Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌بێته‌ (حسین)ی كورده‌كان؟

ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌بێته‌ (حسین)ی كورده‌كان؟

Closed
by July 7, 2009 گشتی

 

      هه‌موومان چیرۆكی شه‌هید بونی حه‌زره‌تی حسین مان بیستووه‌و سه‌رزه‌نشتی هاوپه‌یمان و بكوژه‌كانیمان كردووه‌، له‌راستیدا حسین وازی له‌ده‌سه‌ڵات هێنابوو، به‌ڵام خه‌ڵكی عێراقی ئه‌وكات لێی نه‌گه‌ڕان و داوایان لێده‌كرد كه‌ببێته‌ فه‌رمانڕه‌وایان و به‌ڵێنیشیان پێدا كه‌پشتگیری لێ‌ بكه‌ن. سه‌رچاوه‌ مێژوییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌زیاتر له‌ پێنج سه‌د نامه‌و حه‌فتا هه‌زار ئیمزا له‌عێراقه‌وه‌ بۆ حسین نێردرا وه‌كو پشتگیری و له‌نامه‌كانیشدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ دابوو كه‌ده‌یانه‌وێت حسین ببێته‌ فه‌رمان ره‌وایان و داوایان لێكردبوو كه‌بێته‌ عێراق و به‌ڵێنیشیان پێدا بوو كه‌ پشتگیری و پشتیوانی لێده‌كه‌ن، حسینی نازداریش كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری نامه‌كانه‌وه‌و بڕیاریدا مه‌ككه‌و مه‌دینه‌ به‌جێبهێڵێت و روبكاته‌ عێراق به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌كه‌ی  به‌پشتیوانی ئه‌و نامانه‌ی كه‌بۆی هاتبون.
     حسین به‌ هیوایه‌كی زۆره‌وه‌ روی له‌عێراق كرد، چونكه‌ لای وابوو له‌وێ‌ پشتگیری ته‌واوی لێده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌نامه‌كاندا ئه‌و ئاماده‌سازیانه‌ باسكرابوون كه‌بۆ هاتنی حه‌زره‌ت كراون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا له‌سه‌دا سه‌د هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بویه‌وه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌و بیری لێده‌كرده‌وه‌و به‌ڵنیان پێدابوو وا ده‌رنه‌چوو، به‌ڵكو لایه‌نگره‌كانی له‌ترسا، یان له‌به‌ر ته‌ماع، یان هه‌ر له‌ئه‌ساسه‌وه‌ راستگۆ نه‌بون، پشتیان له‌حه‌زره‌ت هه‌ڵكردو  نه‌چون به‌لایه‌وه‌، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌هاوسه‌فه‌ره‌كانی به‌ولاوه‌  كه‌سی تر پشتیوانی لێنه‌كرد، هه‌ربۆیه‌ به‌بێنازی شه‌هید كرا.
    ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئێستای نه‌وشیروان مسته‌فا به‌راورد بكه‌ین به‌بارودۆخی حه‌زره‌تی حسین، گه‌لێك لێك ده‌چن ، نه‌وشیروا ن مسته‌فا وه‌كو حه‌زره‌تی حسین رۆژێك له‌ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌، به‌ڵام دواجار بارودۆخ ئه‌وی ناچاری وازهێنان و دانیشتن كرد، دانیشتنی نه‌وشیروان مسته‌فا زۆری نه‌خایاندو ئه‌مجاره‌ به‌گوڕو تینێكی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، كه‌وا ئه‌نوێنێت ژماره‌یه‌كی زۆری لایه‌نگر له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌رچه‌نده‌ زۆركه‌س ئه‌مه‌ وه‌كو خاڵی به‌هێزی ته‌وژمی نه‌وشیروان مسته‌فا باس ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ئومێدی له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێت؟ یان وه‌كو سۆسیۆلۆجسته‌كان ده‌ڵێن (تای كۆمه‌ڵایه‌تی) یه‌و هیچی تر، كه‌زۆر ناخایه‌نێت و قابیلی ئه‌وه‌یه‌ به‌ده‌م و چاو شتنێك، یان قیرتاوكردنێك، یان كاره‌باو موچه‌ زیادكردنێك ئه‌و تایه‌ بڕه‌وێته‌وه‌و  ده‌وری نه‌وشیروان مسته‌فاش چۆڵ ببێت، ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسیه‌ش زیاتر ده‌كات بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌ماوه‌رێكی رێكخراونین ئه‌مه‌ش كاری په‌شیمان كردنه‌وه‌و ساردكردنه‌وه‌یان له‌لیستی گۆڕان  ئاسان ده‌كات، به‌تایبه‌ت وه‌كو له‌سایكۆلۆجیادا باس ده‌كرێت جه‌ماوه‌ر سیفه‌تی ئافره‌تانه‌یان هه‌یه‌و ئه‌كرێت له‌ڕێگه‌ی سۆزو عاتیفه‌وه‌ به‌ئاسانی كاریان له‌سه‌ر بكرێت، هێشتاش كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ته‌واو كاریگه‌ره‌ به‌ عاتیفه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و  ئاینی و ….هتد.
له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ چۆن دوژمنانی حسین توانیان له‌ڕێی هێزو ته‌ماعه‌وه‌ لایه‌نگرانی حسین په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌، نزیك به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش نه‌یاران و ململانێكارانی نه‌وشیروا ن مسته‌فا توانیویانه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی پێدانی پاره‌و ئیمتیازاته‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكی نزیك و لایه‌نگری لێ‌ هه‌ڵبگه‌ڕێننه‌وه‌و ئه‌م ده‌م و چاوه‌ په‌شیمان بوانه‌ش دیسان گورزێكی كوشنده‌یه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و لبیسته‌كه‌ی.
     قسه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ تۆبڵێی ئه‌و پشتیوانیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كرێت به‌ده‌ردی پشتیوانیه‌كه‌ی حه‌زره‌تی حسینی لێ نه‌یه‌ت و له‌دواجاردا جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌كو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی حه‌زره‌تی حسین پشتی تێ‌ بكه‌ن و له‌ته‌نیایدا به‌جێی بهێڵن و جارێكی تر مێژوو دووباره‌ ببێته‌وه‌.

nweben@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.