Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

ئەهریمەنی وڵاتی دزستان خەتابارە ..!

Be First!
by May 10, 2008 گشتی

  توێژەری كۆمەڵایەتی : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ  …….
 بەشی یەكەم …….

 + ئەی دزی نەفرین ، ئێستا من بەدیار چرایەكەوە، تەم و دوكەڵ كوێری كردووم ..دڵیشم لەنێو وردە شوشە و دڕكەزیدایەو وەختە دەتەقێ ،گەرتۆ نەبیت بۆ ئەم هەموو تەنكی ئاوە سەربان و بن بانمان لێدەتەنێ و چاویشیان كوێرە بۆ چۆڕێ ئاو ..!
 – پێش دەركەوتنی تۆ كێ تەنكی و تەنەكە و دەبە و تەشتی بەبیردا دەهات بۆ پڕ كردن و چاەچنۆكی لە پڕكردنی ئاودا ..كێ مزەخەو ماتۆڕی ئاوی هەبوو ..تا هەر خۆی بیر بێت و دراوسێش چش ..!؟
    – خەتای تۆیە كە چۆڕێ ئاوی شیرین و پاكمان نییە بیخۆینەوە ..كە ڕیشی پێبتاشین ..خەتای تۆیە لە گەرمادا پڕووكاوین وكارەبامان لێبووەتە ئەستێرەی سیوەیل و مناڵیش هاواری بۆدەكات !ئێستا ئێمەی دوێنێی مەدەنی و شاریی ، بە دەبە و تەنەكە و تەنكی و بەرمیل و مزەخە و فڕكە فڕكی گۆڕكێی كارەبای موەلیدە و پارەدان و خەرجی و مەسرەفی زۆری لابەلایی كە هەمووی ئەركی سەرشانی تۆیە ،ئێمە ئێستا لە شێخە پەڕۆ دەچین ،ئەوەندەمان شتۆكە و تەنۆكە و دەبۆكە لە خۆمان خڕكردۆتەوە .. ئێمە ئاشق بە تاریكی و نوتەكی و بێئاوی بێبارانی و بێسوتەمەنین ، تازە ڕاهاتووین و ئەستەمە چاومان پڕبێتەوە ..!
   + كاتێ تۆی ئەهریمەنی دزان دەركەوتی ،ئیدی ڕێز و حورمەت بە قودرەتی قادر كاڵبۆوە ، گەورە كەوتۆتە لای خوار و بچوكی گرگنی دز و داوێن پیس لای ژووری گرتووە و خاوەنی كورسی و مێزە ، مۆنیكای لە ژێردایە و لە ڤێلادا دەژی ..لە بۆرە پیاویش نەبێت لە ئۆمەتی موحەمەد ناچێ !
     پیر و پەككەوتە لە بن هەیوانی پەراوێزیدان ، یان لەسەر شەقامەكانن یان لە كۆڵانە پڕچاڵوچۆڵ و خۆڵاوییەكانی دزستانی ئازادن ، یان وا لە خەڵوەتگەی پیریدان و بێناز كەوتوون و كەسوكاریان ڕەفز و كارتی سووریان بۆ دەركردوون …!
   + ئای دزی بێوەفا و بێویژدان ، چیت لەم نیشتمانە جوانە كرد ؟ كۆڵانەكانت هەر بۆنی كاتی زەعیم سدیق و مەلیكە چكۆلی لێدێت ..لە كۆڵانەكانی بەنگلادیش و پاكستان  قەشەنگتر نین .. وەختی خۆی لوبنان شكێن بوو ، داخت بەجەرگم !
 – وەلی ئەمێستا مۆزەمبیق و سۆماڵ شكێنیت داخت بەجەرگی دزان !!
  + سووچی تۆیە ژیانی دەم كۆڵانمان لە قەبرستان دەچێت .. نە باخچەیەك دڵ خۆشدەكات .. نە دارو درەخت و سەوزاییەكانی .. چش لە باجچە و گوڵزار و نێرگسەجاڕ ، كرێچێتی كوشتووینی ، ئەی ئەهریمەنانی دزستان ..بە ملیۆنان لە كڵولأ و نەدار وهەژار و كەمدەرامەت كە زۆرینەی ولاتی نەوتن ، دەبێت دووموچە و سێ موچەیان بۆ كرێ دابنێن و هێشتاكە ساحێب ماڵ و خانوو بۆلأەی دێت ..!! بۆ میوە و میوەجاتە سوور و سەوز و زەردەكانیش كە بازاڕیان تەنیوە وەكو سەگەكەی پاڤلۆڤ هەموومان سەیری پشتی سەیارە و پیكاب و مۆنیكای ئەهریمەن و فیرعەونە دزەكان دەكەین .. مناڵانی ئەوان پاش تێر بوون و وەڕز بون لە مۆز و لە گێلاس و لە هێنگی دونیا دەیدەنە بە شەق ..!
 – كێ نرخی بازاڕی گەیاندۆتە كەشكەلانی فەلەك ؟
  كێیە سەرپێچیكاری نرخ و یاریزانی نرخبازی ناو بازاڕ و بازرگانی و ئابووری دزستان ؟
 + بێگومان دزەكان !
