردستان خه‌ڵكی ئه‌و مافه زۆر سه‌ره‌تاییه‌یان نیه,كه له‌ماڵه‌وه دابنیشن و نه‌چن بۆ ده‌نگدان. ده‌نگ نه‌دان یه‌كسانه به برسی بوونی منداڵه‌كانیان.خه‌ڵك له دوو ده‌وره‌ی مێژوویی دیاریكراودا ئاماده‌ن موجازه‌فه به ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیانه‌وه بكه‌ن و ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بكه‌ن كه خۆیان بڕوا‌و ئومێدیان پێی هه‌یه. ده‌وره‌ی شۆڕشگێڕانه, ده‌وره‌یه‌ك كه جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵك به كرده‌وه‌ی سیاسی دێته ده‌رو ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجوود ده‌خاته ژێر پرسیاری ڕووخاندن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌وه. ده‌وره‌یه‌كی تریش كه خه‌ڵك له ده‌وری حزبێكی سیاسی دیاریكراو(سه‌ربه‌خۆ له‌وه‌ی كه ڕاسته یان چه‌په), حزبێك كه ئه‌وه‌نده توانا‌و پۆتانسێلی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رگریكردنی له خۆی هه‌بێت و ئهوهندهجهماوهری ئاكتیڤی سیاسی كۆمه‌ڵگه له ده‌وری ئاسۆی خۆی ڕێكبخات , كه ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت له نێو هاوكێشه‌ی سیاسی‌دا لایبه‌رێت و حسابی ووردی بۆ بكات, حزبێك كه به‌شێكی فراوان له خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بن كه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیدا بن پشتیان قایم ده‌بێت, حزبێك كه خه‌ڵكی بزانن ده‌توانێت به كرده‌وه په‌یامه‌كانی جێبه‌جێ بكات. ئێستا كوردستان (سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تی فراوانی خه‌ڵك) نه په‌تای هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشكێڕانهی گرتووه, و نهحزبێكی ئاوهاش كه ووتم له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتیه‌وه له ئارادایه. له ئاوها هه‌لومه‌رجێكدا خه‌ڵكی ده‌چن ده‌نگ ده‌ده‌ن و موجازه‌فه به بژێوی ژیانیانه‌وه ناكه‌ن. به‌ڵام 98% ی ڕۆشنبیرانی كوردستان, ڕۆشنبیرانێك كه به نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه كهمترناویان به‌ریت ناڕه‌حه‌ت ده‌بن, دواكه‌وتووترین به‌شی نێو ئه‌م كایهسیاسیهی كۆمه‌ڵگه‌ن.
ئاڵای ئازادی: لیستێك هه‌یه به‌ناوی لیستی چه‌په‌كانه‌وه, بریتین له كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو و حزب و گروپی بچوك, پێتوایه ئه‌مانه به فیعلی نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ ده‌كه‌ن؟. یاخود كۆمه‌ڵگه چه‌پ وه‌ك به‌دیل ده‌بینێت؟.
