سوعاد زینده‌سووتێنراو
Souad
Burned Alive
"… بیستبووم، کچێکی گه‌نج سکی هه‌یه، خه‌ڵکی لادێیه و له‌لایه‌ن که‌سوکارییه‌وه سووتێنراوه. ئێستا له خه‌سته‌خانه‌یه و چاوه‌ڕوانی مردنی ده‌که‌ن. ئه‌م به‌سه‌رهاته، بوو به مۆره و چووه سه‌رمه‌وه. له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک هه‌رگیز به‌لای کێشه‌ی وه‌هادا نه‌چووبووم، به‌ڵام له دڵی خۆمدا وتم: ده‌ی جاکلین، کۆنهکچ، ده‌بێت به چاوی خۆت بیبینیت، چی ده‌گوزه‌رێت." بیره‌وه‌ری جاکلین، ئه‌ندامی ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستی فه‌ڕه‌نسی به‌ناوی، دێس هۆمێس.
"… چووم بۆ خه‌سته‌خانه، چوومه ناو ژوورێکی گه‌وره‌وه، که دوو جێگای نه‌خۆشی تێدا بوو، هه‌ر یه‌که‌ی کچێکی له‌سه‌ر بوو. یه‌کسه‌ر زانیم، ئه‌مه به‌شێکی جیاکراوه‌یه، شوێنێکه بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که نایانه‌وێت، ببینرێن. ژووره‌که زۆر تاریک بوو، دوو جێگای تێدا بوو ئیتر هیچی تر. که بینیم دوو کچی لێیه، به سستهرێکم وت، من به‌دوای کچێکهوهم که به‌م زووانه منداڵیبووه. سسته‌ره‌که به ساردییه‌که‌وه هێمایه‌کی بۆ یه‌کێک له جێگاکان کرد، ‘ئــهوهیانه.’
… هه‌موو که‌سێک هه‌ست به پهژارهیییهکی زۆر ده‌کات بۆ دایک و باوکی کچه‌که، نه‌ک بۆ کچه‌که …." له یاده‌وه‌رییه‌کانی جاکلین.
کات: کۆتایی ساڵه‌کانی حه‌فتا، یان هه‌ر سات، خوله‌ک، کاژێر، ڕۆژ، مانگ و ساڵێک.
شوێن: خه‌سته‌خانه‌یه‌ک له که‌ناری ڕۆژئاوای فه‌له‌ستین، یان ده‌کرێت هه‌ر خه‌سته‌خانه‌یه‌کی تر بێت. له خه‌سته‌خانه‌ی لاهوری پاکستانه‌وه بگره تا خه‌سته‌خانه‌ی مه‌زارشه‌ریف له ئافغانستان، دهۆک له کوردستان و ڕه‌بات له مه‌غریب.
کێشه: کوشتنی ناموسی، ده‌کرێت له‌هه‌ر کونوقوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌دا ڕووبدات. له کوێره‌دێیه‌کی وه‌ک چاڵاوی لای سه‌رگه‌ڵوی کوردستانه‌وه بگره تا هه‌ر شارێکی چه‌ند ملوێنی، به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ژێر سایه‌ی ئیسلام.
قوربانی: ســـــوعــــاد، یان هه‌ر ناوێکی تر، به‌ڵام ده‌بێت به زۆری ناوی کچ بێت.
تاوانباران: باوک، دایک، برا، مام، خاڵ یان هه‌ر که‌سێکی تر له که‌سوکاری قوربانی.
به‌ڵێ "هه‌موو که‌سێک هه‌ست به پهژارهیییهکی زۆر ده‌کات بۆ دایک و باوکی کچه‌که، نه‌ک بۆ کچه‌که،" بۆ تاوانباران نه‌ک بۆ قوربانی.