 – كێیە لێـــــپرسینەوەی قبوڵ نییە و بە پێی یاسا ناڕوات بەڕێوە ؟بۆچی چەند ساڵە یاسای یەك نرخیی و هەرزانكردن و باشتركردن و كۆنتڕۆڵكردنی جۆریی شمەك و خۆراكمان بۆ ڕێكناخەن و بۆ چارەسەر ناكەن و وەكو ولاتانی دەرودراوسێ بۆ دابین ناكەن ؟؟
 + بێگومان ئەوە ئەهریمەنانی دزو دزستانن كە مرۆڤیان لا وەكو قالۆنچە و دەعبا وایە ..ئەوەی بیری لێناكەنەوە مرۆڤە و نرخی مرۆڤە ..بیر لە ژیانی زۆرینەی هەژاران و نەداران ناكەنەوە ..! مرۆڤ نەبۆتە ئامانج و مەبەست و ئاوات .. مرۆڤ لای دزی بێنرخ ، بێنرخە …. مرۆڤی گەورە و ئینسانی گەورە (گۆران وتەنی : بێهیوا ناژی هەرگیز بەڵام چرا و ئاو و ماڵی حەساوەی نییە مرۆڤ و ئینسانی مەزن .. ئەوەی هەموو شتێكی هەیە و لێشی بێزارە ..تەنها و تەنها ئەوانەن كە بۆرە پیاون .. ئەوانەن كە دز و بێویژدانن !! چی دەگوزەرێ لە بواری پەروەردە و  تەندروستی و ئاوەدانی ونیشتەجێ وكاروباری كۆمەڵایەتی و ژینگە و رۆشنبیری و بازرگانی وچی وچی تردا ..سیخناخن لە كەمتەرخەمی و قەیران و كەموكوڕی ولە پاشاگەردانی .. لە دواكەوتن و لە چەقبەستوویی …دووهۆكاری گەورە لە پشتییەوەن : دزی و لێنەپرسینەوە لە دزان و ئەهریمەنەكانیان خەتابارن !
 قوربانی دەستی ئەم ئەهریمەنە رمووزنە چاوچنۆكە ، بێگومان منداڵ و پیر و ژنانن بە پلەی یەكەم ،كە بە مردن و بە نەخۆشی جەستەیی و دەروونی تەواو دەبێت ..كە پاسادانی ئەم قسەیەشمان ئەوەیە كە كوردستانی ئازاد ئەمڕۆ لێوان لێوە لە نەخۆش و لە كەنەفت و لە بێزار و لە تووڕە ..بێئومێی و بێباوەڕی و خودا و تێوری نەناسین و رەشبینی باڵی خۆڵەمێشی بەسەر ژیان و چیرۆكی ئادەمیزادی ئەم دەڤەرەی رۆژەڵاتی ناڤیندا كێشاوە .. نرخی مرۆڤـــ زۆر دابەزیوە .. ئەهریمەنی دز وای لێكردووە گەیشتۆتە نرخی جووتێ پێڵاو و لە هەندێك بۆرسەی ئەم ناوچانەدا مەخابن ،كەمتریشە و بێبەهاتریشە ..!!
 ئەهریمەنی دزستان ، وەكو ئادەمیزادی سەدەی بیستویەك بەچكە و وەچەی زۆریان هەیە و لە شێوە و لە سیمادا كتومت لە خۆیان دەچن و دەڵێَی هەر بەدەم دایانناون !!بەڵام تۆزێك بچوكتر و گرگنتر و جاهیلتر و رەزاقورستر و داوێ پیستر و دەست پیستر و چاوباشقاڵتر و زۆرزانتر و دووڕووتر و كاسەلێستر و ترسنۆكتر و زمان درێژتر وبۆرە پیاوتر و نانەجیبتر و سپڵەتر و گیرفان و بەرك گچكۆكەترن !!
 لە وڵاتی دزستاندا ، منداآن و نەوجەوانان و لاوان زۆر هەناسەساردن و لە بن گوێسوانە و بەرهەیوان و لاسەكۆی بەردەرگا شكاوەكان و لاكۆڵان و كەلاوە و دەم شەقامە تۆزاوی و خۆڵاوی و جادە كوڵاوەكانی هاویندا خوێڕی و بەرەڵا و بێنەوا و بێكەس و هەتیو  ، تلۆر ….تلۆر ، بەرەو هەڵدێر .. بەرەو خەرەند و هەرەس تل ئەبنەوە ..لە نێو تۆز و چڵك و پیسی و چەپەڵی و نەگرسی و بەدبەختی و جنێو و بەردەفڕكێ زمان دەرهێنان و دەمەلاسكەدا نوغرۆن نوغرۆ ….!!
 هەندێكیان حەماڵ و فیتەرن ..هەندێكیان عەلاگە فرۆش و سیدی و دیڤیدی فیلمی رووت فرۆشن ..!ئەو فریشتە بێگوناهو مەعسومانەی ئەمڕۆ و پیاو و سەركردەی سبەینێی وڵاتی دزستان ، ئاوەها گۆشئەكرێن ..پەروەردە ئەكرێن و بۆ ئاییندە ئامادە ئەكرێن ..ئەوەش بێگومان خەتای ئەهریمەنی وڵاتی دزستانە !!
 زستانی / 2008
 
 * شایانی وتنە ئەم وتارەم بە ناونیشانی – زەمەنی بۆرە پیاو –ەوە  نزیكەی سێ مانگ لە رۆژنامەی هاوڵاتی بوو ، داخی گرانم لەبەرچی بوو ، نازانم ، بڵاویان نەكردەوە ..!
 
 ماویەتی …..
 
 

Previous
Next

Leave a Reply