Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

ئێمه‌ کوشته‌ی چاوه‌ڕێ‌ی چرپه‌ی هه‌واڵه‌کانین ..!

Be First!
by September 18, 2008 گشتی

  ئێمه‌ کوشته‌ی چاوه‌ڕێ‌ی چرپه‌ی هه‌واڵه‌کانین ..!‌
 کامه‌ران عه‌زیز

  له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا هه‌واڵ گرنگیه‌کی تایبه‌تی له‌ ژیانی مرۆکاندا هه‌یه‌ ، هه‌واڵ ده‌توانێت ده‌ورێکی به‌ر چاو ببینێت له‌ گۆڕانکاریه‌کاندا  ، وه‌ هه‌واڵ ده‌توانێت گۆڕانکاری زۆر خێرا به‌دی بهێنێت و خه‌ڵکی له‌ ژیانێکی ئاسایی ئارامهوه‌  به‌ره‌و ژیانێکی نا جێگیر ببات و وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ . به‌ڵام هه‌واڵ و جۆری هه‌واڵه‌کان ئاستی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆکان  له‌ کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دی  به‌ پێ‌ی مێژووی پێکهاتن و شێوه‌ی سسته‌م و به‌ڕێوه‌ بردن  ده‌گۆڕێت ،. واتا کاریگه‌ری هه‌واڵی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ به‌نده‌ به‌ چۆنیه‌تی جۆرو بونی کێشه‌کانه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تمه‌ندی کێشه‌کانیانه‌وه‌ ده‌بزوێن …
 له‌ ده‌سته‌ڵاته‌ کۆنپارێز و بیروکرات و نا مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیه‌کان‌ ، که‌ سه‌رکرده‌ و هێز و سه‌پاندن  سه‌رچاوه‌ی بڕیاره‌ و سوكانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ، وه‌ بڕیار و ئیراده‌ و سه‌ربه‌خۆیی بۆ هاوڵاتیان له‌م نیزامانه‌دا نی‌یه‌ ، وه‌ بیر ولۆژیک و پڕۆژه‌ی هاوڵاتیان له‌ لای  ئه‌م جۆره‌ ده‌سته‌ڵاتانه‌دا  مانا و بونی ‌ نی‌‌یه‌  بێجگه‌ له‌ بڕیاری سه‌رکرده‌ ، ئاله‌م کاته‌دا  سه‌رچاوه‌ی گرنگ و کاریگه‌ری  هه‌واڵێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵات و ده‌سته‌ڵات سه‌‌نتراڵی خۆی ده‌به‌خشێت به‌ هه‌واڵ و  هه‌واڵیش ده‌بێته‌ تاکه‌  ئیلهام و سه‌رچاوه‌ بۆ ژیانی ئێستا و ئاینده‌ی گشت کۆمـه‌ڵگا و کۆمه‌ڵگاش به‌ پێ‌ی ئاوازی هه‌واڵه‌کانی ده‌سته‌ڵات شیوه‌ن و شایی ده‌گێڕێت .. ! له‌ سایه‌ی ئه‌م نه‌زمه‌دایه‌ سه‌رکرده‌ ده‌بێته‌ مینبه‌ری هه‌واڵه‌کان و  به‌ وته‌ و هه‌واڵه‌کانی ده‌توانێت   له‌ ساتێکی زۆر کورتا سه‌رابێک له‌ به‌ر چاوی مرۆکاندا دروست بکات ..! مێشکی خه‌ڵک گۆشبکا و کۆمه‌ڵگا به‌ دوای خۆیدا کێش بکات ..! وه‌‌ سنور و ئاستی  ده‌سته‌ڵاتی سه‌رکرده‌کان  ده‌توانێت ئاستی کاریگه‌ری و وروژاندنی کۆمه‌ڵگاش به‌ هه‌واڵه‌کان دیاری بکات ، بۆنمونه‌ وته‌و هه‌واڵه‌کانی ده‌می بۆش و پۆتین وئه‌حمدی نه‌ژادی و ئۆردوغان و مالیکی و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی دیاری بکات و گۆڕانکاری به‌ دیبهێنێت…!
