
راستيی رووداوه‌کانی که‌رکوک 1959
به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی په‌نجا ساڵ به‌سه‌ريدا:
(راستيی رووداوه‌کانی که‌رکوک 1959 )مسته‌فا عه‌سکه‌ری
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958و رزگاربوونی عيراق له‌ده‌ست ئينگليزه‌کان و روخانی رژێمی پاشايه‌تی و دانانی ده‌ستوری کاتی و ژماره‌يه‌ک قانون بۆ رێکخستنی ژيانی تازه له عيراقدا وجێبه‌جێکردنی هه‌ندێ کاری‌تر، وه‌ک: هاوبه‌شی کورد‌و عه‌ره‌ب،وه‌ک له ده‌ستوردا دانرابوو، ده‌رچوون له په‌يمانی به‌غداو به‌ردانی زيندانييه سياسييه‌کان و ئازادکردنی بارزانييه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د بۆ کوردستان و دواتر هاتنه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا له يه‌کێتيی شۆره‌وييه‌وه..هتد. ئه‌مانه‌و گه‌لێک کاری‌تر خۆشی و شادی خسته وڵاته‌وه.. هه‌ست به ئازادی و سه‌ربه‌ستی و کرانه‌وه‌ی ژيانی سياسی ده‌کرا.
به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه زۆری نه‌خاياند، پيلانگێڕی ده‌ستی پێ‌کرد، سه‌ره‌ڕمی ئه‌م پيلانگێڕييه به‌عسيه‌کان و ئه‌فسه‌ره شۆڤێنيه‌کانی عه‌ره‌ب بوون، له هاتنی مه‌لا مسته‌فا بۆ که‌رکوک، له‌لايه‌ن نه‌يارانی کورده‌وه نه‌خشه بۆ له‌ناوبردنی دانرا، وريايي شيوعی و پارتيه‌کان نه‌بوايه‌و رێگۆڕکه به بارزانی نه‌کرايه، له رۆيشتنيدا بۆ فرۆکه‌خانه کارله‌کار ده‌ترازا.
هه‌تاده‌هات بارودۆخی شاری که‌رکوک به‌ره‌و خراپی و رووله‌ته‌قينه‌وه‌بوو، کورد‌و ديموکراتخوازهکان که‌وتنه به‌ر شاڵاوی توندوتيژی، به ئاشکرا عه‌ره‌به شؤڤێنيه‌کان و تۆرانی و کۆمپانيای نه‌وت شه‌ڕيان ده‌نايه‌وه. له 8/3/1959دا عبدالوهاب الشواف کوده‌تايه‌کی، به پشتگيری کۆماری عه‌ربی يه‌کگرتوو ئه‌فسه‌ره شۆڤێنيه‌کان، وه‌ک ناظم الطبقچلی، سه‌رکرده‌ی تيپی دووی سوپا له که‌رکوک، به‌رپاکرد، کوشتار روويدا، به‌هێزی سوپا‌و جه‌ماوه‌رو يارمه‌تيی شيوعی و پارتی ئه‌م کوده‌تايه خامۆش کرا. ناظم الطبقچلی ده‌ستگيرکراو داود الجنابی به‌سه‌رکرده‌ی تيپی دووی سوپا له که‌رکوک دانرا. بارودۆخی شاره‌که هێمن بووه‌وه‌و جۆرێک له ئاسوده‌يی و برايه‌تی و پێکه‌وه‌ژيان هاته کايه‌وه. به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ش زۆری نه‌خاياند، پاش ماوه‌يه‌کی که‌م داود الجنابی لابراو محمود عبدالرزاق له جێی دانرا، که پياوێکی باشبوو، به‌ڵام زۆر بێده‌سه‌ڵاتبوو، بزوتنه‌وه‌ی نيشتيمانی و نه‌ته‌وه‌يی کورد له که‌رکوک سه‌رله‌نوێ به‌ره‌و رووی ئاسته‌نگ بۆوه‌و به‌عسی و شۆڤێنی و کۆمپانيای نه‌وت، ته‌نانه‌ت هه‌واڵگيريی ميريش که‌وتنه جموجوڵ و پيلانگێڕان، باری ناوشار سه‌رله‌نوێ ئاڵۆزبۆوه، ترسێک چوبووه دڵی کورده‌کان و هه‌موو نيشتيمانپه‌روه‌رانه‌وه، که پيلانێک به‌ده‌سته‌وه‌يه. هه‌وڵی زۆردرا بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵۆزييه‌و دانانی به‌ربه‌ستێک دژ به پيلان و جموجوڵی ئاژاوه‌گێڕان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌وڵانه سه‌ريان نه‌گرت.
