رەنگێکى دیکەى مردن ….. عومەر سەیدە
خێرا وەکو دڵى پاسارییەکى شەکەت
هەموو رۆژێک بە شەقامەکاندا بۆ روناکى دەگەڕایت
تۆ بیرت چوو بوو لەو تاریکستانەدا روناکى قەدەغەیە
سادە وەکو خەیاڵى کچۆڵەکانى پەیمانگا
سوور وەکو پۆرترێتێکى "چێ گێڤار ا"
ئاڵۆز وەکو "رەنگى پەرستۆ"
دێڕ .. دێڕ وەکو "شەیتان و باڵى با"
فراوان چەشنى "درێژترین شیعرى دونیا"
لە نێوان ریکۆردەرەکەت و کامێراکەت
بۆ ماناکانى جوانى دەگەڕایت ..
رێک وەکو دواهەمین قەسیدەى بەر لە مردنت
گەیشتیە کۆدەکانى فەنابوون
ئاخر داگیرسانى چرا لەو تاریکییەدا هاوڕێم
یانى بێدارکردنەوەى نێزە بەدەستەکانى چاخى کوێرەوەرى
تۆ تەلیسمى مەرگى خۆتت هەڵدایەوە
نەدەبوو نامە بۆ سوڵتان بنووسیت
سوڵتان کۆشکەکانى بەخوێن رەنگ کردوە
سوڵتان بێزار دەبێت ئەگەر رەنگى کۆشکەکانى کاڵ بێتەوە
بۆ ئەوەى سوڵتان بێزار نەبێت
دەبێت یەک .. یەک لەبەردەمیدا سەرمان ببرن
قوربانیان دەوێت سوڵتانزادەکان
خوێنى ئێمەیان گەرەکە ئەزیزم ..
من پێم ووتى"ژیان بەدرۆوە جوانە"
تۆ گوتت"با ژیان ناشیرین بکەین ئەگەر بە درۆوە جوانە"
ئاخر ئەزیزم .. تۆ دەبوو بزانى ژیان بە درۆوە جوانە
پێم ووتى:"جەنگ دیارى سوڵتانەکانە کاتێک لە پیاسەیەکى دوورو درێژ دێنەوە"
تۆ هەر لە ئاوازى خۆت بیرت کردەوەو
رێت نەدا کەس پەڕەموچەکەت لێوەربگرێت و
ئەو تابلۆیەت لەگەل تەواو بکات
کە دەتویست بە"رەنگى چوارەمى سروشت" بینەخشێنى ..
ئەمێستا ئیماندارە جەللادەکان و
بێ ئیمانە درۆزنەکان و
بارۆنە لوسکەکان و
لۆردە سکتێرە کەللە پوتەکان ..
هەموو پێکەوە سرودى مەرگى گەل
بە لەحنێکى نەشاز دەڵێنەوە ..
دەنگیان قرخنە و خەڵک دەزانێت درۆ دەکەن
دیارە کە هێشتا مەستى باڕەکانى شەو بەرى نەداون و
بە چاوى خەواڵوەوە خەریکى خیتابدانن بۆ میللەت ..
دە هەستەو نامەیەکى دیکە بنوسە بەڵام بۆ سەرۆک نا
بۆ دەسەڵات نا
بۆ بەرپرسۆکە نەخوێندەوارەکان نا
بۆ دایکى شەهیدەکان بینووسە
بۆ براو باوک و خوشکى شەهیدەکان بینوسە ..
پێیان بڵێ: زبڵى ماڵەکانت ببەن بۆ پارلەمان
تا بینیرن بۆ سوڵتان بزانن فەرمانى بەچیە؟
دەشێت کارگەى هێنابیت بیکات بە سوتەمەنى عەولەمەیە .. عەولەمە
عەولەمە لەسەر کێشى شەکرلەمە حاڵى بوونە …
نامەیەک بنووسە بۆ پ.م کۆنەکان ئەوانەى هێشتا بەر نەفرەتى مێژوو نەکەوتوون
پێیان بڵێ: شۆڕشتان بۆ ئەوە کرد ئازادى هەر بۆ چەپڵە هەبێت بۆ سەرۆکى لێبدەین؟
نامەیەک بنووسه بۆ پەرستۆ چاوەڕوانى نامەیەکى تۆیه
لە بەهەشتەوه پێى بگات
عومەر سەیدە
21\7\2009تێبینى: ئەو دێڕانەى ناو جوت کەوانەکان وەرگیراوه له شیعرى خۆم و هاوڕێم(سۆران مامە حەمە)