تاهـیـر حـه‌سـه‌ن:
من پێم وانیه بزووتنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت له كوردستان ناوی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ بێت هه‌تا بكرێت نوێنه‌رایه‌تی بكرێت یان نا. چه‌پ و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ پاشماوه‌كانی قه‌ڕنی پێشووی دنیای دوو قووتبی بوو. تاكاتێك ئۆردوگای سۆسیالیزمی بۆرژوایی له ڕووسیاو ئه‌وروپای شه‌رقی جاراندا ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیان ده‌چه‌رخاند. ڕه‌وتێك له دامێنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا گووڵی كردبوو ناوی چه‌پی له خۆی نابوو, ئه‌م ڕه‌وته باڵی چه‌پی ده‌سه‌ڵاتی ڕاستی بۆرژوازی بوو. دوای ڕووخاندنی بلۆكی شه‌رق هه‌ندێكیان له مه‌یدان چوونه ده‌ر و له‌ناو چوون هه‌ندێكی تریشیان به‌لای ڕاستی بۆرژوایدا وه‌رگه‌ڕان و دیموكراسی و سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازاد بووه ئاسۆی له‌وه به‌دوایان . بۆیه ئێستا چه‌مكی چه‌پ و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ, زۆرتر له كڵاوێك ده‌چێت كه هه‌ر كه‌سێك, له‌م سه‌ری ڕاست و عهشایهرترین كۆنه‌په‌رستی بۆرژوازیه‌وه, تا ده‌گات به شههادهدارێكی زۆربڵێی ووردهبۆرژوایی, كه یه‌كسانی ژن وپیاو بهگهرویدا ناچێته خواره‌وه, ده‌توانێ بیكاته سه‌ری. تاماوه‌یه‌كی زۆریش دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 ڕابه‌رانی ئێستای یه‌كێتی و پارتی زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بوون كه ئێمه به بۆرژوازی كورد ناومان ده‌بردن,چونكه خۆیان به‌چه‌پ ده‌دایه قه‌ڵه‌م!. له‌زۆر ناوه‌ندی سیاسی‌دا (باراك ئۆباما) وه‌ك چه‌پ به به‌راورد به (جۆرج بووش) ی (نیو لیبرال) ناو ده‌برێ. به (تۆنی بلێر) و (گۆردن براون) و حزبه‌كه‌یان ده‌ڵێن حزبی كرێكارانی به‌ریتانیا و له خانه‌ی چه‌پدا ناویان ده‌هێنن. له كوردستان هه‌ر كه‌سێك چاكه‌ت و پانتۆڵی له‌به‌ر كرد‌و بۆینابهخی به‌ست ده‌توانێ خۆی ناو بنێت سۆسیال_ دیموكرات!.
بۆیه ئه‌وانه‌ی كه له لیستی چه‌په‌كاندا ناویان هاتووه, هه‌موویان لق وپۆپی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی كوردن و دوور و نزیك هیچ شتێك نه‌ك هه‌ر به سۆسیالیزم و كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانه‌وه نایان به‌ستێته‌وه, به‌ڵكو ته‌نانه‌ت سه‌ریان ناچێته‌وه سه‌ر لیبرالیزمی بۆرژواییش .
به درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده‌ی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان دوو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی_ كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئارادابووه‌و هه‌یه. بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزم و بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیزم. ئیسلامی سیاسیش ده‌ورو دوكانێكه كه ووڵاتانی ناوچه‌كه (ئێران و سعودیه) به كه‌ڵك وه‌رگرتن له قه‌یرانی سیاسی عێراق و كوردستان,پێكیانه‌وه ناون و تا گه‌یاندنیان به ئێستا ملیۆن ملیۆن دۆلاریان له‌سه‌ر سه‌رف كردوون. كارنامه‌ی 18 ساڵی ناسیونالیزمی كورد و حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی, شایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن كه چه‌نده به ئاوات و ئامانجه ئینسانیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ناكۆك و ناسازگارن. ناڕه‌زایه‌تی قووڵ و فراوانی چه‌ند ساڵی ڕابردووی خه‌ڵكی كوردستان, ئه‌و ڕاستیه‌ی چه‌ندین جار سه‌لماندووه, كه خه‌ڵكی كوردستان و ئاوات و ئاره‌زووه‌كانیان له به‌ره‌یه‌كن و ده‌سه‌ڵاتدارانیش له به‌ره‌ی به‌رامبه‌ر.
