
ئێمه کوشته‌ی چاوه‌ڕێی چرپه‌ی هه‌واڵه‌کانین ..!
ئێمه کوشته‌ی چاوه‌ڕێی چرپه‌ی هه‌واڵه‌کانین ..!
کامه‌ران عه‌زیز
له جیهانی ئه‌مڕۆدا هه‌واڵ گرنگیه‌کی تایبه‌تی له ژیانی مرۆکاندا هه‌یه ، هه‌واڵ ده‌توانێت ده‌ورێکی به‌ر چاو ببینێت له گۆڕانکاریه‌کاندا ، وه هه‌واڵ ده‌توانێت گۆڕانکاری زۆر خێرا به‌دی بهێنێت و خه‌ڵکی له ژیانێکی ئاسایی ئارامه‌وه به‌ره‌و ژیانێکی نا جێگیر ببات و وه به پێچه‌وانه‌شه‌وه . به‌ڵام هه‌واڵ و جۆری هه‌واڵه‌کان ئاستی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆکان له کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دی به پێی مێژووی پێکهاتن و شێوه‌ی سسته‌م و به‌ڕێوه بردن ده‌گۆڕێت ،. واتا کاریگه‌ری هه‌واڵی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه به‌نده به چۆنیه‌تی جۆر‌و بونی کێشه‌کانه‌وه ، به تایبه‌تمه‌ندی کێشه‌کانیانه‌وه ده‌بزوێن …
له ده‌سته‌ڵاته کۆنپارێز و بیروکرات و نا مه‌ده‌نی و سه‌ربازیه‌کان ، که سه‌رکرده و هێز و سه‌پاندن سه‌رچاوه‌ی بڕیاره و سوكانی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای به ده‌سته‌وه‌یه ، وه بڕیار و ئیراده و سه‌ربه‌خۆیی بۆ هاوڵاتیان له‌م نیزامانهدا نییه ، وه بیر ولۆژیک و پڕۆژه‌ی هاوڵاتیان له لای ئه‌م جۆره ده‌سته‌ڵاتانه‌دا مانا و بونی نییه بێجگه له بڕیاری سه‌رکرده ، ئاله‌م کاته‌دا سه‌رچاوه‌ی گرنگ و کاریگه‌ری ههواڵێش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵات و ده‌سته‌ڵات سه‌نتراڵی خۆی ده‌به‌خشێت به هه‌واڵ و هه‌واڵیش ده‌بێته تاکه ئیلهام و سه‌رچاوه بۆ ژیانی ئێستا و ئایندهی گشت کۆمـه‌ڵگا و کۆمه‌ڵگاش به پێی ئاوازی هه‌واڵه‌کانی ده‌سته‌ڵات شیوه‌ن و شایی ده‌گێڕێت .. ! له سایه‌ی ئه‌م نهزمهدایه سه‌رکرده ده‌بێته مینبه‌ری هه‌واڵه‌کان و به وته و هه‌واڵه‌کانی ده‌توانێت له ساتێکی زۆر کورتا سه‌رابێک له به‌ر چاوی مرۆکاندا دروست بکات ..! مێشکی خه‌ڵک گۆشبکا و کۆمه‌ڵگا به دوای خۆیدا کێش بکات ..! وه سنور و ئاستی ده‌سته‌ڵاتی سه‌رکرده‌کان ده‌توانێت ئاستی کاریگه‌ری و وروژاندنی کۆمه‌ڵگاش به هه‌واڵه‌کان دیاری بکات ، بۆنمونه وته‌و هه‌واڵه‌کانی ده‌می بۆش و پۆتین وئهحمدی نه‌ژادی و ئۆردو‌غان و مالیکی و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی دیاری بکات و گۆڕانکاری به دیبهێنێت…!