مێژووی مرۆڤایه‌تی زۆر تاوانی گه‌وره‌گه‌وره‌ی به خۆیه‌وه دیوه، به‌ڵام هیچیان ناگات به گه‌وره‌یی تاوانی ناموسی. کوشتنی ناموسی دڵڕه‌قترین تاوانه، که مرۆڤ به‌رابه‌ر به‌خۆی و به‌رامبه‌ر به جگه‌رگۆشه‌که‌ی خۆی ده‌یکات. تاوانێکی بێوێنه‌یه، که ته‌واوی که‌سوکار، به‌وپه‌ڕی خوێنساردییه‌وه کۆبوونه‌وه‌ی بۆ ده‌که‌ن، بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، پلانی بۆ ده‌چنن، کار دابه‌شده‌که‌ن، کێ قوربانییه‌که ده‌خاته داوه‌وه، کێ ده‌یکوژێت و له کوێدا ده‌کرێت به ژێر خۆڵه‌وه. ته‌نیا تاوانێکه، که بکوژان ترسێکیان نییه و سنگ ده‌رده‌په‌ڕێنن و خه‌ڵکانێکی زۆر چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌ده‌ن. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی حکومه‌ته ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانن، ئه‌م تاوانه یاساییدهکهنهوه و ده‌یکه‌ن به کارێکی ئاسایی، هاوکاری که‌سوکار ده‌که‌ن بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه شه‌رعییه، وه ئه‌گه‌ر له توانای که‌سوکاردا نه‌بوو، ئه‌وا خۆیان هه‌ڵده‌ستن به ئه‌نجامدانی. کاتێکیش ئه‌م حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارانه، له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی یهکسانیخوازیدا، پاشهکشێدهکهن و ده‌ست له یاساییکردنی ئه‌م ‘ئه‌رکه پیرۆزه’ هه‌ڵده‌گرن، ئینجا ده‌که‌ونه چاونوقاندن له‌م تاوانانه، وه ئه‌گه‌ر ناچارکران به لێکۆلینه‌وه و دادگایی‌کردنی تاوانێک له‌م جۆره، ئه‌وا لێکۆلینه‌وه‌که به لاڕێدا ده‌به‌ن و دادگاکه‌ش ده‌که‌ن به سولحی عه‌شائیری، یان هه‌ر بڕیارێکی تر، که که‌مترین زه‌ره‌ر به‌ر تاوانباران بکه‌وێت.
کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده یه‌کده‌ست نه‌بوون و نیین بۆ ئه‌نجامدانی تاوانێک وه‌ک تاوانی ناموسی. حیزب و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی، وه‌ک به‌یاساییکردنی ئه‌م تاوانه، پارێزه‌ر و ئیدامهدهری. کۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵک، وه‌ک هانده‌ر و پاڵپشتی تاوانباران و ئه‌م ده‌وڵه‌ته. باوک، دایک، برا و … وه‌ک بکه‌رانی ئه‌م تاوانه. کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز ئه‌وه‌نده دڕنده نه‌بووه، به‌رامبه‌ر به یه‌کێک له پێداویستییه سروشتییه‌کانی مرۆڤ که سێکسکردنه. ته‌نیا له سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا نه‌بێت. له ده‌ورانێکی مێژوویی زووی دایکسالاریدا، که هێشتا په‌یوه‌ندی نێوان سێکسکردن و منداڵبوون ئاشکرا نه‌بوو. کۆمه‌ڵگا له یهکدابڕاوهکان، کاتێک تووشی قاتوقڕی ده‌بوون، به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و تالوکه‌یه، ده‌که‌وتنه ژنکوشتن، تا به‌ر به له‌دایکبوونی منداڵی زیاتر بگرن. ئه‌م ژنکوشتنه ڕیگاچاره‌یه‌ک بوو بۆ به‌رده‌وامی ژیان، له ڕووی ناچارییه‌وه ئه‌نجامده‌درا و به‌دوور بوو له هه‌ر ڕقوکینهیهک.
