Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

بەردبارانكردنى زیناكاران..بەردبارانكردنى مرۆڤایەتى…. ئەنیران غەفوورى

Be First!
by February 16, 2008 گشتی

 خوێندنەوەیەكى سەرەپێى بۆ سزاى بەردبارانكردنى زیناكاران
 
 
(2-3)
 
 
پێشەكى:
 لە بەشى یەكەم قسە لەسەر سزاى بەردباران وەك دیاردیەكى مێژوویى و دەروونى كرا و لە بەشى دوەمیشدا ئاماژە دەدرێت بەم سزایە لە ئایینى ئیسلام و حەدیس و گێڕانەوەكان.
 
 بەردباران لە ئایینى ئیسلامدا:
 لە ئایینەكاندا كە لە پێشەكی ئەم بابەتە هەندێكى لەسەر دوایین، گەورەترین سزا بۆ مرۆڤ دانراوە كە رەنگە لە بوارى دەروونییەوە زۆر كاریگەرى هەبێت لەسەر مرۆڤ. بۆ نموونە سووتاندن لە ئاگرى دۆزەخ و هێشتنەوە لە عەزاب و زۆر شتى دیكە، ئەو هەڕەشە گەورانەن كە لە لایەن خواى گەورەوە! دەكرێتە سەر مرۆڤى بچووك و عەبد! هەموودەم رووحیەتێكى توندوتیژاویانە و سەرەڕۆیانە لە نێو دینەكاندا هەیە كە دەروونى مرڤى ساویلكەى داگیر كردووە و بووتە هۆى ئەوەیكە مرۆڤ بكەوێتە پیادەكردنیان لە سەر زەوى و لەسەر هاوشێوەكانى خۆى. ئەوەیكە لێرەدا زۆر پێى لەسەر دادەگرینەوە، ئایینى ئیسلامە، چونكە ئەم ئایینە كە دەبێتە ئایینى ئێمەش، بەشێكى سەرەكى لە ژیانى تاكى رۆژهەڵاتى و موسوڵمان پێك دەهێنێت و دواجار هەر لەم راستایەوە قسە لەسەر ئەو ماف و رێزانە دەكەین كە لە مێ نراون. نامانهەوێت ئەو دەقانە بهێنینەوە كە بەلانیكەمەوە تۆزقاڵێك باسى باشەى ئەم بوونەوەرە دەكەن، چونكە ئیشى ئێمە لێردا پیداهەڵگوتن نییە بەم دەقانە، بەڵكوو قسەكردنە لەسەر دیاردەیەك كە كانگاى سەرهەڵدانى لە رۆژهەڵاتدا بووە و دواجاریش نهۆ تەنها لەنێو وڵاتانى ئیسلامى بەزۆرى ماوەتەوە.
 دین بە گشتى و دینى ئیسلام بە تایبەتى لەسەر هێڵەكانى ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئیش دەكات و زۆربەى دەقەكانى لە بەرژەوەندى براوە و دەسەڵاتدارن كە دواجار ئەمە جگە لە عەرەب كەسێك و نەتەوەیەكى دیكە نییە. بەهەرحاڵ مەوداى ئێمە ئەوەندە نییە كە لە بوارى كۆمەڵناسى و دواجاریش دەروونییەوە لەم بابەتە و زیانەكانى بدوێین، هەر ئەوەندە رازى دەبین بەوەى كە كۆمەڵێك دەق بهێنینەوە كە لە ئیسلامدا ئاماژەیان پێكراوە سەبارەت بەو بابەتەى كە ئێمە لێى دەدوێین، رەنگە ئاماژەكردنەكە بە تەواوى نەبێت، چونكە دەڵێن ئەو دەقانەى كە باسى بەردباران دەكەن وەها بە روونى دەرناكەون لە قورئاندا، مەگەر لە گووتەكانى پێغەمبەر محەمەددا نەبێت.
 لە سوورەتى (24)ى قورئان ـ نور ـ :
 (سەد دانە تازیانە لە ژن و پیاوى زیناكار بدەن و ئێوەى ئەى ئیمانداران و بەڕێوەبەرانى حوكمى ئیلاهى، لە كاتى بەڕێوەبردنى حوكمەكەدا، رەحم و شەفەقەت نەتانگرێت كە رەحمیان پێ بكەن و دڵسۆزییان بۆ بكەن و حوكمى خودا جێبەجىَ نەكەن.)
