Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

ئاسته‌نگیه‌کانی به‌شه‌رعیبوونی ده‌وڵه‌ت 3

Be First!
by June 17, 2009 گشتی

ئاسته‌نگیه‌کانی به‌شه‌رعیبوونی ده‌وڵه‌ت
[ به‌شی سێیه‌م و کۆتایی }
 
ئا : رزگار سه‌عید
ته‌وه‌ری سێیه‌م : ده‌وڵه‌ت له‌نێوان حه‌ق و توندوتیژیدا .

کاتێک باس‌ له ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ین له‌ نێوان حه‌ق و توندوتیژیدا پێویسته‌ ده‌ستنیشانی ئه‌و ئیشکالاتیه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ت وه‌ک ئامێرێک و ده‌وڵه‌ت وه‌ک ده‌زگه‌یه‌کی موئه‌ساساتی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بکه‌ین ،باس له‌و که‌سانه‌ بکه‌ین ملکه‌چی یاساکانین . گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزی پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌کان دامه‌زرابێت ده‌کرێت بڵێین موماره‌سه‌کردنی ده‌وڵه‌ت موماره‌سه‌یه‌کی مه‌شروعه‌و ده‌کرێت پێی بوترێت ده‌وڵه‌تی حه‌ق ،به‌ڵام گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دوور له‌ پره‌نسیپی ئه‌خلاقی و یاسایی دامه‌زرابێت ،واته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هێز و توندووتیژی پێشێلکردنی ماف و سه‌ربه‌ستیه‌کانی تاک و کۆ  دامه‌زرابێت ناکرێت به‌ ده‌وڵه‌تی حه‌ق ناوزه‌د بکرێت .

مه‌به‌ست له‌ چه‌مکی حه‌ق و توندوتیژی چیه‌ ؟ .

له‌ قاموسی فه‌لسه‌فیی ئه‌ندری لالانددا حه‌ق به‌و واتایه‌ لێکداوه‌ته‌وه‌ که‌ { حه‌ق هیچ ئاست و هیچ بنه‌مایه‌کی ئه‌خلاقی نیه‌ ، به‌ڵکو پرۆژه‌یه‌کی یاساییه‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو  کارێکی ته‌واو و واقیعیدا } هه‌روه‌ها کانتیش حه‌ق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ { کۆمه‌ڵگه‌لێک مه‌رج ‌ڕێگه‌ به‌ سه‌ربه‌ستی  هه‌موو تاکێک ده‌دات ‌له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌ستیه‌کانی که‌سانی تردا یه‌کبگرێته‌وه‌ } .
 
به‌ڵام توندوتیژیی ده‌توانرێت پێی بوترێت { به‌چۆکدادانی تاکی کۆمه‌ڵگه‌‌ له‌ڕێی هێزه‌وه‌ به‌بێ ئیراده‌ی خۆی ، ئه‌مه‌ش بۆخۆی موماره‌سه‌کردنی هێزه‌ دژی یاساو حه‌ق } * .
به‌م جۆره‌ ده‌بینین حه‌ق ناکۆکه‌ له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا ؛ وه‌لێ ده‌کرێت بگه‌ڕێین به‌دووی مه‌شروعیه‌تدا له‌موماره‌سه‌کردنی توندوتیژی له‌ده‌وڵه‌تدا دژی تاک یان کۆ ؟.
 ئایا توندوتیژی پێویسته‌ بۆ ده‌وڵه‌ت تا موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێبکات  ؟ .
ئایا ئه‌و توندوتیژیه‌ دژی حه‌ق و یاسا نابێته‌وه‌  ؟ .
بۆچاره‌سه‌رکردنی ئه‌م تێروانینه‌ دوو بۆچونی جیاوازی ماکس فایبه‌رو جاکلین روس به‌نموونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌ .

1- هه‌ڵوێستی ماکس فایبه‌ر : ده‌وڵه‌ت به‌ته‌نها مافی هه‌یه‌ له‌ موماره‌سه‌کردنی توندوتیژی مادیدا .
له‌دیدی ماکس فایبه‌ردا ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای توندوتیژی داده‌مه‌زرێت . هه‌رکاتێکیش گروپ گروپ په‌یدابوون ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت  هیچ وجودی نامێنێت{ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌و ئامێره‌ده‌بێت‌ که‌ نه‌توانێت  ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌ سیاسیانه‌دا  بچه‌سپێنێت  } بۆیه‌ وونبوون و نه‌بوونی  توندوتیژی سه‌رئه‌نجام دروستبوونی فه‌وزاو تێکشکانی  پێکهاته‌ی بونیاتی کۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌که‌وێته‌وه‌ وهه‌وڵه‌کانیشی شکستخواردوو ده‌بێت‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و فه‌وزایه‌ ،  توندوتیژی ڕێگه‌چاره‌یه‌کی باشه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت ، نه‌ک بۆ تاکێک یان کۆمه‌ڵێک یان گروپێک تا‌هه‌ڵسن به‌ کاری توندوتیژی بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان یان چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتێکی کاتیی .
به‌ڵام  ئایا موماره‌سه‌کردنی  ئه‌و توندوتیژیه‌ ده‌بێت چۆن بێت کاتێک ده‌وڵه‌ت بیه‌وێت موماره‌سه‌ی بکات له‌ده‌وڵه‌تی حه‌قدا ؟ .

