Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ڕه‌هه‌ندیه‌کان له‌ دووا وێستگه‌دا

ڕه‌هه‌ندیه‌کان له‌ دووا وێستگه‌دا

Closed

ڕه‌هه‌ندیه‌کان له‌ دووا وێستگه‌دا
   ڕزگار عومه‌ر

rezgar70ca@yahoo.com

 

گومانی له‌سه‌ر نییه‌ هه‌لبژاردن له‌ کوردستان ڕوداوێکی گه‌وره‌یه‌ یان به‌لای که‌می چاوه‌روانیه‌کی سیاسی گه‌وره‌ی لێ بار کراوه‌.ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ڕوویه‌کی ئه‌م ڕووداوه‌ ده‌رئه‌خه‌ن نه‌ک هه‌موو ڕووه‌کانیتر،چونکه‌ به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردنیش دابه‌ش بوون و ساغ بوونه‌وه‌ی سیاسی گه‌وره‌ له‌ سه‌رخانی سیاسی وپراکتیکی هێزه‌ به‌شداربووه‌کاندا رووی داوه‌.
له‌ت بوونی حیزبی گه‌وره‌.مانۆڕی دیکتاتۆریانه‌ی سه‌رۆک وسه‌رکرده‌کان له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی گۆچانی ده‌ستور له‌سه‌ر کاڵ بوونه‌وه‌ی ته‌قدیس کردنیان.وره‌چه‌رخانی چاوه‌ش بۆ کادیری ئیعلامی هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردن له‌به‌ره‌ی ده‌سه‌لاتداو وه‌رچه‌رخانی ڕۆناکبیر بۆ خه‌یاتی ئایده‌لۆژی و ته‌ون چنی پڕ له‌پاکانه‌ له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا.که‌رسوتاندن و شه‌ره‌ چه‌قۆ له‌ سوچی کۆڵان.په‌شیمانی دووا له‌حزه‌ی ئه‌ویان له‌م لیست و ده‌رکردنی ئه‌ویتریان له‌ لیسته‌که‌ی تر. دابه‌ش بوونی هه‌رچوار شاری کوردستان بۆ چوار زۆنی دابڕاو له‌یه‌کتر له‌ گۆڕانی ژیانی سیاسیداو له‌ مامه‌ڵه‌و له‌شێوازی هه‌ر ئێستای هه‌ر یه‌که‌یان له‌پێشوازی له‌هه‌ڵبژاردندا،بۆ نموونه‌سه‌پاندنی کڕی وبێده‌نگی به‌سه‌ردهۆک،سه‌پاندنی یه‌ک ده‌نگی له‌هه‌ولێرو گه‌رم بوونی سلێمانی و بوونی به‌ تاقه‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی هه‌ردوو لیستی سه‌ره‌کی،نه‌بوونی مافی به‌شداری که‌رکوک،هه‌مووی به‌یه‌که‌وه‌ پانۆرامایه‌کی کورت کراوه‌ی بارودۆخی ئه‌مڕۆی کوردستان پێک دێنێ.
له‌م پانۆرامه‌یه‌ی باسمان کرد،گروپێک له‌ رۆشنبیران (مه‌ریوان وریا قانیع،ڕێبین هه‌ردی،به‌ختیار عه‌لی)که‌ تاک تاکه‌یان له‌ زۆربه‌ی میدیای کوردی به‌له‌قه‌بی رۆناکبیر مامه‌له‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ وبه‌گروپیش زیاتر وه‌کو "ره‌هه‌ندیه‌کان" ناسراون گۆشه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م پانۆرامه‌یه‌پێک دێنن،وره‌چه‌رخانی ئه‌وان له‌2009دا به‌چاوپۆشین له‌ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن هه‌رچیه‌ک بێ لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌ی بێ ڕتووش له‌کارنامه‌ی سیاسی ئه‌وان ده‌رئه‌خاو جێوشوێنی ڕاسته‌قینه‌و پۆستی تازه‌یان له‌مێژوودا دیاری ده‌کا،مێژوویه‌ک که‌ ئه‌وان هه‌وڵێکی بێ هوده‌ی تیۆری لێ سه‌رف ده‌که‌ن تاته‌ریب بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ تازه‌ترین ساغ بوونه‌وه‌ی سیاسی و"هه‌ڵوێستنوسی" خۆیاندا.