خه‌ڵكی كوردستان ووڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌وێ , ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی خۆیان ده‌وێ, یه‌كسانی ژن و پیاویان ده‌وێ, شاری چراخانیان ده‌وێ ,كار‌و بیمه‌ی بێكاریان ده‌وێ. ئازادی بێقهدو شه‌رتی سیاسی و خۆپیشاندان و مانگرتن و عه‌قیده‌یان ده‌وێ. دوور خستنه‌وه‌ی دین له دادگاكان و په‌روه‌رده‌و خوێندن و قانوونهكانیان ده‌وێ. خانووبه‌ره‌و شوێنی شیاوی ژیانیان ده‌وێ,ده‌ست ڕاگه‌یشتن به زانست و زانیاری و به‌هره‌مه‌ند بوون له ئیمكاناتی پزیشكی و ده‌رمانییان ده‌وێ, دابه‌شكردنی وه‌ك یه‌ك و یه‌كسانی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌وێ. كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و یه‌كسان و خۆشگوزه‌رانی بێ ژانیان ده‌وێ. ئه‌م خواسته ئینسانی و بهرههقانهی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ مێژوو و ئاسۆی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمدا ئاوێزانه, نه‌ك هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی تر. ته‌جروبه‌ی زۆر كورت ماوه‌ی شوراكانی خه‌ڵكی كوردستان له ئازاری 1991دا‌و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌دان هه‌زار كه‌سی گه‌ڕه‌كه‌كان و كارگاكان ودامهزراوهكان و لاوانی خوێندنگاكان و ژنانی سته‌مدیده, ئه‌و ڕاستیه‌ی برده ووشكترین كهللهوه, كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چینایه‌تی شاری مۆدێرنه‌و سۆسیالیست و كۆمۆنیسته‌كانی خۆی خۆش ده‌وێ. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان زیاتر له هه‌ركاتێكی تر, پێوویستی بهكۆمۆنیزمی كرێكاری هه‌یه, پێویستی به به‌دیلی شۆڕشگێرانه‌ی كرێكارانی سۆسیالیستی به‌رچاو ڕۆشنه. من بۆ ته‌نیا یه‌ك له‌حزه‌ش گومانێكم له‌وه نیه, ئه‌گه‌ر حزبێكی كۆمۆنیستی به‌رچاو ڕۆشنی ماگزیمالیست,بهومێژووه شۆڕشگێڕانه‌و سازش هه‌ڵنه‌گره‌وه كه له كوردستان پشت سه‌ری ناوه,بێته مه‌یدان و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه توانایی له خۆی نیشان بدات و كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و لاوانی دڵ پڕ له‌هیوا و ژنانی سته‌مدیده له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه و كۆمه‌ڵگه به كرده‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ربهێنی, باوك و دایكی نوێژكه‌ری من له پێش هه‌موویانه‌وه پێشوازی ده‌كه‌ن و چاره‌نووسی خۆیانی ده‌ده‌نه ده‌ست, ئومێده‌وارم حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان له ئاست ئه‌م مهسئولیهتهدا بێت.
ئاڵای ئازادی: له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری ههڵبژاردنێكداین له كوردستان, هاوكات كۆمه‌ڵێك لیستی جیاواز دروستبوون و خواستی گۆڕان و چاكسازیان هه‌یه, پێتوایه ئه‌م لیستانه بتوانن گۆڕان دروستبكه‌ن وچاكسازی بێننه‌دی؟
تاهـیر حـه‌سـه‌ن:
ده‌بوو بتپرسیایه پێت وایه لیستی گۆڕان چاكسازی بێنێته‌دی و گۆڕان دروست بكات , چونكه باقی ئه‌و لیستانه‌ی تر دوكان و بازاڕی نێو ده‌سه‌ڵاتن, ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی ڕێگای بۆ بكردنایهتهوهو بواری بدانایه پێكه‌وه له لیستێكدا له‌گه‌ڵیان بن, یه‌ك له‌حزه نه‌ده‌وه‌ستان و ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد. بۆیه من له‌وه‌ڵامی پرسایارهكهتاندا له سه‌ر لیستی گۆڕان و ڕه‌وتی (نه‌وشیروان مسته‌فا) ده‌وه‌ستم. له ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و ڕهوتهشه جێگای مشتومڕی گه‌رمی نێو میدیاكانه.