"… نوشتامه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و کچهیاندا، که له‌وه ده‌چوو توانای بیستنی هه‌بێت. به‌ڵام نه‌مده‌زانی ده‌ست له کوێی بده‌م. چه‌رچه‌فه‌که‌ی نه‌یده‌هێشت بیبینم، کوێی سووتاوه. ده‌مبینی، چه‌ناگه‌ی ته‌واو نوساوه به سنگیه‌وه، ته‌واو گرۆگرۆ بووه. هه‌ر دوو گوێی سووتاون و شتێکی وه‌های نه‌ماوه. که ده‌ستم به به‌ر چاویدا هێنا و برد، کاردانه‌وه‌ی نه‌بوو. نه‌مده‌توانی قۆڵ و ده‌سته‌کانی ببینم، نه‌شمده‌وێرا چه‌رچه‌فه‌که به‌رزکه‌مه‌وه. به‌ڵام هه‌رده‌بوو ده‌ست بۆ شوێنێکی به‌رم تا له بوونی من ئاگادار بێته‌وه. … به‌هێواشی ده‌ستم خسته سه‌ر ئه‌ژنۆی، ئینجا چاوی کرده‌وه.
‘ناوت چییـــه؟’ وه‌ڵامی نه‌بوو.
‘گوێبگره لێـــم. من هاتووم بۆ یارمه‌تی تۆ. ده‌گه‌ڕێمه‌وه و یارمه‌تیت ده‌ده‌م.’
‘ئهیــوه،’ وشه‌یه‌کی عه‌ربییه، به واتای به‌ڵێ دێت، ئه‌وه هه‌موو وه‌ڵامه‌که‌ی بوو. چاوی داخسته‌وه. دڵنیانه‌بووم، منی بینی یان نا.
ئه‌وه یه‌که‌م سه‌ردانم بوو بۆ لای سوعاد."
به‌ڵام سوعاد نه‌مردووه، هه‌رچه‌نده له گیانهڵهدایه. کارێک کراوه، به‌باشی نه‌کراوه و به ئه‌نجامی خۆی نه‌گه‌یشتووه، ده‌بێت ته‌واوبکرێت. نۆبه‌ی که‌سێکی تر دێت، ئه‌م کاره ته‌واوبکات.
"… گوێم له که‌سێک بوو، دوو پێی په‌تیم بینی، کراسێکی ڕه‌شی درێژ، لاوازێکی گۆشت و ئێسقان و تارمایی که‌سێکی بچوکی وه‌ک خۆم. سسته‌ره‌که نه‌بوو، دایکم بوو.
… ‘گوێم لێبگره، کچم. هیوای مردنت بۆ ده‌خوازم، مردنت باشترێکه. براکه‌ت گه‌نجه، ئه‌گه‌ر بێت و نه‌مریت، توشی کێشه ده‌بێت.’
… ‘ئه‌مه (په‌رداخێک زه‌هر) ده‌خۆیته‌وه و ئیتر براکه‌ت توشی هیچ کێشه‌یه‌ک نابێت. ئه‌مه باشتره، بۆ خۆت باشتره، بۆ من باشتره، بۆ براکه‌ت باشتره.’
دایکم له گریان نه‌ده‌که‌وت، منیش هه‌ر ده‌گریام. … ده‌ستێکی خسته ژێر سه‌رمه‌وه و به‌رزیکرده‌وه بۆ په‌رداخه‌که، که به ده‌سته‌که‌ی تری گرتبووی. تا ئه‌و کاته، هیچ که‌سێک هیچ شتێکی نه‌دابوومێ بیخۆمه‌وه. په‌رداخه‌که‌ی له ده‌مم نزیککرده‌وه. به‌لایه‌نی که‌مه‌وه حه‌زمده‌کرد، لێوه‌کانمی پێتهڕبکهم. زۆرم تینوبوو." له بیره‌وه‌رییه‌کانی سوعاد.
ئه‌گه‌ر ته‌واوکردنی کاره‌که، له توانای که‌سوکاردا نییه، ئه‌وا ئه‌رکی داموده‌زگای ده‌وڵه‌تییه ئه‌م ‘ئه‌رکه پیرۆزه’ به ئه‌نجامبگه‌یه‌نێت. خه‌سته‌خانه‌یه‌ک که سوعادی تێدا که‌وتووه، نه‌ک هه‌ر هیچ چاره‌سه‌رێکی بۆ ناکه‌ن، به‌ڵکو به هیوا ئه‌وه‌ن، که ئه‌گه‌ر سووتاندن نه‌یکوشتووه، ئه‌وا برسێتی و تینوێتی بیکوژێت.