شی کردنه‌وه‌وساغ بوونه‌وه‌ی ئێستای ڕه‌هه‌ندیه‌کان ئه‌گه‌ر له‌باری ڕۆژمێریه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین،به‌ تایبه‌تی له‌ 2009دا دوو قۆناغی به‌خۆیه‌وه‌ بینی،له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا/ زیاتر "مه‌ریوان " زۆر به‌جدی خه‌ریکه‌و په‌یوه‌ندی به‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌یه‌،که‌ هیشتا نه‌وشیروان مسته‌فا" وه‌کو زۆرانبازیه‌کی ناوه‌کی و ده‌روون حیزبی ده‌یه‌وێ و ئومێدی به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕێگای دروست کردن و سه‌پۆرت کردنی فراکسیۆنه‌کانی "ڕیفۆرم،ڕه‌گ" بتوانێ جه‌لال تاڵه‌بانی خانه‌نشین بکاو ببێته‌ باڵی سه‌روه‌ری حیزب.له‌و سه‌رده‌مه‌دا ووتاره‌کان وئیشی جدی مه‌ریوان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌باری تیۆریه‌وه‌ ئه‌و ئومێده‌ (به‌بێ ناوهێنانی نه‌وشێروان)بکا به‌ مانفێستی دروست کردنه‌وه‌ی یه‌کێتی،بۆ ئه‌م کاره‌ پێویستی به‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوویی یه‌کێتی بوو،به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی ووتاره‌کانی مه‌ریوان که‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێناسه‌ کردنه‌وه‌ی یه‌کێتی وه‌کو "حیزبێکی شاری" به‌ عه‌قڵێکی عه‌یاری ئۆپۆرتۆنیست به‌ڕێووه‌ چووه‌،له‌وێ له‌و که‌یسه‌ی مه‌ریوان بۆ مێژووی یه‌کێتی دروستی ده‌کا،یه‌ک ئاماژه‌ بۆ تۆلیتار بوونی یه‌کێتی نیه‌،له‌وێ یه‌کێتی هێزێکی میلتاریست نیه‌و شان به‌شانی پارتی لایه‌نێکی سه‌رکوت وجه‌وله‌ی شه‌ڕه‌کانی ناوخۆ له‌ هه‌شتاکان ونه‌وه‌ده‌کانی چه‌رخی بیست نیه‌،له‌وێ که‌س نازانێ دیل کوشتن له‌ "پشت ئاشان" کام سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی کردی به‌ کلتور،له‌وێ که‌س نازانێ پاسداری ئێرانی به‌فڕین وسواری به‌رماڵ گه‌یشتنه‌ سه‌ر هه‌یبه‌سوڵتان؟ دیار نیه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌نگاری له‌ تێک دانی که‌لاوه‌ی ماڵه‌ ئاواره‌ی که‌رکوکی کێ شاعیرێکی به‌ برینداری تیرۆر کرد؟دیار نیه‌ تیرۆر کردنی پێنچ کۆمۆنیست به‌ ڕۆژی ڕوون له‌ سلێمانی کام فریشته‌و کام سه‌رکرده‌ی ئه‌مڕۆی "گۆڕان" وه‌کو دووا داستانی سه‌رکوتی سیاسی کردی ؟
ئه‌وه‌ی که‌ دیاره‌و مه‌ریوان به‌رزی ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کێتی به‌ پێچه‌وانه‌ی پارتی حیزبی بنه‌ماڵه‌ نه‌بوو،حیزبێک خوێنده‌وارانی شار پێک هاته‌یه‌کی گرنگ بوون له‌ ناویاندا.ئه وه ی مه‌ریوان کردی بۆپێناسه‌ کردنه‌وه‌ی یه‌کێتی نه‌خه‌تی مامه،نه‌ئۆپۆزسیۆنه‌که‌ی،نه‌له‌شکرێک له‌ئیعلامی هه‌ردوولایان توانیویان بیکه‌ن.