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام ,به‌هه‌ڵه‌دا چوون و تێنه‌گه‌یشتنه له ڕیشه‌ی كێشه‌كه, ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌و بڕوایه‌دا بێت, كه كێشه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان, ته‌نیا دزی و ڕاووڕووت و به‌تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه, یان نه‌بوونی حكومه‌تی قانوون وپه‌رله‌مانێكی چالاكه له كوردستان. دروست به‌پێچه‌وانه‌وه. خودی نه‌بوونی حكومه‌تی قانوون وفه‌سادی ئیداری و گه‌نده‌ڵی و په‌رله‌مانی كارتۆنی, ڕیشه‌ی له بێ ئاسۆیی و سه‌رگه‌ردانی سیاسی وههڵواسراوی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستاندایه, ڕیشه‌ی له بهڕهسمیهت نه‌ناسینی مافی حكومه‌تكردن له جوگرافیایه‌كی پێناسه‌كراوی نێو ده‌وڵه‌تیدایه. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی سیاسی هه‌یه, به وه‌ڵامدانه‌وه به‌و كێشه سیاسیه ده‌كرێ قسه له په‌رله‌مان وحكومه‌ت و هه‌ڵبژاردن بكرێت وسهرهتانی گه‌نده‌ڵی و دزی و فه‌سادی ئیداری له كۆڵ كۆمه‌ڵگه بكرێته‌وه. له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تیایدا نه‌بڕاوه بێت و ناسنامه‌ی سیاسی جوگرافیاكه بهڕهسمیهتنهناسراوی نێو ده‌وڵه‌تی بێت و مافی حكومه‌تكردن تیایدا هیچ پشتیوانیه‌كی قانوونی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت, ته‌نیا میلیشیای چه‌كداری ئه‌حزاب به‌زۆری چه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بن و باسكردن له ده‌نگدان و سندوقی هه‌ڵبژاردن و جیاكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت له ئه‌حزاب و پێكه‌وه‌نانی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ له‌و حزبانه‌ی به كرده‌وه ده‌سه‌ڵاتدارن, جگه له خۆشخه‌یاڵی و فریودانی خه‌ڵك شتێكی تر نیه. ئه‌وه‌ی كه (بارزانی) به بێ سڵه‌مینه‌وه‌و زۆر به ئاشكرا‌و له‌به‌رچاوی میدیاكان ده‌ڵێ (ئێمه ئه‌م جێگهیهمان به خوێن به ده‌ست هێناوه‌و هه‌ر به خوێنیش جێی ده‌هێڵین), به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ بێ بایه‌خی ده‌نگدانی خه‌ڵك و دهستبهدهستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه.
(نه‌وشیروان مسته‌فا) سه‌رۆكی ڕه‌وتی گۆڕان ته‌واوی هه‌ست و نه‌ستی بیركردنه‌وه‌ی غه‌رقی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تا ئێستای یه‌كێتی و پارتیه كه كوردستانی به ئێره گه‌یاندووه. ڕه‌وته‌كه‌ی ئه‌و نه‌ك هه‌ر ناتوانێ ئاڵوگۆڕ له هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێستای كوردستاندا به‌دی بێنێ, به‌ڵكو ئه‌گه‌ر كه‌مترین هێزی هه‌بێت, هه‌مان سیناریۆی ئێستا درێژه پێ ده‌دات. وه‌رن با له‌زمانی خۆیه‌وه گوێمان لێبێت كه‌له گفتوگۆكه‌ی ڕۆژی 8/6 دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی ئهلجهزیهدا باسی ده‌كات : (ساڵی 2005 قۆناغی كوردستان گۆڕا, هه‌رێمی كوردستان له ڕووه‌كانی سیاسی و ئه‌منی و ته‌نانه‌ت ئابووریش سه‌قامگیر بوو, كاری سه‌ره‌كی بریتی بوو له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق…..ئێمه شه‌ریكی حكومه‌تی عێراقین و ئۆپۆزسیۆن نین, شه‌ریكین له دروستكردنی بڕیاری سیاسی و له‌وه‌زاره‌ته‌كاندا شه‌ریكین له په‌رله‌ماندا شه‌ریكین, بۆیه مه‌بده‌ئی دیالۆگ باشترین مه‌بده‌ئه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشهههڵپهساوهكان….. له‌م قۆناغه‌دا چاره‌سه‌ری فیدراڵی چاره‌سه‌رێكی زۆر چاكه بۆ كێشه‌ی كورد له عێراق. مانه‌وه‌ی كورد له ناو عێراقدا, هێزه بۆ كورد, نه‌ك لاوازی. بۆیه لایه‌نگری فیدراڵیم و له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقدا له به‌غدا بووم و به‌شداریم كرد له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق…..ئێمه حزب نین, بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسین, هێزی چه‌كدارمان نیه, ئێمه په‌نا بۆ دادگا و یاسا ده‌به‌ین, ئه‌گه‌ر له سلێمانی ڕێگه‌مان پێ نه‌ده‌ن, په‌نا بۆ دادگای فیدراڵ ده‌به‌ین له به‌غدا, یان ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان).(سایتی سبه‌ی)
