زمانی کوردیی و خڕ و وڕی کوردایەتیی!
زمانی کوردیی و خڕ و وڕی کوردایەتیی!
کامیار سابیرزمانی نووسینی هەر نەتەوەو جڤاک و وڵاتێک، زمانێکە بەشێوازێکی سیستەماتیک دەچێتە واری ستاندەردبوونەوە. لە راستییدا زمان گرنگییەکەی لەوەدایە کە دەبێت زۆر بەوردیی و ئاگایی و ئەدەبیی و ئەکادیمییانە بەکار بهێنرێ. زمانی کوردیی لە کوردستانی عێراقدا وێرای ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیی رێگرییەکی زۆر دەکات لە پرۆسێسی ستاندەردایزبوونی بەشێوازە یاسایی و سیاسییەکەی، بەڵکوو ئیرادەی سیاسیی و دیدێکی رۆشنی نەتەوەیی و نیشتمانییشی بۆ زمانی ستاندەردی کوردیی نییە. لەگەڵ هەموو رێگرییەکانیشدا، زمانی کوردیی خەریکە بەسروشتیی و بە زەبری تێکستی کوردیی تەواو ستاندەرد دەبێت.
جگە لەدەیان کۆسپی لینگویستیکیی کە لێرەو لەوێ بەبیانوو دەهێنرێنەوە بۆ بەفەرمیی نەناسینی زمانی ستاندەردی کوردیی، هەندێ نووسەر و رۆشنبیری کورد بەکاوەخۆ کەوتوونەتە وێزەی هەندێ وشەی کوردیی کە لەژێر ئایدیۆلۆژیای تورکیی-لاتیینیی، یاخود دروستتر لەژێر تێزەکەی کەمال ئەتاتۆرکدان کە تۆتالیتارییانە سکریپتی زمانی تورکیی کە ئارامیی-عەرەبیی بوو بۆ تورکیی-لاتینیی گۆڕی.
ماڵوێرانیی کورد لەوەدایە، لەیەککاتدا هەمەپیشەیە، زۆرینەی رەهای لەیەک کاتدا سیاسییە، شاعیرە، نووسەرە، ئەدیب و رووناکبیرە. هەموو پیشەکانیش لەیەککاتدا کۆدەکاتەوە. نووسین بەزمانی کوردیی، هەرچی هەڵدەستێ خۆی پێ تاقیدەکاتەوە. کورد ئەگەر ئاو بیبات نووسەری زۆر و بۆر دەیگرێتەوە. لەم زۆریی و بۆرییەدا بێگومان دەیان کەس پەیدا دەبن، جگە لە زیان بۆ نووسینی کوردیی و تێکستی کوردیی چاوەڕوانی هیچیتریان لێ ناکرێ.
ماوەیەکە زۆر وشەی کوردیی یان لە کوردییدا جێکەوت بوونە ، ئەتک دەکرێن، بۆ نموونە " قۆناغ، ساغ ،قۆرغ، قەڵغان، ئاغا، درێغیی…. بەهەڵە بە قۆناخ، ساخ، قۆرخ، قەڵخان ، ئاخا، درێخیی ………دەینووسن" هەموو ئەمانە بەو بیانووەوە دەکرێن ، کە لەزمانی کوردییدا "غ" نییە! . ئەمە جگە لەوەی درۆیەکی گەورەیە، بەلاڕێدابردن و چەواشەکارییەکی لینگویستیکییشە. تەنانەت هەندێ وشەی زمانەکانی تر، وەک بەغداد، دەباغ، بە بەخداد و دەباخ دەنووسن. ئەم قرخەقرخی فیکریی و ئایدیۆلۆژییە، ئەم خڕ و وڕی کوردایەتییە کوێرانەیە، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە دەرد و بەڵای سکریپتەکەی بەدرخان بەسەر زاراوەی کرمانجییدا هێناویەتی.
بەختیار عەلی کارێکی زۆر باش دەکات کۆمەڵێ تێکستی باش بۆ مێژووی زمانی کوردیی بەجێدەهێڵێت وەک دۆکیومێنتێکی ئەدەبیی گەورە دەمێننەوە. ئەو لە دوو رۆمانیدا بەناوەکانی " غەزەلنوس و باغەکانی خەیاڵ" و " کۆشکی باڵندە غەمگینەکان" ، ئەو وشانەی پانکوردیستە جاهیلەکان، "غ" ەکانی بە " خ" دەنووسن، ئهو به "غ" نووسیونی. ئاخر بەڕاستیی ئەوە ناعەقڵانیی و شۆڤینیزمی پانتورکیی- پانلاتینیی نەبێ چیتر دەگەیەنێ، کاتێ غەزەلی عەرەبیی بە " خەزەل" دەنووسن.