2- هه‌ڵوێستی جاکلین روس : ده‌وڵه‌تی حه‌ق که‌رامه‌تی تاک ده‌پارێزێت له‌دژی هه‌موو جۆره‌کانی  ترس و تۆقاندن .
 
جاکلین روس ده‌وڵه‌تی حه‌ق به‌وه‌داده‌نێت که‌ موماره‌سه‌ی ژیرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌کات ، له‌ رێزگرتنی یاساو پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤه‌کان . واته‌ تاک له‌ده‌وڵه‌تی حه‌قدا به‌های  به‌رزه‌ و یاساکان له‌به‌رژه‌وه‌ندی تاکدایه‌ تا دوور بێت له‌چه‌وساندنه‌وه‌و هه‌موو جۆره‌کانی توندوتیژیی.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌رنجمان راده‌کێشێت  مه‌به‌سته‌که‌ بۆ‌ تاکه‌ نه‌ک ده‌وڵه‌ت ؛ ئه‌وانه‌ی دوایش ته‌نها هۆکارێکن بۆ خزمه‌تکردنی تاک، له‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی هه‌موو یاسادانانێکیشدا پره‌نسیپه‌کانی زاڵ بوون بۆ په‌یڕه‌وکردنی یاساکان کارێکی پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ڕێز و جێبه‌جێکردنی یاسادا که‌پاشان ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی توندوتیژی و جۆرێک له‌که‌مکردنه‌وه‌و نه‌مانی تیرۆر .

حه‌ق و عه‌داله‌ت :

عه‌داله‌ت به‌مانا گشتیه‌که‌ی خوێندنه‌وه‌و ڕێزگرتنی ماف و پارێزگاریکردنه‌ له‌تاکی کۆمه‌ڵگه‌، گوزارشتێکیشه‌ بۆ په‌یڕه‌وکردن و ملکه‌چکردن له‌ ئاست یاسادا.
عه‌داله‌ت له‌ قاموسی لالانددا به‌واتای یه‌کسانی دێت ، ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌کاتی گفتوگۆدا به‌ ئینساف { Equité) } یان به‌ شه‌رعیه‌ت { légalité) } یش به‌کارده‌هێنرێت ،له‌ڕوی فه‌لسه‌فیشه‌وه‌ باوه‌ڕکردنه‌ به‌خۆ و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو ره‌زیلکردنێکه‌ .
به‌م جۆره‌ باس له‌دوو جۆر ئاستی عه‌داله‌ت ده‌که‌ین :
• ئاستێک که‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ موئه‌سه‌ساته‌ یاسایی و قه‌زاییه‌کان تا په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان خه‌ڵکی تێدا رێکبخرێت.
• ئاستێک که‌ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌عه‌داله‌ته‌وه‌ وه‌ک ده‌لاله‌تێکی ئه‌خلاقی .
• 
سه‌باره‌ت به چه‌مکی ‌حه‌قیش به‌هه‌مان شێوه‌ دوو ده‌لاله‌تی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ وه‌ك :

• ده‌لاله‌تێک له‌بواری پراکتیک و لۆژیک ؛ ‌ به‌واتای یه‌قین و ڕاستی دێت .
• ده‌لاله‌تێک له‌بواری زانستیدا ؛ به‌واتای به‌هایه‌ک دێت له‌دامه‌زراندنی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا .
ئه‌وه‌ی دیاره‌ چه‌مکی حه‌ق و عه‌داله‌ت ره‌هه‌ندی زۆرتری له‌خۆگرتووه‌ ؛ به‌زۆرێک له‌ چه‌مکه‌کانی تره‌وه‌ گرێ دراوه‌ چونکه‌ سروشتی ئه‌خلاقی و یاسایی و سیاسی ده‌گرێته‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ کۆمه‌ڵگه‌لێک بۆچون و ته‌وه‌ری جیاوازتر له‌خۆده‌گرێت و ده‌هێنێته‌ سه‌ر خوانی گفتوگۆ و ئه‌وه‌ش باسێکی دورو درێژتر له‌خۆده‌گرێت .

تێبینی : بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ سود وه‌رگیراوه‌ له‌ :
1- الدولة / ذ محمد الشبة .
2-  الاحزاب السیاسیة في العالم الثالث / د. اسامة الغزالي
3-  ویکیبیدیا الموسوعة الحرة .
4- المعجم الشامل لمصطلحات الفلسفة،د.عبد المنعم الحفني، مكتبة مدبولي، الطبعة الثالثة،2000

 

 

Previous
Next

Leave a Reply