Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ساڵێك بۆ سیاسەت و رۆژێك بۆ خۆشەویستى… عومەر جەلال

ساڵێك بۆ سیاسەت و رۆژێك بۆ خۆشەویستى… عومەر جەلال

Closed
by February 14, 2008 گشتی

 ئەوەى هەواڵم بپرسێت دەمدۆزێتەوە
 ئەوەى بمدۆزێتەوە دەمناسێت
 ئەوەى بمناسێت هاورێتیم دەكات
 ئەوەى هاورێتیم بكات خۆشى دەوێم
 ئەوەى خۆشى بوێم من دەیكوژم
         _ئیبن ئەلعەرەبی_
 
 تاكى كورد جودا لە تاكى نەتەوەكانى دى بۆ ماوەى چەند ساڵیكە لە 14/2  دا هەست بە شەپۆلێكى راگەیاندنى سادە دەكات لەمەڕ  رۆژى (  ڤالانتاین) ,لەودیوى سیاسەتەوە هەمیشە ساتێك هەیە بۆ پشوو دوور كەوتنەوە لە ژاوە ژاوى گەندەڵى و تەكەتولات و پارتچى .
 ئێمە كاتێك كە بێ وویستى خۆمان هاتینە ژیانەوە ئاوێتەى جەنگ و ژینى سیاسەت بووین بەر لەوەى خوێندنەوەو ئەزموونى سادەمان هەبێت لە دیوە ناشرینەكانى سیاسەت بەتایبەتى و جەنگە بەردەوامەكانى دژمان بە گشتى هەر لە سەرەتاى درووست بوونى پارت و هەستى نیشتمانى و  ناسیۆنالیستیەوە بەخشینى تەمەنێكى گەورەمان لەخزمەتى ئارمانجى سیاسەتدا بووە.
 ئەوەى كە جێگاى رامان و  راڤە كردنە بێدەنگ بوونە لە رۆژى خۆشەویستى ,ئایا سیاسەت بوارى ئەوەى داوە هەست بكەین لە رۆژێكدا بۆنى عەشقمان كردووە,كاتێك (ناپۆلیون) لەبەرەكانى جەنگەوە نامەى خوێناوى دەنارد بۆ خۆشەویستەكەى و دەیگوت (خۆت مەشۆ با ئەو بۆنە سرووشتیەت بمێنێت هەتا دێمەوە لە جەنگ) یان كەسێكى نازیزمى وەك (هیتلەر) هەمیشە لە پشتى سیاسەت و توندوتیژى و كارە تۆتالیتارییەكانیەوە گومانى لا درووست دەكردین كە ئازارى عەشقى دەبینى .ئەشێ بپرسین ئایا عاشقە سیاسیەكان دەیانەوێت خوێندنەوەى دى بكەن بۆ خۆشەویستى یان لەپشت عەشقەوە ویستیانە دیكتاتۆربن ؟ گوماناویترین پرسیارە ئایا چۆن دیكتاتۆرەكان عاشق دەبن؟ یان بەمانایەكى دى ئایا توندوتیژى و خۆشەویستى كۆ دەبنەوە بەیەكەوە ؟
 نزیك بوونە لەوەڵامى پرسگەلێكى ئاوەها  رەهەند و میتۆدى تایبەتى دەوێت خوێندنەوەیەكى سۆسیۆ-سایكۆلۆژى تایبەت نییە بەوەى خۆشەویستى و سیاسەت ئەو دوو چەمكە هاودژە چۆن و بە چ ستایلێك ئاوێتە دەبن؟ئایا ئەشێ عاشق جەلاد بێت ؟
 كوردستانى باشوور بە چەندین جەنگ و داگیركردن و وێرانكردن  راگوزەر بووە ,دەیەى حەفتاكانى سەدەى رابردوو, نسكۆ و  شكستى سیاسی و لێكدابڕانى خێزانەكان و ئاوێتەى سیاسەت بە میتۆدێكى  فرە  رەهەند كاریگەرى نێگەتیڤى كردووەتە سەر بوونى كەسایەتى عاشق لە كوردستاندا ,لەوەش ئازاراوى تر ئەنفال و هەڵەبجە و زیندەبەچاڵ كردنى مرۆى كورد ئەوەندەى دى ئیشى لەسەر كوشتنى هزرى خۆشەویستى و لێكدابرانى عاشقەكان و سوتاندنى هەستى عاشقانە كردووە ,ئەگەر دیوێكى دیكەى دوور كەوتنەوەى ئازیزان جۆرێكى لە گەورەكردنەوەى عەشقى كردبێت لاى تاكى كورد ئەوە بێگومان دیوەكەى دیكەى بەیەك نەگەیشتن و لێكدابڕانى ئەو كەسانە بووە كەعاشقى یەكدى بوون و جەنگ و سیاسەت لەیەكى دابرین.
