Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
حكومه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كی عاره‌بان….محه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

حكومه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كی عاره‌بان….محه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

Closed
by July 19, 2009 گشتی

حكومه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كی عاره‌بان
محه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

شه‌وی 7/7 له‌ هه‌واڵه‌كانی سه‌ته‌لایه‌تی گه‌لی كوردستان، سه‌ردانێكی به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا سه‌ردانی گه‌ڕه‌كی عاره‌بانی هه‌ولێر‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌‌و به‌هاناوه‌چوونی ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی عاره‌بانی هه‌ژارنشین، ڕه‌وانه‌كردنی نه‌خۆشێك بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی حه‌سارێكی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان، كه‌ دوانزه‌ خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت تێیدا ده‌ژین، هه‌ڵبه‌ته‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ كه‌ هێشتا ته‌واوی داواكانیان جێ‌به‌جێ‌ نه‌كرابوو، به‌ڵام زۆر دڵخۆش بوون، به‌ڕاستی من له‌وان زیاتر دڵخۆشتربووم، وامزانی سه‌ردانی ماڵی ئێمه‌یان كردوو‌و ئێمه‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتیمانی هه‌بێت، ئه‌بێت ئه‌و هه‌سته‌ی خۆی ده‌ربرێت، سه‌ردانی به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی حكومه‌ته‌كه‌مان‌و به‌شداریكردنیان له‌ ناخۆشییه‌كان‌و بینینی كه‌موكورتییه‌كان به‌چاوی خۆیان، گوێڕاگریان بۆ داواكانی هاوڵاتیان، زۆرێك له‌و گله‌ییانه‌ له‌ سه‌ر كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێم لاده‌بات كه‌ هه‌یه‌، یه‌كێ‌ له‌ گرته‌ جوانه‌كانی ناو هه‌واڵه‌كه‌: ماچكردنی كوڕه‌ گه‌نجێكی هه‌ژاربوو له‌لایه‌ن به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌ده‌وه‌، كه‌ به‌ڕاستی موچه‌ڕكه‌یه‌كی قووڵی به‌جه‌سته‌ی تێپه‌ڕاندم، چونكه‌ كه‌مگرته‌ی وام له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان بینیووه‌، بۆیه‌ تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستان به‌ خه‌ڵكی هه‌ژار‌و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌كێشه‌كانی گه‌نجان، زیاتر ئه‌و حكومه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌كات، زیاتر له‌جاران پاڵپشتی ده‌كرێتـ زیاتر له‌جاران ده‌نگ ده‌هێنێته‌وه‌، هه‌موومان ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌مان ده‌وێت، كه‌ هه‌م مه‌كته‌بی بێت‌و هه‌میش مه‌یدانی، مه‌كته‌بیه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ كاربه‌ده‌ستان له‌ سه‌ر كورسییه‌كانیان خه‌ڵك له‌بیرنه‌كه‌ن‌و به‌ده‌م داواكانیان بچن‌و بۆیان جێ‌به‌جێ‌ بكرێن‌و مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان ته‌گه‌ره‌ی تێنه‌كه‌وێت‌و ره‌زای حكومه‌ت قورس نه‌بێت له‌لای هاوڵاتیان‌و چیتر حكومه‌تی چه‌ند كه‌سێك‌و توێژێكی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بێت له‌لای خه‌ڵك، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رپرسیش مه‌یدانی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌موكورتییه‌كان به‌چاوی خۆی ببینێت، خۆی له‌ناو ئارێشه‌‌و ناخۆشییه‌كانی هاوڵاتیان ببینێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێكیش ئه‌مه‌ی بینی، ئه‌و قسه‌یه‌ ناكات كه‌ ده‌سه‌ڵاتداران‌و به‌رێوه‌به‌رانی ئه‌و وڵاته‌ ئێمه‌یان له‌بیر نه‌ماوه‌، به‌ڵكو ئه‌بێت له‌مه‌و دوا ئه‌و نه‌ریته‌ی كه‌ به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د