 لە شوێنێكى دیكەى كتێبى ئاسمانى ئیسلامییەكاندا هاتووە:
  (ژنانى ئێوە وەكوو كێڵگەكانتان وەهان, هەروەك چۆن لە كشتوكاڵدا تۆو پێویستە، لە ئێوەش تۆو پێویستە تا منداڵ دروست بێت. لە شوێنى كشتوكاڵ بە هەر بەش و لە هەر شوێنێك كە دەتانهەویت بۆ جووتبوون ئامادە بن. بەر لە مەرگ رەفتارى باش بۆ خۆتان بنێرن[…] پیاوان بەرزترن لە ژنەكانیان. بە هۆى ئەو تایبەتمەندیانەى كە خودا بە پلە و پایەى پیاوى داوە، چونكە پیاوان زەحمەت دەكێشن و نەفەقەى ژنان دەدەن و شوێنى ژیانیان بۆ دابین دەكەن و ژنانیش بەدوورن لە كاركردن و […] ئەو ژنانەى كە نیشانەى بەجێهێنانى فەرمانەكان و تووڕەیى لێوەیان سەر هەڵدەدات، لەگەڵیان مەچنە جێگاوە و جووتبوون تەرك بكەن. ئەگەر هەر باش نەبوون، لێیان بدەن. ئەگەر بە گوێیان كردن باشتر، ئیتر بەهانەتراشیان بۆ مەكەن و ئازاریان مەدەن.)
  سورەتى "نیساْ":
 (لە ژنەكانتان، ئەوانەى كە تووشى زینا دەبن، بۆ زیناكردن چوار شاهیدى پیاو بهێنن. ئەگەر چوار پیاو شاهیدى دا بۆ زیناكردن، لە ماڵەوە زیندانیان بكەن تا مەرگیان دەگاتەجىَ و تەمەنیان تەواو دەبێت، یا خوداى گەورە رێگایەكیان بۆ دەدۆزێتەوە.)
 سورەتى (19)، ئایەتى (46):
 (وتى ئەى ئیبراهیم، ئایا تۆ تۆ نەفرەتت هەیە لە خودایەكانى من، ئەگەر نەوەستى بەردبارانت دەكەم و]بڕۆ[ بۆ ماوەیەكى زۆر لەمن دوور كەوە.)
 سورەتى (18)، ئایەتى (20):
 (چونكە ئەگەر ئەوان دەستیان بگاتە ئَێوە بەردبارانتان دەكەن و یا دەتانخەنە ژێر دەسەڵاتى خۆیانەوە و ئیتر ئێوە بەختەوەرى بەخۆتانەوە نابین.)
 سورەتى (36)، ئایەتى (18):
 (وەڵامیان دانەوە ئێمە ]ئامادەبوون[تان بە خراپ لەقەڵەم دەدەین و ئەگەر واز نەهێنن بەردبارانتان دەكەین و عەزابێكى زۆر لە لایەنە ئێمەوە دەچێژن.)
 سورەتى (11)، ئایەتى (91):
 (وتیان ئەى ]شعیب[ زۆرێك لەوەى كە ئێوە دەیڵێن تێناگەین و لە راستیدا بە لاوازتان دەزانین و ئەگەر عەشیرەكەى ئێوە نەبوایە ئەوا بەردبارانمان دەكردى و تۆ بەسەر ئێمەدا سەرناكەویت.)
 سورەتى (26 ئایەتى (116):
 (وتیان ئەى نوح، ئەگەر واز نەهێنى ئەوا تۆش لەوانە دەبیت كە بەردباران كراون.)
 سورەتى (44)، ئایەتى (20):
 (و انى عژت بربى و ربكم ان ترجمون ـ و لە شەڕى ئەوەیكە بەردبارانم بكەن، پەناە دەبەمە بەر پەروەردگارى خۆم و پەروەردگارى ئێوە.)