 وەلێ غەمى مەزن لێرەوە دەست پێدەكات لە پاش راپەرینەوە پاش بەیەك گەیشتنەوەى ئازیزان و كەسانى عاشق چەمكى خۆشەویستى لە كوردستانى باشووردا بەرگێكى نوی ََى بەبەردا دێت ,هەرچەندە بۆ ماوەیەكى زۆر كەم بەردەوام دەبێت , سیاسەتوانانى كورد جەهەنەمێكى دیكە بۆ تاكى كوردى درووست دەكەن لەبرى گەڕانەوەى  رێزو خۆشەویستى نێوان مرۆڤەكان , درووستكردنى شەڕى ناوخۆو هێنانەوەى بەعس و چەندین جار چۆڵكردن و گەڕانەوەو دیسانەوە دەسەڵاتى كوردى بە شێوازێكى جودا لەبەعسیزم ژیانێكى تاریك بۆ تاكى كوردى عاشق درووست دەكاتەوە ,عاشقەكان لەبرى هاوكارى بكرێن لە لایەن دەسەڵاتى كوردییەوە حیزبەكان هەڵدەستن بە درووستكردنى گروپى چەكدار بۆ بەرەكانى جەنگ لە دژى یەكدى و بەهەزاران گەنج دەكوژرێن و كچانیش قەیرەیى و چاوەڕوانى عاشقەكانیان دەبێتە هۆى كوشتنى خەون و ئارەزووەكانیان,لەوەش غەمگینتر ئەوەیە بەپارت كردن و گەندەڵبوونى دامەزراوەكان جۆرێكى  دى لە تاكى عاشقمان بۆ دروست دەكات كە حیزب و دەسەڵاتى گەندەڵ ئاوێتەى هزرى ئەو عاشقە غەمگینانە دەبێت.
 نابێت ئەوەش لەیاد بكەین بەهۆى رووخانى ئابوورى كوردستان و سیستمى لاوازى دەسەڵاتى كوردى بەهەزاران گەنج كە زۆرینەیان بەغەمى یارو نیشتمانەوە سەریان نایەوە و بوونە خۆراكى رێگاى كۆچ و تاراوگە,كە بوونى كولتوورێكى ناتەندرووستى بۆ عاشقەكان درووست كرد یان بەوێنەیەكى دى ناراستگۆى و ساردكردنەوەى پەیوەندییە عاشقەكانى بەرەو كاڵكردنەوە برد , كە بوونى سیاسەتى  فاشیل هەلى وێران كردن دەگەرێنێتەوە بۆ تاكى كورد ناچار گەنجان لەپشت یارو گەمەكانى عەشقەوە نیشتمان بەجێبهێڵن و هەست بكەن ئاسوودەى و بەختەوەرى بوونى نەماوە و بەردەوامى ژیان ئاڵۆزبووە.
 هەنووكە دەسەڵاتى كوردى گروپگەلى سیاسەتوانى عاشقى فاشیلى بەرهەم هێناوە ,ئەگەر سیاسیەكانى ئەمڕۆ خۆشەویستى بكەن,ئەشێ نەتوانن بۆ ساتێكیش شیعرێك بخوێننەوە یان بتوانن نامەیەك بەیادى شاخ بۆ ئازیزانیان بنووسن ,هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە لەبرى دەفتەرى شیعر هەنووكە دەفتەرى دۆلار بووەتە خۆزگەو لەبرى بیركردنەوە لە نووسینى شیعرێك بیردەكەنەوە لەنووسینى لیستێكى پاسەوانى بێ مووچە ,سیاسەتوانانى هەنووكە خۆشەویستیان یاد چووەتەوە هێنانى هاوسەرى دووەم و سێەم و …هتد.  ئەوەیان لەیاد دەباتەوە كە كەسێك هەبووە لەژیانیاندا لەسەردەمێكدا خۆشیانوویستووە لەهەموو ئازارو نەهامەتییەكانتدا لەبەردەوامى و گوزەراندنى ژیانیاندا بووە .
