بهێڵە بمرم!
شەوێك دىَ و
بەدەم وەنەوزەوە دەمرم
ئیدى وا دەزانى بە دیار خوێندنەوەى كازانتزاكیسەوە خەوتووم
وەك جاران بە ئەسپاییەوە بانگم دەكەى
بەڵام ئیتر نە گوێم لێت دەبێت و
نە بە چرپەى ماچەكانیشت بێدار دەبمەوە
بەیانییەك دىَ و
فریاى بینینى خۆر ناكەوم و
چاوەكانم
بە پشكوتنى خونچەیەكى دیكەى باخەكەمان ناكرێنەوە
بوارى ئەوەم نابىَ بەیانى باش لە تۆ بكەم و
ئەوانیش بەر لە چوونە قوتابخانە ماچ بكەم
بەیانییەك دىَ و
ئیدى كەسێك نییە بەر لە بێداربوونەوەت
بەرچاییەكت بۆ حازركا و
گڵاسىَ شەربەتى گێلاست بۆ تێكا
ئەو بەیانییە
ئەوانیش دەبىَ بۆ خۆیان بابۆڵە بكەن
رۆژێك دىَ و
ناتوانى بۆ ئێوارەكەى چاوەڕێى هاتنەوەى من بكەى و
سۆراخى رەفیقان و كارم لىَ بپرسیت
تەنانەت ئەو رۆژە چارەى هیچ رەفیقێكى منیشت ناوىَ
نەبادا لە روخساریاندا من ببینى
نازانم بۆ دەمێكە ترسى مەرگ دایگرتووم
ئىَ خۆ من باكم بەو ژیانە نەبووە تا لە وەیشوومەى مەرگ بسەڵەممەوە؟
خۆ رۆژێك بۆنم بە ئاسوودەیى تەمەنمەوە نەكرد، تا لە بەر مردن راكەم و چارەى عیزرائیل نەبینم
نازانم بۆ
دەمێكە سێبەرى خۆیشم لىَ بۆتە عیزرائیل
كە تەنیام
وا دەزانم لێم نزیك بۆتەوە و داواى تەسلیمكردنەوەى رۆحمم لێدەكات
ئێستا تارمایى مەرگ وا بەسەر خانە خانەى جەستەمەوە و
سێبەرێكە لێم نابێتەوە
نە دىَ ئاسوودەم كات و
نە وازیشم لێدێنێ
بە دڵنیاییەوە دێرێكى دیكەى پاولۆ بخوێنمەوە
دەترسم ئەوە رەنگى بێئومێدییەكانى نێو
دونیاى پووچگەرایى كامۆ بێت
كە ئەو شەوە دواى چەندەمین جار خوێندنەوەى
بە دیارییەوە رۆژم كردەوە و
بڕوام بەوە هێنا مردن باشترین فریادڕەسێكە و
خۆكوشتن ئەوپەرى ژیرى و حیكمەت
سەیرە
عەیامێكە ئارەزووى سەفەر دەكەم و
كەڵكەڵەى گەڕان لە كەللەى داوم
ئیتر با بۆ شوێنێكى نزیكیش بێت
با بۆ ئەودیو حەوشەى ماڵەكەشمان بىَ
كە لە بۆنى تەنیایى و غەریبى زیاتر
بۆنى هیچى ترى لێ
نایەت
با بۆ بەردەم دوكانى (بەهرام)یش بێت
كە ئێواران رستێك گەنجى بێهوودە لە چاوەڕوانى مەلاى مەغریبدا
ساتەكانى تەمەن و چركەكانى ژیانیان بە لەعنەت دەكەن
با بۆ سەر خەرەندى كانگاى ئەفسانەكانى عەشقیش بێت
ئەو عەشقانەى بە ناكامى خۆیان بە كەزییەكانى ئەو هەڵدێرە شۆڕ كردەوە و
هەرچى خەونى ژیانیان هەبوو لەوێدا هەڵیان واسى و خنكاندیانن
سەیرە تۆ بڵێى ئەو ئارەزووى سەفەركردنەم
بۆ خۆى گەڕان نەبىَ بە دواى مەرگێك
بۆ ئەوەى لەو هیلاكى دونیایەدا پشووم پێبدا؟
ئەجەل چ گەڕیدەیەكى عەجولە
بۆچ پەى بە ماڵى هەمووان دەبا و
نەهات لە ماڵى رۆحم بێتە ژوور؟
ئیدى بەرگەى ئەو هەموو نابودییانەى ئێرە ناگرم
ئێستا بە باوەڕەوە
بە عەشقەوە
بە چاوەڕوانییەكى لە راددەبەدەر و
بە شەوقەوە بۆ دیدارى عیزرائیل
ئەو دێڕانەى (بۆدلێر) دەڵێمەوە
"من خۆم دەكوژم و باكم بە ژیان نییە،
خۆم دەكوژم چونكە تواناى ژیانم نەماوە،
بێزار و ماندووم لەوەى هەموو شەوىَ بنووم و سبەینىَ لە خەو هەستم..
بە راستى لەو عادەتە بێزار بووم.
من دەمەوىَ یەك جار و بۆ هەتا هەتایە بنووم.
خۆم دەكوژم، چونكە باوەڕم وایە من نەمرم و تەژیم لە هیوا و ئومێد".