 هەرچەندە ئەم شەش ئایەتە كە بەردبارانیان تێدایە، هیچكامێكیان مۆچیارى قورئان نین و تەنانەت وەك هەڕەشە لەلایەن خوداوە نەهاتوونەتە خوارەوە، هەروەكوو ئەوەیكە خراپەكاران هەڕەشەیان لىَ دەكرێت بە ئاگرى دۆزەخ. ئەمە پیشاندەرى ئەوەیە كە بەردباران لە سەردەمى جاهیلیەتەوە هەبووە. لە قورئاندا بەلانیكەمەوە (16) ئایەت لەمەڕ زیناوە هەن، هەرچەندە بۆ ژنى زیناكار سزاى مەرگ دیاریكراوە، ئەویش نەك بەهۆى بەردبارانەوە، بەڵام ناشتوانین بەڵەین كە لەم دیندا مەیلێك نەبووە بۆ بەردباران، چونكە پێغەمبەرەكەیان خۆى ئەم مەیلەیەى هەبووە. تەنانەت "ئایەتوڵا جەننەتى"، مامۆستاى ریفۆرمخوازى زانستگەى قوم دەڵێت كە زیاتر لە پەنجا هەزار حەدیسى لاوەكى و نافەرمى هەنە كە زۆربەیان دژى ژنان و دژى بەرژەوەندییەكانیانن. هەر بۆیە لە خوارەوە و بۆ پاڵپشتى قسەكەمان كۆمەڵێك قسە و گێڕانەوە و نموونەى حەزرەتى محەمەد دەهێنینەوە:
 
 ـ ژنىَ لە پێغەمبەرى ئیسلامان دەپرسىَ كە ژن لە ئیسلامدا چ مافێكى هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: زۆر. ژنەش دووبارە لێى دەپرسێتەوە وەكوو چى؟ پێغەمبەریش لە وەڵامدا دەڵێت: ژن دەبىَ خۆى بە باشترین بۆن، بۆنى خۆى خۆش بكات و باشترین پۆشاك لەبەر بكات و خۆى بڕازێنێتەوە بە جوانترین زینەت كە هەیەتى و هەر بەیانى و ئێوارەیەك خۆى بۆ مێردەكەى عەرز بكات.
 ـ فەرمودەیەكى حەزرەتى محەمەد هەیە كە دەڵێت:
 (هەر ژن و پیاوێكى خێزاندار زینا ئەنجام بدەن ئەوا دەبێت سەد دانە تازیانەیان لێبدرێت و دواتریش بەردباران بكرێت. ئەگەر هاتوو ژن و پیاوەكە سینگڵ بوون ئەوا دەبێت سەد دانە قامچیان لێبدرێت و دواتر دوور بخرێنەوە.)
 ـ دەگێڕنەوە و دەڵێن:
 ( لە كاتى پێغەمبەردا، ژنێكى زگپڕ زیناى كردبوو و هەربۆیە محەمەد فەرمانى كرد تا دواى منداڵبوونى ئەوجا بەردباران بكرێت. دواى منداڵبوونى تا سەر سینگ خستیانە نێو چاڵێكەوە و خالید رۆیشتە پێشەوە و یەكەم بەردى تێگرت و خوێن لە سەرى ژنەكەوە فیچقەى كرد و بە دەمووچاوى خالیددا پژا و ئەویش تفى تێكرد، بەڵام پێغەمبەر چووە سەرى و نوێژى كرد و فەرمانى دا تا دەفنى بكەن.)
 ـ عومەرى كوڕى خەتاب دەڵێت:
 (ئەترسم دواى تێپەڕینى زەمەنێكە زۆر كەسێك بێت و بڵێت: من ئایەتى تایبەت بە بەردباران نادۆزمەوە لە كتێبى پیرۆزدا، لە ئەنجامدا بە ئەنجامنەدانى ئەو فەرزانەى كە خودا بۆى داناون گومڕا ببن. رەسوڵى خودا بىَ ئەملاو وسزاى رەجمى جێبەجىَ كردووە و ئێمە دواى ئەویش هەر درێژەى پێدەدەین.)