   کۆمه‌ڵگای  ئێمه‌  تا ئێستا که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌ کۆمه‌ڵی‌یه‌ و په‌وه‌ندی‌یه‌ کۆمه‌ڵاتیه‌کانی عه‌شیره‌ت و خێڵ وخزمایه‌تی بره‌وی هه‌یه‌ و بره‌وی پێ ده‌درێت ، وه  به‌ هۆی ئه‌و‌ مێژووه‌ پڕ کاره‌ساتانه‌ی که‌ ته‌ی کردوه‌ و ته‌ی ده‌کات له‌ سایه‌ی دا‌گیرکاران و سته‌مکارانی ده‌سته‌ڵاتدار ، هه‌واڵ  به‌رده‌وام گرنگ بوه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی بوه‌ بۆ گه‌یاندنی مژده‌ی خۆشی و ناخۆشی ڕووداوه‌کان ، هه‌واڵ به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی داگیر کردوه‌‌ ، وه‌ به‌ خه‌یاڵ و‌ چاوه‌ڕوانی هه‌واڵه‌کانه‌وه‌ خه‌وده‌مانباته‌وه‌… وه‌ هه‌ر به‌ زه‌نگی له‌ ناکاوی هه‌واڵه‌کانیش  بێدار ده‌بین ..!  هه‌ر بۆیه‌  له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وشه‌ی( هه‌واڵ ) بوه‌ته‌ وشه‌یه‌کی مجامه‌له‌ و کولتوری سه‌رزاری هه‌ر یه‌ک له‌ تاکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ و له‌ هه‌ر ساتێکی به‌یه‌کگه‌یشتنماندا ده‌بێت بپرسین و بڵێین ( هه‌واڵ چی‌یه‌ ؟) ، چونکه‌ هه‌واڵ له‌ هه‌ر شتێکی دیکه‌ زیاتر کاری کردوه ‌و کار ده‌کاته‌ سه‌ر ژیانمان                  و هیواکانی ژیانمانی پێوه‌ به‌نده‌  ، وه‌  هه‌واڵ بوه‌ته‌ کۆدی په‌یوه‌ندی و گفتوگۆی هاوڵاتیان و ئه‌و که‌سه‌ی هه‌واڵی زیاتری له‌ لابێت له‌ دیوه‌خانه‌کاندا زیاتر ڕووی تێده‌کرێت ..وه‌ ئه‌و‌ که‌سه‌ی هه‌واڵی  شاز و گرنگ و جه‌رگ بڕی پێ بێت زیاتر گوێ‌ی لێ ده‌گیرێت ..!  هه‌ر بۆیه‌ که‌سانی ده‌م به‌ هه‌واڵ  له‌ هه‌موو که‌س زیاتر ئۆتۆریته‌یان هه‌یه‌ و ده‌وریان  به‌ خه‌ڵک شلوق ده‌بێت .
  ‌هه‌واڵ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا جیا له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دی خێراتر ده‌گاته‌ نێو مرۆکان ، ! به‌ تایبه‌ت له‌ئه‌مڕۆدا که‌ ته‌کنه‌لۆژیا کار ئاسانی زیاتری کردوه‌ بۆ گه‌یاندن و توانویه‌تی زیاتر له‌ جاران په‌یوه‌ندیه‌کان نزیکتر بکاته‌وه‌ و سنوری دوور و توندی کۆمه‌ڵایه‌تی تێک بشکێنێت و شارو دێ و ژن و پیاوانیش زیاتر له‌ جاران نزیک بکاته‌وه‌و تێکه‌ڵیان بکات  به‌ یه‌ک و هه‌موو پێکه‌وه‌ ده‌وریان هه‌بێت له‌ وه‌رگرتن و گه‌یاندن و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان  ،.  واته‌  ئاستی نزیکی و پته‌وی  زیاتری په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌ که‌  وا ده‌کات هه‌واڵه‌کان هه‌ر زوو بڵاو ببنه‌وه‌ و ئاشکرا ببن و به‌ ده‌م باوه‌ بگاته‌ گشت کۆمه‌ڵگا له‌ پێش بڵاو بونه‌وه‌یان له‌ ڕۆژنامه‌کاندا ..! 
 لایه‌نێکی تری هه‌واڵه‌کان ئه‌وه‌یه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا له‌ به‌ر گرنگی زیاتری هه‌واڵه‌کانی ئانی و ئێستا ، هیچ بایه‌خێک به‌ هه‌واڵی ئاینده‌ نادرێت ، چونکه‌ نا جێگیری و شه‌ڕ و جه‌نگ و ئاشتی کاتی ، ژیانیشی کاتی کردوه‌ و، بێ بڕوایی و ڕاڕایی له‌ ده‌رونماندا دروست کردوه‌ و ئاینده‌ و ئومێدی له‌ بیرماندا کوشتوه‌ ده‌بێت بۆ ئێستا بژین …!  ده‌سته‌ڵاتدارانیش ئه‌م ڕاستی‌یه‌ باش ده‌زانن و ئه‌زمونیان له‌ گه‌ڵیدا هه‌یه‌ بۆیه‌  ده‌توانن زۆر به‌ئاسانی به‌ ئاوازی هه‌واڵه‌کان به‌ پێی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یاری به‌ هه‌واڵه‌کان بکه‌ن و به‌ خۆشی کاتی هه‌واڵه‌کان  له‌ سه‌ر یه‌ک قاچ سه‌مامان پێ بکه‌ن ..! وه‌ ‌ ده‌توانن به‌ ئاوازی هه‌واڵه‌کان هاوڵاتیان  هۆگر و نزیک بکه‌نه‌وه‌ له‌ خۆیان‌ و له‌ باسه‌ ئه‌سڵی‌یه‌کانی خۆیانیان دووریان بخه‌نه‌وه‌ و چاره‌نوسی مه‌رگ و ژیانیان ببه‌سنه‌وه‌ به‌ خۆیانه‌وه‌  ، وه‌ هه‌ر به‌ پێ‌ی ئاوازی هه‌واڵه‌کان ده‌توانن دۆستی دوێنێ بکه‌ن به‌ دوژمنی ئه‌مڕۆ و دوژمنی مێژوویی خه‌ڵکیش بکه‌ن به‌ دۆست و پشت و په‌نا ..!وه‌ ده‌توانن خه‌ڵک بخرۆشێنن  و گه‌رم و  ئاماده‌یان بکه‌ن بۆجه‌نگ و خوێن ڕشتن و قوربانی ..! له‌ هه‌مان کاتیشدا  به‌ ئاوازێکی دیی برایه‌تی ده‌توانن  خه‌ڵک له‌ سه‌ر لێواری به‌رگری و گیانفیدایی بگه‌ڕێننه‌وه‌ ..! بۆیه‌  له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌واڵ ده‌توانێت به‌ جارێک کۆمه‌ڵگا بخاته‌  ساتی  شیوه‌ن وشایی ، خۆشی و ناخۆشی  ، ئومێد و نا ئومێدی …!
 له‌م‌ ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌واڵه‌کان هێنده‌ خێرا دێن و تێ ده‌په‌ڕن ، نه‌ک ناتوانین نێتی سه‌ره‌تا بێهێنێن و سه‌ره‌تا دروست بکه‌ین..! به‌ڵکو ئاینده‌شمان  لێ ده‌شێوێ و لێ ون ده‌بێت ..! له‌م ژینگه‌ بێ ژینه‌دا هه‌موو بڕیار و به‌رنامه‌یه‌ک به‌نده‌ به‌هه‌واڵه‌وه‌ و هه‌واڵ ده‌توانێت مه‌ودای نێوان ئێستاو ڕابورد و تێک بدات . دوێنێشمان هه‌ر به‌ هه‌واڵ  ته‌ی کردوه‌ بۆیه‌ ناتوانین دوێنێ  پێناسه‌ بکه‌ین و بڵێن دوێنێمان به‌ پڕۆسه‌یه‌کی ئاسایی و سروشتی تێ په‌ڕاندوه‌‌ له‌ نزمه‌وه‌ بۆ به‌رز یان له‌ خراپه‌وه‌ بۆ باش و له‌ باشه‌وه‌ بۆ باشتر ،  ئه‌وه‌تا   هه‌واڵه‌کانی دوێنێ دیسان جاڕێکی تر له‌ ساتێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا  به‌ گوێماند‌ا ده‌چرپێنێت و له‌ نیوه‌ی‌ ڕێگادا توشی‌ دوو دڵمیان ده‌کات و له‌ کۆتاوه‌ ده‌مانباته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا ..!. هه‌ر هه‌واڵه‌کانی دوێنێ‌یه‌ ده‌ستی خستۆته‌ گه‌روی سبه‌ینێمان و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕووخانی خه‌یاڵه‌کانمان ده‌کات  و ناهێڵیت به‌ره‌و به‌رزا‌یی‌یه‌کانی ئاینده‌مان بڕۆین تا دوا نه‌که‌وین و کێشه کۆن و به‌سه‌رچوه‌کانی سه‌ده‌کانی ڕابوردوو چاره‌ بکه‌ین ..!
 سه‌یر بکه‌ن چۆن‌ سه‌رچاوه‌ی زه‌نگی  هه‌واڵه‌کان به‌ بێ ئاگای ئێمه‌ له‌ سه‌روی خۆمانه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌وه‌ و ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی ئه‌م ژینگه‌ شێوا‌وه‌دا ده‌رده‌چێت..! وه‌  له‌ بیرو عه‌قڵ و گه‌رووی باوه‌ڕه‌ کۆنه‌کانی ڕابوردوه‌وه‌ لێ ده‌دا  و ده‌چرپێنێت به‌ گوێماندا …! وه‌ له‌و یه‌قینه‌وه‌‌ ده‌چرپێنێت که‌ به‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی تاقانه‌ی  خۆی ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوه‌زه‌کانی دی به‌ دوباره‌کردنه‌وه‌ی کوشتن و جه‌نگ و زیندان وسه‌رکوت و به ئه‌نفالێکی دی  له‌ نیشتمانێکی وێرانه‌دا بمانسڕێته‌وه‌ …!
 08.09.2008
 kamaran91@gmail.com
 
 تێبینی : ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ( ئاوێنه‌ ) له‌ ژماره 139 له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ به‌رواری 16.09.2008 جارێکی تر بڵاوبۆته‌وه‌ .
 

Previous
Next

Leave a Reply