Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
بارودۆخی بزوتنەوەی ژنان و ئاستەنگەکانی

بارودۆخی بزوتنەوەی ژنان و ئاستەنگەکانی

Closed
by March 3, 2013 ژنان

 

 

 

  ژنان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەردەوام یەکەمین قوربانیەکانی کار، شەڕ، تاڵان، ناسیۆنالیزمی توندڕەو، توندوتیژیە خێڵەکی و دینیەکان بوون و چەوسێندراونەتەوە، کە ئەمە دوو لایەن دەگرێتەوە: یەکەمیان قوربانیانی سیستمی سەرمایەداری وەکوو کرێکارێک لەژێر گوشاری خاوەنکار و سەرمایەدا، دووهەمیان: قوربانیانی سیستمی پیاو سالارانە وەک ژنێک و موڵکی پیاو لەژێر چەپۆک و خواستەکانی باوک و برا و مێرد و خێزاندا.

  بزوتنەوەی ژنان و هەڵسوڕان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان لەگەڵ مێژووی سەرهەڵدانی هۆشیاری چینایەتی کۆمەڵگا دەستی پێ کردووە و هەتا ئەمرۆکەش هەر بەردەوامە و لە خەباتێکی بێ پسانەوە دابووە بە کەم و زۆرەوە. بە نزیک بوونەوە لە ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن و بە یادکردنەوەی هەموو خەباتکاران و شۆرشگێران و داکۆکیکارانی سوسیالیست و کۆمۆنیستی مافەکانی ژنان، من لێرەدا زۆر بە کورتی باسی ئەو بزوتنەوەیە دەکەم لە کوردستان و هەندێک لە وڵاتانی جیهان و دەوروبەری کوردستان، هەڵبەتەنئەو وڵاتانەشم بۆیە هەڵبژاردووە چوونکە کەم تا زۆر کاریگەری خۆیان لەسەر کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە بمانەوێت یا نەمانەوێت هەبووە.

  ٨ی مارسی ١٨٥٧ ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە کارخانەکانی ئەمریکا لە شاری نیۆیۆرک هاتنە سەرجادەکان و هەستان بە سازدانی خۆ پیشاندانێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر بارودۆخی خراپ و نالەباری ژیانیان و کەم بوونی حەقدەستەکانیان لە بەرنابەر ١٢ کاتژمێر کار لە رۆژدا، ئەمە بووە هۆی تێکهەڵچوونی بێ ڕەحمانەی پۆلیس لەگەڵ خۆپیشاندەران و سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و دەستگیر کردنی زۆرێک لەو ژنە خۆپیشاندەرانە لەلایەن پۆلیسەوە. ئەم مەسەلەیە بووە هۆی ئەوەی ژنان زیاتر لەگەڵ ماف و خواست و داخوازیەکانیان ئاشنا بن و درێژە پێدەری ئەو نارەزایەتیانە بن. ئەم هەڵسوڕانانە بە شێوەی ئاشکرا و شاراوە درێژەی هەبوو تا لە ٨ی مارسی ساڵی ١٩٠٧ کە بە داخوازی ١٠ کاتژمێر کار لە رۆژدا ژنان هاتنە سەر جادەکان، ئەمجارەیان کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیاو و ژنانی چینەکانی تری کۆمەڵگاش چوونە پاڵیان، ئەم خۆپیشاندانەش لەگەڵ سەرکوتی دڕندانەی پۆلیس و حکومەت ڕووبەڕوو دەبێتەوە و زۆرێک لەو ژنە خۆپیشاندەرانە دەستگیر دەکرێن.

  لە ئاکامدا لە ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆپنهاگن، لە دووهەمین کۆنفرانسی ژنانی سوسیالیست لە ئەوروپا کە تێیدا سەد ئەندام لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە بەشداریان تێدا کردبوو، “کلارا زتکین” رێبەری ئەو بزوتنەوەیە، رۆژی ٨ی مارسی وەکوو رۆژی جیهانی ژن بۆ رێز گرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەو ژنە کرێکارانەی ئەمریکا پێشنیار کرد، کە لە دواتردا ئەو رۆژە وەکوو رۆژی جیهانی ژن لە سەرانسەری جیهان پەسەند کرا.

 

  هەڵبەتە بزوتنەوەی ژنانی ئامریکا هەر لەوێ کۆتایی پێ نەهات و لە ساڵەکانی ١٩٦٠ بەولاوە زیاتر هەوڵ و تێکۆشانەکانی دەردەکەوێت، ئەم بزوتنەوە شۆرشگێرانەیە کە لە لایەنی کلتووری و ڕۆشنبیری سیاسیشەوە زۆر بەهێز بوو زۆر چالاکی سیاسی و ڕزگاری خوازی و مافی تایبەت بە ڕەگەزی لەخۆ دەگرت کە بەرچاوترینیان مەسەلەی ئازادی ژنان بوو. بە بەرزکردنەوەی ناڕەزایەتی سیاسی بەرامبەر مەسەلەی نایەکسانی و سەرکوتکردنی ناو خێزان و پەیوەندیە کەسیەکان، بزوتنەوەی‌ ژنان کارێکی وای کرد باس ولێکۆڵینەوەی گشتی لەسەر بابەتی وابکرێت کە پێشتر بەمەسەلەی تایبەتی دادەنراو دوور بوو لە هەر بەدواداچوون لێکۆڵێنەوەیەکی گشتی.