 لە "معز بن مالك" دەگێڕدرێتەوە كە رۆژىَ چووە لاى ئەبووبەكر و گووتى:
 (من مرۆڤێكى پیس و خراپم، چونكە زینام كردووە، ئەبووبەكریش وەڵامى دەداتەوە: لەلاى خوا تۆبە بكە و بابەتەكەش بە كەس مەڵىَ. دواتر هەمان شەخس چووە لاى عومەر و كێشەكەى خۆى بۆ گێڕایەوە و عومەریش هەمان وەڵامى دایەوە. دواتر چووە لاى پێغەمبەر تا بزانێت گەورەى موسوڵمانان چى پێدەڵێت. پێغەمبەریش لێى پرسى كە ئایا ئەو لەكاتى ئەنجامدانى تاوانى زیناكەدا نەخۆش، دێوانە، سینگڵ یا ژن و منداڵدار بووە؟ مەعز وەڵامى دایەوە كە ساغڵەم و ژن و مناڵدارە بووە. پێغەمبەریش فەرمان دەدات كە بەردبارانى بكەن. لە كاتى بەردباراندا كە بەردەكان ئازاریان دەدا، هەڵاتنى هەڵبژارد لە مانەوە لەژێر رەهێڵەى بەردەكاندا. دووبارە گرتیانەوە و بەردبارانەكەیان دەست پێكردەوە تا پیاوە مرد. دواتر پێغەمبەر وەك پیاوێكى باش قسەى لەسەر كرد و دواتر نوێژى لەسەر تەرمەكەى كرد.)
 بە پێى حەدیسێكى دیكە هاتووە:
 (خاخامەكانى یەهوودى بۆ ئەوەى كە محەمەد تاقى بكەنەوە، ژن و پیاوێكى یەهوودى ژن ومنداڵدار كە زینایان پێكەوە كردبوو، ناردە لاى. ئەوان لەنێو خۆیان قەراریان دانا كە ئەگەر محەمەد تەنها سزاى بە لێدانى تازیانەى بۆ بڕینەوە، وەك شاهزادەیەك رێزى لێبگرن و ئەگەر هاتوو بەردبارانى بۆ دانان ئەوا وەك پێغەمبەرێك پەیڕەوى لىَ بكەن. پێغەمبەریش فەرمانى دا كە بەردباران بكرێن. لە كاتى بەردبارانەكەدا، پیاوە بەردەوام خۆى دەدایە بەر مەعشووقەكەى تا بەردەكانى پىَ نەكەون، بەڵام دواجار هەردوو كووژران.)
 بەپیى حەدیسێك پیاوێكى دەوڵەمەند ئاماژەى بە دەوڵەمەندێكى دیكەدا كە:
 (كوڕەكەم لەلاى ئەم پیاوە ئیشى دەكرد و لەگەڵ ژنەكەیدا زیناى كرد. منیش لەبرى ئەم كارە سەد سەر مەڕ و كەنیزێكم پێدا. پێغەمبەریش وتى مەڕ و كەنیزەكەى خۆت وەرگرەوە، چونكە دەبێت كوڕەكەت سەد دانە قامچى لێبدرێت و بۆ ماوەى ساڵێك دوور بخرێتەوە و ژنەكەش لەبەر ئەوەى كە دانى بە تاوانەكەیدا ناوە، دەبێت بەردباران بكرێت.)
 دووبارە دەگێڕنەوە:
 (پیاوێك لەگەڵ كەنیزى ژنەكەیدا چووە سەفەر و لە رێگادا لەگەڵى خەوت. ژنەش ئەمەى گەلێك پىَ ناخۆش بوو و چووە لاى عومەر و شكایەتى لە پیاوەكەى كرد. عومەریش گوتى: دەبێت پیاوەكە بەردباران بكرێت، مەگەر ئەوەیكە لە كاى خەوتن لەگەڵیدا خاوەنى كەنیزەكە بووبێت. ژنەش كە رازى نەبوو بە مەرگى پیاوەكەى گوتى: كە من كەنیزەكەم بەخشیبووە پیاوەكەم.)
 بەگشتى لە ئیسلامدا باوەڕ وەهایە كە ژنى موسوڵمان دەبێت پیاوەكەى رازى بكات، چونكە هەروەك مێرد پێویستى بە خواردن هەیە، وەهاش پێویستى بە زەوق و پیویستى سێكسى هەیە و دەبىَ مێردەكەى تێر بكات و وەڵامى پێویستییەكانى بداتەوە تا ژنێكى دیكە نەهێنێت، لە بەرامبەریشدا پێویستە مێرد ژنەكەى تێر بكات و جەستەى بلێسێتەوە و نازى بداتىَ.
 لە ئیسلامدا ئەگەر بێت و پیاو نەتوانىَ ژنى خۆى رازى بكات و لە بەرامبەردا ژنە تووشى زینا بێت، ئەوا لێرەدا پیاو تاوانبارە و ئەو پیاوە دەبێت بەرلەوەى ژنەكەى تووشى كارى خراپ بێت، تەڵاقى بدات.
