Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان ڕه‌وتێکی هه‌لپه‌رسته‌

Be First!
by July 13, 2009 گشتی

 

 

هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ، په‌رله‌مان و کێبه‌رکێی لیسته‌کان ، ده‌ستور و هاوپه‌یمانیه‌تی حیزب و لایه‌نه‌کان ، ڕیزی سه‌یاره‌ و ماتۆڕ و پاسکیله‌کان ، هێنانی ئاماری پاره‌ و پرۆژه‌کان ، هه‌ڵواسینی وێنه‌ی گه‌وره‌ و بچوکی سه‌رکرده‌کان ، کردنه‌وه‌ی بنکه‌و باره‌گاکان ، نان بڕین و ده‌رکردن و پێشوازی و به‌شان و باهودا هه‌ڵدان ، شه‌فافیه‌ت و گه‌نده‌ڵی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و به‌رزانیه‌کان ، خیانه‌ت و شۆڤێنیه‌ت و داری ده‌ستی ده‌وڵه‌تان ، گۆڕان و چاکسازی و نوێ بوونه‌وه‌ ، هه‌ڵپه‌ڕکێ و دابه‌شکردنی ده‌مانچه‌و مه‌نجه‌ڵی تیڤیاڵ ، عه‌زیزی وه‌یسی و خالید ڕامبۆ و جه‌لال په‌رێشان . ئه‌مانه‌ ئه‌و قسه‌و مانشێت و لێدوانانه‌یه‌ که‌ بیرو هۆشی زۆرێک له‌خه‌ڵکی کوردوستانی داگیرکردووه‌ ، فه‌زای هه‌ڵبژاردن جه‌سته‌یه‌کی شه‌که‌تی خستۆته‌ ڕێگاو خه‌ڵکی کوردوستانیش ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ جه‌سته‌ شه‌که‌ته‌که‌یان هه‌ڵگرتووه‌ ، ئه‌م جه‌سته‌یه‌ له‌کوێدا ده‌که‌وێت و باجه‌که‌ی گه‌وره‌یه‌ یان بچووک ئێستا بۆ خه‌ڵکی کوردوستان  زۆر دیار نییه‌ ، چونکه‌ که‌مپینی ته‌بلیغاتی هه‌ڵبژاردن به‌جۆرێک سێبه‌ری کێشاوه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زیان و باجه‌کان له‌ئێستاوه‌ هه‌ستیان پێناکرێت ،له‌هه‌ناوی ئه‌م فه‌زای هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ورێکی ڕه‌ش وه‌ک ڕه‌وتێکی هه‌لپه‌رست خه‌ریکه‌ به‌خۆڵکردنه‌ چاوی خه‌ڵک هه‌نگاو هه‌ڵئه‌هێنێت ،ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ کارێکی کردووه‌   وردبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و پیلانی ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان خه‌ریکه‌ که‌مڕه‌نگ سه‌یر ده‌کرێت و ئاشکراکردنی کارنامه‌یان خه‌ریکه‌ په‌راوێز ده‌خرێت ، من پێموایه‌ ئه‌رکی هه‌ر ئینسانێکی ، سیاسی ، ئازادیخواز ، ڕۆشنبیر ، ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن ، بڵاوکراوه‌و ماڵپه‌ڕه‌کان ، هه‌رکه‌سێکی به‌رپرس له‌ ژیان و ئایینده‌ی خه‌ڵکی کوردوستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌لپه‌رستی  ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان ئاشکرا بکات و په‌رده‌ له‌ڕووی کرده‌وه‌کانیان هه‌ڵبداته‌وه‌ ، که‌ من پێموایه‌ تائێستا له‌مباره‌یه‌وه‌ که‌مکراوه‌و زۆر  به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ نوسه‌ر و ڕوناکبیره‌کانمان تووشی شۆک ده‌بن له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی ئیسلامی سیاسی . ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان ڕه‌وتێکی ڕیشه‌داری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردوستان نییه‌  ، ئیسلامی سیاسی ڕه‌وتێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناڕه‌زایه‌تی و ئاوات و ئامانجه‌ ئینسانیه‌کانی خه‌ڵکی کوردوستان نییه‌ ، ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان کارتی فشاری ده‌وڵه‌تان و یاریزانی نێوان قڵشته‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ ، ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌که‌ ده‌ڵێت گه‌ده‌ت تێر ده‌که‌م و ئیراده‌ت ده‌كڕم ، ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان وه‌ک ڕه‌وتێکی هه‌لپه‌رست  به‌رده‌وام له‌که‌ناری جێبه‌جێ کردنی مه‌رامه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستاندا وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وامیش ڕوویه‌کیتری کاره‌کانیان به‌خه‌ڵک فرۆشتۆته‌وه‌ ، ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان هه‌رگیز ڕه‌وتێکی ڕۆشن و یه‌کڕوو نه‌بوون ، بۆیه‌ گرنگه‌ حه‌قیقه‌تی ده‌وورو نه‌خشیان له‌سه‌ر ئێستاو ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگا ڕوونبکرێته‌وه‌ . کاتێک یه‌کگرتووی ئیسلامی به‌شداری کۆنگره‌ی قاهیره‌ی کرد له‌ میسر که‌مپینێکی ته‌بلیغاتیان به‌گژیان  به‌رپاکرد ، دیاره‌ به‌شداری یه‌کگرتوو له‌و کۆنگره‌یه‌دا مه‌غزایه‌کی سیاسی خۆی هه‌بوو ، که‌ په‌یوه‌ندی به‌ قۆناغێکی تازه‌ و ئارایشتێکی تازه‌ی هاوپه‌یمانێتی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی عێراق بوو ، یه‌کگرتووی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ هاوبیره‌کانی هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ به‌شداری ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی کرد ، به‌ڵام یه‌کگرتوو بۆ پیشاندانی سروشتی هه‌لپه‌رستانه‌ی ڕه‌وته‌که‌ی له‌وه‌ڵام به‌ به‌شداری کردنیان له‌و کۆنگره‌یه‌دا ، وتیان ئێمه‌ نه‌مانزانیوه‌‌ چ لایه‌نێک به‌شداری ئه‌و کۆنگره‌یه‌یه‌و به‌شداری ئێمه‌ هه‌روا بووه‌و به‌رنامه‌ ڕێژیمان بۆ نه‌کردووه‌ ، یه‌کگرتوو  ئاستی ئه‌و کۆنگره‌یه‌یه‌ی به‌جۆرێک هێنایه‌ خواره‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر ئینسانێک بانگکرابێت بۆ ماڵی دۆستێکی بۆ نان خواردنی ئێواره‌یه‌ک و به‌ڕێکه‌وت هه‌ندێک میوانیتر ئاماده‌ی نان خواردنه‌که‌بووبن ، له‌کاتێکدا حه‌قیقه‌تی  به‌شداری  ئه‌م کۆنگره‌یه‌ پرۆسه‌یه‌کی سیاسی به‌رنامه‌داربوو . خه‌ڵکی کوردوستان ئه‌زموونێکی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ک ڕه‌وتێکی هه‌لپه‌رست  خۆی نمایش ده‌کات ، ڕووداوه‌کان و هه‌ڵوێسته‌کان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و  به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی‌ خه‌ڵک کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن و دواتر به‌یانی ده‌که‌ن  ، تێپه‌ڕاندن و تێنه‌په‌ڕاندنی ده‌ستور له‌په‌رله‌مانی کوردوستان یه‌کێکیتره‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌ هه‌لپه‌رستانه‌یه‌ی ‌ ئیسلامی سیاسی له‌ کوردوستان ،ئه‌مجاره‌ش وه‌ک هه‌موو جاره‌کانیتر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی له‌خۆی نیشاندایه‌وه‌ ، دیاره‌ قسه‌ی من له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندن یان تێنه‌په‌ڕاندنی ده‌ستور نییه‌ چونکه‌ من ڕه‌خنه‌م له‌سه‌تاپای ده‌ستوره‌که‌یه‌ پێش تێپه‌ڕاندن و دوای تێپه‌ڕاندنیش ، لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئیسلامی سیاسیه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی کوردوستاندا سه‌باره‌ت به‌ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور ، ئیسلامیه‌کان به‌ تێکڕای ده‌نگ بڕیاریاندا پاڵ به‌ده‌ستوره‌وه‌ بنێن ، به‌رانبه‌ر ئه‌م پاڵنانه‌ هه‌ندێک داواکاریان بۆ جێبه‌جێکراوه‌ ئه‌مه‌یان بۆ خۆیان ، به‌ڵام  زۆر غافڵگیرانه‌ له‌ناو ڕاگه‌یاندن و بڵاوکراوه‌کاندا به‌جۆرێکیتر ته‌عبیر له‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌که‌ن و دوو فاقه‌ ڕووی زمانی خۆیان ئه‌چه‌رخێنن ، پێوویسته‌ خه‌ڵکی کوردوستان له‌م باره‌وه‌ زۆر چاو کراوه‌بن . مه‌لا سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتیی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردوستان ده‌ڵێت ( ئێمه‌ وه‌ک به‌رپرسیارێتی ئیحراج بووین و ته‌نها په‌له‌کردنه‌که‌ مایه‌وه‌ ) عه‌لی باپیر ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت ( فیعله‌ن ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستمان هه‌بوو به‌رامبه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور ، چونکه‌ هه‌سمان کرد په‌له‌پڕوزکێی پێوه‌ دیاره‌ ) سه‌ید ئه‌حمه‌د سه‌ید عبدولوه‌هاب ئه‌ندامی شورای گشتی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردوستان ده‌ڵێت ( ده‌ستوور هه‌ڵکولێندرا ) سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕواننه‌ ( ئاوێنه‌ ) به‌شی چاوپێکه‌وتنه‌کان ، ئه‌گه‌ر که‌سێک زۆر به‌ساده‌ی سه‌یری سێ وشه‌ی به‌کارهاتوو ( ئیحراج بوون ، په‌له‌پڕوزکێ ، هه‌ڵکوڵان ) له‌م چاوپێکه‌وتنانه‌دا بکات تێده‌گات ئه‌م ڕه‌وته‌ چه‌نده‌ هه‌لپه‌رستانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداو پێشهاته‌کاندا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن ، له‌لایه‌ک به‌ ئێسک و پروسکه‌وه‌ به‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست و قاچه‌وه‌ ئیمزایان له‌ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستورێکداوه‌ که‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ترین بێمافی بۆ خه‌ڵکی کوردوستان ، به‌ڵام له‌ولاوه‌ به‌م جۆره‌ ته‌عبیرانه‌ی که‌ کردوویانه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانیاندا ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوێستی خۆیان لای جه‌ماوه‌ر جۆرێکیتر نیشان بده‌ن ، ( ئیحراج بوون ، په‌له‌پڕوزکێ ، هه‌ڵکوڵان ) سێ وشه‌ن ده‌لائیل و مه‌عنای تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ ته‌عبیرکردن له‌ کارێک که‌نه‌جدیه‌تی تێدایه‌ نه‌ مه‌سئولیه‌ت  ، ئه‌م ڕه‌ووته‌ به‌پێی قسه‌کانی خۆیان بڕیاربوو نوێنه‌ری قسه‌ی ڕاست و حه‌قبن ، بڕیاربوو له‌سه‌ر وتنی وشه‌یه‌کی ڕاستی کۆڵنه‌ده‌ن و شه‌هاده‌ت به‌نسیبیانبێت ، که‌چی ئێستا له‌په‌رله‌مان کارێک ئه‌که‌ن و به‌خه‌ڵک شتێکیتر ئه‌فرۆشنه‌وه‌ ، گرنگه‌ خه‌ڵکی کوردوستان له‌ هه‌لپه‌رستی ئیسلامی سیاسی به‌ئاگابێت و فریووی پیلانه‌کانیان نه‌خۆن و ڕێگانه‌ده‌ن یاری به‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ بکه‌ن .            

Previous
Next

Leave a Reply