 سەرەڕای دەستکەوتی بەرچاوی‌ بزوتنەوەی‌ ژنان و هاتنە دی یەکسانی‌ ژنان وەک ئامانجێک لە زۆربەی بەشەکانی کۆمەڵگای ئەمریکادا، کەچی‌ هێشتا یەکسانی‌ ڕەگەزی نەهاتۆتەدی. بەشێوەیەکی گشتی داهاتی ژنان و مافە کرێکاریەکانی لەهی پیاوان کەمترە و ئەگەری هەژارکەوتنی ژنان زیاترە لە پیاو. هێشتا توندوتیژی بەرامبەر ژنان شتێکی‌ باوە و بیری ئایینی و دواکەوتوانە زالە بەسەر کۆمەڵگادا. بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی منداڵ هێشتا بەشێوەیەکی گشتی لەئەستۆی ژندایە هەرچەندە زۆربەی ژنان لەدەرەوەی ماڵ کاردەکەن بەڵام مەسەلەی چاودێریی منداڵ هێشتا وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی یان خێزانی سەیر ناکرێ. لەساڵانی شەستەکاندا فێمینیستەکان ناڕەزاییان دەردەبری بەرامبەر نەبوونی هاوسەنگی دەسەڵات لە لەنێوان ژن و پیاودا سەبارەت بە  کاروباری ناو خێزان و پەیوەندی کەسییان، بەڵام ئەم مەسەلەیە هێشتا هەر ماوە.

  لە ساڵەکانی دووایدا تێوری‌ فێمینستی‌ کەلەسەردەمێکدا چوستوچالاک و کارابوو، ئێستا زۆر گوێ بە بارودۆخی ژنان نادات و بێ ڕەونەق بووە و سەرنجی خەڵک ڕاناکێشێ. داڕمانی‌ بزوتنەوەی‌ ژنان هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی‌ ڕاستڕەوەکان بۆ سەر  فێمینزم و لاوازبوونی  ڕێکخراوە چالاکیەکانی‌ تر. مافی‌ هاوڵاتیان و بزوتنەوەی ڕەشپێستەکان بەشێوەیەکی‌ بەرچاو لاوازتر و پەرتەوازەتر بووە لەوەی لە چەند دەیەی ڕابوردووی نزیکدا هەبوو. زۆر لە فێمینیستەکان و نوێخوازەکان، حەزناکەن باسو لێکۆڵینەوەی گشتی دەربارەی خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوانە بکەن. بەشێوەیەکی گشتی  لاوازبوونی‌ بزافی‌ ژنان زیاتر پەیوەندی‌ هەبووە بە نەبوونی لۆژیکی‌ پێویست و پشت گوێ خرانی لەلایەن خودی ژنانەوە و قبوڵ کردنی بارودۆخەکە لەلایەن رێکخراو و چالاکوانەکانی بواری ژنانەوە.

***

  هەروەکوو دەزانین ئەم بزوتنەوە فیمینیستی و یەکسانی خوازیانە لە جیهانی عەرەبدا جیاوازیەکی بەرچاوی هەیە بەهۆی هەبوونی دەسەڵاتداران و حکومەتی ئیسلامی لەو ناوچەیە و زاڵ بوونی سیستمی دینی پیاوسالارانەی ئیسلامی بەسەر بیر و هزری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگادا، ژنانی عەرەب هەر لەسەرەتاوە لەژێر گوشار و چەوسانەوە و پەراوێزخراندا بوون کە هەتا ئێستاکەش هەم لەلایەنی ئایینی و هەمیش لەلایەنی کلتووری و کۆمەڵایەتیەوە لەژێر سەرکوت و گوشاردان، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەوێش ژن لە خەباتی ڕانەوەستاوە و پاشەکشەی نەکردووە و بەردەوام لە خەبات لە دژی ئەو زوڵم و زۆرداریانە بووە. هەمیشە ژنان و خەباتکارانی بواری مافەکانی ژن هەوڵیان داوە کە ژنان بهێننە ناو مەیدانی سیاسەت و بازاڕ و بازرگانی و بزوتنەوە رۆشنبیریەکان کە هەرچەندە بە ناچار لە زۆربەی چالاکی و بزوتنەوەکاندا مۆرکی دینی و کەمایەتی بە تێکۆشانەکانیانەوە دیارە بەڵام دیسانیش ئەمانە دەتوانن دەستکەوتێک بن و هەنگاوی بچووک بن بۆ بزوتنەوەی ژنان لەو ناوچەیە و گەیشتن بە مافەکانیان. پێموایە لە ساڵەکانی دواتردا دەتوانرێت بزوتنەوەی پێشکەوتن خواز و سوسیالیستی ژنان چالاکتر ببینرێت کە خوازیاری لەناو بردنی توند و تیژی دژی ژنان و یەکسانی نێوان ژن و پیاون، ئەو بزوتنەوەیە توانیویەتی دەنگی ژنانی عەرەب بە گوێی بزوتنەوەکانی ژنان لە وڵاتانی ئەوروپایی بگەیەنێت و بەشداری بکات لە کۆنفرانس و کۆبونەوەکانی نێوان رێکخراوەکانی ئەو وڵاتانە. 