مامه‌ڵه‌ی سسته‌ر له‌گه‌ڵ سوعادهکانی خه‌سته‌خانه‌که‌یان ئاوایه.
"… به‌زۆر ههڵێانساندمه سه‌رپێ. له‌گه‌ڵ سسته‌ره‌که ڕۆیشتم. بردمی بۆ ژوورێک، بۆ به‌ر دووشی ئاوه‌که بۆئه‌وه‌ی بمشوات. سسته‌ره‌که پێیوتم، ئه‌وه‌نده بۆگه‌نم لێدێت، که ده‌یه‌وێت بڕشێته‌وه، گریانم به‌خۆم ده‌هات. وه‌ک شتێکی پیسی بۆگه‌ن وابووم، که ده‌یانویست به سه‌تڵه ئاو ڕامبدهن. ئاوه‌که پێستی لێده‌کردمه‌وه، قیژاندم، گریام و پاڕامه‌وه، خوێن به‌سه‌ر په‌نجه‌کانی ده‌ستمدا جۆگه‌له‌ی به‌ستبوو. به‌زۆر منی به‌پێوه هێشته‌وه. … سسته‌ره‌که به ماسکێکه‌وه، ناوبه‌ناو له ژووره‌که ده‌چووه ده‌ره‌وه، ده‌کۆکی و جنێوی به من ده‌دا. نه‌فره‌تم بوو له‌م ژنه، حه‌زمده‌کرد، وه‌ک سه‌گ بتۆپیمایه و له‌و ژنه به‌دوور بوومایه. بۆچی به‌یه‌کجاری ڕزگارمناکات؟ گه‌ڕامه‌وه جێگاکه‌ی خۆم، ده‌سووتام و هاوکات له سه‌رماندا له‌رزم لێهاتبوو. چه‌رچه‌فه‌که‌ی به‌سه‌ردا فڕێدام، ئیتر پێویستنه‌بوو تهماشامبکات. بـــمــــره، نیگاکه‌ی ئه‌وه‌ی پیشانده‌دا. بمره، با بێن و تۆڕتههڵدهنه شوێنێکی تره‌وه." سوعاد و بیره‌وه‌رییه‌کانی خه‌سته‌خانه‌ی وڵاته‌که‌ی.
نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، خه‌سته‌خانه ده‌ست به ڕووی هه‌ر که‌سێکه‌وه ده‌نێت، که ده‌ستی یارمه‌تی بۆ سوعاد دریژبکات.
"… چووم بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ری خه‌سته‌خانه، به‌گه‌رمی پێشوازی لێکردم و له‌وه‌ده‌چوو هاوسۆزیم له‌گه‌ڵدا بکات. بۆم باسکرد، که دوو کچیان هه‌یه و سووتاون، بۆ خۆشم له‌گه‌ڵ ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستدا کارده‌که‌م، که له‌وانه‌یه یارمه‌تییه‌کی له‌ده‌ستبێت بۆ ئه‌و دوو کچه.
‘گوێبگره، یه‌کێکیان که‌وتۆته ناو ئاگره‌وه و ئه‌وی تریان کاری خێزانه‌که‌یه‌تی. ئامۆژگاریت ده‌که‌م خۆت تووشی ئه‌و به‌زمه مه‌که.’
پێموت، که من کاره‌که‌م ئه‌وه‌یه یارمهتیبدهم، به تایبه‌تی به که‌سانێک که هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کیان نییه بۆ یارمه‌تی، وه پرسیارم لێکرد، ئه‌گه‌ر ده‌توانێت، تۆزێک زانیاری زیاترم له‌سه‌ریان بداتێت.
‘نــــا،نا،نا. وریـــابه. خۆت له‌م جۆره کارانه‌دا هه‌ڵمه‌قورتێنه!’" له هه‌وڵه‌کانی جاکلین بۆ ڕزگارکردنی سوعاد.
سوعاد باسی یه‌که‌م دیداری له‌گه‌ڵ جاکلین ئاوا ده‌کات:
"… به‌رده‌وام له‌نێوان له‌هۆشخۆچوون و نیوه به‌خه‌به‌ربووندا بووم، ئاگام له شه‌و و ڕۆژ نه‌بوو. هه‌موو مردنی منیان به ئاواتدهخوازی و چاوه‌ڕێی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێیان ده‌کرد. به‌ڵام بینیم، ڕۆژانێکی دوورودرێژم به به‌ره‌وه ماوه. شه‌و و ڕۆژم هه‌ر مۆته‌که بوو، وه له‌و چه‌ند ساته‌دا که به‌هۆش خۆم ده‌هاتمه‌وه، ته‌نیا حه‌زم ئه‌وه بوو، که به نینۆک ئه‌و پێسته ههوکردووه بۆگه‌نه‌م هه‌ڵکه‌نم. به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌سته‌کانم به هانامه‌وه نه‌ده‌هاتن. جارێکێان له‌و په‌ڕی په‌رێشانیدا بووم، که که‌سێک خۆی کرد به ژووره‌که‌دا. هه‌ستم به بوونی که‌سێک کرد تا ئه‌وه‌ی بیبینم. ده‌ستێک وه‌ک سێبه‌ر به‌سه‌ر ده‌موچاومدا هات، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ریکه‌وێت، ده‌نگی ژنێک هات، به زمانێکی عه‌ره‌بی سه‌یر پێیوتم: ‘من هاتووم بۆ یارمه‌تیدانی تۆ، تێگه‌یشتی؟’ وتم، به‌ڵــــێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕبکه‌م. ئارامم لێههڵگێرابوو له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه، که بووبووه جێگای نه‌عله‌تی هه‌موو که‌سێک. تێنه‌ده‌گه‌یشتم، که‌سێک چۆن ده‌توانێت یارمه‌تی من بدات، به‌تایبه‌تی یارمه‌تی من له توانای هیچ که‌سێکدا نه‌بوو. ده‌مبه‌نه‌وه بۆ لای خێزانه‌که‌م؟ ئـــه‌وان منیان هه‌ر ناوێت. ژنێک له‌سه‌ر ناموس سووتێنرابێت، ده‌بێت وا بسووتێنرێت که بمرێت. ته‌نیا یارمه‌تی من ئه‌وه بوو، له‌و ئازاره ڕزگارمبێت و بمرم. به‌ڵام من به‌و ژنه‌م وت، به‌ڵــــێ، به‌بی ئه‌وه‌ی بزانم کێیه."
به‌ڵێ، "ژنێک له‌سه‌ر ناموس سووتێنرابێت، ده‌بێت وا بسووتێنرێت که بمرێت." به‌ڵام بۆ نه‌گبه‌تی، یان بۆ خۆشبه‌ختی، هه‌ندێک له ژنان له‌م تاوانه‌دا گیانبهدهردهبهن. زۆرینه‌یان تا ئه‌و ڕۆژی به یه‌کجاری ده‌مرن، وه‌ک باقی که‌سانی ده‌وروپشتی خۆیان، مه‌رگی خۆیان به ئاواتدهخوازن. ناچن بۆ دادگا، چونکه بڕیاری دادگا هه‌مان بڕیاری کهسوکارییهتی. لایه‌نێک نییه هانای بۆ به‌رن. ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که به‌ناوی ژنان و ئافره‌تان و خوشکانهوهیه، مه‌ڵبه‌ند، لق و ڕێکخستنی به‌شی ژنانی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن، که هه‌موو خه‌باتییان بووه به لهمپهردروستکردن بۆ بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی و کۆتوبه‌ندکردنی دهستوپای هه‌زاره‌ها جاکلین له ناووه و ده‌ره‌وه‌ی ڕیزه‌کانی خۆیان، به بیانوی ئه‌وه‌ی بهرووڕوون له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی گرنگتر و گه‌وره‌تر و سه‌ره‌کیتر تا کێشه‌یی "لاوه‌کی بچوکی" وه‌ک کێشه‌ی ناموسی. سه‌رئه‌نجام ئه‌م ژنانه بۆ خۆشیان دێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که ئابڕووی خێزانه‌کانیان بردووه. له کونجی ماڵێکدا، گۆڕێکی کاتی بۆ خۆیان و یاداوه‌رییه‌کانیان هه‌ڵده‌که‌نن، تا ڕۆژێک به‌لادادێن و به‌دزییه‌وه ده‌برێن بۆ گۆڕستانی گشتی.
