كورد هیچ شك نابات له ئێوه و _با_ زیاتر*
كورد هیچ شك نابات له ئێوه و _با_ زیاتر*
داستان به‌رزان
ماوه‌ی ڕابردوو شاره‌كه‌مان پڕی بوو له هات و هاوار، دیواره‌كان به پۆسته‌ری ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و هه‌ندێكیان ڕه‌ش و سپی داپۆشرابوون، شه‌وان تا به‌یانی، به‌یانی تا ئێواره پڕ شه‌قامه‌كان بوون له هوتاف كێشان، ئه‌و هه‌موو مناڵه له‌شیرینی خه‌و داچڵه‌كین، ئه‌و هه‌موو پیر و نه‌خۆشه تا سپێدان خه‌و نه‌چووه چاویان، ئه‌و هه‌موو موناقه‌شه تاقه‌ت پڕوكێنه له‌سه‌ر مێزی نادییه‌كان و چایخانه‌كان و دامه‌زراوه‌كان و ڕێكخراوه‌كان و حیزبه‌كاندا كران، ئه‌و هه‌موو دڵه له ناو مزگه‌وت و ماڵ و كۆلێژ و خوێندنگاكاندا له‌سه‌ر بیر و بۆچوونی جیاواز له‌یه‌كتر زوویربوون،…..
هۆڵ و یاریگا و ده‌شت و شه‌قامه‌كان ببونه پارچه‌یه‌ك له كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری، دونیایه‌ك داواكاریی پێشكه‌ش كران، له‌به‌رامبه‌ردا دونیایه‌ك به‌ڵێنه دران، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵات و كارتی مۆبایله دابه‌شكران به‌سه‌ر یاران و دۆستانی حیزبه جیاوازه‌كاندا، ئه‌و هه‌موو نامه‌ی مۆبایله نێردران و تێیدا داواكرا ده‌نگ به لیستی(………….)بده.
ئه‌و هه‌موو وتار و هه‌ڵوێست و نوسینه فرۆشران، ئه‌و هه‌موو كه‌مپین و باره‌گا و بنكه‌یه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانران، بۆ پشتگیری كردنی فڵان لیست فیسار لیست، ئه‌و هه‌موو ئاڵای لیسته له‌سه‌ر ماڵ و باره‌گا و ناو شوێنه گشتییه‌كاندا هه‌ڵواسران ، ئه‌و هه‌موو ئاڵای كوردستانه كرانه ئامرازی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و هه‌موو وێنه‌ی سه‌رۆكی لیست و حیزبه كران به ئۆتۆمۆبیل و پاسكیل و عه‌ره‌بانه‌وه و دواتر له ژێر پێی خه‌ڵكیدا دڕان، سووان، بران،
هه‌موو ئه‌مانه بۆ گه‌یشتن بوو به به‌رواری 25/7/2009واته ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دواجاریش بۆ گه‌یشتن به به‌رپرسیارێتی و ئه‌ندامێتی و به ده‌ست هێنانی كورسی سه‌رۆك و كورسی په‌رله‌مان،…
ئه‌وا ئه‌مڕۆ ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه و ئێمه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان په‌یتا په‌یتا ده‌چینه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و هه‌ریه‌كه‌مان ده‌نگ به حیزب و لایه‌نێكی جیاواز ده‌ده‌ین، هه‌ریه‌كه‌مان ده‌نگ به سه‌رۆك و لیستێكی جیاواز ده‌ده‌ین، دواجار له‌هه‌موو ئه‌مانه په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنین،….
ده‌ئێوه‌ش ئه‌وانه‌ی ده‌بنه ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی داهاتووی كوردستان، ئه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ی ده‌بیته سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م ڕۆژه‌تان بیرنه‌چێت كه خه‌ڵكی كوردستان به‌رپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه ده‌چن به‌ره‌و ده‌نگدان، ده‌نگی خۆیانتان پێده‌ده‌ن، كورد هیچ شك نابات له ئێوه و _با_ زیاتر، ده‌ئێوه‌ش ڕاستگۆ و ده‌ست پاك و به ویژدان و خه‌مخۆری ڕاسته‌قینه‌ی بن، بیرتان بێت چوار ساڵی تر ئه‌م كاتانه پێویستان به ده‌نگی میلله‌ت هه‌یه، تا بچنه‌وه سه‌ر كورسییه‌كانتان، كار بكه‌ن، هه‌وڵًبده‌ن له‌سه‌ر گشت ئاسته جیاوازه‌كان خزمه‌تكاری گه‌ل بن، كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفال و كیمیابارانتان له بیر بێت، خوێندكاران و مامۆستایان و ڕۆشنبیرانتان بیر بێت، مناڵان و گه‌نجان و پیرانتان بیربێت، فه‌رمانبه‌ران و كرێكاران و جوتیارانتان بیر بێت، پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌تان بیر بێت،….
چونكه ئه‌وان ده‌نگی خۆیان به ئێوه به‌خشی، ئێوه‌یان كرده سه‌رۆك و نوێنه‌رانی خۆیان، بیرتان بێت ئه‌وان ته‌نیا ئامراز نین بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنتان له هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌م چین و توێژ و ئاسته جیاوازانه‌ی میلله‌ت ئامانجن و نابێت له هیچ چركه‌یه‌كدا ئه‌وانتان بیر بچێت.*تایتڵی شیعرێكی (محمود ده‌روێش)ه كه بۆ كوردی نوسیوه به ده‌ستكارییه‌وه.