Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

ئه‌م شه‌ڕه‌ دوایی نایا ….. هاورێ خالید

Be First!
by August 2, 2009 ئەدەب

  

 حه‌زی ئه‌م فڕینه‌ مه‌تۆرێنه‌
به‌ نیشتنه‌وه‌ت شیعر رێگای خۆی ونه‌كاو
ئیتر كه‌س عیشق ناناسێته‌وه‌
ئه‌م یه‌قینه‌ له‌ خۆتا مه‌ڕوێنه‌
نزا بۆ كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ك
كۆتایی به‌م شه‌ڕه‌ ناهێنێ‌
من ئه‌زانم جه‌لاده‌كان
به‌ر له‌ دوعاكانی دایكم ئه‌گه‌نه‌ ئه‌وێ‌
ئه‌ی دۆست…ئه‌م شه‌رابه‌م له‌گه‌ڵ نۆشكه‌
كه‌ تادوێنێ‌ بۆڵێك ترێی شه‌رمن بوو
هاوڕێم…دڵی ئه‌م ته‌نهاییه‌ مه‌شكێنه‌
ئه‌و له‌هه‌ركه‌س زیاتر عاشقه‌
ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ بۆ چركه‌یه‌ك جێمان ناهێڵێ‌
من ئه‌زانم رۆژێك ئه‌مرین
جگه‌ له‌ ته‌نهایی كه‌س جانتاكانمان له‌گه‌ڵ هه‌ڵناگرێ‌
ئه‌ی دۆست…تۆش وه‌كو من به‌خته‌وه‌رییه‌ ساده‌كان ببه‌خشه‌ به‌وو
نهێنی ئه‌م جاویدیه‌ش بۆ خۆت
سه‌ماكان بده‌ به‌وو، مۆسیقاكان بۆ خۆت
كورسی پێشه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كان بۆ ئه‌وو
پیاسه‌ی ژێًر بارانێك بۆ خۆت
هه‌موو پێكه‌نینه‌ درۆكان بۆ ئه‌وو
هه‌موو گریانه‌ راستیه‌كان بۆ خۆت
خۆت بۆ ئه‌وو، ئه‌و بۆ خۆت نا
ئه‌ی دۆست…
ئه‌وه‌چی ئه‌كه‌م
خه‌ریكه‌ نهێنیی ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ ئه‌دركێنم
خه‌ریكبوو ئه‌م شه‌ڕه‌ بهێنمه‌ ناو ماڵه‌كه‌مه‌وه‌
ده‌ستتم به‌رێ‌ ئه‌ی دۆست
بیركردنه‌وه‌ له‌ به‌خته‌وه‌ری مناڵێك
دوای چاره‌كێك جۆلانێ‌ كردن به‌سه‌ بۆ بردنه‌وه‌
بۆ بردنه‌وه‌ به‌سه‌ به‌یانییه‌ك
 گوێ‌ له‌ شه‌جه‌ریان
بۆنی خاكی دیاری بگری
به‌سه‌ بیر له‌ وێنه‌یه‌كی ڤانكوخ بكه‌یته‌وه‌
به‌سه‌ بیر له‌ دڵخۆشی ده‌نكێك چواله‌ بكه‌یته‌وه‌.
ئه‌ی دۆست من ئه‌مزانی ئه‌م شه‌ڕه‌ كۆتایی نایا
ئه‌م چیرۆكه‌ ته‌واوناكرێ‌
من ئه‌مزانی رۆژێك ئه‌م مۆمانه‌ فویان لێ‌ ئه‌كرێ‌
ده‌ستتم به‌رێ‌…
با ئه‌م عاشقبوونه‌ به‌رینه‌وه‌ بۆ ته‌نهایی
پێڵاوه‌كانت له‌ پێكه‌و با ئه‌م سه‌فه‌ره‌ پێكه‌وه‌ بكه‌ین
هه‌موو شتێك جێبێڵه‌ ته‌نهایی نه‌بێت
هه‌موو شتێك…
هه‌موو شتێك……..

       

Previous
Next

Leave a Reply