  لەم ساڵانەی کۆتاییدا دەتوانین ئەو گۆڕانکاریە ببینین کە خەریکە بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا دێت و هەروەها هۆشیار بوونەوە و ئاگاه بوونی خەڵک سەبارەت بە ماف و خواستەکانیان ببینین لەناو ئەو شەپۆلی نارەزایەتی و خۆپیشاندانانەدا، کە ژنان دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لەو هەلومەرجە خواست و داخوازیەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. هەروەها دەتوانین بزوتنەوەی ژنان و چالاکیەکانیان لەسەر تۆری ئینتێرنێت و جیهانی ڕاستیدا ببینین لەم ساڵانەی دوایدا کە لاپەرەیەکی نوێی لەو بزوتنەوەیەدا هەڵداوەتەوە. ژنان ئێستا لەگەڵ ماف و داخوازیەکانی خۆیان ئاشنان و کەم یان زۆر لە هەوڵ و تێکۆشاندان بۆ بەدەست هێنانی، ئەگەر ڕێگە بە هیچ گەرانەوەیەک بۆ دواوە نەدرێت لە بزوتنەوەکاندا ئەوا بزوتنەوەی فیمینیستی دەتوانێت رێگا بەرەو یەکسانی و ئازادی و بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان هەموار بکات شان بەشان لەگەڵ هۆشیار کردنەوە و ئاگاه کردنەوەی کۆمەڵگا بە هەموو چین و توێژەکانیەوە.

***

  ئەگەر چاوێکیش بخشێنین بەسەر وڵاتانی هاوشێوەی وەکوو ئەفغانستان دەبینین کە ژنان لەوێدا لە ساڵانی ١٩٤٤ بەولاوە چلاکتر و دەورو نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیان و خەباتی فیمینیستیان زیاتر گەشە دەکات و هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ ئەو ئامانجە زیاتر دەبێت، وە لە ساڵەکانی پاش ١٩٦٠بزوتنەوەی ژنان جموجۆڵێک و چوستوچالاکیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی و لە ئاکامدا توانرا یەکەمین خۆپیشاندانەکانی ژنان و کچان لەلایەن رێکخراوە چەپەکانەوە ڕێکبخرێت و دژ بە یاسا چەوتەکان نارەزایەتی دەرببڕن، وەکوو نا یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا و رێگری کردنی کچان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات. بەو شێوەیە رێگا خۆشکرا تا ژنان بتوانن جێ دەستی خۆیان بکەنەوە لە سیاسەت و کاروباری سیاسیدا. 

  هەڵبەتە لایەن و رێکخراوە ئیسلامیەکانیش دژ بە هەڵسوڕانەکانی ژنان بێ دەنگ نەبوون و بە خواستی دژایەتی لەگەڵ لەبەر کردنی جلی کورت و هات و چۆ کردن بەو جلانەوە لەسەر شەقامەکان و بە تێزاب کردن بە کچاندا هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی ئازادیەکانی ژنانیان دەدا، کە نەیتوانی کاریگەریەکی ئەوتۆی هەبێت لەسەریان. ئەم خۆپیشاندانانە و نارەزایەتی دەربڕینانەی ژنانی ئەفغان نیشانەی ئاگاه بوون و رۆشنبیر بوونی ژنانی کۆمەڵگای دەردەخست لەو دەورە مێژوویەدا. بە داخەوە لە ساڵەکانی دوای ١٩٩٢ و هاتنی تاڵبان بۆناو ئەفغانستان دووبارە سێبەرێکی ڕەش و مەترسیدا کەوتە سەر تێکۆشان و هەڵسوڕانەکانی ژنان، هەموو دەروویەکی زانست و فێرکاری لەسەر ژنان و کچان داخران، جارێکی تر ژنان بوونەوە بەندی چوار دیواری ماڵ. لەباتی ژنان لە شوێنی کار پیاوان داندران و بە هەموو شێوەیەک مافەکانی ژنان چووە بازنەی تاوانەوە. لە کۆتاییدا حکومەتی تاڵبان لە ساڵی ٢٠٠١ ڕووخا بەڵام ئەو کاریگەریە قوڵەی کە داینابوو لەسەر کلتوور و بیری کۆمەڵگا ناتوانرێ چاوپۆشی لێبکرێت و ئاوا بە ئاسانی ڕەنگدانەوەی بسڕدرێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دیسان ژنان توانیان دوای ئەو قۆناغە هەناسەیەکی تازە هەڵمژن و دووبارە دەست بکەنەوە بە هەڵسوڕان و تێکۆشانەکانیان. 

