
ئه‌گه‌ر سۆرانی و بادینی به‌تورکی بخوێنن.. کێشه‌ی که‌رکووکیش هێور ده‌بێته‌وه
ئه‌گه‌ر سۆرانی و بادینی به‌تورکی بخوێنن.. کێشه‌ی که‌رکووکیش هێور ده‌بێته‌وه
له‌مه‌ر بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه
موحسین جوامێر
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی به‌رنامه و چاپه‌مه‌نییه‌کانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده مامۆستا ئاراس نه‌جمه‌دین ، له 10 ی ئه‌م مانگه‌دا، بڕیاری دابه‌شبوونی میلله‌تی کورد به‌سه‌ر دوو زماندا به ئاژانسی ( ده‌نگه‌کانی عێراق ) ڕاگه‌یاند، به فه‌رمووده‌ی ئه‌و : ( دوای گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر زمان و زاری خوێندن له قۆناغی بنه‌ڕه‌تدا، بڕیار درا سنووری پارێزگه‌ی دهۆک به‌بادینی و هه‌ولێر و سلێمانیش به‌سۆرانی، بخوێنن ).. به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی یه‌کسانیی ڕه‌هاش له دابه‌شکردنی زماناندا به‌سه‌ر ( ئه‌بخاز ) و ( ئۆسیتیا ) ی کوردان‌دا، هێژا ئاراس ده‌بێژێت : ( ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ر به پارێزگه‌ی دهۆکن و زمانی سۆرانی به‌کار ده‌هێنن وه‌ک گۆران و به‌رده‌ڕه‌ش، ده‌توانن بیکه‌نه ئیختیاری و به‌ئاره‌زووی خۆیان شێوه‌زارێک هه‌ڵبژێرن.. به هه‌مان شێوه‌ش ناوچه بادینییه‌کانی سه‌ر به پارێزگه‌ی هه‌ولێر وه‌ک مێرگه‌سۆر..).
هه‌روه‌ک ده‌یان جار وتوومه و به به‌ڵگه و نموونه‌ی واقیعیی میلله‌تان باسم کردووه و وێناچیت دوو به‌رپرس و سێ مشوورخۆری وردبین و دووربین، خوێندبێتیانه‌وه، ئه‌و هه‌وڵه‌ی له باکووری عێراقدا بۆ ونجڕونجکردنی زمانی کوردی ساز و ته‌یار ده‌کرا و ئێسته‌ش به‌رده‌وامه، پێوه‌ندیی به هۆکاری په‌روه‌رده و مافی زمان و زاری دایکه‌وه نییه.. ڕێک به‌پێچه‌وانه‌وه، کوده‌تایه‌که و هه‌نگاوی یه‌که‌می دابه‌شکردنی ئه‌م به‌شه بچکۆلانه‌یه‌ی عێراقه به‌سه‌ر کانتۆناتی زار و بنزاراندا، به‌نێوی ( درۆزلهی جووت‌ستاندارد ) که نموونه‌ی ئاوا قێزه‌ون له سه‌رتاپێی دنیادا نه‌بووه و نییه.
گومان له‌وه‌دا نییه، له‌م سه‌ردانه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده هێژا د. دڵشاد عه‌بدوڕه‌حمان ـ دا بۆ چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپی، هه‌روه‌ک له ڕۆژنامه‌کاندا خوێندمانه‌وه، زانیاریی به‌سوودی له‌باره‌ی زمانی ئه‌ڵمانی ـ بۆ نموونه ـ وه‌رگرتووه، که چۆن ئهڵمانیزمانێکی وڵاتی سویسرا یان نه‌مسا ـ ئه‌گه‌ر به زمانی ستاندارد نه‌بێ ـ زه‌حمه‌ت ـ له‌ڕێگه‌ی دیالێکته‌وه ـ له ئه‌ڵمانییه‌کی هاوتوخمی خۆی له وڵاتی ئه‌ڵماندا، بگات.. بگره بۆی هه‌یه فڕه‌نسی بۆ وی ئاسانتر بێت.
وه‌لێ یه‌ک پرسیار هه‌یه، ده‌خوازم عه‌رزی مامۆستا ئاراس نه‌جمه‌دین بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌گه‌ر لێکۆڵینه‌وه عیلمییه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی ده‌قیق له کوردستاندا، سهلماندبێتیان ئه‌گه‌ر منداڵ به زمانی دایک و کووچه وکۆڵان نه‌خوێنێ، ئه‌وی دیکه ئاکامی خاس وه‌ده‌ست نادات، ئه‌ی بیریان له‌وه نه‌کردووه‌ته‌وه که ( زاری سێیه‌م ) هه‌ڵبژێرن و بیکه‌ن به خوشک یا برای گه‌وره، تاکوو پێیه‌وه قوتابییانی گه‌لانی بادینی و سۆرانی له‌یه‌کدی بگه‌ن.؟ چونکه ده‌بێ حه‌لێک هه‌بێت، ده‌نا خه‌ڵکی شیمالی عێراق له به‌رانبه‌ر یه‌کدا؛ که‌ڕوڵاڵ ده‌بن.. مه‌سه‌له‌ن زمانی تورکی، که مه‌کته‌به‌کانی ( ئشک ) چ له دهۆک، یان له سلێمانی یان له هه‌ولێردا، سه‌لماندیان که تورکی بۆ قه‌ومی سۆران و بادینان له کوردی ئاسانتره.! بۆ عه‌یبه ئه‌گه‌ر بکرێ به زمانی ڕه‌سمیی هه‌موو گه‌لانی ئه‌و ناوه، یان هه‌ر زمانێکی دیکه.؟
جگه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه ـ به‌م هاوزمانییه تورکییه ـ کێشه‌ی که‌رکووکیش له‌نێوان تورکمان و سۆرانییاندا هێورتر ببێته‌وه، چونکه زمان پردێکی به‌هێزه بۆ هاوسۆزی و هاوئاهه‌نگی له‌نێو خه‌ڵکیدا. گومانم له‌وه‌دا نییه ئه‌م تێزه ـ بۆ جاری یه‌که‌م ـ زوو هه‌زم ناکرێ و له‌سه‌ر دڵان گرانه، به‌ڵام به‌دیلێکه له به‌دیله‌کان و ده‌شێ گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت، چونکه چارت نییه و مامۆستا ئاراس و جه‌ماعه‌ت قهبووڵاندوویانه که بۆی هه‌یه کلکی حوشتر بگاته ئه‌رز، به‌ڵام مه‌حاڵه سۆرانی و بادینی بگه‌نه‌وه یه‌ک، یان له‌سه‌ر ڕحلهی زمانێکی یه‌کگرتوودا بخوێنن.
سه‌رنج ! له ژماره ( 139 ) ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه
2008/09/12
mohsinjwamir@hotmail.com