رۆژی 14/7/1959، بۆ يادکردنه‌وه‌ی شۆڕشی ته‌موز خۆپيشاندانێکی گه‌وره سازدرا، ژماره‌يه‌کی زۆر له هاووڵاتيان به‌شداريان تێداکرد. له‌پڕ له‌نزک پرده کۆنه‌که، کۆمه‌ڵێک ده‌ستيان به ته‌قه‌کرد، به نيازی ئاژاوه‌نانه‌وه له شاره‌که‌دا، وه‌ک پيلانه‌که‌ی شه‌واف له موسڵ سه‌ری نه‌گرت، با له که‌رکوک ببێ به شه‌ڕی ناوخۆ، تا له‌و رێگايه‌وه زه‌فه‌ر به رژێمی تازه ببرێ!.
له ئه‌نجامی ئه‌م کاره نه‌گريسه‌داو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پيلانه‌که، جه‌ماوه‌ر په‌لاماری دا‌و به شێوه‌يه‌کی بێ سه‌روبه‌ر، که‌وتنه ناو شاره‌وه، که‌س به‌که‌س نه‌بوو، شار شڵه‌ژا، که‌س ده‌سه‌ڵاتی نه‌ما، ته‌نانه‌ت حزبه‌کانيش. نزيکه‌ی(19) نۆزده که‌س کوژران و به‌شێوه‌يه‌کی ناشرين ره‌فتار له‌گه‌ڵ هه‌ندێکياندا کرا، ئه‌مه‌ش کارێکی خراپ بوو، ناڕه‌وابوو، چ له‌رووی مرۆڤايه‌تيه‌وه، چ له‌رووی ئه‌نجامه‌کانيه‌وه، ئه‌وه‌ی له ماوه‌يه‌کی زۆرکورتدا رووی دا کۆنترۆڵ نه‌کرا، سه‌يريش ئه‌وه‌بوو ئه‌وه‌ی له چه‌ند کاتژمێری يه‌که‌مدا رووی دا، بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌يه‌ی پيلانگێڕان، ببێته مارو بچێته گه‌ردنی هێزه نيشتيمانيه‌کانی کورده‌وه.
به‌بڕوای من هيچ هێزێکی ، يان لايه‌نێکی نيشتيمانپه‌روه‌ر، وه‌ک حزبی شيوعی يان پارتی، ته‌نانه‌ت پياوماقوڵانی کوردی شاره‌که، ده‌ستيان له‌م ئاژاوه‌يه‌دا نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌و تاوانه له ئه‌نجامی
پيلانێکی کۆمپانيای نه‌وت (IPC) و ژماره‌يه‌ک له
توندڕه‌وانی تورکمان و "تۆرانيه‌کان"و ئه‌فسه‌ره به‌عسی و شۆڤێنيه‌کانی عه‌ره‌ب و که سانی دژ به شۆڕشی ته‌موز داڕێژراو به‌رپاکرا. ئه‌ڵێم ژماره‌يه‌ک له توندڕه‌وانی تورکمان،چونکه تورکمانه‌کان به‌گشتی پياوی باشبوون و به‌شداری خراپه‌کاريان نه‌کردو که‌سانێکيشيان بوون به قوربانی. خه‌ڵکی که‌رکوک له ئه‌نجامی به‌شی دووه‌می ئه‌م تراژێديايه‌دا، زيانی زۆريان لێکه‌وت، به گيران و ئيعدامکردن وحوکمدران، به‌تايبه‌تی کورد‌و تورکمان.
ئه‌و رۆژه که‌س خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، کوشتن و بڕين،تاڵان کردن، دوکان شکاندن و چوونه سه‌ر ماڵان به هاندانی پيلانگێڕان ئه‌نجام ئه‌درا. له يه‌که‌م ساته‌وه حزبی شيوعی و پارتی ديموکراتی کوردستان و هه‌موو نيشتيمانپه‌روه‌ران و دڵسۆزان ئيدانه‌ی پيلانه‌که‌يان کرد، هه‌روه‌ها ئيدانه‌ی ره‌فتاری زياده‌ڕۆيی و خراپه‌کارييانکرد.
