Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
هه‌ڵبژاردنی کوردستان….حه‌مه‌ غفور

هه‌ڵبژاردنی کوردستان….حه‌مه‌ غفور

Closed
by July 13, 2009 گشتی

هه‌ڵبژاردنی کوردستان
نمایشی حه‌شامات‌و مانۆڕی چه‌واشه‌کاری!

حه‌مه‌ غفور

له‌ژێر ناوی پرۆسێسی دیموکراتی‌و هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی‌و موماره‌سه‌ی مافی به‌شداری پێکردنی هاوڵاتیان له‌ سیاسه‌ت‌دا، به‌ناوی ده‌خاڵه‌تی خه‌ڵک له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ کوردستانی عێراقدا، گه‌وره‌ترین سیاسه‌تی چه‌واشه‌کاری‌و فریودانی جه‌ماوه‌ر، بێوێنه‌ترین شێوازی به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی‌و شێواندنی بیرو هۆشی هاوڵاتیان، بێپاساوترین مانۆڕی ته‌خشان‌و په‌خشانی په‌یمان‌و به‌ڵێنی‌ درۆو بێبنه‌ما، زۆرترین هه‌ڵپه‌ی هه‌وڵدان بۆ پووکانه‌وه‌ی خواسته‌ جۆراو جۆرو به‌رهه‌قه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان‌، به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی بێبه‌هاترین‌و فریوکارانه‌ترین سیاسه‌تی گۆڕینی ئاراسته‌ی جووڵانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی گشتی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌تی کوردیدا، بۆ خۆشخه‌یاڵی‌ به‌ دیموکراسیه‌تی ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدارو ئه‌زموونی تائێستایان وه‌ هاوته‌ریب کردنی ڕه‌وه‌ندی هیواو ئاره‌زووی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت‌و ئامانج‌و مانیفێستی بۆرژواییانه‌ی پرۆسێسی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیدا، دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ لایه‌ن لیست‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌کانه‌وه له‌ کوردستان ده‌ستیپێکردووه‌.

لیستی کوردستانی بۆ ئه‌وه‌ی حه‌شاماتی جه‌ماوه‌رێکی زۆرتر بۆ به‌رده‌م زوومی کامێرای ته‌له‌فزیۆنه‌کانی کۆبکاته‌وه‌، ناچاره‌ په‌یڕه‌و له‌ سیاسه‌تی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی به‌عسی بکات. هه‌موو سیاسه‌تێکی تۆقاندن‌و له‌سه‌ر کار ده‌رکردن‌و هه‌ڕه‌شه‌ی بێکارکردنێک به‌کار دێنێ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ مانۆڕی هێزنمایشکردنیدا ناچار به‌ ئاماده‌بوون بکات. ئه‌م لیسته‌ له‌به‌رده‌م شه‌پۆلی بێکۆتایی ده‌ریای ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستاندا ڕاوه‌ستاوه‌و زه‌بونیه‌کانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ قازانجی لیسته‌کانی دیکه‌ به‌ باشی هه‌ستپێکراوه‌.

 لیستی گۆڕان به‌ موباله‌غه‌ی هه‌رزانبه‌هاو زیده‌ڕۆیی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ‌ وێناکردنی دیارده‌و گۆشه‌و لایه‌نه‌کانی ژیانی سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان، ته‌نانه‌ت زیاده‌ڕه‌وی له‌ وه‌عدو به‌ڵێن دان به‌ ڕیفۆرم‌و چاکسازی‌و قڵپکردنه‌وه‌ی دۆزه‌خی ئێستای کوردستان، گوایا بۆ هێنانه‌ئارای فیرده‌وسێکی حه‌قیقی‌و دامه‌زراندنی سۆشیالیزمی خه‌یاڵیی خورده‌بۆرژوایی، خه‌ریکن بنه‌ما مرۆییه‌کانی متمانه‌و ستراکتووری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کوردستان ئه‌به‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. 

لیستی چوار حیزبه‌که‌، به‌ نه‌غمه‌یه‌کی تێکه‌ڵاو و نه‌شاز له‌ ئاوازی ئیسلامی سیاسی‌و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ فه‌زای سه‌پاوی سیاسی ئێستای کۆمه‌ڵی کوردستان، ته‌نانه‌ت شه‌رم له‌ داوای گوشاری مالیکیش ناکه‌ن بۆ سه‌ر لایه‌نه‌کانی تری کوردستان، خه‌ریکن بازاڕی بانگه‌شه‌ ناوازه‌که‌یان به‌ که‌مێک ته‌ئخیره‌وه‌ له‌ بناری گویژه‌ی سلێمانی وه‌ڕێئه‌خه‌ن، سا به‌ڵکو له‌م سیناریۆیه‌شدا هیچنه‌بێ کورسیه‌کانی پێشوویان بۆ بمێنێته‌وه‌.

