هه‌ندرێن: شیعراندن هه‌ڵکۆڵینی خاکه‌و…
هه‌ندرێن: شیعراندن هه‌ڵکۆڵینی خاکه‌و گه‌وهه‌ره‌که‌ی تژییه له شه‌پۆڵی روح و زایه‌ڵه‌ی بوون
گفتوگۆی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود // به‌شی شهشهمئهرسهلان مه‌حمود: وا تێناگه‌ی شیعر ئازاراویترین و، هه‌میش جوانترین ئه‌و سه‌فه‌ره بووبن بۆ هه‌ندرێن كه‌دواجار ئه‌و ئارامیه‌یه شپرزه‌یه‌ی دابێته ڕۆحتان و، به‌دونیای "پرسیار‌و گومان، بێهوده‌یی، عه‌شقێكی قوڵا، ته‌نهاییه‌كی بكوژ"ی ئاشناكردبێتن، باوهڕناكهی ئه‌و ڕوانگه‌و دونیا بینینه هێزی دیتن له‌چاو بسه‌نێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه سروشت و دونیای ئێوه‌و شیعری ئێوه بێت، ده‌تانه‌وێ مرۆڤ بكه‌نه‌وه به‌گژ خۆیدا؟..
هه‌ندرێن: شیعر کرده‌که‌ی هه‌میشه دووانه‌ییه: خه‌وتن له زمان و ئاماده‌بوون له واقیعدا. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا پرۆسه‌یه‌کی نائاسایی، ئاڵۆزه. چونکه شاعیر وه‌ک بوونه‌رێکی شیعریی هه‌میشه له دۆخی ئێستادا نیگه‌رانیی، له شوێنێکی تر و له‌ناو که‌سێکی تردا ده‌ژییت؛ که‌سێکی تره. له‌بۆیه بوونی من له نێوان ئه‌و دۆخه‌ی خه‌ون و واقیعدا، هه‌میشه ئارامییه‌کی رووکه‌شیی و شپرزه‌ییه‌کی قووڵ بووه.
لێ سه‌باره‌ت به "هێزی دیتن"، له کن ئه‌مه ته‌واو به پێچه‌وانه‌یه: شاعیر به چاوێکی ناوه‌کیی له بوون و گه‌ردوون ده‌ڕوانێ، تاکوو، ئارتۆر رامبۆ واته‌نی، ئه‌ودیو یان نادیارییه‌کانی بوون، زمان ببین. هه‌ر بۆیه شیعر زمانی بێده‌نگیی، چراپاندنه. به‌مجۆره شیعر خه‌ون نابینێ، به‌ڵکوو خه‌ون له ناویدایه، هه‌روه‌ک شیعر باسی واقیع ناکات، به‌ڵکوو خودی خۆی واقیع، ژیانه. ئه‌گه‌ر شیعر کرده‌ی "دیتن" بێت یان بووایه، که‌واته ده‌بوو ئه‌و واقیعه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه که بریتییه له دۆخێكی وه‌ستاو، زانراو، گوتراو. لێره‌وه زیندوویه‌تی، ئاکاری ئیرۆسییانهی شیعر له‌وه‌دایه، که واقیعگه‌لێکی شاراوه، گه‌ردوونێکی کۆرپه‌یی له زماندا ده‌دۆزێته‌وه و ئاوه‌ڵا ده‌کاته‌وه. به‌ڵام، ئۆکتاڤیۆ پاز واته‌نی، کاتێک شاعیر یان مرۆڤ پێی خسته ناو ئه‌و جیهان و گه‌ردوونه، یه‌کسه‌ر ببێته خۆڵه‌مێش، تاکوو شیعر هه‌میشه له سه‌فه‌ر و رامانی چڕ، ناوه‌کیی خۆیدا به دوای جیهان و گه‌ردوونه نوێیه‌کانی ناو زماندا ناسره‌وێت.