کۆمه‌ڵگای ئێمه تا ئێستا که کۆمه‌ڵگایه‌کی به کۆمه‌ڵییه و په‌وه‌ندییه کۆمه‌ڵاتیه‌کانی عه‌شیره‌ت و خێڵ وخزمایه‌تی بره‌وی هه‌یه و بره‌وی پێ ده‌درێت ، وه به هۆی ئه‌و مێژووه پڕ کاره‌ساتانه‌ی که تهی کردوه و تهی ده‌کات له سایه‌ی داگیرکاران و سته‌مکارانی ده‌سته‌ڵاتدار ، هه‌واڵ به‌رده‌وام گرنگ بوه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی بوه بۆ گه‌یاندنی مژده‌ی خۆشی و ناخۆشی ڕووداوه‌کان ، هه‌واڵ به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی داگیر کردوه ، وه به خه‌یاڵ و چاوه‌ڕوانی هه‌واڵه‌کانه‌وه خهودهمانباتهوه… وه هه‌ر به زه‌نگی له ناکاوی هه‌واڵه‌کانیش بێ‌دار ده‌بین ..! هه‌ر بۆیه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وشه‌ی( هه‌واڵ ) بوه‌ته وشه‌یه‌کی مجامه‌له و کولتوری سه‌رزاری هه‌ر یه‌ک له تاکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه و له هه‌ر ساتێکی بهیهکگهیشتنماندا ده‌بێت بپرسین و بڵێین ( هه‌واڵ چییه ؟) ، چونکه هه‌واڵ له هه‌ر شتێکی دیکه زیاتر کاری کردوه و کار ده‌کاته سه‌ر ژیانمان و هیواکانی ژیانمانی پێوه به‌نده ، وه هه‌واڵ بوه‌ته کۆدی په‌یوه‌ندی و گفتوگۆی هاوڵاتیان و ئه‌و که‌سه‌ی هه‌واڵی زیاتری له لابێت له دیوه‌خانه‌کاندا زیاتر ڕووی تێده‌کرێت ..وه ئه‌و که‌سه‌ی هه‌واڵی شاز و گرنگ و جه‌رگ بڕی پێ بێت زیاتر گوێی لێ ده‌گیرێت ..! هه‌ر بۆیه که‌سانی ده‌م به هه‌واڵ له هه‌موو که‌س زیاتر ئۆتۆریتهیان هه‌یه و ده‌وریان به خه‌ڵک شلوق ده‌بێت .
هه‌واڵ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا جیا له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی دی خێراتر ده‌گاته نێو مرۆکان ، ! به تایبه‌ت له‌ئه‌مڕۆدا که ته‌کنه‌لۆژیا کار ئاسانی زیاتری کردوه بۆ گه‌یاندن و توانویه‌تی زیاتر له جاران په‌یوه‌ندیه‌کان نزیکتر بکاته‌وه و سنوری دوور و توندی کۆمه‌ڵایه‌تی تێک بشکێنێت و شار‌و دێ و ژن و پیاوانیش زیاتر له جاران نزیک بکاته‌وه‌و تێکه‌ڵیان بکات به یه‌ک و هه‌موو پێکه‌وه ده‌وریان هه‌بێت له وه‌رگرتن و گه‌یاندن و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان ،. واته ئاستی نزیکی و پته‌وی زیاتری په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تییه که وا ده‌کات هه‌واڵه‌کان هه‌ر زوو بڵاو ببنه‌وه و ئاشکرا ببن و به ده‌م باوه بگاته گشت کۆمه‌ڵگا له پێش بڵاو بونه‌وه‌یان له ڕۆژنامه‌کاندا ..!
لایه‌نێکی تری هه‌واڵه‌کان ئه‌وه‌یه له وڵاتی ئێمه‌دا له به‌ر گرنگی زیاتری هه‌واڵه‌کانی ئانی و ئێستا ، هیچ بایه‌خێک به هه‌واڵی ئاینده نادرێت ، چونکه نا جێگیری و شه‌ڕ و جه‌نگ و ئاشتی کاتی ، ژیانیشی کاتی کردوه و، بێ بڕوایی و ڕاڕایی له ده‌رونماندا دروست کردوه و ئاینده و ئومێدی له بیرماندا کوشتوه ده‌بێت بۆ ئێستا بژین …! ده‌سته‌ڵاتدارانیش ئه‌م ڕاستییه باش ده‌زانن و ئه‌زمونیان له گه‌ڵیدا هه‌یه بۆیه ده‌توانن زۆر به‌ئاسانی به ئاوازی هه‌واڵه‌کان به پێی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یاری به هه‌واڵه‌کان بکه‌ن و به خۆشی کاتی هه‌واڵه‌کان له سه‌ر یه‌ک قاچ سه‌مامان پێ بکه‌ن ..! وه ده‌توانن به ئاوازی هه‌واڵه‌کان هاوڵاتیان هۆگر و نزیک بکه‌نه‌وه له خۆیان و له باسه ئه‌سڵییه‌کانی خۆیانیان دووریان بخه‌نه‌وه و چاره‌نوسی مه‌رگ و ژیانیان ببه‌سنه‌وه به خۆیانه‌وه ، وه هه‌ر به پێی ئاوازی هه‌واڵه‌کان ده‌توانن دۆستی دوێنێ بکه‌ن به دوژمنی ئه‌مڕۆ و دوژمنی مێژوویی خه‌ڵکیش بکه‌ن به دۆست و پشت و په‌نا ..!وه ده‌توانن خه‌ڵک بخرۆشێنن و گه‌رم و ئاماده‌یان بکه‌ن بۆجه‌نگ و خوێن ڕشتن و قوربانی ..! له هه‌مان کاتیش‌دا به ئاوازێکی دیی برایه‌تی ده‌توانن خه‌ڵک له سه‌ر لێواری به‌رگری و گیانفیدایی بگه‌ڕێننه‌وه ..! بۆیه له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌واڵ ده‌توانێت به جارێک کۆمه‌ڵگا بخاته ساتی شیوه‌ن وشایی ، خۆشی و ناخۆشی ، ئومێد و نا ئومێدی …!