ئێستا ئیتر چی له‌وه ڕۆشنتره كه ڕه‌وته‌كه‌ی (نه‌وشیروان مسته‌فا) ئه‌گه‌ر جێگاوڕێگایهكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كوردستاندا په‌یدا بكات, درێژه به هه‌مان سیناریۆ ده‌دات,كه خه‌ڵكی كوردستان ساڵانێكه بۆ گۆڕینی هاتوونه‌ته مه‌یدان. من پێم سه‌یره كه نه‌وشیروان مسته‌فا بۆچی له نێو یه‌كێتیدا جێگای نه‌بووه‌وه؟!. چ شتێكی جیاواز له‌وه‌ی كه یه‌كێتی ده‌یڵێت و ده‌یكات ,ده‌ڵێ. نه‌وشیروان نه‌ك ههرباوهڕی به ده‌ربازكردنی ئێستای كوردستان له نێو قه‌یرانی مه‌ترسیداری عێراقدا نیه, به‌ڵكو خۆی له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه كوردستانی به‌ده‌ر له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان لكاندهوه به عێراقێكی قه‌ومی _ دینی
_ تایه‌فی یه‌وه به‌شداربووه . ئه‌و ده‌یه‌وێ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر په‌نا به‌رێت بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ (باقر حه‌كیم و موقتدا سه‌درو مالكی) كه هه‌موو ڕۆژێك هێزه‌كانیان پڕ چهكترو ڕێكخراوتر ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ریش له كوردستان فشاری بۆ هات په‌نا بۆ دادگاكه‌ی ئه‌وان ده‌بات !!. نه‌وشیروان بۆیه ده‌ڵێ ئێمه حزب نین, چونكه بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌و دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری له‌و دیو دیواری ڕه‌وته‌كه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌یه كه یه‌كێتی و پارتین. له‌چ جێگایه‌كی دنیادا به بێ حزبێكی سیاسی مه‌حكه‌م و به‌رچاو ڕۆشنی سیاسی توانراوه بزووتنه‌وه‌یه‌ك له نێو توندپێچه ئاڵۆزه‌كانی كێشمه‌كێشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ره‌و پێش ببرێت و ئاڵۆگۆڕ له كۆمه‌ڵگه‌دا دروست بكات. ڕه‌نگه له‌م سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ندێك له ده‌موچاوه‌كانی ئێستای په‌رله‌مان بگۆڕێن وكه‌سانێكی سه‌ر به ڕه‌وته‌كه‌ی نه‌وشیروان له جێگای ئه‌وان مووچه‌كه‌یان وه‌ربگرن, به‌ڵام له ئاستی سه‌راسه‌ری كوردستاندا هیچ كاریگه‌ریه‌كی نابێت. بۆیه ئه‌وانه‌ی كه مایه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته بۆ گۆڕانی هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستان به قازانجی خه‌ڵك داناوه, به‌هه‌ڵه‌دا چوون.
ئاڵای ئازادی: به‌شداریكردنی خه‌ڵك تا چه‌ند به گرنگ ده‌زانیت له هه‌ڵبژاردندا, ئایا ئیراده‌ی خه‌ڵك توانای گۆڕانی هه‌یه؟
تاهـیر حـه‌سـه‌ن:
به‌شداریكردنی خه‌ڵك له‌و سیناریۆیه‌دا بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئێستا زۆر باش و گرنگه, به‌ڵام بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵك خۆی خراپه. ده‌سه‌ڵاتی ئێستای یه‌كێتی و پارتی ده‌نگ و په‌نجه‌مۆری خه‌ڵكیان بۆ به قانوونی نیشاندانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان پێویسته, بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژی دوای هه‌ڵبژاردن هه‌ر سیاسه‌تێكیان له‌سه‌روو ئیراده‌ی خه‌ڵكه‌وه به ڕێوه‌برد, به‌خه‌ڵك و دنیای ده‌وروبه‌ر بڵێن حكومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی ئازادانه‌ی خه‌ڵكه, ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری قانوونی و هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكن و به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه بڕیار ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له ئاستێكی فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شداری نه‌كه‌ن, بواری ئه‌و پۆڵیش كردنه قانوونیه له ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی ده‌به‌ستن, به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست ده‌رناهێنن. له‌ده‌سه‌ت ده‌رهێنانی چاره‌نووسی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی و سپاردنی به نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌و هه‌ڵبژێردراوی ئازادانه‌ی كرێكران و زه‌حمه‌تكێشان و لاوان و خه‌ڵكی بێبه‌شی كۆمه‌ڵگه, كرده‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سیناریۆی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان ده‌كرێت.
خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر توانای گۆڕانی هه‌یه, به‌ڵكو جه‌وهه‌ری مێژووی ئینسانیه‌ت نواندنی ئیراده‌ی ئازادانه‌ی ئینسانه‌كانه له قوناغه جیاوازه‌كاندا. به درێژایی مێژوو خه‌ڵك زه‌خیره‌ی هه‌موو شۆڕشه‌كان, جه‌نگه‌كان, مانگرتن و خۆپیشاندانه‌كان, ده‌رگیری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان, گیانبازیهكان, قووربانیانی ئه‌شكه‌نجه‌دراوی نێو زیندانه‌كان بووه. به‌ڵام له كه‌م ده‌ورانی مێژوویدا خه‌ڵك له‌نێو هاوكێشه سیاسیهئاڵۆزهكان و كێشمه‌كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی, نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه كراوه. هه‌ر بۆیه تواناكانیان و ئیرادهنواندنهكانیان نه‌ك هه‌ر نه‌یكردۆته هێنانی ئازادی و خۆشبه‌ختی بۆیان, به‌ڵكو بووته به‌دبه‌ختی و ڕۆژ ڕه‌شی زیاتر. ئیراده نواندنی خه‌ڵك توانای تێكدان و ڕووخاندنی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌یه, توانای كۆتایی هێنان به مێژوویه‌ك و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه به ڕووی مێژوویه‌كی تری ته‌واو جیاوازیدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه نیشانی ده‌دات و له‌ڕاستیدا چاره‌نووسی جوڵانه‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵك دیاری ده‌كات, ئه‌وه‌یه كه ئه‌و جۆڵانهوهو ئیرادهنواندنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی خه‌ڵك له‌ژێر ئاسۆی چ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدایه. پلاتفۆرمی سیاسی چ بزووتنه‌وه‌یه‌ك ئاسۆ‌و ئاراسته‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دیاری ده‌كات.
مێژووی 10 ساڵی ڕابردووی كوردستان مێژووی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان بووه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر نه‌بوونی ئاو‌و كاره‌باو خزمه‌تگوزاری ,له‌سه‌ر گرانی و بێكاری و سه‌ركوت و كوشتنی ژنان, له‌سه‌ر نه‌بوونی ئازادی سیاسی و گه‌نده‌ڵی و دزی و فه‌سادی ئیداری وتاڵانی. به‌ڵام ئه‌م ئاستهباڵایه له ئیراده‌نواندن وهاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵك, له‌نزمترین ئاستی ڕێكخراوه‌یی و به‌رچاوڕۆشنی سیاسی و چینایه‌تی به‌هره‌مه‌ند بووه. بۆیه تا ئێستا بهجێگایهكی باش نه‌گه‌یشتووه‌و ده‌سه‌ڵاتی تووشی قه‌یران نه‌كردووه. به‌بڕوای من هۆیه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت خه‌ڵك له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌و تائێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت, نوێنه‌رایه‌تی سیاسی ناكرێن و ئاسۆی سیاسیان نیه. هه‌ر بۆیه بوار ده‌كرێته‌وه بۆ ڕه‌وتێكی وه‌ك (گۆڕان) بیه‌وێ به‌سه‌ر پشتی ناڕه‌زایه‌تی قووڵی خه‌ڵك له دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بپه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ریك بوون له ده‌سه‌ڵاتی ئێستادا.