 لە لایەكى تریشەوە ئەگەر هاتوو ژن دڵگران و دڵەڕاوكێى هەبوو، ئەوا لە كاتى حەزى میردەكەى بۆ كارى جنسى دەبىَ وەها خۆى نیشان بدات كە ئامادەیە، هەروەك بڵەیت كە لە دڵەوە ئەم كارە دەكات، كەواتە مەیلى جنسى ژن لە لایەن ئیسلامییەكانەوە بە فەرمى دەناسێنرێت، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەكى وەكوو ژن و مێردایەتى هەمیشەییدا جێبگرێت. دواجار دەبێت ئەم مەیلە لەژێر دەسەڵات و مەیلى خودى پیاودا بیت، كەوابىَ هەرجۆرە جوڵانەوە و رەفتارێك كە ئەم نیزام و سیستەمە بباتە ژێر پرسیارەوە، سزاى تایبەتى خۆى هەیە وەكوو مەرگ بەهۆى بەردەوە كە بۆ ژنى زیناكار ئامادە كراوە.
 ئەتوانین بڵەین كە ژن لەو بەردە (18) مەتریە دەچێت كە خەڵك لە كاتى حەجدا بەردى تێدەگرێت لە مەكە و ماڵى خودادا. كەوایە ئەتوانین بڵەینن رەجم كردن هەر لە بنەڕەتەوە لە ئیسلامدا چەسپیوە بە بەڵگەشەوە.
 هەندێك لە رووحانییەكانى نێو ئیسلام، قورئان بە نەرمتر و ناتوندوتیژتر لەقەڵەم دەدەن لە سووننەت، بەڵام دواجار هەر ئەمانەن كە زیاتر لە بەرژەوەندى سووننەت هەڵدەسووڕێن و رەفتار دەكەن. نهۆ لە دینى ئیسلامدا لەبرى ئەوەیكە پشت بە كتێبە ئاسمانییەكە ببەسترێت بۆ سزاى زیناكاران، زیاتر پشت بەو حەدیس و رەفتارى پیاوە گەروەكانى سەردەمى پێغەمبەر دەبەسترێت كە دواجار ئەمانە شتێكى دیكەیان لىَ ناكەوێـتەوە جگە لە بەردباران و سزاى بێتام و قوورس نەبێت.
 هەموودەم لە ئیسلام و بەتایبەت لە مەزهەبى شێعەدا پلە و پایەى پیاو زۆر لەسەرووى ژنەوە دانراوە و تەنانەت بۆ مەیلى سێكسى زۆر ماف دراوە بە پیاو كە لەبەرامبەردا هیچ لەو مافانە بە ژن نەدراوە. بۆ نمونە پیاو لەم چەند بوارەى خوارەوە ئەتوانێت پێویستییە سێكسییەكانى خۆى پڕ بكاتەوە:
 1. هاوسەرگیرى هەمیشەیى (ئەویش لەگەڵ چوار ژندا)
 2. هاوسەرگیرى كاتى (سیغە) بە دانى كەمێك پارە (المبلغ المعین) لەگەڵ هەر ژمارەیەك ژن و بۆ هەر كاتێك كە پیاوە بخوازێت، هەرچەندە كە لەگەڵ كەسێك یا كەسانێكیش ژیانى هاوسەرى هەمیشەیى پێكهێنابێت ئاساییە.
 3. كڕینى كەنیز.
 4. دەستبەسەرداگرتنى ژنان و كچان وەك دەستكەوتى شەڕ.
 لەبەرامبەردا نەك تەنها ژنان ئەم جۆرە مافانەیان نەبووە، بەڵكوو بە پێى یاساى شەرع بەردەوام ناچاربوونە بە پەیڕەوكردنى حیجابى ئیسلامى و دووریگرتن لە كەسى نامەحرەم و بێگانە و گۆڕینى ئاواز و دەنگیان، پەیڕەوكردنى بى ئەملا و ئەولا لە پیاوەكانیان و زیندانیبوون لە ماڵەوە. پیشتر شتێك بە ناوى حەرامسەرا هەبوو كە كەسێك یا بازرگانێك یا ئەمیرێك ئەیتوانى لەنێو ژن و كەنیزەكانیدا هەڵسووڕێت و سێكس بكات و بخواتەوە و سەما بكات، بەڵام ئیسلام بە مافى چوار ژنى و كەنیزەك بوون زۆر واوەتر نەچووە لە حەرامسەراكان.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply