Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ئەزمونی شكست

Be First!
by August 7, 2008 گشتی

 
 
  بۆچى پیاوانى وڵاتی ئێمە قەت شكست ناخۆن ؟
 
 تێگەیشتنی هەر مرۆڤێك بۆشكست و دۆڕانەكانی ژیانی , بەشێكی گرنگ و بنەڕەتی هۆشیاری ئەو كەسەمان نیشان ئەدات  , ئەوەى لەساتەوەختی دۆڕانەكاندا مرۆڤ بەكاردانەوەكانی نیشانی ئەدات وێنەیەكی بچوككراوەى تەوای كەسایەتی ئەو مرۆڤەیە , ئیتر بەباش بێت یان خراپ .. پرسیارەكەمان ئەمەیە , چۆن لەگەڵ دۆڕاندا مامەڵە ئەكەین ؟ ئایا وەك ڕاستیەك قبوڵى ئەكەین و هەوڵ ئەدەین ئەزمون و پەندی لێ وەربگرین , یان كەلەڕەقانە بازی بەسەرا ئەدەین و واخۆمان نیشان ئەدەین كە هیچ گرفتێكمان نیە و هەموو شتەكان بەباشی ئەڕوات . دیارە  كەس حەز لە شكست و دۆڕان ناكات , كەسێك نیە بتوانێت بێزارى و نیگەرانی خۆى بشارێتەوە لەو ساتانەی  وەك دۆڕاو لەپڕۆسەكان دێتە دەرەوە , هەموومرۆڤێك كە لە بونی خۆى ڕائەمێنێت , وائەزانێت لەبنەڕەتەوە ئەو هەر بۆئەوە كراوە بەردەوام سەركوتوو بێت , قەت نەدۆڕێت و شكستى خۆى تاقی نەكاتەوە , بەڵام ژیانی واقعی بەجۆرێكی ترە و زۆر جار شتێكی ترى نیشان ئەدات , ئەنجامی كارەكانی بەجۆرێك ئەكەوێتەوە ئەو بەشكستەوە لێی دەر ئەچێت , تائێرە  شتێكی ئاساییە , مرۆڤ بەسروشت وەهایە و هەمیشە حەزی لەسەركەوتنە , بەڵام بێ گومان هیچ كەسێك نیە لەم دنیادا لەهەموو كات و شوێنێكدا و لەهەموو كارێكیدا هەر سەركەوتوو بێـت , مرۆڤێك نادۆزینەوە تەواوی ژیانی هەر سەركەوتن بێت , هەمیشە ئێمە لەشوێنێكدا تێك ئەشكێین بۆئەوەى لەشوێنێكی تردا سەركەوتوو بین , لەبوارێكدا توشى نائومێدی ئەبین ئەوسا ڕوئەكەینە بوارێكی تر بۆئەوەى خۆمانی تیا بدۆزینەوە . چیرۆكی ژیانی هەر مرۆڤێك پڕە لەشكست و سەركەوتنی یەك لەدواى یەك  , هیچ سەركەوتنێك نیە كە بەشوێن تاڵى شكستێكی نائومێدكەردا نەهاتبێت , هەمیشە شكستەكانیش بەشێوەى كوتوپڕى و چاوەڕواننەكراوییەوە surprise  لەژیانی ڕۆژانەماندا خۆیان مەڵاسداوە .  هیچ داهێنەر و بلیمەتێكی ئەم جیهانە نادۆزینەوە كە گرێى چەند شكستێكی قوڵى ژیانی خۆى نەبردبێتە گۆڕەوە  , ئۆرهان پاموك لەوێنەكێشاندا شكست دێنێت ئەوسا ڕوئەكاتە ڕۆمان نوسین و ئەبێـتە داهێنەرێكی گەورەى بوارەكە  , ئەرنست هەمەنگواى دواى برینی خۆشەویستیەكی تێكشكاو ئەبێتە داهێنەرێكی گەورەى ئەدەبی جیهانی , ئەمە چیرۆكی ژیانی هەموو ئەو كەسانەیە كەئێمە وەك داهێنەر و بەهرە دار و سەركەوتوو تەماشایان ئەكەین ..
 كەواتە گرفتی ئێمە لەوەدا نیە كەشكست دێنین , بڵكو كێشەمان لەگەڵ  ئەو گرێ دەرونیە نەخۆشەدا هەیە كە ڕێگەمان پێ نادات دان بەشكستەكاندا بنێین  , داواى لێبوردن بكەین , ناهێَڵێت سەر بە غرورى نەخۆشانەمان نەوی بكەین و ئەو بوارە جێ بهێڵین كە ئەگەرى سەركەوتنمان تیایدا لاوازە ,  بۆئەوەى بچین لەشوێنێكی ترو بوارێكی تردا  كە لەگەڵ و زەوق و توانایى و سەلیقەى ئێمەدا ئەگونجێت بۆسەركەوتن بگەڕێین .
 ئەم نەگبەتیە لاى دوو توێژی كۆمەڵایەتی زۆر بەزەقی و ڕونی دیارە : یەكەمیان  ئەنتلجنسیای كوردیە .
  دووەمیش سیاسیەكان و كاربەدەستانی وڵاتە .
 ئەوكاتەى لیستى ناوی ئەوكەسانە بڵاوكرایەوە كە بەقەڵەمەكانیان ڕۆڵیان هەبوو لەخۆشكردنی ئاگرى شەڕى ناوخۆدا , هەمووان چاوەڕێى پەشیمانی نوسین و داواى لێبوردن كردن بووین , كەچى نەك هەرشتی وامان نەبینی بەڵكو بەشێكی زۆریشیان هەر ئامادەنەبوون لەهەڵوێستە هەڵەكەیان پاشگەزببنەوە  . لەلاى سیاسیەكانیش تێبینی ئەوە دەكەین كەس هێندەى ئەوان ترسنۆك نیە لەداننان بەشكستەكانیدا , شكست و دۆڕانی ئەم دەستەبژێرە هەمیشە دواى ماوەیەكی زۆر بەسەر تێپەڕینیدا , ئەبێت مێژونوسەكان بێن ئاشكراى بكەن , قەت نابینرێت خۆیان دان بەشكستێكیاندا بنێن و داواى لێبوردن لەو كەسانە بكەن كە باجی هەڵەو شكستەكانی ئەوانی داوە  , وەك ئەوەى وەزیرى جەنگی ئیسرائیل دواى هێرشەدۆڕاوەكەیان بۆسەر حیزبوالله  ساڵى 2005  كردی .  بەڵام سیاسیەكانی كورد لەبەر ئەوەى گرێى خۆبەكەم زانینیان هەیە قەت چاوەڕێى ئەوەیان لێ ناكرێت دانپیانانێكی وەهامان نیشان بدەن . ئەوان شەڕى ناوخۆیان كرد , دەستى داگیركەرەكانی كوردستانیان هێنایە وڵاتەكەوە , خراپترین و گەندەڵترین و لاوازترین حكومەت و بەڕێوبەرایەتیان هەیە  , بەدانپیانانی خۆیان " دەرفەتی باش و زێڕینیان بۆچارەسەرى پرسی كەركوك لەدەستدا ",  چونە هاوپەیمانی و تەكەتولاتی  بێ سودەوە , كەچى تائێستا كەس نەیبیستووە یەكێكیان بێت و بڵێت ئێمە هەڵە بوین , لاواز بوین , حسابات و لێكدانەوەكانمان خراپ بوو , بۆیە تێكشكاین و داواى لێبوردن ئەكەین .. باوەڕناكەم هەرگیز یادەوەرى ئێمە ئەو ڕۆژە فەرامۆش بكات كە ڕێزداران تاڵەبانی و بارزانی لەدانیشتنی یەكخستنەوەى پەرلەمانەكەى پێشتردا , ئەو كاتەى ئەبوایە داواى لێبوردن لەخەڵكی كوردستان بكەن بەهۆى هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆوە  , مام جەلال گوتی " گەر دادگاییەك دابنێن بۆ محاكەمەى شەڕى ناوخۆ منیش و كاك مەسعودیش بێ تاوان لێى دەرئەچین " . دیارە خوێنەرى كورد پێویستى بەئارگیۆمنتی ئەو ڕاستیە نیە   كە PUK   و PDK  لەو جۆرە حیزبانەن هیچ بڕیارێكی بچوك و ئاسایشیان بەسەردا تێناپەڕێـت بێ سەرۆك و كەسى یەكەم , كەچى دواى ئەوهەموو كاولكاریەیش كەسى یەكەم هەر خۆى بەبێ تاوان ئەزانێت !
   لەسەختی قورسایى ئەم كێشەیە لاى سیاسیەكان , دیسانەوە هەرئەكتیڤیستە ڕۆشنبیریەكان بەرپرسن ,  ئەوەى كێشەكەى ئاڵۆزتر و ترسناكتر كردووە , تابورى ئەو میدیا كار و شاعیر و ڕوناكبیرە دووڕو (منافق ) ا نەیە كەبێ پشو خەریكی فرۆشتنەوەى ئەم شكستانەن وەكو سەركەوتن , وەك حیكمەت و تاكتیكی سیاسی , بێ لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستیەى كە  سیاسیەكانیش هەر وەكو ئێمە مرۆڤن و كار ئەكەن و قابیلى ئەوەن توشى هەڵەو شكست و دۆڕان ببن , بەتایبەتی سیاسیەكانی كورد , چونكە لەو تایپە سیاسیانەن كە زۆر بەكەمی  پرس و ڕاوێژ بەدەور و پشتەكەی خۆیان ئەكەن , ئەم خولیا كاریزماییەش واى لێكردون هەمیشە ئامادەباش بن بۆ هەڵەى گەورە وشكستى گەورە .
  جوانترین تایبەتمەندیەك لەنەریتی وەرزشكاراندا قبوڵكردنی شكستە وەك ئەنجامێكی ئاسایى یاریەكە , بەردەوام گوێمان لێیە كە ئەوترێت (بەڕۆحێكی ڕیازیەوە ) ئەنجامی دۆڕانەكەیان قبوڵكرد . بەڵام بۆنەگبەتی زۆر جار وەرزشكارانیش لەوڵاتە دواكەوتووەكانی هاوشێوەى خۆماندا هەر وا لەم خەسڵەتەجوانەى وەرزشوانی بێ بەشن , كەم نین ئەوجارانەى گوێبیستی هەواڵى ئەو ئاژاوەو گیرو گرفتانە ئەبین كە لایەنگرانی تیپێكی دوو گۆڵى لەئەنجامی دۆڕانی تپەكەیانداكردویانە , كەواتە لەناو وەرزشدۆستانیشدا ئێمەهەر كێشەى خراپ تێگەیشتنمان بەرامبەر شكست هەیە .
 وەك چۆن بینینى كتێبخانە تایبەتیەكەى كەسێك ئاستی ڕۆشنبیرى و خەیاڵ و زەوقی ئەو كەسەمان نیشان ئەدات , یان دەرمانخانە تایبەتیەكەى تەندروستى و هاوڕێ كانیشى چۆنێتی كەسایەتیەكەیمان نیشان ئەدات , بەهەمان شێوە  مامەڵەكردنى هەر كەسێكیش  لەگەڵ شكت و دۆڕان و هەڵەكانیدا , هەم جۆرى تێگەیشتن و عەقڵیەت و ڕۆشنبیرى  كەسەكەمان نیشان ئەدات , هەم ڕادەى ڕاستگۆیى و ڕەوشتیشى .  muhemedhusen@yahoo.com
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply