Skip to Content

Thursday, March 30th, 2023
گوله‌‌ی لیژنه‌كانی كوشتن ئه‌مجاره‌كام قه‌ڵه‌م خوێناوی ده‌كه‌ن

گوله‌‌ی لیژنه‌كانی كوشتن ئه‌مجاره‌كام قه‌ڵه‌م خوێناوی ده‌كه‌ن

Closed
by July 23, 2009 گشتی

پێشڕه‌و حه‌مید

 عه‌بدول خالق مه‌عروف و به‌كر عه‌لی و كۆمۆنیسته‌كان و عه‌بدول ستارشه‌ریف و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ , قوربانی ده‌ستی كام جه‌هلن , قوربانی ده‌ستی كام بیركۆڵی ترساو له‌ وشه‌ ئازادن ؟
 له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی شێخ مه‌حمودی مه‌لیكدا  ته‌نها كوشتنێك یان تیرۆركردنێك له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز , مێژوی بۆمانی بگێڕێته‌وه‌ تیرۆركردنی  (  جه‌مال عیرفان ) بوه‌ وكوشتنه‌كه‌ی ( عیرفان ) یش له‌و سه‌رده‌مه‌دا چیی به‌رهه‌مێكی به‌خشیه‌ بیر ته‌سكی ئه‌وانه‌ی له‌ ووشه‌ ده‌ترسان ؟ ئایا تیرۆركردنی وشه‌ له‌و كاته‌دا نابێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆكوشتنی به‌رده‌وامی هێزی ( وشه‌ی ئازاو ئازاد )  له‌ئێستاماندا ؟ ئایا باگراوندی كوشتنی وشه‌ی ئازاد له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا له‌گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردیدا سه‌ره‌تای ستنوێكی درێژخایه‌ن نیه‌ بۆپه‌ره‌پێدانی بیری كوشتن و تیرۆركردنی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی هێزه‌باڵاده‌سته‌كانه‌وه‌ , كۆمه‌ڵگاو كایه‌جیاوازه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی ترده‌به‌ن كه‌ ده‌خوازێت له‌بازنه‌ی بیرته‌سكی و ئه‌جندای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بیانكاته‌ده‌ره‌وه‌ و ڕێڕه‌وه‌ی ئاینده‌ی هاوڵاتی بون و دروستكردنی تاكی ئازاد سه‌ربه‌ستانه‌ له‌ پانتایی یه‌كی تردا دروست بكات و كه‌رامه‌ت بۆئه‌و مرۆڤانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ جه‌به‌روتیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پاوه‌نخواز , ته‌واوی بونه‌وره‌كانی له‌پێكهاته‌یه‌كی ته‌واو ته‌ندروسته‌وه‌ تێكشكاندو وه‌و بۆمه‌به‌ستی سه‌رخستنی پرۆژه‌ جه‌هه‌نمیه‌كانی خۆی مۆنۆپۆلیان ده‌كات ؟ ئایا كوشتنی مرۆڤ له‌سه‌ر فیكرو ده‌ربڕینی جیاواز, یان ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ( بڤه‌ ) ی بۆ داداشراه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چی مانایه‌ك ده‌به‌خشێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ته‌نها مانای دیكتاتۆربون و مرۆڤ كوژ و ژیان كوژی نه‌به‌خشینه‌ خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ؟
 به‌رله‌ڕاپه‌رێن و له‌دوای تیرۆركردنی ( عه‌بدولخالق مه‌عروف ) ه‌وه‌ به‌ده‌ستی بیرتاركه‌كان و كوشتنی ( به‌كر عه‌لی )  و كۆمه‌نیسته‌كان  له‌دوای ڕاپه‌رێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی كوشتنه‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌وكه‌سانه‌ی تر كه‌ ( لیژنه‌ی ئیغتیالات ) ی حیزبه‌كوردیه‌كان له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕای جیاواز, قیزه‌ونانه‌ ئه‌نجامیاندا و به‌ده‌یان كه‌سی تریان بریندارو كه‌م ئه‌ندام كردو به‌سه‌دان كه‌سی تریش  له‌ترسی ( گولله‌ی لیژنه‌كانی كوشتن )  وڵاتیان به‌جێهێشت , هه‌وڵێكی جدیی ئاراسته‌كراوی لیژنه‌كانی كوشتن نه‌بو بۆسڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌یخواست كه‌ له‌بری هێزی گولله‌ زمانی گوڵ ڕوكارانه‌ گوتاری سیاسی و ئیداری له‌وڵاتدا به‌رجه‌سته‌بكات ؟ئایا به‌ده‌رله‌وه‌ی شه‌ڕه‌ی ناوخۆ ئه‌گه‌ر به‌دیوێكدا ئاكاری یه‌كتر قبوڵكردن نه‌بو له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ , هه‌وڵێَكی تری جدی ئه‌و حیزبه‌ به‌شه‌ڕهاتوانه‌ نه‌بو  بۆ فراوانكردنی كاری لیژنه‌كانی ئیغتیالات بۆكوشتن و سڕینه‌وه‌ی نه‌یارو دژه‌ بیروباوه‌ڕه‌كانیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ كوردستان له‌ نائاماده‌ی هێمنی و پاشكۆبونی  یاسادا گوزه‌ری ده‌كرد ؟