  ئێستاکە زۆر رێکخراو و کەمپەین و سازمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان دەتوانین ببینن لە ئەفغانستاندا و کار و هەڵسوڕانەکانیان ببینین، بەڵام هێشتاش توندوتیژی خێزانی و پیاو سالارانە و کرێکاری و دینی بەرانبەر بە ژنان لەو وڵاتەدا زۆر بە زەقی دەبیندرێت، هەر لە ئازاردانی جەستەیی و بەردباران کردن و کوشتن و دوور خرانەوەیان لە کار و خوێندن و ئەنجامدانی کاری قورس و تاقەت پڕوکێن، هەتا دەست پێڕانەگەیشتنیان بە هۆکارە دەرمانی و چارەسەرە پزیشکیەکان و کۆمەڵێک ئاستەنگ و گوشاری کۆمەڵاتی دیکە کە ئەمە کەم کاری و لاواز بوون و سنووردار بوونی کار و هەڵسوڕانی ئەو بزووتنەوانە دەنوێنێت لەو وڵاتەدا.

***

  بزوتنەوەی ژنان تایبەت نەبووە و نییە تەنیا بەو وڵاتانە بەڵکوو کۆمەڵگایەکی وەکوو کوردستانیش ژنان تێیدا هەڵسوڕان و تێکۆشانیان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان هەبووە. سەرەتا باسێکی کورت لەسەر بزوتنەوەی ژنان دەکەین لە کوردستانی ئێران و ئێران؛ بزوتنەوەی ژنان لە کوردستانی ئێران لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران چۆتە قۆناغێکی ترەوە و گۆڕان و ڕوانینێکی تر بە هەڵسوڕانەکانیانەوە دیارە، وەکوو هاتنە ناو جەرگەی خەباتی پێشمەرگانە دژ بەو ڕژێمە سەرکوتگەر و پیاوسالاریەی کە ئێستاکە خاوەن دەسەڵاتە لە وڵاتی ئێران و هەروەها دەست خستنە ناو کارو باری سیاسی کۆمەڵگاوە کە هەڵبەتە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەو جۆرە هەڵسوڕانە بە نایاسایی دەناسێندرێت، کۆمەڵگای کوردستانیش وەکوو باقی شوێنەکانی تری جیهان خەریکی چەوساندنەوە و سەرکوت کردنی ژنانە چ وەک کرێکارێک لە شوێنی کار و مەیدانی کاردا و چ وەکو ژنێک لە ژێر دەستی سیستمی پیاو سالارانە و ئایینی و کلتووری دواکەوتوانە لە کۆمەڵگادا. ژن وەکوو کرێکارێک کاری لێ دەکێشرێت بە حەقدەستێکی کەم و نەپارێزرانی مافی کرێکار بوون و بێ بەش بوون لە هەر جۆرە خزمەتگوزاریەکی کاری لە شوێنی کاریان، وەکوو ژنێک لە سوچی ماڵدا لەژێر دەستی باوک و برا و مێرد دا دەچەوسێتەوە و هەروەها لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتیشەوە لە مافەکانی ژیان و کەسایەتی و سەربەخۆیی و ئازادی و یەکسانی بێ بەشە. وەکوو کچێک خەتەنە دەکرێت و دەستدرێژی جەستەیی و رۆحی دەدرێت و بە بیانوی ناموسەوە دەکوژرێت و بەردباران دەکرێت و هەروەها وەکوو کاڵایەک دەفرۆشرێت بە مێردەکەی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە.

  هەروەکوو باسم کرد ژنان بە هەڵکرتنی دروشمی یەکسانی و ئازادی و بە هەڵگرتنی چەک لە مەیدانی خەبات و بە سێکولارتر بوون و سوسیالیست بوونەوەی خواستەکانیان دژ بەو نا یەکسانی و نا بەرابەریەی لە ناوچەکە هەیە وێستاوەتەوە و خەریکی خەباتە، هەرچەندە زۆربەی هەڵسوڕانەکان لە لایەنی کرێکاریەوە بووە و لەگەڵ خەباتی کرێکاری لە کوردستان تێکەڵاو بووە و هاوشانە بەڵام دیسانیش کاریگەری لەسەر ڕۆشنبیری ژنان لە کۆمەڵگاکەدا و جەماوەر بە گشتی کەم تا زۆر هەبووە و تا ئاستێک هەڵسوڕانەکان بە ئامانج گەیشتون.

  بەڵام بە ڕۆیشتنە دەرەوەی ئەو حیزب و لایەنانە لە ناوچەی کوردستان و دەرکرانیان ئەو هەڵسوڕانانە زۆر کەم بوونەوە و کاریگەریەکی دڵخۆشکەری نەبووە لەسەر کۆمەڵگا و بیر و بۆچوونی پیاوسالارانەی کۆمەڵدا، هێشتاش کچ بە تاوانی خۆشەوستی یان نامووسەوە هەروەکوو پێشتریش باسم کرد دەکوژرێت، خەتەنە لە هەندێک شوێنی کوردستان هێشتا نەریتێکە و ئەنجام دەدرێت. لەدوای هاوسەرگیریەوە بەشێکی زۆری ژنان دەبرێنەوە ناو ماڵ و دادەبرێندرێن لە هەر جۆرە چالاکیەک لە دەرەوەی چوارچیوەی ماڵدا. 