به‌ڵێ، کاتێک له دۆخی خه‌ونیی شیعر ده‌ژیم، هه‌ست به تریوه، زرینگانهوهیهک له ئه‌ڤین و پهنگدانهوهیهک له ئاماده‌یی خۆم ده‌که‌م، کاتێکش ده‌که‌ومه ناو ئه‌و ژیانه گهرۆدراوه به بووده‌ڵه‌یی، هه‌ست به شه‌پۆڵێک له ئازار، شپرزه‌یی، ژیانێکی بێروح ده‌که‌م. لێ هه‌ستکردن ئه‌و ئازار، شپرزه‌ییه هی ئه‌وه‌یه که تۆ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی شیعریی، زمانیی، پرسیار و گومانت له‌و ره‌وشه وه‌ستاو، دابڕاو له خه‌ون هه‌یه. بۆیه بێ بوونی ئازار، گومانێک نییه. هه‌روه‌ک بێ بوونی پرسیار، نه سه‌فه‌ر، بینێکی ناوه‌کی، ئیرۆسی شیعریی و نه پرۆسه‌ی بوونیکی زایهڵداریش هه‌یه.
له‌و دیده‌وه، په‌رۆشی من ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ هه‌میشه به گژ ئه‌و ره‌وشه‌ی خۆیدا بێته‌وه که تێیدا مردۆخانه ده‌ژیت. په‌رۆشی من ئه‌وه‌یه که مرۆڤ هه‌میشه به سه‌رگه‌رمیی، سه‌رمه‌ستیی و دڵهکوتێیهکی چێژدارهوه، به نێوان ئه‌و خه‌ون و جیهانه‌دا ئاوێزان بێت، یان بگوزه‌رێنێ، تاکوو هه‌میشه به ده‌رکه‌وتنی دیمانه‌ی جیهان و گه‌ردوونه نوێیه تازه چاوترووکاوهکانی زمانی شیعر و شیعرییه‌تی بوون شاگه‌شکه بێت. په‌رۆشی من ئه‌وه‌یه، مرۆڤ به ویستێک له مه‌یلی گه‌ڕان به دوای هه‌میشه شکۆمه‌ندکردنی بوونه‌که‌یه‌وه، به گژ ئه‌و ره‌وت و ره‌وشه بینراو و گوتراو؛ ئه‌و ته‌رزه ملهکچبوونه به‌و ژیان و جیهانه مردۆخه بێته‌وه، که به هۆی قانوون، نه‌ریت، ترس له ده‌سه‌ڵات و … تاد خدووی پێوه‌گرتووه.
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: به‌ڵام زۆرێكی تر لهئاشناو نووسه‌رو شاره‌زایانی دونیای شیعر ده‌ڵێن ڕێگه‌یه‌ك، ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك، میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ شیعر‌و نووسینی شیعر نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی من له‌وڵامی ئێوه تێگه‌یشتم، ئایا شیاوه شیعر قسه له‌سه‌ر كردنی جوداو جیاواز تر هه‌ڵبگرێ ؟.
هه‌ندرێن: ئه‌زیزم، من مه‌یلێکم بۆ په‌ڕ و باڵکردن یان پێشنیازکردنی رێنماییه‌ک بۆ شیعر و شیعر نووسین له زه‌ین و خه‌یاڵدا نییه. بۆیه ده‌خوازم روونبکه‌مه‌وه، که ئه‌وه‌ی من له ئاستی ئاماژه‌کردندا سه‌باره‌ت به شیعر ده‌ریده‌بڕم، ته‌نیا چرپه یان ئاماژه‌کردنه بۆ ئاراسته‌گه‌لێک، ئاقارگهل و رێگاگهلێکه به‌ره‌و شیعر و زمانی شیعر، تێگه‌یشتن له کرده‌ی شاعیر بوون.