هه‌وڵێ زۆردرا بۆ هێمنکردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاره‌که، به تايبه‌ت له‌لايه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه که له دواييدا بوون به‌قوربانيی ئه‌و دڵسۆزييه‌ی خۆيان، به‌ڵام هاندانی پيلانگێڕان هه‌ر به‌رده‌وام بوو. بۆ شه‌وه‌که‌ی، له ئه‌نجامی پڕۆپاگه‌نده‌ی پيلانگێڕاندا " کورده‌کان ده‌کوژرێن، تورکمان ده‌ستيان به‌سه‌ر شاره‌که‌دا گرتووه، سوپا ناتوانێ هيچ بکا…هتد." ژماره‌يه‌کی زۆری چه‌کداری لادێکانی ده‌وری که‌رکوک رژانه ناو شاره‌که‌وه، مه‌به‌ستيش له‌و پڕۆپاگه‌ندانه ئه‌وه‌بوو ئاژاوه‌که هه‌ر به‌رده‌وام بێ و بخڕێته خانه‌ی ناکۆکيی نێوان کورد و تورکمانه‌وه.
پێويست بوو ئه‌م چه‌کدارانه له شاره‌که دووربخرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شار ئارام بێته‌وه، سه‌رکرده‌ی تيپی دووی سوپا داوای منی کرد بۆ يارمه‌تی، منيش ئاماده‌ييم نيشان دا، جێبێکی سه‌ربازيم وه‌رگرت و تاقمێ کوڕی ئازام هه‌ڵبژارد، ده‌ستمانکرد به گه‌ڕان به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا که چه‌کداران لێی کۆ ببوونه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی دێهاته‌کان، به تايبه‌تی ناوچه‌ی شوان، منيان ده‌ناسی، هه‌روا حزبيه‌کانيش ئاگادارکرابوونه‌وه هاوکاريم بکه‌ن، توانيمان به چه‌کداره‌کان بسه‌لمێنين مانه‌وه‌يان پێويست ناکاو ئه‌بێ شاره‌که به‌جێ بهێڵن. ئه‌م هه‌وڵه سه‌رله‌به‌يانی رۆژی دووه‌می کاره‌ساته‌که ده‌ستی پێ‌کرد. به‌ڵام هه‌تا ئێمه تاقمێکمان قه‌ناعه‌ت پێده‌کرد بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دێهاته‌کانيان، گێره‌شێوێنه‌کان تاقمێکیتريان په‌شيمانده‌کرده‌وه به‌ناوی ئه‌وه‌وه پيلانه‌که بۆ قڕکردنی کورد له شاره‌که‌دا، هێشتا به‌رده‌وامه، گه‌ر چه‌کداره‌کانی لادێ له شار بچنه‌ده‌رێ، کورده‌کان قڕده‌کرێن و له‌ناوده‌برێن..هتد هه‌رچۆنێک بوو خه‌ڵکێکی زۆرمان بۆ لادێکان نارده‌وه، بۆ ئێواره‌که‌ی ناوشار کپ بووه‌وه. به‌ڵام بۆ رۆژی دوايی، واته سێيه‌م رۆژ، به يانيه‌که‌ی ناوشار پڕبۆوه له چه‌کدار، سه‌رله‌نوێ وه‌ک هيچمان نه‌کردبێ، ده‌ستمانکرده‌وه به ناردنه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان. پرسيمان: " ئێوه دوێنێ رۆيشتنه‌وه هيچ ناخۆشی له‌ناوشاردا نه‌مابوو، بۆچی هاتنه‌وه؟" وه‌ڵام ئه‌وه‌بوو: شه‌و خه‌ڵکانێک دێ به‌دێ گه‌ڕاون و بڵاويان کردۆته‌وه، که ده‌ست به کوشتن و گرتنی کورده‌کان کراوه، پێويسته بگه‌نه فريايان!! ئه‌م پڕۆپاگه‌نده‌يه ده‌ريخست پيلانگێڕان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌که‌يان، هه‌رچۆنێک بوو سه‌رله‌نوێ، توانيمان قه‌ناعه‌ت به چه‌کداره‌کان بکه‌ينه‌وه که مانه‌وه‌يان له‌ناوشاردا خراپه‌و باشتر وايه له‌ناوشاردا نه‌مێنن.