له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر, ئه‌و هه‌مو  سوكایه‌تی پێكردنه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نجانی كوردو ماناكانی دیموكراسیه‌ت و حكومكردن ده‌رئه‌نجامی كام له‌و هۆكاره‌كانه‌ بو , له‌كاتێكدا كوردستان پێی خسته‌ قۆناغێكی جیاوازتره‌وه‌ و لیژنه‌كانی كوشتنی حیزه‌كوردیه‌كان به‌ئاشكرا بواری ئه‌وه‌یان بۆنه‌مایه‌وه‌ كه‌ نه‌یاره‌كانی خۆیان  له‌سندوقی ئۆتۆمبیلی مه‌رگدا قایم بكه‌ن و له‌شوێنێكی نادیاردا وه‌ك ده‌یان كه‌سی شوێن بزر به‌روه‌ چاره‌نوسێكی نادیاری ببه‌ن ؟ ئایاكوشتنی ( سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ ) و ( عه‌بدولستارتاهیر شه‌ریف ) له‌سه‌ر دركاندنی حه‌قیه‌ت و ئازادكردنی وشه‌ په‌نگخواردوكانی گه‌رویان ,  بانگه‌شه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بۆ ئازادی و دیموكراتیزه‌كردنی سه‌رجه‌م كایه‌جیاجیانی كۆمه‌ڵگای كوردی  ده‌خاته‌ژێركام له‌و پرسیارانه‌وه‌ كه‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێ‌ قه‌ڵسده‌بێت ؟ ئایا كوشتنی سۆرانی  تازه‌ پێگه‌یشتو  گومانێكی وه‌ها دروست ناكات  كه‌ ئه‌و ئازادیه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆده‌كرێت جگه‌له‌ حیكایه‌تێك هیچ مانایه‌كی تر بۆخۆی هه‌ڵبگرێت ؟ كوشتنی ڕۆژنامه‌نوسێك له‌سه‌ر ده‌ربڕینی جیاواز و هه‌ڵدانه‌وه‌ی نهێنی ناخی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ و شه‌هوه‌تبازه‌كانی ناو كایه‌جیاجیاكانی ده‌سه‌ڵات له‌بن ده‌ستی دوو ئاسایش و ئه‌و هه‌مو هێزه‌كوردیه‌دا له‌ شارێكی وه‌ كو كه‌ركوكدا چیی ده‌به‌خشێت جگه‌له‌ زیندوكردنه‌وه‌ی هه‌ناسه‌كانی لیژنه‌ی ئیغتیالات نه‌بیت ؟ 
له‌دوای یه‌ك ساڵ له‌ تیرۆركردنی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ ده‌پرسم , كام لیژنه‌ی ئیغتیالاتی حیزبه‌كوردیه‌كان  ( سۆران )  یان كوشت ؟ كام له‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ناوه‌كانیان لای سۆرانه‌ و له‌گه‌ڵ سۆزانیه‌كانی كه‌ركوكدا ده‌ستیان تێكه‌ڵ كردبو ( سۆران ) یان به‌وشێوه‌ ترسنۆكانه‌یه‌ له‌ژیانی گه‌نجێتی بێبه‌شكرد؟ كوشتنی سۆران چیی مانایه‌كی ده‌به‌خشێت به‌ ئه‌جندای كاری بكوژه‌كانی ؟ ئایا له‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌واندا كوشتنی سۆران  بێده‌نگ كردنی ته‌واوی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌كانه‌ ؟ یان كوشتنی سۆران سه‌ره‌تای هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و پانتایه‌ ئازاده‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌خه‌یاڵدانی خۆیدا وێنای كردوه‌ و له‌ڕاگه‌یاندن و گوتاره‌كانیاندا بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات و له‌حه‌قیقه‌تدا هیچ بونێكی نیه‌ ؟ یان بكوژان و جه‌لادان له‌ ڕێگه‌ی كوشتنی (  سۆران ) ه‌ وه‌ پێمان ده‌ڵێن ( گه‌نده‌ڵی و چه‌تگه‌رایی و شه‌هه‌وه‌ت بازیی و خیانه‌تكردن ) پرۆژه‌مانه‌ و كه‌س ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هه‌ر هاوڕێ یه‌كی ( سۆران ) یش وه‌ك سۆران  ( ووشه‌ یه‌ك ) دورله‌خواستی ئێمه‌ بكاته‌هه‌وێنی نوسینی ( وتارێك ) وه‌ك سۆران له‌جامه‌تاریكه‌كانی ئۆتۆمبیله‌كانمانه‌وه‌ ( گولله‌ ) بارانی ده‌كه‌ین ؟
له‌دوای یه‌ك ساڵ له‌كوشتنی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ , حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا ئه‌منه‌یه‌كانی 
 تاچه‌ندكاریان له‌دۆسیه‌كه‌یداكراوه‌ وبكوژه‌كانیان سه‌ربه‌كام به‌ری لیژنه‌كانی كوشتنن ؟ له‌ساڵ یادی تیرۆركردنی سۆرانی مامه‌حه‌حه‌مدا ئایا ته‌نها یادكردنه‌وه‌و ئه‌نجام دانی مه‌راسیم و ده‌ركردنی چه‌ند به‌یاننامه‌ یه‌ك ده‌بێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م لیژنه‌كانی كوشتندا تابۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بیروڕای جیاو چه‌ند قه‌ڵمێكی تر خوێناوی نه‌كه‌ن ؟ كامه‌ن ئه‌وگرنتیانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان , بۆپارستنی كه‌رامه‌ت و سه‌لامه‌تی ژیانی نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی ئازادی خواز  له‌به‌رامبه‌ر گولله‌ی لیژنه‌كانی ئیغتیالاته‌وه‌, له‌كاتێكدا هێشتا بكوژانی  سۆران  و هاوڕێكانی یاسایان به‌سه‌ردا جێبه‌جێنه‌كراوه‌ ؟.
تێبینی " ئه‌م  وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) ژماره‌ ( 544 ) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ .
 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.