له‌وه‌ش بترازێین، ئه‌وه‌ی که له زمانی کوردییدا، وه‌ک هه‌میشه، له ئاستی گواستنه‌وه‌ی رووکه‌شی نه‌ک گۆکردنێکی ناوه‌کییدا سه‌باره‌ت به نه‌بوونی دوا پێناسه یان هیچ پێناسه‌یه‌ک یان چوارچێوه‌یه‌ک و قسه‌گه‌لێکی له‌و ته‌رزه بۆ ناساندنی شیعر ده‌گوترێنه‌وه، بنه‌مایه‌کی له‌وه قووڵتری هه‌یه. به کورتی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و قسه‌ی که شیعر له پێناسهبهدهره ئه‌وه‌یه، که له بنه‌ڕه‌تدا کرده‌ی شیعراندن خۆی به جۆره تیۆریی و ماریفهیهکی دیاریکراو و جێگیردا گرێنادات، وه‌ک ئه‌وه‌ی که کرده‌کانی تری نووسین له‌مه‌ڕ سیاسه‌ت، جڤاکناسیی و … تاد به‌وه راهاتوون، به‌ڵکوو شیعراندن به رووی هه‌موو جۆره زانین و "ره‌چه‌ته"یه‌ک یاخێ ده‌بێت. هه‌ر بۆیه کرده‌ی شیعریی و خودی شاعیربوونیش، هه‌میشه دۆخێکی رووبهڕووبوونهوهدان. بنه‌مای ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و پرسیاره‌وه هه‌یه که شیعراندن بریتییه له‌و گومانکردنهی که بری ئه‌وه‌ی چنینه‌وه و نمایش‌کردنی زانیاری حازربه‌ده‌ست، خولیای گه‌ڕانه به‌ناو راڕه‌و و کون که‌له‌به‌ره‌کانی ژیان و بوون. شیعر به‌ره‌و ئاقاری ئه‌و بوونه ته‌نیایه‌ی مرۆڤ به‌ڕێوه‌یه که وه‌ک گه‌ردوونێکی ته‌نیا چاوه‌ڕێی راچهڵهکینه به ئاوه‌ڵاکردنه‌وه‌ی جوله‌یه‌ک، ئاسۆیه‌ک یان دیمانه‌ی یه‌که‌م گزینگی هه‌تاوی بوون، تاکوو شوێنه رووتهنهکهی به جمه‌ی بوون ئاوه‌دان ببێته‌وه. که‌واته شیعراندن شه‌به‌نگێک، رهنگهگهلێک له بوون و جوانییه‌کانی روحی مرۆڤه، که به به‌ده‌م پهنگدانهوه و پرژانی په‌یڤگه‌ل و نه‌وای زمانه‌وه روومه‌تی ژیانێکی کۆرپه‌له ئاوه‌ڵاده‌کاته‌وه و به گۆی دێنێت.
لێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زاری ئاخێوه‌ریی کوردییدا باوه، شیعر ته‌نیا بریتی نییه له هه‌ست و سۆز و وشه‌ئارایی و دوور له تێڕامان، به‌ڵکوو شیعراندن بریتییه له هه‌ڵکۆڵینی ئه‌و خاکه‌ی که گه‌وهه‌ره‌که‌ی تژییه له چڕپهی زانین و شه‌پۆڵی روح و زایه‌ڵه‌ی بوون. له‌وه‌ش زیاتر، شیعراندن، نه ئه‌مه و نه ئهوێهێشه.
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: ئه‌و شیعرانه‌ی هه‌ندرێن ده‌یاننووسێ، چۆن و له‌چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، به‌واتایه‌كی تر، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموون و تێڕامانی تایبه‌تین یان ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌یانه‌وێ له‌باره‌یانه‌وه چێژ وه‌ربگرن و بخوێنێته‌وه، بابزانین خوێنه‌ره‌كانی ئێوه كێن، ئه‌وه‌ی زۆر خۆی دووباره ده‌كاته‌وه له‌شیعری ئێوه‌دا چیه، ئایا هه‌رگیز به‌سه‌رسامییه‌وه له‌كاره ئه‌ده‌بی و شیعریه‌كانی خۆتان ڕوانیوه؟..
هه‌ندرێن: ده‌رکرێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره لک و پۆداره، به کتێبێک یان وتارگه‌لێک کۆتایی نێت. لێ سه‌ره‌تا رێگام بده‌ن، به‌ر له‌وه‌ی به‌رسڤی پرسیاره‌که‌تان بده‌مه‌وه سه‌رنجێکی خێرا له مه‌ڕ گرفتی ره‌خنه‌ی کوردیی بخه‌ینه‌ڕوو، چونکه گرفتی ئه‌و پرسیاره له‌و ره‌خنه بێدهمار و پاشکۆیه‌ی کوردییه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه.