 ئەمڕۆ سیاسەت بووەتە پەیامبەرو ئاوێتەى هرز و جوڵە و خەوو خواردنمان بووە ,سیاسەت بەیانیان لەتەكمان هەڵدەستێت و  دێتە ناو ژووانەكانمانەوە ,وەك ڤایرەس دێتە ناو كۆمپیوتەرەكانمانەوە ,یادەوریمان خۆڵاوى دەكات و بە ئاییندەمان پێدەكەنێت ,سیاسەت بە تۆپزى دەبێتە بەشێكى دانەبڕاو لەژیان و بەردەوامى هەناسەدانمان ,دەچێتە ناو پۆلەكانى خوێندنەوەو مزگەوتەكان بە بەرگى خۆى دادەپۆشێت و سەرجەم دەزگاو  شوێنە گشتییەكان تاپۆ دەكات ,حیزبەكان سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە تایبەتیەكان قۆرخ دەكەن و رەنگێك ناهێڵنەوە بۆ تەماشاى رۆمانسیانەو و دەنگێك ناهێڵنەوە بۆ مرۆڤایەتى و دیوێكى قێزەون و شێواو دەبەخشن بە فۆرمى عەشق لە كولتوورى كوردیدا.
 هەر كۆمەڵگەیەك سیاسەتى تێدا بووە كۆكەرەوەى سەرجەم كارو ئامانجەكان و كەسانێكى پارتیزم دەسەڵاتیان گرتە دەست و كاریگەریان كردە سەر تاك ئەوكات كاردانەوەى هەڵە و  رەنگدانەوەى سرووتێكى دیكەى ناشرینى دەبێت بۆ سەر پێكەوە ژیان و گرینگى دان بەیەكدى و رێگرتن لەئەوى دى یان بەمانایەكى دى بوونى حیزب و قۆرخكردنى داهاتە سروشتى و مادییەكانى تاك لە ژێر دەستى كەسانێ بن خۆیان بەسیاسەتوانى پرۆفیشنال بزانن ,ئەوە بوونیادى ئەو كۆمەڵگەیە بەرەو رووخان و شكستى ئایندەو بێزاركردنى كەسانى دى دەڕوات ,نابێت تیرۆریزم لەیاد بكەین كەبە راى  بیرمەندان و لێكۆڵەران یەكێك لەو فاكتەرە ترسناكەى دەبێتە هۆى ئەوەى كەسی تیرۆریست كارى خۆ كوژى بكات پەیوەندیەكى گەورەى بەوەوە هەیە كە كەسێكى فاشیل بووە لەعەشقدا یان گرێیەكى سەردەمى لاوێتى لاماوە ,خۆ ئەگەر ئەتمۆسفیر و ژینگەى تەندرووست بۆ ئەوكەسانە دابنرێت رەنگە ئەوەندەى بیر لەژیانى عاشقانە بكەنەوە نیو هێند بیر لە كوشتن تیرۆر نەكەنەوە.
 ئەوەى كە گرینگە خۆمانى لێ بێدەنگ نەكەین ئەو نائامادەگییەى دەسەڵاتى كوردییە بۆ رەخساندنى هەڵى كارو هەماهەنگى ئەو گەنجانەى بەنیازن بڕۆنە ژیانى هاوسەرێتییەوە ,ئازاردانى نەوەیەكى فەرامۆش لە گەنج لە لایەن دەسەڵاتەوە دەبێتە هۆى شۆكێكى گەورە لە ترسی ئەو لاوانەى بەنیازن ژیانێكى سادەى هاوسەرێتى پێك بهێنن ,ئەگەر دەسەڵاتداران بیانەوێت نەوەیەكى تەندرووست و ئاكتیڤ درووست بكەن هاوكارى گەنجە كە یەكێك لەو پایانەى كۆمەلًگەى لەسەر بونیاد نراوە گەنجە.
 هەموو ساڵیك لە 14/2 دا لەبەیانییەكى شەرمندا بەخەبەر دێینەوە كەوا ئەمڕۆ رۆژێكى جودایە لە رۆژانى دى بەناو (ڤالانتاین) هەرچەندە تەنیا قسەكردن و بەئاگاهاتنەوەیەكى سادە و لەكۆڵكردنەوەیەكى ناچارانەیە ,بوونى رۆژێك بۆ خۆشەوییستى لە كوردستاندا نامۆیەو چەند ساڵێكە هەستى پێدەكرێت ,وەلێ ئەوەى كە رەگى  سەرەكى داكوتاوە  لەناخ و هزرى هەریەكەماندا ئەو كەشە نا تەندرووستەو بی َئومێدییەیە كە چەند ساڵێكە پڕى كردووین لە ئیرەیى و بێئومێدبوون لەژیان و هەستنەكردن بە نیشتمانێك كە جێگاى ئەوەى تێدا ببێتەوە رۆژێكى وەك رۆژى خۆشەویستى تێدا بەسەر بەرین .