  خەباتی ژنانی کوردستان زۆر جار لە پەیوەندی دا بووە لەگەڵ خەباتی سەرتاسەری لە ئێران و هەوڵیداوە کە خواست و داواکاریەکانی لەگەڵ خواست و داواکاری ئەوان یەک بێت و تێکڕا و بێ جیاوازی هەوڵ بدرێ بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان، ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بزوتنەوەی ژنانی کوردستان هیچ کات بە زەقی لەژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی توندڕەودا نەبووە و بە چاوێکی گشتیەوە ڕوانیویەتیە مەسەلەکانی ژنان لە هەر چوار بەشەکانی کوردستاندا. هەڵبەتە خەباتی ژنان لە ئێران میژوویەکی کۆنتری هەیە لەچاو کوردستان و لە دوای ساڵەکانی ١٩٤٢ خەباتی ژنان لە ئێران بەرچاوتر بوو و بۆچوونەکان بەرەو بیر و باوەڕی چەپ و سوسیالیستی دەرۆیشتن کە ئاکامی هەڵسوڕانەکانیان لەو سەردەمە دروست کردنی قوتابخانە و خوێندنگا بۆ کچان و رێگە پێدرانی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە فیمینیستی و ژنانەکان بوو. 

  ئەو سەردەمە سەردەمێکی ئازادی و نزیک بووەوە بە خواستەکانی ژنان دادەنرێت تا دوای ڕاپەرینی ١٩٧٩ کە حکومەتی ئیسلامی توانی دەسەڵات بگرێتە دەست؛ هەر لەسەرەتاوە دەست کرا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاراستنی خێزان و بە ناچاری کردنی حیجاب و سەرپۆشی ژنان، بە هەزاران لە ژنان و خوێندکارانی زانکۆ دەستیان کرد بە خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکان لە تاران کە تێیدا خوێنکارانی کچی دوا ناوەندی و دەبیرستانیشی تێدابوو دژ بە سەرکوت کردن و زەوت کردنی مافەکانی کەسیی ژنانی کۆمەڵگا، ئەو خۆپیشاندانانە سەرکوت کراوە و هێرش کردن بۆ سەر ژنانی بێ حیجاب و سەرپۆش دەستی پی کرد لە وڵاتدا، ئەمە بووە هۆی لاواز بوونی بزوتنەوەکان و لەدەستدانی زۆرێک لەو دەستکەوتە گرنگانەی کە تا پێش ڕاپەرین بەدەستیان هێنابوو، هەرچەندە ئێستا زۆر بزوتنەوەی ژنان و رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ژنان هەیە لە سەرانسەری وڵاتدا بەڵام زۆربەیان یاسایی نین و ئەوانەشی کە بە یاسایی ناسراون سەر بە حکومەت و لەژێر یاسا و رێساکانی ئیسلامدان.

***

  هەمیشە بزوتنەوەی ژنان لە پارچەکانی کوردستاندا لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی لە ئاستی سیاسی و کۆمەلایەتی ناو کۆمەڵگادا شان بە شانی خەباتی جەماوەری و کرێکاری دەستی داوەتە خەبات و هەوڵدان بۆ بەدەست هینانی مافەکان و خواستەکانی ئەو کۆمەڵگایانە. بزوتنەوەکانی ژنان لە کوردستانی تورکیا و سوریا هەروەکوو باقی بەشەکانی تر لە ژێر گوشارە کۆمەڵایەتیەکان و گوشاری نەتەوایەتی و یاسا و رێسا ئایینیەکان دابوو. 

  دوای دامەزرانی دەوڵەتی تورکی دەستکرا بە سەرکوت کردن و تاڵان کردن و ئازاردان و پیشێلکردنی مافەکانی کورد لەو وڵاتە کە بێگومان پرسی ژن زیاتر کەوتە ژێر گوشار و زەختەوە، هەتا هاتنی بزوتنەوە شۆڕشگێرەکانی کوردستان و رێگە پێدرانی ژنان بۆ هاتنە ناو مەیدانی خەباتی سیاسی و چەکداریەوە. ئەو بزوتنەوەی ژنانە لە هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان شان بە شانی پیاوان کە تێدەکۆشان بۆ ڕزگار کردنی ناوچەکە لەژێر چەساندنەوە و پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ، خەریکی خەبات و تێکۆشان و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگایە کە ئەمەش ئەرک و بەرپرسیاریەتی ژنی دوو هێندە قورستر و دژوارتر کردووە. 

  نەبوونی رێکخراو و بزوتنەوەکانی ژنان بە پێی پێویست و نەبوونی هۆشاری کۆمەڵگا بووەتە هۆی سەرکوت کرانی ژنان و کچان و نەخوێندەوار بوونیان و بێ بەش بوون لە خوێندن و چەوسانەوەیان، وە ئەمە دەبێتە هۆی فراوان بوونی بیری ڕەگەز پەرەستی کە رێگا بۆ ملکەچ بوونی ژنان خۆش دەکات و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی خوڵقانی توند و تیژی و کوشتنی ناموسی و خۆ کوشتنی ژنان. 

  دەوڵەتی تورکی هەوڵیداوە کە کۆمەڵگای تورکیە بەردەوام لەژێر بیری فاشیستی و تورک پەرەستی و دینی پیاوانەدا بێت و هەروەها ژنانی لە ئاستی رۆشنبیریدا لە ژێرەوە هێشتۆتەوە کە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە مافەکانی ژنان پێشێل بکرێت وەک ئەو یاسایانەی کە لە وڵاتدا هەن: دوای جیا بوونەوە ژن بۆی نییە تا ٣٠٠ رۆژ هاوسەرگیری بکاتەوە، تەمەنی هاسەرگیری بۆ کچان لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوەیە. ژنانی تورکیەش هەڵبەت بێ خەبات نین لەو بوارەدا و لە ساڵی ١٩٧٢ بەولاوە چەندین رێکخراو و سازمانی داکۆکیکاری سێکۆلار و سوسیالیستی مافەکانی ژنان دروست بوون کە خوازیاری یەکسانی نێوان ژن و پیاو بوون لە یاسا و رێساکانی وڵاتدا. بەڵام ئەو ڕێکخراوانە بەداخەوە لە دواییدا کۆتاییان پێ هات و ڕاوەستێنران لە کار و هەوڵەکانیان.  

  هێشتاش توندو تیژی خێزانی بەداخەوە زۆر بەربڵاوە و ژنان هەمیشە قوربانیانی ئەو جۆرە توند و تیژیانەن. ژنان لەژێر هێڵی نەخوێندەواری دان و هێشتاش قورسترین کارەکانیان بەبێ هیچ جۆرە حەقدەستێک لە ئەستۆیە. وە بە پێی ئامارەکان زۆرترین چەوسانەوە و سەرکوتکرانەکان تایبەتە بە ژنانی ناوچەکانی کوردستان لە تورکیە.

  بە هەمان شێوە لە دوای دامەزرانی دەوڵەتی سوریا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی ژنان لەو وڵاتە خرانە ژێر پەراوێز و دور خرانەوە لە سیاسەت و دەست وەردان لە کاروباری وڵاتەوە، ژنان لەو وڵاتە تووشی لەش فرۆشی و بارودۆخێکی زۆر نالەباری ژیان بوونەتەوە، ژنانی بەشی کوردستانیش هاو چارەنووس لەگەڵ ژنانی باقی شوێنەکانی تری سوریا خرانە ژێر ئەو گوشارە بە چەند قاتەی کە بریتی بوو لە گوشاری نەتەوایەتی و گوشاری چینایەتی و هەروەها گوشاری ڕەگەزی کە ئەمەیان زۆرترین هۆکاری توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بوو، لە نموونەی چەوساندنەوە کۆمەڵایەتیەکان وەکوو سەرکوتکردنی ناو خێزان و زیندانی کرانیان لە سوچی ماڵدا و بڕیاردان لەسەر چارەنووس و مردن و ژیانیان لەلایەن باوک و پیاوانی خێزانەوە کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە. ئەمە درێژەی هەبوو تا هاتنە مەیدانی بزوتنەوە جەماوەری و ئازادی خوازەکانی کوردستانی سوریا و دەست کردن بە خەبات دژی ئەو زوڵم زۆرانەی حکومەتی سوریا و ئاگاه کردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت بە مافەکانی ژنان و هێنانی ژنان بۆسەر عەرسەی خەبات و شۆرش لەسەر ئاستی سیاسی، کۆمەڵایتی، چەکداری و چینایەتیەوە. 

  دەوڵەتی سوریا هەستی بە مەترسی ئەو چالاکیانە دەکرد بۆسەر خۆی بۆیە دەستی کردن بە دەستبەسەر کردن و ڕوخاندنی رێکخراوەکانی ژنان و بەڕێوە بردنی سیاسەتی ئازاردان و برسی کردن و پەرە پێدانی لەشفرۆشی و کوشتنی ژنان و کچان کە هەموو ئەمانە دامێنی ژنی دەگرتەوە و وای کرد کە بزوتنەوەی ژنان ڕووبەڕووی شکست ببێتەوە، بۆیە ئەم هەل و مەرجە وا دەکات کە بە زووترین کات هەوڵ بدرێت بۆ زیاد کردن و بە تینتر کردنی بزوتنەوەکانی ژنان لەو بەشانەی کوردستان بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا و ژنان بەتایبەتی لە خواست و ماف و داواکاریەکانیان لەپاڵ ئەو گور و تینە بەهێزە نەتەوایەتیەی کە هەیە.

***

  بەڵام بزوتنەوە و کار و تێکۆشانەکانی ژنان لە کوردستانی عێراق کە ئەمرۆکە خاوەن حکومەت و دەسەڵاتی خۆیەتی و بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەو زەخت و گوشارانەی لەسەر نەماوە کە ئێستاکە لەسەر باقی شوێنەکانی تری کوردستان هەیە، بە جۆرێکی ترە. ژنان لە پێش ڕاپەرینی ١٩٩١ پێشکەوتن و ئاگاه بوونێکی کۆمەڵایەتیان نەبوو لەسەر ماف و خواست و داخوازیەکانی بەو ڕادەیەی کە دەبوو هەبێت، ژنان هەمیشە قوربانیانی یەکەمی درێژماوەی شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی عێراق بوون وەک ئەنفال و جینۆساید و خەباتی ئەو گەلە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی. ژنان بە لەدەستدانی هاوسەر و باوک و برایان لەو شەڕ و تاڵانکردنانەدا، کە سەرپەرەست و بەخێوکەری بنەماڵە بوون دەکەوتنە بەر ئاوارەیی و گوشار و ئازارێکی زۆرەوە، هەرچەندە لە دواتردا ژنانیش هاتنە ناو گۆڕەپانی خەباتەوە و بە یارمەتیدانی پێشمەرگە و حیزبە شۆرشگێرەکان توانیان دەستێکی کەمیان هەبێت لەو خەباتەدا و سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان. 