ئاشکرایه چونکه تا ئێستاش بیرکردنه‌وه‌ی مرۆی کورد روح و مجگێزی وابه‌سته‌یی خێڵ–حیزب، پاشکۆیی، پێڕگریی و … تاد سه‌رچاوه‌کانیه‌تی، له‌بۆیه زۆرینه‌ی ئه‌و نووسه‌ر و شاعیرانه‌ی کورد، جا به هه‌ر هۆیه‌ک بێت، که به‌شێک نه‌بوونه و نین له‌و پۆلێنکردنه مێگهلێنراوهی که وه‌ک نه‌ریتێک، ره‌وتێک له ژیانی کورددا خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه، یان ده‌بێ لاته‌ریک له‌و ره‌وته مێگه‌لییه‌ی رۆشنبیریی کوردییدا بژین یانیش ده‌بێ خۆیان جار جاره خۆیان ببنه ره‌خنه‌گر و داکۆکیکردن له نووسین و شیعره‌کانیان. ئه‌و دیارده‌یه‌ش بنه‌مایه‌کی تۆکمه‌ی جڤاکیی و کو‌لتووریی خۆی هه‌یه. به واتایه‌کی روونتر: هۆکردی ئه‌مه به‌نده په‌یوه‌ندییه جڤاکییه‌کانی کورد، که له‌سه‌ر بونیاتی خێڵ و حیزب‌دا هه‌ڵچنراوه. بۆیه ئه‌مه‌ڕۆ ده‌بینین ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندییه سیاسیی، جڤاکیی، رۆشنبیرییه‌کانی کوردی جڵهوکردووه، خێله باڵاده‌سته‌کانن له فۆرمی تازه‌ی حیزبیی، توێژه باڵاده‌سته‌کانی حیزبن. ئه‌گه‌ر خێزانێک یان تاکه‌که‌سێک خێڵێک یان ده‌سه‌ڵاتدارێکی حیزبی له پشت نه‌بێت، که خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ش خۆی خێڵێکی له پشته، ئه‌وه له هه‌موو مافێک بێبه‌شده‌کرێت. به هه‌مان شێوه‌ش، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نووسه‌رێک یان شاعیرێک پێڕێک له نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی هیچ له‌باری مێدیاکانی حیزب یان پێڕێک له به‌ناو نووسه‌ر و شاعیری روح پاشکۆی له پشت نه‌بێت، که‌سێک نییه نه‌ک هه‌ر ئاوڕ له نووسین یان شیعره‌کانی بداته‌وه، به‌ڵکوو به هه‌موو شیوه‌یه‌کیش هه‌وڵده‌درێ گۆشه‌گیر بکرێت. زۆر جاریش، چونکه تۆ له مێگه‌ل دابڕاوی، بۆیه زۆر بێ شه‌رمانه، نووسینه‌کانی ده‌دزێ و تاڵانده‌کرێت. دیاره دابه‌شبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و دیارده و ره‌وته له مێگهلاندنهی که وه‌ک شێوازێکی ره‌ها له ژیانی جڤاکیی و رۆشنبیریی کورددا له ئارادایه، خۆی له شێوه‌ی جیاوازدا نماییشدهکا: به‌شێک له‌و پێڕه نووسه‌ر و شاعیرانه، حیزب کۆیان ده‌کاته‌وه، به‌شیکی تریان روحی په‌یوه‌ندیی خزمایه‌تیی گلیاندهداتهوه، به‌شێکی تریان شارچییه‌تی ده‌بێته بنه‌مای کۆکردنه‌وه‌یان، به‌شێکی تر ، ئه‌و پێڕه نووسه‌ر و شاعیره روح کڵۆڵانهن که خولیای بوون به جانتا و به کۆیله‌بوونی چه‌ند نووسه‌ر و شاعیرێکیان کردۆته کوێخای خۆیان، که ئه‌و پێڕه باوترین و نه‌گبه‌ترین پێڕی باڵاده‌ستی نووسه‌رانی ئه‌مڕۆن. ئه‌ڵبه‌ته ئاماده‌یی کارای ئه‌و به کۆیله‌بوون و وابه‌سته‌ییه‌ی نووسه‌ران و شاعیران به تاکه نووسه‌رێک و په‌یوه‌ندییه هارارکییهکانی، به‌رهه‌می خودی پێکهاته خێڵسالاریی، حیزبسالاریی و بنده‌ستیی مرۆی کورده، که ئه‌مه‌ش به‌های یاده‌وه‌ریی و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌رشیفیی نووسه‌ری کوردیی دهعهجانکردووه. بۆیه نووسه‌ری کورد هه‌میشه له ئاستی مجگێزیی و په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیه‌وه زیاتر بڕ ناکات.
له به‌شێک له ئاخاوتنه‌کانی پێشترمان، وتمان لاملی شیعر له هه‌مبه‌ر پێناسه‌کردن و له قالبدانی به هۆی ئه‌وه‌یه که خودی شیعر، به پێچه‌وانه‌ی بواره‌کانی تر، خۆی به تیۆریی و چه‌شنه زانینێکی دیاریکراودا نابه‌ستێته‌وه. لێره سه‌رچاوه‌ی شیعره‌کانی منیش له تاکه سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه سهرههڵناگرن، رێناکهن. منیش له ئاستی شیعرییدا، چاوێکم له ناو جیهانی خه‌واڵوو، بۆرژان دایه و چاوێکیشم له ناو جیهانی واقیعی دایه. به ده‌م رێکردنی ئه‌و بوونه‌وه، سه‌رچاوه‌کانی من، به‌شێکی له جمه و چرپه‌کانی یاده‌وه‌رین، که ماڵی ئه‌و ئه‌زموونه هه‌مه‌ڕه‌نگانه‌ی ژیانی خۆم و ئه‌و کۆژیانهیه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا. ئه‌و ئه‌زموونانه بریتین له شادیی، دڵته‌نگیی، تۆران، ئاشتبوونه‌وه، مه‌رگه‌سات، زیندووبوونه‌وه و … تاد. هاوکاتیش به ده‌م ئه‌و پێشهاته ئهزموونکراوانهی ژیانه‌وه، ئه‌زموونگه‌لێک له خوێندنه‌وه به چاوی ناوه‌کیی و چاوه‌کی ده‌ره‌کیی له بیرکردنه‌وه‌ی من ئاماده‌ییان هه‌یه.
به‌شێکی تری سه‌رچاوه‌ی ئه‌زموونی شیعریی من، باڵگهلێکی سۆز، هه‌ست و شه‌پۆڵ و تاڤگه‌کانی روحی منن، که به‌ره‌و ئه‌و جیهانه خهیاڵێنراوه، خهوگره ههڵمدهفڕێنن و هه‌ڵمده‌گرن. له نێوان ئه‌و جیهانه، پێشهاته‌کانی ژیان و ئه‌زموونی رۆشنبیرییه‌وه، شیعری من له هات و چۆ، چرپه چرپ، بێده‌نگیی و له‌رینه‌وه‌دایه. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش، سه‌فه‌ری شیعره به‌ره‌و ئه‌و که‌سه نامۆیه، که‌سێکی تر، که هاوده‌م هه‌م خۆمم و هه‌میش که‌سێکی تره: منێکی هه‌میشه سهفهرکردوو؛ بگۆڕ؛ بزواوه.
لێ شیعری من له ئاراسته‌ی گه‌ڕان و ئاوڕدانهوهیهکانیدا، هه‌میشه بێ ئاماده‌یی زرینگانه‌وه، تام و چرپاندنهکانی کۆی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ی زمان، ژیانی من؛ واتا قووڵاییه‌کانی شوێن، منداڵیی، ئه‌و زایهڵانهی که زمان له پرۆسه‌ی ئاوهڵابوونهوهیدا له سۆز، دڵ و روحمدا چاندوویه‌تی، مانایه‌کی نییه. بۆیه شیعر من هه‌ندێک جار چڕکردنه‌وه و ئاوهڵاکردنهوه، یان له‌رینه‌وه‌ی روحی ماڵی ئه‌و یاده‌وه‌رییه په‌رته‌وازه‌ی منن و هه‌ندێک جاریش، په‌تکردنی بێده‌نگییه‌کانی ئه‌و ئه‌و یاده‌وه‌رییه دۆشداماوهی منن. به‌مجۆره من له یاده‌وه‌رییه‌وه بۆ ئێره، له ماڵی یه‌که‌می زمانه‌وه به‌ره‌و ماڵی تاراوگه‌ی ئێستا زماندا، بوونی خۆمه‌وه، رێده‌که‌م و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، تاکوو بوونی من، زمانی شیعر هه‌میشه له بووندا بێت.