به‌ڵام سوعاد ده‌ستێک له گۆڕ ده‌ریده‌هێنێت و بزووتنه‌وه‌یه‌کی یه‌کسانیخواز، نه‌ك هه‌ر ده‌رگای ژیانێکی تازه‌ی بۆ ده‌کاته‌وه، به‌ڵکۆ بڵندگۆیه‌کی ده‌داته‌ده‌ست تا له جیاتی، پێلاکان، فاتیمه‌کان، به‌نازه‌کان … و هه‌ڵاڵه‌کان هاواربکات، له هاواری ئه‌و ڕۆژه‌ی که له حه‌وشه‌ی ماڵی باوکی‌دا سووتاندییان، به ملوێنه‌ها جار به‌رزتر بێت، تا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ده‌نگبداته‌وه. سوعاد پاش بیست و پێنج ساڵ ده‌که‌وێته هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی بیره‌وه‌رییه‌کانی و له کتێبێک‌دا به‌ناوی (زینده‌سووتێنراو) یاداشتی ده‌کات.
(زینده‌سووتێنراو) به‌سه‌رهاتی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کێکه له هه‌زاران قوربانی تاوانی ناموسی، بیره‌وه‌ری گیانبهدهربوویهکه په‌رده له‌سه‌ر ڕاستییه‌کانی ئه‌م تاوانه هه‌ڵده‌داته‌وه، شایه‌ت حاڵێکی که‌موێنه‌یه له دادگایی‌کردنی ئاین، یاسا، داب و نه‌ریتی کۆنه‌په‌رستانه و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی، که پارێزه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م یاسا و داب و نه‌ریته ژنکوژییهیه.
(زینده‌سووتێنراو) له‌لایه‌ن (سوعاد)ه‌وه، به زمانی فه‌ڕه‌نسی نوسراوه و بۆ ته‌واوی زمانه نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کان وه‌رگێڕدراوه. ئه‌م کتێبه‌م له زمانی ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه، که ئه‌مه ناونیشانه‌که‌یه‌تی:
(Souad – Burned Alive – A citim of the law of mem)
خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئاگادارده‌که‌مه‌وه،(زینده‌سووتێنراو) یه‌کێکه له زنجیره‌یه‌ک کتێب له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی کار و ژیانی ژنان، که وه‌رمگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی کوردی. کتێبه‌کانی تر بریتین له:
(کچــــانی خـــوا – جیراڵدین بروکس) چاپی دووه‌م 2008.
(گوڵێک له بیابانی ئه‌فریقا – واریس دیریه) به‌م زووانه چاپی دووه‌می دێته‌ده‌ره‌وه.
(به‌بێ کچه‌که‌م، هه‌رگیز نا – بیتی مه‌حمودی) به‌م زووانه چاپی یه‌که‌می ده‌که‌وێته بازاڕه‌وه.
(کچه سه‌ماکه‌ره‌کانی لاهور – یاداشتی ڕۆژانه‌ی گه‌ڕه‌کێکی سێکسفرۆشنشین – لویس براون) ئاماده‌ده‌کرێت بۆ چاپی یه‌که‌م.
وه‌رگێڕ
نوری که‌ریم
Nourikarim52@yahoo.com
ته‌مموزی 2008