مه‌ریوان به‌توانایه‌کی مه‌جازی گه‌وره‌و خه‌رمانێک له‌ڕسته‌و ڤۆکابیله‌ری تێرمی سیاسی،له‌هه‌موویان زیاتر خه‌ریکی بیناکردنه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌کی بێ گه‌ردوو مه‌قبول بووکه‌نه‌ک ته‌نیا باڵێک،به‌ڵکو ئه‌گه‌ر یه‌کێتی وه‌کو حیزب ته‌به‌نی کردبا له‌ درێژ بوونه‌وه‌ی خۆیدا ده‌بوو به‌ سه‌رخانێکی گه‌وره‌ی بوژاندنه‌وه‌وپلاتفۆرمێکی ئایدده‌لۆژی که‌سه‌ره‌تای پینه‌کردنی ئه‌م حیزبه‌ی پێ بسپێرێ.
عوقده‌یه‌ک که‌پاڵی به‌ مه‌ریوان نا که‌ بچێته‌ ئه‌م شه‌ڕه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ میسۆدی فیکری مه‌ریوانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ له‌ناسیۆنالیزم،ئه‌نتی ناسیۆنالیزم بوونی مه‌ریوان له‌ باری "عه‌مه‌لیه‌وه‌" رادیکاڵیه‌که‌ی سنووره‌که‌ی تا ئه‌و ئاقاره‌ بڕ ده‌کا که‌ناسیونالیزمی کورد له‌ هێزه‌ ته‌قلیدیه‌کانی پاک کاته‌وه‌،له‌وێوه‌ ئه‌نتی پارتی بوون میکانیزمی رادیکالبوونی مه‌ریوان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌با که‌سه‌نگ کردنه‌وه‌ی ته‌وازونی مێژوویی نێوان یه‌کێتی وپارتی ببێ به‌ که‌یس و شوێنی خاڵی بوونی ڕادیکالیزمه‌که‌ی بگرێته‌وه‌.
قۆناغی دووه‌م/ بریتیه له‌‌دوای مه‌یئوس بوونی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌یه‌ک لاکردنه‌وه‌ی زۆرانبازیه‌که‌ له‌ نێوخۆی حیزبدا،هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی حیزب.به‌له‌به‌رچاو گرتنی‌سوک بوون وبێ به‌ها بوونی کلتوری حیزبایه‌تی له‌به‌شی ناڕازی له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستاندا.به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ پلاتفۆرمی سیاسی دیاری کراو له‌مێژوویه‌کی دیاری کراوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌توانرێ له‌که‌مپینی فیکری وئیعلامی بکرێ به‌ پلاتفۆرمێکی گشتی به‌ره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ که‌ له‌ژێر چه‌تری ‘ئۆپۆزسیۆندا"ده‌یان رێکخراو،که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ،کۆکاته‌وه‌.به‌له‌به‌رچاوگرتنی کۆی ئه‌م فاکتانه‌‌عه‌قڵی سیاسی مه‌ریوان هه‌روه‌کو له‌ وتاره‌کانی قۆناغی دووه‌می ده‌رده‌که‌وێ به‌لای که‌می له‌باری تیۆریه‌وه‌،یارمه‌تیده‌رن نه‌وشێروان حیزبێکی تر دروست نه‌کا،به‌ڵام له‌به‌ر زه‌مانه‌ت نه‌کردنی ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌کان وئاستی به‌رامبه‌رکێ له‌ ئاینده‌دا،نه‌وشێروان تائێستاش قاچێکی له‌ نێو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌،قاچێکی له‌سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌.