به‌مجۆره من، وه‌ک ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی یان سیاسیی یان ئه‌خلاقیی یانیش بۆ ئامانجێک، شیعر بۆ خه‌ڵک نانووسم. ئه‌وه‌ی که‌م و زۆر شیعره‌کانی منی خوێندبێته‌وه، وێڕای به‌سه‌ر بردنی ژیانێکی زۆر له پیشمه‌رگایه‌تیی و ئاوێزانبوونم به ره‌وشی سیاسیی کورد، ده‌زانێ که من، وه‌ک له زمانی شیعری کوردییدا زاڵه، دۆستی ئه‌و جۆره زمانه شیعرییه نیم که بۆ هاندان یان رووداوه سیاسیی و دیارده‌گه‌لی تری له‌و بابه‌تانه ده‌نووسن. هه‌روه‌ک من پێشتر و ئێستاش له سرووستی خۆمه‌وه، هه‌رگیز حه‌زێکم تێدا نییه که به دوای ئه‌و شێوه باوانه بکه‌م، وه‌ک ئێستا، شیعری کوردیی وه‌ک مێگه‌ل رادهدا.
له کنه من، شیعر ئاماجێکی روحییه. ئه‌و روحهش له زمانێکی تایبه‌تدا به گۆ دێت. شیعر له سه‌فه‌ره‌که‌یدا بۆ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، تاکوو له هاتنه‌وه‌یدا یاده‌وه‌ریی زمان، پێشهات، ئه‌فسانه، هێما، شوێن و … تاد به‌ره‌و ئێستا و ئایینده له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێته‌وه. شیعری ئه‌مڕۆی کوردیی ئه‌و ئه‌رکه‌ی فهرامشکردووه، چونکه له وابه‌سته‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆیی و چاولێکهرییدا خنکاوه. هه‌روه‌ک چونکه بێبه‌رییه له ئامانجێکی روحیی و جیهانێکی تایبه‌تی، بۆیه زمانه‌که‌ی زوو له بۆشاییدا دهچقێ. بۆیه ده‌بینی، شاعیری ئه‌مڕۆی کوردیی، به مێگه‌ل به مۆده‌ی "ئه‌شق"ێکه‌وه نووساون، که خۆیان بێبه‌ریی لێی، چونکه له روحهوه عاشق نین.
لێره‌وه په‌رۆشی من، باسکردنی ئه‌و جیهانه‌یه که له‌ناو من مندایه. ئه‌وه زمانی شیعره که ئه‌و جیهانه ناوه‌کییه راده‌گه‌یه‌نێ. شیعر من باس له شتێک ناکا که له ناومدا روونادا، به‌ڵکوو زرینگانه‌وه و چرپاندنی ئه‌و زمانه‌یه که له له جیهانی روح و بیرکردنه‌وه‌مدا ده‌ژیت.
راستییه‌که‌ی من نازانم خوێنه‌ریی من کێن! چونکه هێشتا بۆم نه‌بۆته پرسیارێکی گرینگ. من پێم خۆش نییه، وه‌ک ئێستا بۆته مۆده‌یه‌کی به ههڕمێنه، رۆژانه شیعره‌کانی خۆم بۆ ئه‌و و ئه‌م بنێرم، تاکوو ده‌رۆزه‌ی خوێنه‌ر بکه‌م. من سه‌رگه‌رمم به جیهانێکی خۆم، که خۆی لێوانڕێژه له جمه، بۆیه حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌م نییه که بزانم کێن من ده‌خوێننه‌وه. ئه‌گینا بۆ منیش ئاسانه، وه‌ک ئه‌مڕۆ باوه، ره‌خنه و خوێنه‌ر به رادان بده‌م و داوایان لێبکه‌م له‌سه‌رم بنووسن و له‌سه‌ریان بنووسم. یان بچمه رێزی ئه‌و پێڕانهی که باون. من حه‌زم له جه‌ماوه‌ریی بوون نییه. هه‌روه‌ک خه‌مێکم نییه که کێ له‌سه‌رم ده‌نووسێ یان نا، چونکه ده‌زانم ئه‌وه‌ی که ئه‌و نووسینه بووده‌ڵانه‌ی که به‌ناوی ره‌خنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌و رۆژانه له‌و بڵاوکراوانه بڵاوده‌کرێنه‌وه، سه‌رچاوه‌کانیان چین و کێن. بۆیه ئیرهییا پێ نابه‌م. ئه‌و گه‌مه‌یه تا بڵێی له کرده‌ی شیعر و شاعیریی به دووره.