له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌واڵه‌کان هێنده خێرا دێن و تێ ده‌په‌ڕن ، نه‌ک ناتوانین نێتی سه‌ره‌تا بێهێنێن و سه‌ره‌تا دروست بکه‌ین..! به‌ڵکو ئاینده‌شمان لێ ده‌شێوێ و لێ ون ده‌بێت ..! له‌م ژینگه بێ ژینه‌دا هه‌موو بڕیار و به‌رنامه‌یه‌ک به‌نده بهههواڵهوه و هه‌واڵ ده‌توانێت مه‌ودای نێوان ئێستا‌و ڕابورد و تێک بدات . دوێنێشمان هه‌ر به هه‌واڵ تهی کردوه بۆیه ناتوانین دوێنێ پێناسه بکه‌ین و بڵێن دوێنێمان به پڕۆسه‌یه‌کی ئاسایی و سروشتی تێ په‌ڕاندوه له نزمه‌وه بۆ به‌رز یان له خراپه‌وه بۆ باش و له باشه‌وه بۆ باشتر ، ئه‌وه‌تا هه‌واڵه‌کانی دوێنێ دیسان جاڕێکی تر له ساتێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا به گوێماندا ده‌چرپێنێت و له نیوه‌ی ڕێگادا توشی دوو دڵمیان ده‌کات و له کۆتاوه ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌ره‌تا ..!. هه‌ر هه‌واڵه‌کانی دوێنێیه ده‌ستی خستۆته گه‌روی سبه‌ینێمان و هه‌ڕه‌شه له ڕووخانی خه‌یاڵه‌کانمان ده‌کات و ناهێڵیت به‌ره‌و به‌رزایییه‌کانی ئاینده‌مان بڕۆین تا دوا نه‌که‌وین و کێشه کۆن و به‌سه‌رچوه‌کانی سه‌ده‌کانی ڕابوردوو چاره بکه‌ین ..!
سه‌یر بکه‌ن چۆن سه‌رچاوه‌ی زه‌نگی هه‌واڵه‌کان به بێ ئاگای ئێمه له سه‌روی خۆمانه‌وه له ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌وه و ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی ئه‌م ژینگه شێواوه‌دا ده‌رده‌چێت..! وه له بیر‌و عه‌قڵ و گه‌رووی باوه‌ڕه کۆنه‌کانی ڕابوردوه‌وه لێ ده‌دا و ده‌چرپێنێت به گوێماندا …! وه له‌و یه‌قینه‌وه ده‌چرپێنێت که به ده‌نگ و ڕه‌نگی تاقانه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوه‌زه‌کانی دی به دوباره‌کردنه‌وه‌ی کوشتن و جه‌نگ و زیندان وسه‌رکوت و به ئه‌نفالێکی دی له نیشتمانێکی وێرانه‌دا بمانسڕێته‌وه …!
08.09.2008
kamaran91@gmail.com
تێبینی : ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی ( ئاوێنه ) له ژماره 139 له ڕۆژی سێشه‌ممه له به‌رواری 16.09.2008 جارێکی تر بڵاوبۆته‌وه .