له‌ حكومه‌تی كوردستان كردیه‌ نه‌ریتی كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ ده‌بێت به‌رپرسان دڵێكیان له‌ناو جه‌ماوه‌ر بێت، پێكیان له‌ناو هه‌نگاوه‌ سه‌خته‌كانی ژیانی خه‌ڵك بێت، ئه‌بێت ده‌ستێكیان له‌ناو ده‌سته‌ ماندووه‌كانی كرێكاران‌و مامۆستیان‌و خزمه‌تگوزارانی ئه‌و وڵاته‌ بێت، ئه‌بێت كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت چاوێكیان له‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كان بێت‌و به‌خۆیان ببینن، ئه‌بێت گوێكیان له‌ بۆ داواكانی خه‌ڵك بێت، هه‌تا ئه‌بێت هه‌ناسه‌یان هه‌ناسه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار‌و كه‌مده‌رامه‌تی ئه‌م وڵاته‌ بێت، هه‌ر كاتێك كه‌سێكی وه‌ك به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د كه‌ له‌ هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی كوردستاندایه‌، خه‌می بێته‌ خه‌می هاوڵاتیان ئه‌وا متمانه‌ی حكومه‌ت له‌لای خه‌ڵك زیاتر ده‌كات، هیچ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان هاوڵاتیان‌و حكومه‌ت دروستناكات، هیچ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی ناتوانێت هاوڵاتیان‌و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ده‌مڕاستی هاوڵاتیان ده‌زانن له‌ حكومه‌ت هانبدات، هیچ هێزێكی سیاسی‌و ڕه‌وتێك ناتوانێت ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ نادیده‌ بگرێت‌و بیانخاته‌ ژێر خاڵی سفره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رگری له‌ هاوڵاتیانی چه‌وساوه‌‌و هه‌ژاران‌و كه‌مده‌رامه‌تان ده‌كات، خۆی بكاته‌ پاڵه‌وانی گۆڕه‌پانه‌كه‌‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین كه‌ گۆدۆی داهاتووی وڵاته‌كه‌مانه‌، سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی كه‌سایه‌تی‌و لێهاتوویی ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌مان بۆ نیشانده‌دات، كه‌ بێ‌ ترسه‌ له‌ جووڵانه‌وه‌‌و چوونه‌ ناو خه‌ڵك، بێ‌ ترسه‌ له‌ باسكردنی كه‌موكورتییه‌كان، بێ‌ ترسه‌ له‌ جێ‌به‌جێ‌ كردنی داوای هاوڵاتیان، بێ‌ ترسه‌ له‌ گوێگرتنی كه‌موكورتیه‌كان‌و به‌ڵیندان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، بێ‌ ترسه‌ له‌ گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و تێكه‌ڵبوونی به‌ خه‌م‌و ئازاره‌كانی خه‌ڵك، بێ‌ ترسه‌ له‌ ره‌خنه‌ی خه‌ڵك، ئه‌كرێت شاهێدی ئه‌وه‌بده‌ین له‌و كاته‌ی به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د بۆته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان، جوڵه‌یه‌كی زیاتری خستۆته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، سه‌ركه‌وتوویی به‌رێزیان‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت، وایكردووه‌ كه‌ حكومه‌ت‌و به‌رپرسان له‌ناو دڵی هه‌ژاران‌و كه‌مده‌رامه‌تانی كوردستان ببینینه‌وه‌، بۆیه‌ چوونی به‌رێز عیماد ئه‌حمه‌د بۆ هه‌ر گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژارنشین‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، ئه‌وا حكومه‌ت‌و كاربه‌ده‌سته‌كانی زیاتر خۆشه‌ویستر ده‌كات، ده‌ستكه‌وتی زیاتر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕابردووی كاره‌كانیان‌و مسۆگه‌ركردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ خۆیان‌و هاوڵاتیان، وه‌ك ده‌ڵێن: ئێوه‌ له‌ ئێمه‌ن، ئێمه‌ش له‌ئێوه‌ین، سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئێوه‌ هی ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ش پاڵپشتی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئێوه‌ین تا ئه‌و رۆژه‌ی له‌ناو خه‌مه‌كانی ئێمه‌دابن…

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.