بۆ من کافییه جار جار خوێنه‌رێکی بێده‌نگ یان نه‌ناسراو، یان کت‌وپڕ به چه‌ند وشه‌ی ساده و هیدڵی شادیی یان دڵته‌نگیی به‌رانبه‌ر شیعره‌کانم ده‌رده‌بڕێت. من به‌و خوێنه‌ره خه‌نی ده‌بم که له گۆشه‌نیگایه‌کی جیاواز یان بێ راسپارده و داواکردن، ده‌ست خۆشی یان ره‌خنه‌ت لێده‌گرێت.
ره‌نگه‌ی ئه‌وه‌ی له شیعری من دووباره ده‌بنه په‌یڤگه‌لێکی بارگاویکراو به روحی خۆم، تامی شوێن و زایه‌ڵه‌ی یاده‌وه‌ریی خۆم بن. له‌وانه: شه‌به‌نگ، پهنگدانهوه، زایه‌ڵه، تلانه‌وه، و … تاد بن که ره‌نگه ئه‌وانه له چوونه ناو جیهانی خهواڵووبووندا ههڵقووڵابن. ده‌مه‌وێ بڵێم، ئه‌وه‌ی له شیعری مندا هه‌میشه ده‌له‌رێته‌وه، بێداربوونه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی، باڵفڕهی شوێنه.
به‌ڵێ، من به زۆرینه‌ی شیعر و نووسینه‌کانی خۆم سه‌رسامم. شیعر "سکاندیناڤیا: دوورگه‌یه‌کی تر له بخوور"، ده‌ڵێی چڕکردنه‌وه‌ی کۆی پێشهات و یاده‌وه‌ریی زمانی منن. هه‌روه‌ک ئه‌و شیعره، شهپۆڵدانێکی هه‌دادان و سه‌رچڵی مه‌ته‌ڵ، دۆشدامان، هێماکانی زمانیی یاده‌وه‌ریین که له سه‌فه‌ره‌که‌یدا هه‌ڵگری ئامانجێکی روحییه. شیعری، "باڵه‌فڕه‌ی په‌یڤه‌کان به ده‌م رووتبوونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه"، "تامیانی باڵه‌کان"، "گمه‌ی چیایه‌کان"، "هه‌ندرێن" و … تاد، ئه‌زموونی نامۆن له شیعری کوردییدا. هه‌روه‌ک زۆرێک له نووسینه تیۆریی و ئه‌ده‌بییه‌کانم، له زمانی کوردییدا ده‌گمه‌نن. بۆ نموونه، وتارگه‌لی وه‌ک: "ئیرۆسی گه‌ڕان به دوای ده‌نگ …"، قه‌ده‌ری کورد له چهپڕۆییهوه بۆ راستڕه‌وی، بوشگهرایی"، "بزاڤه نه‌گۆڕه‌کانی جڤاکیی کوردیی"، "کورد له نێوان به‌رداشی ئیدیۆلۆژی ره‌هاگه‌رایی و ته‌کنیکدا"، "پێڕگری ره‌خنه‌گر: ئه‌فراندنی گه‌نده‌ڵیی"، "مه‌سعود محه‌مه‌د؛ ئێستێتیکای هزرێنکی خۆکرد" و … تاد، تژین له زمانی به‌رپرسیاریی و ئێتکیی من.
بۆیه من، له‌و که‌سانه نیم، نه‌زانم چی و چۆن ده‌نووسم، هه‌روه‌ک وه‌ک ئه‌و جۆره نووسه‌رانه نیم، هه‌ر بۆ کوێخواخوازیی به هه‌ستێکی قوربانیانه‌وه، خۆم به مه‌غدوور بزانم. نا من له ناخه‌وه ده‌مه‌وێ به ئاراسته‌یه‌ک بڕۆم که ته‌نیاییه.