بەختیار نەهاتووە دوای هەڵای بەتورکیی-لاتینییکردنی زمانی کوردیی بکەوێ و "غ" ەکان بە"خ" بنووسێ. جا ئەگەر بەڕێکەوت بێت یان بە وریاییەوە ئەمکارەی کردبێ، ئەوە زۆر گرنگە، چونکە ناوی رۆمانەکانی ناوێکی سیمبۆڵییە لەروانگەی هێرمەنیوتیکا hermeneutics و ئێستێتیکاAesthetics ی زمانی کوردیی و ئەجێندای لینگویستیکییەوە بۆ مێژوو دەمێننەوە. بەڵام رۆژنامە و سایتە حیزبیی و پانکوردیستەکانی بە پارەی دەسەڵاتی سیاسیی بڵاودەبنەوە، ناتوانن حەقیقەت و باکگراوندی مێژوویی و زمانەوانیی وشە کوردییەکان بگۆڕن.
نەزانیی و جەهلی هەندێ نووسەری پانکوردیست و کوردایەتیی-فرۆش گەیشتووە بەوەی وشە عەرەبیی و فارسییەکانی ناو زمانی کوردییش بە ئاوازی تورکیی-لاتینیی دەنووسن. بۆ نموونە غەدر،غەسان، غەززە، بە سەقەتیی بە خەدر، ،خەسان ( مانایەکی تر دەگەیەنێت ) و خەززە………..تاد دەنووسن. کورد شاعیرێکی هەیە بەناوی جەمال غەمبار، کابرا خۆی لەژیاندا ماوەو لەهەڕەتی شیعر نووسیندایە و هەموو نووسینەکانی بەناوی جەمال غەمبارەوە بڵاو دەکاتەوە، کەچیی ئەو کوردپەروەرانەی! دوای هەڵای بەتورکیی-لاتینییکردنی زمانی کوردیی کەوتوونە بە جەمال خەمبار دەینووسن. ئەم گێچەڵی قرخە قرخی تیپی " خ" یە، جگە لە خڕ و وڕی جەهلی کوردایەتیی! و زیانگەیاندن بە زمانی کوردیی و پرۆسیسی ستاندەردبوونی لە کوردستانی عێراقدا بۆ کوێی ترمان دەبات؟ لێرەدا ئەو حەقیقەتە مێژووییە بەرجەستە دەبێتەوە کە سکریپتەکەی تۆفیق وەهبی، نەک سکریپتە تورکییەکەی بەدرخان، کەمێک باشتر بە دەردی بەلاتیینییکردنی زمانی کوردیی دەخوات. ئەوە جگە لەوەی وەهمی بەلاتینییکردنی زمانی کوردیی تا هەنووکە هەر شکستی خواردووە، لای کەم لەبەر ئەوەی باکگراوندی کولتووریی نییە و ناتوانێ لەسەرپێی خۆی بووەستێ.ئەرکی میدیای سەربەخۆی کوردیی و نووسەرانی ئازاد و زمانناسانی کوردە کە رێگە نەدەن ئەم شێرپەنجەیەی پانتورکیی-پانلاتینیزمە بەسەر زمانی کوردییدا تێپەڕ ببێ. زمانی کوردیی بەهیچ شێوەیەک ناکرێ لە ڕەگە هیندۆئێرانییەکەی داببڕێ. لە هەر ئەگەرێکی دانانی سکریپتی لاتینییدا، بەوریاییەوە دەبێ کۆمەڵی تیپی کوردیی لەبەرچاو بگیردرێ کە سکریپتە تورکییەکەی بەدرخان بە تاکڕەویی خۆی بەسەر زاراوەی کرمانجییدا سەپاندوویەتی. من پێموایە ئێستێتیکای زمانی کوردیی لە ستراکتۆر و داڕشتنی ئەم زمانەدایە کە پێی دەنووسین. گەشەی زمانی کوردیی، بەبەراورد بە سکریپتی تورکیی – لاتینیی، لە بەهێزیی تێکستی ئەم زمانەدایە ، کە بە کێو تێکستی لە ژوور سەریەوە داناوە. بۆیە هەر هێرشێکی پانتورکیی – پانلاتینیی بۆ سەر زمانی کوردیی دەرگیری شکست دەبێتەوە، هەروەک تا هەنووکە هەموو ئەو هەوڵانە شکستیان خواردووە.
ئهم بابهته له ئاوێنهی ژماره 178 دا بڵاوبووهتهوه.