  ژنانی عێراقیش هەمیشە لەژێر ئەو گوشارانەدا بوون کە لە باقی شوێنەکانی تری ژیر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی بەعسدا بوون وەکوو کوشتن و خەتەنە و دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی. ژنانی عێراقی هیچکات نەیتوانی رێکخراوێکی ئاشکرا و کارای هەبێت بۆ داکۆکی کردن لە ماف و داواکاریەکانی لە ئاستی وڵاتدا. زۆربەی ژنان بەهۆی زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتەوە هاوسەر و مێردەکانیان لەدەست دەدا کە دەبووە هۆی بێوەژن کەوتنیان و لەبەرئەوەی هیچ کارێکیان نەدەزانی و سەرچاوەیەکی بژێویان نەبوو ناچار وەکوو هاوسەری دووهەم یان سێهەم و تەنانەت چوارەمیش شو بە پیاوانی دەوڵەمەند بکەنەوە. لەدوای ڕوخانی رژێمی بەعس و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق ئەم هەلومەرجە کۆتایی هات و ژنان توانیان دەرویەکی ڕوونتر بە ڕووی خۆیاندا بکەنەوە و بەشدار بن لە پۆستە سیاسی و حکومیەکاندا لە وڵات و دروست کردنی هەندێک رێکخرای ژنان بە یارمەتی رێکخراوەکانی دەرەوە کە هەڵبەتە دیسانیش کاریگەریان ئەوەندە نییە لەسەر کۆمەڵگا و هۆشیار کردنەوەیان لە ئاستی گشتیدا و ئاشنا کردنیان بە ماف و داخوازیە ڕەواکانی خۆیان. 

  لە دوای ڕاپەڕین بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان کەوتە قۆناغێکی ترەوە و توانیان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت لە بەرێوە بردنی شوڕاکاندا لە ناوچەکە، بەشداریان لە خەباتە چەکداریەکاندا و داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت کە ئەمە بیری چەپ و سێکۆلار بوونی بزوتنەوەکانی  دەردەخست. توانرا رێکخراوی سەربەخۆی تایبەت بە ماف و داخوازیەکانی ژنان دابمەزرێت هەرچەندە ڕێکخراوی تری ژنان هەبوون کە پاشکۆی حیزب بوون و سنوورداری حیزبیان پێوە دەبیندرا لە کار و هەوڵەکانیاندا. 

  داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری شارستانی کرا کە بە زۆری دژ بە ژنان و مافەکانی ژنان بوو کە بووە هۆی هەڵبەزینەوەی هێز و لایەنە ئیسلامیەکان لەو سەردەمەدا و هەروەها هەندێک کار و چالاکی بەرچاوی تر. لە ٨ی مارسی ساڵی ٢٠٠٠ لێژنەی هاوبەشی رێکخراوە ژنانەکان پێشنیاری خستنە ڕووی بەدیلی یاسای باری شارستانیان کرد و خۆپیشاندانێکیان لە شاری سلێمانی رێکخست کە ئەمە کارێکی بەرچاو و گرنگی رێکخراوە سەربەخۆکانی کوردستان بوو. لەژێر گوشار و زەختی ئەو رێکخراوانە لە ئاکامدا جەلال تاڵەبانی یاسای فرە ژنی لە هەمان ساڵی ٢٠٠٠ قەدەغە کرد لە ئیدارەی ناوچەی سلێمانی. 

  لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق  و هێرشی ئامریکا بۆسەر عێراق، کوردستان توانی ئازادی خۆی تا ڕادەیەک بەدەست بهێنێت و دەسەڵاتێکی خۆماڵی دروست بکات لەژێر چاودێری حکومەتی ناوەندی عێراق. بزوتنەوەی ژنانیش لە دوای ئەو گۆڕانە گەورەیە بوژانەوەیەکی باشی بەخۆیەوە بینی و ئێستاکە کۆمەڵێک رێکخراو و چالاکوانی سەربەخۆ و حیزبی هەن کە کار دەکەن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان، داخوازیەکان سێکۆلارتر بوونەتەوە و بە توندی خوازیاری لابرانی کلتوور و یاسا و رێسا ئایینی و دواکەوتووەکانن، کۆمەڵێک پێشنیار و داخوازی پیشکەش بە پەرلەمانی ئەو حکومەتە خۆماڵیە کراون کە هەندێکیان بڕیاریان لەسەر دراوە و خراونەتە بواری جێبەجی کردنەوە. بەڵام بە داخەوە دیسانیش حکومتەکە حکومەتێکی سەرمایەداری تا ئاستێک پیاوسالاری بە ناو عەلمانیە کە کارێکی ئەوتۆ بۆ یەکسان بوون و ئازادی ژنان ناکات، کاروباری ئەو رێکخراوانەی ژنانەش تا ڕادەیەک کەم بۆتەوە و ئەمرۆکە رۆژی جیهانی ژنان و کۆڕ و سیمینارەکان کەمتر باس لەو نایەکسانی و بەکاڵا بوونەی ژنان دەکات کە خەریکە لەگەڵ باقی گوشار و سەرکوتکردنەکانی تری ژنان خۆی دەسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگادا، هێشتاکەش ژن دەکوژرێت بە بیانووی ناموس و حەیاوە، ژنبەژن دەکرێت و تا ئێستاش کچان خەتەنە دەکرێن لە هەندێک ناوچەکانی کوردستان، ژن و کچان دەخرێنە بەر ئازاردانی ڕۆحی کە ئاکامەکەی خۆ کوشتنی ئەو ژن و کچانەی لێ دەکەوێتەوە، وە دەستدرێژی سێکسی کە ئەوەش ئاکامەکەی کوژران یان دووبارە خۆکوشتنی کچانی لێ دەکەوێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و نەهامەتیانەی کە تا ئێستاش بەسەر ژنانی ئەو بەشە لە کوردستان دێت لەگەڵ هەموو ئەو رێکخراوی بەرگریکار و فیمینیست و داخوازی مافەکانی ژنانە، لە دیاردەیەکی ناوازەدا رێکخراوێک بۆ داکۆکی لە مافی پیاوان دامەزراوە کە سەر بە هێزە ئیسلامیکانە و بە تەواوی بۆ شکاندن و ژێر پێ خستنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئیستا ژنانی تێکۆشەر و فیمینستە ئازادی و یەکسانی خوازەکان توانیویانە بەدەستی بهێنن. 

  ژنان بە گشتی لەگەڵ دروست بوونی سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاری و هاتنی ئایین و دینە پیاوینەکان دەستی کردووە بە خەبات و تێکۆشان و دژی هەموو پێشێلکاری و نایەکسانیەکان باڵای کردووە و وەستاوەتەوە، بەڵام هێشتاش ئاکامێکی دڵخۆشکەر و دەستکەوتێکی باش لەو وڵاتانە نەبووە، بۆچی؟ بە بڕوای من کێشە لە ئاگاه نەبوونی ژنان، پیاوان بە تایبەتی و کۆمەڵگا بە گشتی دایە و ئاکامەکەی دروست بوونی حکومەتی پیاوسالار و ئایینی و سەرمایەداریە کە ژن وەکوو کاڵا بەکار دەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی سود و دەستکەوتی زیاتری مادی، هەروەها هەرچەند بە ڕووکار خەریکی هاوکاری رێکخراوەکانی ژنانە بەڵام لە پەناشیەوە هەموو هەوڵێکی بۆ لاوازکردن و خاوکردنەوەی ژێر بە ژێری ئەو خەبات و تێکۆشانانەی ژنان و رێکخراوەکانی ژنانە لە ناوچەکەدا.

  لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم کە ژن دەتوانێت کاریگەریەکی دوو هێندەیی لەسەر گۆڕانی ئەو هەلومەرجە نالەبارە هەبێت لە جیهاندا و کوردستان بە تایبەتیدا بەوەی کە بەشی نیوەی کۆمەڵگایە و لە هەمانکاتیشدا کرێکارێکە کە دەچەوسێندرێتەوە شان بە شانی کرێکارە پیاوەکان. بە یەکگرتن و هاو دەنگ بوونی ژنانی کرێکار لەگەڵ کرێکاران و بە دروست کردنی سازمان و رێکخراو بۆ هۆشیار کردنەوەی جیلی پیاوان و سازماندانی ژنانی تێکۆشەر و پیاوانی ئازادی و یەکسانی خواز و ڕۆشنبیر لە شوێنە هەستیارەکانی ناو حکومەت و کۆمەڵگا کە بە جۆرێک گوشاریان بخاتە سەر دەتوانێت هەوڵەکانی فراوانتر بکات، دروست کردنی سیمینار و خۆپیشاندانی پێکهاتوو لە هەردوو لایەن بۆ گوشار خستنە سەر بەشە دەسەڵاتدارەکان و ملکەچ کردنی حکومەت بۆ خواست و داواکاریەکانی ژنان و لاوان و منداڵان. ڕاکێشانی هەردوو ڕەگەزی کوڕ و کچانی لاو بۆ ناو رێکخراوە یەکسانی خوازەکان و هۆشیار کردنەوەیان بە دوور لە هەر جۆرە دەست تێوەردانێکی حیزبی و دینی  (دیار ترین نموونەکانی لەو جۆرە دەتوانین لە کۆنەپەرەستترین دەسەڵاتانی جیهان ببینین وەک “مەلالە یوسفزای و ئیقباڵ مەسیح” لە پاکستان کە لەلایەن تاڵەبانەوە هەوڵی تیرۆر کردنیان درا، هەروەها کەمیش نین ئەو کەسانەی کە لە کوردستان خراونەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە بەهۆی داکۆکی لە مافی یەکسانی خوازی ژنان و منداڵان) بۆ بەرەو پێش بردنی نەوەی نوێ بەرەو ڕووی ئاسۆیەکی یەکسان لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، کە گەورەترین گۆڕانەکان لاوان دەتوانن بیخوڵقێنن. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.