به هه‌رحاڵ رۆژی سێيه‌م بۆ ئێوارێکه‌ی توانيمان چه‌کداره‌کان به‌ته‌واوی له‌شار دوور بخه‌ينه‌وه‌و ئارامی باڵی به‌سه‌ر شاردا بکێشێته‌وه، له هه‌موو ده‌روازه‌کانی شاری که‌رکوک هێزی سوپا دامه‌زراو که‌سانێکمان دانان جێی متمانه‌بن و به قسه‌يان بکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان تێبگه‌يه‌نن ناوشار ئارامه‌و پێويست به هاتنی ئه‌وان ناکات. رۆژی چواره‌م شار به‌ته‌واوه‌تی ئارام بوو، هه‌موو ده‌زگاکانی حوکمه‌ت و نانه‌واخانه‌و چايخانه‌و خواردنگه..هتد ده‌ستيان به‌کارکرده‌وه.
له کۆتاييدا پێويسته دووباره‌بڵێم:
1- ئه‌و رووداوانه له ئه‌نجامی ناکۆکی نێوان کورد‌و تورکماندا نه‌بوون، به‌ڵکو پيلانی کۆمپانيای نه‌وت و به‌عسيه‌کان و ئه‌فسه‌ره شۆڤێنيه‌کان و تۆرانيه‌کان بوو، گه‌رچی به‌سه‌ر کورد‌و هێزه نيشتيمانيه‌کاندا ساغ کرايه‌وه.
2- نيشتيمانپه‌روه‌رانی کورد، بۆ ماوه‌نه‌دان به خراپه‌کاری هه‌وڵی زۆريان دا، جا ئه‌گه‌ر که‌سانێک خراپه‌کارييان کردبێ ئه‌وه گوناهی خۆيانه، نه‌ک حزب و رێکخراوه‌کان.
3- دوای رووداوه‌کان ژماره‌يه‌کی زۆر، له شيوعی و پارتی و ديموکراتخوازهکان، چونکه پيلانگێڕان دوای سه‌رنه‌که‌وتنيان، چه‌ند که‌سێکی تورکمانيان بۆ لای عبدالکريم قاسم نارد، هه‌رچی ناشێ دژ به شيوعيه‌کان و هه‌موو کورده‌کانيان به‌به‌رگوێدا هه‌ڵدا. مه‌ترسی عبدالکريم قاسم له‌به‌هێزبوونی به‌ره‌ی ديموکراتيخوازه‌کان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی به قسه‌کانی ئه‌و شانده‌ی باسمانکرد، وایکرد ره‌زامه‌ندبێ به‌ده‌ستگيرکردن و حوکمدانی ئه‌و ژماره زۆره له که‌سانی بێ‌تاوان، به‌ڵکو که‌سانی باش و دڵسۆز‌و دژ به کاری ناڕه‌وا. هه‌ندێکيان حوکمدران وه‌ک: شه‌هيدان شێخ مارف به‌رزنجه‌يی و شێخ حسێن به‌رزنجه‌يی و جه‌بار پيرۆزخان و مه‌لا نوری و مه‌جيد حه‌سه‌ن و هاوڕێکانيان، که بيست و هه‌شت که‌سيان له يه‌کجێ، دوای کوده‌تای شوباتی 1963 ئيعدام کران، ئه‌وانیتريش به چه‌ندين ساڵ حوکمدران.
له کۆتاييدا پێشنيازده‌که‌م که په‌رله‌مانی کوردستان ره‌دی ئيعتيبار بۆ ئه‌و شه‌هيدانه جێبه‌جێ بکه‌ن و که‌س و کاری سه‌ربه‌رزيان قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه.
دروود بۆ گيانی پاکی شه‌هيدانی که‌رکوک و سه‌ربه‌رزی بۆ که‌س وکاريان..!
شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆڕی بۆ پيلانگێڕان..!
سلێمانی 1/7/2009