 بێگومان بەدەستهێنانى كولتوورێك بۆ خۆشەویستى قوربانییەكى زۆرى دەوێت چ لە لەیەن دەسەڵات و چ بڕوابوون بەخود بۆ فەراهەم كردن و بەردەوامى ژیان پێویستمان بە كولتوورى لێبوردەیی و رێز گردن لە راى ئەوى دى هەیە,دەكرێت بگەینەئەو دەرەنجامەى كە بپرسین ئایا دەكرێت سیاسیەكانمان لە رۆژى خۆشەویستى دا یاد لەوە بكەنەوە كە هەماهەنگى و هاوكارى كەسە عاشقەكان بكەن بۆ بەردەوامى ژیان ولێكتر نزیككردنەوەى ئەوانى دى ؟ ئایا سیاسەت دەتوانێت كەمێك پشو بدات لە رۆژێكى ئاوهادا ؟هەرچەندە بە بیستنى رۆژێك بۆ خۆسەویستى سیاسەتوانانى كورد قاقاى خەندەیان رۆژە رێیەك دەڕوات .
 جودا كردنەوەو بێدەنگ بوون  لە ساتگەلێك كە پەیوەندى بە ئایندەى كوردەوە هەیە پەیوەستە بە  سیاسەتەوە ئیشى ئێمە نییە قسەى لەسەر بكەین ,ئەوەى كە گرینگە لێ ى بدوێن ئەو رۆژەیە كە دوورمان دەكاتەوە لە پرسگەلى گەندەڵى و گوێبیستى بەڵێنە سەرابییەكانى دەسەڵات نابین و بە چاوێكى دى تەماشاى ژیان دەكەین و ئیدى تەماشاى ئەو هەموو ڤێلاو  زەوییانە ناكەین كە بەرپرسان و دەسەڵاتداران قۆرخیان كردووە ,ئەوەى وا دەكات ئەو رۆژە لەیادى خۆمان بەرینەوە كە هەناسەیەك بدەین بۆ عەشق ئاوێت نەكردنى سیاسەتە بە واقیعى كوردى و بەسیاسەت كردنى كۆى دامەزراوە مرۆڤایەتى و تایبەتمەندییەكانە ,لەپاش راپەڕینەوە دەسەڵاتى كوردى ماوەیەك تاكى كوردى وا لێدەكات خوو بەوەوە بگرن بۆ وێنە ژمارە دەكەنە ئایەتێكى پیرۆز رۆژانە لە هزرى تاكدا ئاوێتەبێت (140 ,58 ,730 ,كابینەى 1,2,3,4,5,و…هتد )بە خووەوە گردنى كۆنسێپتى سیاسەت بە خەڵكى هەژار و بێدەنگ لەم چەند رۆژەدا لە یەكێك لە تی ڤییەكانەوە كەسێكى بەتەمەن دەیگووت من سڵاوى تایبەتم هەیە بۆ (730) ئەگەر ئەم وتەیە خوێندنەوەیەكى راستگۆیانەى بۆ بكەین دەگەینە ئەو راستییەى كە حیزبەكان و  راگەیاندنە حیزبییەكان بە شێوازێك مەبەستیان بێت تاك دەگوشن كەبەهیچ پرەنسیپێك راست نەبێتەوە ,ئەمە لە لایەك و ئەو هەموو رێزنەگرتنە لە خاوەنى قوربانییەكان پێمان دەڵێت دەسەڵاتى كوردى ژیانى بە رێگایەكى دى بردووە ئەوەندەى بۆنەوە جوڵەكانمان بارگاوى حیزبایەتى بووە ئەشێ پێویستمان بە گۆڕانى بنەڕەتى عەقڵى   سیاسەتوانانى كوردى بێت بۆ درووست كردنى پارلەمانێكى سەردەمیانەوە مێتودى كاركردنى حزبایەتى لە بەرژەوەندى نەتەوە بێت نەوەك خودى حیزب و  هەماهەنگى كەتوارێك بۆ درووستكردنى سیاسەتوانانى عاشق كە بیر لەوە بكەنەوە هەموو ژیان هەر بۆ گەندەڵى و بێئاگاى ئەوانى دى درووست نەبووە و هەست بە غەمى تاك بكرێت بۆ لێكتر نزیك بوونەوەى كولتوورێك لێوان لێو لە خۆشەویستى ومیهر و مەزنیى .
 
 
 
omerjelal@yahoo.com 
 
 
 
 ————————
 لە رۆژنامەى (هاوڵاتى )  ژ (396) ى 13/2/2008 ,بڵاوبووەتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.