Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
بۆچی و لەبەرچی هەردی سەڵاح و چۆپی فەتاح……

بۆچی و لەبەرچی هەردی سەڵاح و چۆپی فەتاح……

Closed
by September 18, 2008 گشتی

  بۆچی و لەبەرچی هەردی سەڵاح و چۆپی فەتاح 11000 مەتر زەوی وەربگرن؟
      ستیڤان ئەحمەد (شەمزینانی)

 
  نهێنی رەخنە لەوەدایە بەهێز و بێ بەزەییانە بێت
 گرامشی

 بەپێی هەواڵێكی هەفتەنامەی (رووداو) هەریەك لەگۆرانیبێژان "هەردی سەڵاح وچۆپی فەتاح" بەكیلۆمەتر زەوی وەردەگرن بۆ پڕۆژەی "وەبەرهێنان". ئەوەتا لەژمارە(24) رۆژی 15\9\2008 هەفتەنامەی ناوبراودا راستیی ئەم هەواڵە بەمجۆرە گوزارشتی لێكراوە "بەپێی دوو نووسراوی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، رووبەری 5 هەزار مەتر دووجا زەوی بۆ هونەرمەند هەردی سەڵاح و 6هەزار مەتر دووجا زەویش بۆ هونەرمەند چۆپی فەتاح وئیحسان فەتاحی باوكی تەرخانكراوە، بەمەبەستی دروستكردنی پڕۆژەی وبەرهێن لەسەریان". ئەم بڕیاری زەوی وەرگرتنەش وەك رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ كردووە بەپێی فەرمانێكی وزاریی بەژمارە 14932 لەرۆژی 21\11\2007 فەرمانی لەسەر دراوە."1".