که‌ ده‌رکه‌وت نه‌وشێروان دێته‌ ده‌رێ به‌ره‌ی شه‌ڕه‌که‌ فراوانتر بوو،چیتر که‌مپینی فیکری وئیعلامی به‌ته‌نیا به‌ مه‌ریوان به‌ڕێوه‌ ناچێ،ئینجا ڕه‌هه‌ندیه‌کان وه‌کو گروپ ده‌که‌ونه‌ خۆیان،سه‌ره‌تا به‌ نامیلکه‌ی ((نیگایه‌ک له‌ ئێستاو خه‌ونێک بۆ سبه‌ی )) ده‌ستیان پێکرد،که‌توحفه‌یه‌که‌له‌ناکۆکی فیکری ڕێگاچاریه‌کانیان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان،دواتر به‌ جومله‌ ده‌ستیان به‌ ووتار داگرتن کرد،په‌یامی سه‌ره‌کی وتاره‌کانیان نه‌خشاندنی زه‌مینه‌یه‌کی تیۆریه‌ که‌ خوێنه‌ر بکه‌نه‌ شه‌ریکی ساغ بوونه‌وه‌ سیاسیه‌کانی خۆیان له‌ سه‌پۆرتی نه‌وشیروان مسته‌فادا.
قسه‌ کردن له‌سه‌ر مێژوو عوقده‌یه‌کی سه‌ره‌کی وتاره‌کانیانه‌ که‌ بۆیان حه‌ل ناکرێ،چونکه‌ ئه‌وان به‌کورتی ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن ستایڵی ڕادیکاڵی مێژوو نووسینه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئێمه‌وه‌کو ئه‌وان بینوسینه‌وه‌و بیرێ لێ بکه‌ینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ین.ڕه‌هه‌ندیه‌کان وه‌کو زۆر که‌س و لایه‌نی سیاسی له‌ ڕێگای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای موغامه‌ره‌یه‌کی سیاسی دان که‌ په‌رده‌ی یه‌که‌می له‌ دوای ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌بێ،ڕه‌نگه‌ ئه‌مڕۆ زوو بێ لایه‌نی براوه‌و دۆڕاو ده‌ستنیشان بکرێ،به‌ڵام به‌ده‌ر له‌هه‌ردوو لیسته‌که‌ی
(( گۆڕان ،کوردستانی)) هه‌ندێ که‌س ولایه‌ن به‌ ئاشکرا دیاره‌ له‌به‌رچاوی به‌شه‌ جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌رگیز براوه‌ نابن،به‌شێکی زۆر له‌و بینه‌رانه‌ی دڵیان به‌ ڕه‌خنه‌ گاڵته‌ ئامێزه‌کانی به‌رنامه‌ی" به‌رنامه‌" خۆش بوو له‌مه‌ودوا که‌ ده‌رکه‌وتن که‌ناڵه‌که‌ به‌ ئه‌سپایی ده‌گۆڕن و له‌به‌رچاویان ئه‌م گروپه‌ براوه‌ نین.به‌شێکی زۆر له‌و خه‌ڵکه‌ی به‌ ده‌نگی عه‌زیز وه‌یسی دڵخۆش بوو،له‌مه‌ودوا وه‌کو چاوه‌شێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.ئه‌و نووسه‌رو ڕۆشنبیره‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ی که‌ به‌ختیار عه‌لی له‌به‌ر بێ هه‌ڵوێستی خۆی به‌ "هه‌ڵوێستنوس"ناویان ده‌باو تائێستا نه‌بونه‌ته‌ به‌شێک له‌ لیستی مامه‌وکاکه‌ نه‌بونه‌ته‌ به‌شێک له‌ لیستی نه‌وشێروان مسته‌فا،هه‌رچ حوکمێکیان هه‌بێ له‌سه‌ر ئێستای ڕه‌هه‌ندیه‌کان،هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێ که‌ ڕه‌هه‌ندیه‌کان پۆستی نوێنه‌رایه‌تی ڕادیکال بوونی ڕۆشنبیری کوردیان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ده‌ست چوو.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.