لیستی "چه‌په‌کان" ناسراو به‌ "لیستی ئازادی‌و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی" دوای قه‌ره‌باڵغی که‌وتوون‌و تا ئه‌مڕۆش ناتوانن ڕوونی بکه‌نه‌وه‌ ماناکانی ئازادی چیه‌، عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی تا چه‌ند په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه‌ به‌ سیسته‌می پارله‌مانیه‌وه‌! ئه‌م حیزبانه‌ که‌ ناوی چه‌پیان له‌ خۆیان ناوه‌و هه‌میشه‌ وه‌کو شانی چه‌پی سیاسه‌ت‌و ئاراسته‌ی بۆرژوازی کوردی سه‌ریان ناوه‌ به‌ ناسیونالیزم‌و میللیگه‌راییه‌وه‌، ملیان له‌ موو باریکتر بووه‌ نه‌ک هه‌ر بۆ ملدان به‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ترین سیاسه‌ت‌و هه‌ڵویستی دژه‌ خه‌ڵکی‌و دژه‌ کرێکاری، به‌ڵکو خۆشیان هێنده‌ی بۆیان لوابێ هه‌وڵیان داوه‌ چینی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشانی کورد له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی کوردایه‌تی‌و قه‌ومپه‌رستیدا ڕامبێنن. ئه‌م حیزبانه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ چه‌ند دانه‌ کورسیه‌کی پارله‌مانی کوردستان‌و هه‌موو که‌س ده‌زانێ که‌ نه‌خشیان چه‌نده‌ له‌ هاوکێشه‌ی هێزه‌کانی کوردستاندا. له‌م پێناوه‌شدا به‌ش به‌ حاڵی خۆیان له‌ فریودانی خه‌ڵکیدا جێیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک له‌ نێو چه‌مکی ئازادی‌و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیدا نادۆزرێنه‌وه‌.

بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هیچ جێگایه‌کی جیهاندا به‌م شێوازه‌ی کوردستان ناچێته‌پێشه‌وه‌. لێره‌ش‌ له‌ کوردستان، وه‌کو ته‌واوی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ دیموکراسیان تێدا به‌رقه‌راره‌، مادام سیاسه‌تکردن بێبه‌هایه‌و درۆیه‌کی شاخداره‌ که‌ ده‌ووترێ خه‌ڵک به‌ ده‌نگدان‌و به‌شداری کردن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ده‌ور ئه‌بینن له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی داهاتوودا، مادام هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ ڕوون‌و ئاشکرایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌ت‌و حکومه‌ت‌و دام‌و ده‌زگاکانی ده‌سه‌لات له‌لایه‌ن چینی بۆرژوازی‌و نوێنه‌رانیه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌و پاوان‌و کۆنترۆڵ کراوه‌و له‌ده‌ستی ئاغایانی سه‌رمایه‌دایه‌، بۆیه‌ بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنی کوردستان زۆرتر له‌ نمایشکردنی ڕووکه‌شی هێزو نفوزی حیزب‌و قه‌واره‌ سایسیه‌کان به‌ولاوه‌تر ناچێت.

هه‌موو لیسته‌کان هێنده‌ی به‌ته‌نگی کۆکردنه‌وه‌ی حه‌شاماته‌وه‌ن له‌ نمایشێکی ته‌له‌فزیۆنیدا، چاره‌کێکی ئه‌وه‌ به‌ته‌نگی بانگه‌شه‌ کردنه‌وه‌ نین بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی دیموکراسیه‌که‌ی خۆشیان، بۆ فره‌یی‌و یه‌کتر قبوڵکردنه‌که‌ی خۆشیان، بۆ ڕه‌واڵی دیموکراتیانه‌ی ده‌ستاو ده‌ست پێکردنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆشیان، بۆ سه‌ره‌تاکان‌و بنه‌ماکانی فیکرو ئایدیۆلۆژیاو چه‌مکه‌کانی دیموکراسیه‌که‌ی خۆشیان. ئه‌مه‌ی ده‌یبینین که‌ڕنه‌ڤاڵی فریوکارییه‌کی گه‌وره‌و میهره‌جانی چه‌واشه‌کاریه‌کی مێژووییه‌ له‌کوردستان. فڕی به‌سه‌ر گۆڕان‌و چاکسازی‌و هێنانه‌ئارای ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تی یاساو پارله‌مانی ئه‌کتیڤ‌و کاراوه‌ نیه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ که‌ هه‌موو تواناو ئینێرژیه‌ک ئه‌خرێته‌ کار بۆ کۆکردنه‌وه‌ی حه‌شاماتی جه‌ماوه‌ری له‌ ده‌وری که‌سایه‌تی‌و قسه‌که‌رانی لیسته‌کان، به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاسیه‌یه‌ که‌ پرۆسێسی دیموکراسی‌و هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان سیناریۆیه‌کی ده‌سه‌ڵاتداران‌و چینه‌ داراکانه له‌پێناو وه‌رگرتنی مۆرو ته‌ئیدی هاوڵاتیان بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌ حکومه‌تی سه‌رووخه‌ڵکی ئه‌وان، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئازاد بن گه‌وره‌ترین شکست‌و ڕیسوایی ئه‌که‌نه‌ نسیبی ئه‌م سیناریۆ چه‌واشه‌کارانه‌یه‌.
13ته‌مموز2009

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.