chopi_336294968.jpg
 ئاخر كەدەسەڵاتدارانی كوردستان دەڵێن: فەرموون داتاو بەڵگەمان بدەنێ لەسەر گەندەڵیی وخراپ بەكارهێنانی دەسەڵات وئابووری داماو وكڵۆڵی كوردستان، وادەزانن دەتوانن دەمكووتمان بكەن یان ناتوانین بەڵگە بەدەست بهێنین. ئەوەتا چۆپی خان كەهەر دوێنێ بوو سەردانی خوشك وبرا عەرەبە چاوڕەشەكانی كردو وەعدی كۆنسێرتی پێدان، نەك هەر نەچووە كۆنسێرت بۆ خوشك وبرا كوردە ئاوارەكانی خزمی خۆی لەكەركووك سازبكات، بەڵكو هەر  بێزی نەهاتووە سەردانی ئاوارە كوردەكانی مەلعەبەكەی كەركووك بكات، لەبری هەر شتێك بە 6 شەش هەزار مەتر زەوی خەڵات دەكرێت، وەك ئەوەی چۆپی خان بەراست بەگۆرانی وتن وكۆنسێرت بۆ برا عەرەبە چاوڕەشەكان خەونی "عێراقی هیواو ئاشتی" هێنابێتە دی. كاك "هەردی سەڵاح"یش جیا لەهەر شتێك تادوێنێ چاوەڕێی لەتە مووچەیەكی مفەوەزییەكەی بوو، كوێڕا بووە ئەو سەرمایەدارە گەورەیەی لەسەر پێنج هەزار مەتری دووجا پڕۆژەی وەبەرهێنان بهێنێتەدی؟. سەیرە لەوڵاتی هەزارو یەك شەوەدا گەدا سك برسییەكان لەماوەی بیست وچوار كاتژمێردا دەبنە سەرمایەداری زەبەلاح!!. ئاخر ئەگەر دەسەڵات دەڵێ نموونەمان بدەنێ بۆ گەندەڵی، فەرموون ئەمە نمووونەیەك. بزانم چی دەكەن؟. ئاخر چی دەكەن؟ چونكە خۆتان شەریكن وبەناوی ئەوانەوە دەیكەنەوە. ئەو بەناو هونەرمەندانەش لەبری هەڵبژاردنی سەنگەری ویژدان وراستگۆیی، حەزدەكەن لەسەر سفرەی چەورتان ئیمتەلا بكەن و رۆژی سەد كەڕەت بەرماوەكانتان بخۆن وبخۆنەوە. من تێناگەم ئەم حكومەتە زۆر عەنتیكەیەی ئێمە كەناتوانێ كوخێكی بچووك بۆ حەمەی نێرگز وكەریم كابان دابین بكات، چۆن دەستی تێی دەچێ ئەو هەموو مەترە زەوییە بداتە ئەو دەمبێژانە، ئەگەر خۆیان شەریك وخاوەنی ئەسڵی ورەسەنی ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانە نەبن كەبەناوی چۆپی و زەكەریاو هەردی سەڵاح ونازانم كێ وكێی ترەوە دەیكەنەوە؟. بێجگە لەوەش هەرگیز لەم جیاوازییكردنەی دەسەڵات نەگەیشتووم، تەنێ ئەوە نەبێ حكومەتی پارتی ویەكێتی دەیانەوێ دەستگیرۆیی هەموو ئەو دەنگە نەساز و نەشازانە بكەن كەبەهەق زەوقی كوردیی وهونەری نەتەوەیی ئێمە دەشێوێنن. ئاخر ئێوە بۆ بەدووری دەگرن، توركیایەك بەناوی كورد وكوردستان حەساسیەت وخرووی هەبێت وپەركەمی لێبێت، چۆن ئەم هەموو ستۆدیۆ و شتانە دەخاتە بەردەستی بەناو هونەرمەندی كورد، ئەگەر مەبەستی ئەوەنەبێ هونەری كوردیی وەك مۆركێكی گرنگی كولتوورمان لەبناغەوە دەربكێشێت؟ ئەگەر دەڵێن ئەو كارە كۆمپانیای ئەهلی وكەرتی تایبەت پێی هەڵدەستێت، خۆ ئەگەر دەسەڵاتی تۆرانی بزانێ هونەری كوردیی پێ پێشدەكەوێت، ئەگەر بشبێ بەو رۆژەی قەرەوەیسی تێدا كوژرا ئەوە هەر رێی لێدەگرێ. من تێناگەم، بۆچی دەسەڵات چوار دەنك حەب و دوو دەرزی بۆ "شێركۆ تاڵب" پێ پەیدا ناكرێت؟ كەچی بۆ هەندێكی تر دەرگای خەزێنەی پادشاكانمان هەر كراوەیەو بەكامی دڵ و پڕ بەدۆڵی گیرفانیان دەتوانن لێی رابكێشن؟. ئەم سیحرە چییە وا دەبێ ئێمە لێی تێنەگەین؟.
 سوهرابی شاعیری گەورەی ئێران سەری لەهەندێك جیاوازیی دەرناچێ و لەشیعرێكیدا دەڵێت:
 من نازانم بۆچی دەڵێن، ئەسپ ئاژەڵێكی نەجییە؟
 كۆتر جوانە؟
 بۆ كەس لەقەفەزی خۆیدا داڵ راناگرێ؟
 گوڵی وێنجە چی لەگوڵاڵە سوورە كەمترە؟.
 منیش هەرگیز تێناگەم، بۆ دەبێت هەندێك هونەرمەند جێی مەبەست بن وهەمیشە دەستی یارمەتی و توورەكەی پڕی دەسەڵات لەپشتیانەوە بێ و بۆ هەندێكی تریش عانەیەكی قەڵب و یەك قڕووش نییە؟. من نازانم هەردی وچۆپی بۆ ئەوەندە گەورە دەكرێن؟ نازانم بۆچی هونەرمەندە راستەقینەكان دەتۆرێنرێن ودەڕەتێنرێن؟ تێناگەم وهەرگیز لەم كۆدە زۆر ئاڵۆزە سەرم دەرنەكردووەو نایكەم. ئاخر (كازانتزاكیس) وتەنی "منداڵی بچووكیش خەونی گەورە گەورە دەبینن". بۆچی دەسەڵاتی كوردیی خەونی گەورەی هەندێكمان بچووك بچووك دەكاتەوەو پێیوایە ناتوانین خەونی گەورە ببینین؟ بەپێچەوانەشەوە خەونی بچووك وهەنگاوی بچووكی هەندێكی تر گەورەو گەورەتر وگەورەتر و گەورەتر دەكاتەوە؟ نازانم، خەڵكینە ئێوە خۆتان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە: بۆچی ولەبەرچی هەردی وچۆپی ئەو هەموو زەوییە وەربگرن؟ بۆ كام وەبەرهێنان؟ بەپارەی كێ وەبەرهێنان؟ بۆچی و لەبەرچی؟…..هتد.
 Shamzini79@hotmail.com
 
 1- رۆژنامەی "رووداو" ژمارە "24" رۆژی دووشەممە 15\9\2008 ، لاپەڕە 10.
 

Previous
Next