Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

جامی مەکارتی ژنە شاعیری نوێخوازی ئەمریکی لە دیمانەیەکی ڕاستەوخۆدا

Be First!

  ( سازدانی :عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ

– پەخشانە شیعر وزەیەکی ئاسۆیی لەسەر ڕووی پەڕە و چاو و مێشکی خوێنەردا هەیە
– شیعر ڕوخسارێکی سەرەکی ژیانمە
– بۆ من پۆستمۆدرێنیزم باشترین چەمکە
جامی مەکارتی شاعیر
جامی مەکارتی (1) ژنە شاعیری نوێخوازی ئەمریکی لە (نیو ئینگلاند) لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا لە دایک بووە و گەورە بووە. هەر لە بەرایی تەمەنیدا شیعرەکانی (ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن) ئەزبەر کردووە و هەروەها لە گەشتی بە نێو وشەدا  حەزی لە دەنگ و سەدای وشەکان بووە ئەمە سەرباری تێڕوانین و چاودێریکردنی دونیای دەوروبەری. خۆشەویستی بۆ وشە و شیعر دەکەوێتە شکڵگرتن کاتێک لە کۆلیجی ئامادەکاری دەبێت لە (ماین). جامی کۆرسی نوسینی شیعر لای (جان هێریک) وەردەگرێت کە جەختکردن بوو لەسەر شێوەکانی شیعر.دواتریش لەماوەی دواساڵی خوێندنی ئامادەیی هەستی بەوە کرد کە شتێک خەریکە ئارەزوو و خەیاڵی داگیردەکات، شتێک کە دەیویست تێی بگات و پیادەی بکات. جا ماوەیەکی برد تا مانای شیعر بەتەواوەتی ئالودەی ژیانی بێت.ئەو هەمیشە لە دەفتەرەکەی بەرباخەڵی خەریکی خوێندنەوە و نوسین بوو . لە کۆتاییدا جارێکی تر خۆی بینییەوە لە پۆلەکانی نوسینی شیعر لە زانکۆی ( نیو هامشایر) لەسەر دەستی مامۆستایان (مەکیل مەک براید) و ( چارڵس سیمیک).ئیشکردن لەگەڵ ئەو دوو مامۆستا بەخشندەیە _ کە ڕێنیشاندەری جامی بوون لە چۆنیەتی دروستکردنی وێنەی شیعری_ و سەقامگیرکردنی لەسەر ڕێڕەوی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماجستێر لە 1994 لە بواری ستایشکردنی داهێنان و نوسین لە زانکۆی (ئەریزۆنا) لە ( توسان).پاش تەواوکردنی زانکۆ بۆ ماوەی 9 ساڵ وەکو بەڕێوەبەر و کەسی یەکەمی ڤیستڤاڵی ساڵانەی (تۆسان) سەرقاڵی کارکردن بووە .(2).لەو ماوەیەی کە بەڕێوەبەر بوو، ژمارەیەک لە شاعیرە بەناوبانگ و ناسراوە زیندووەکانی ئەمەریکا ی هێنا بۆ ئەو ڤیستڤاڵە لەوانە:(شێرمان ئەلێکسی) و ( دەینە جیۆوا) و ( مەکسین کومین) و ( گەری سیندەر) و ( ئان ۆڵدمان) ئەمە بێجگە لە شاعیرانەی کە بە زمانەکانی تر دەیاننوسی.هەر ئەو کاتەی لە (توسان) بوو، جامی مەکارتی وەکو سەرنوسەرێکی پرۆفێشناڵی ئاکیۆڵۆژی و مۆزەخانە و تێکستە ئەدەبیەکان و هەروەها وەکو مامۆستایەک کاری دەکرد کە وانەی لە ژمارەیەک لە کۆلێژ و زانکۆکان دەووتەوە  لەوانە : (زانکۆی ئەریزۆنا) و ( پەیمانگای هونەری نەیتیڤەکانی ئەمریکا لە ( سانتا) لە ( نیو مەکسیکۆ). جامی لە ساڵی 2005 لە ڤانکۆڤەر نیشتەجێ دەبێت بۆ  وانە وتنەوە سەبارەت بە شیعر و شاعیرانی هاوچەرخ لە بەشی ئەدەبی ئینگلیزی  و هەروەها وتنەوەی پرۆگرامی نوسین و بڵاوکردنەوە لە زانکۆی ( سایمۆن فرەیزەر) .جامی وەرگری خەڵاتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی(ئامادەکاری) ئەریزۆنایە بۆ کۆمەڵەی هونەری شیعر.جامی شیعرەکانی لە وەرزنامەکانی ئەمریکا و کەنەدا بڵاو کردۆتەوە.یەکەمین دیوانیشی بە ناوی ( پەیوەندییەکان و کاتە ڕاستەقینەکانی ڕۆژ) بڵاو کردۆتەوە.(3)

(1) جامی مەکارتی لە سەرەتای 2007 پێی ئاشنا بووم وەختێک خەریکی خوێندنی پەخشانە شیعر بووم لە زانکۆی ( سایمۆن فرەیزەر) و ئەویش وانەی پێدەوتین.
(2) ڤیستڤاڵی ساڵانەی توسان: کۆنترین ڤیستڤاڵێکی ئەدەبی و هونەریە لە باشوری خۆرئاوای ئەمریکا.
(3) ئەم دیدارەم لە هاوینی 2007 دا سازداوە.

 mashkhal_jami Martin
جامی مەکارتی و عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
پرسیار:شیعر گەلێ پێناسەی جیاوازی هەیە، تۆ شیعر چۆن پێناسە دەکەیت؟

وەڵام: بۆ من شیعر ئەزمونێکی زمانەوانیە کە نوسەر و پاشان خوێنەریش کەشفی ئەو ڕاستگۆیی و ئاڵوگۆڕە سەرسوڕهێنەرانە دەبێت کە زمان ئەنجامی دەدات. شیعر هەموو شتێکە _ قاپێکی پڕ لە لیمۆیە ، مێزێکەو بە پەرداخێ شیر دادەگیرسێ، و شیعر هیچیش نیە.

پرسیار: لەم سەردەمەدا شیعر خوێنەری زۆر کەمە بەبەراورد بە پەخشان و نوسین.هۆی چیە تۆ بە شیعرەوە نوساوی؟

وەڵام: لە گەلێ ئاراستەی جیاوازەوە هەقیقەت ئەوەیە من ئەم پرسیارە لە خۆم ناکەم کە بۆچی من بە شیعرەوە لکاوم.ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە شیعر ڕوخسارێکی سەرەکی ژیانمە.زۆر ئاسایی و سروشتیە وەکو ڕۆیشتن.من ئەڕۆم بێئەوەی پرسیار بکەم بۆ ئەڕۆم .شیعریش ئاوهایە.شیعر ئەو شتەیە وەختێک کاری لەسەر دەکەم(دەینوسم) ئاسوودەم دەکات ، حەزم لە وتنەوەی وانەی شیعرە، خۆشحاڵم دەبینم خەڵکانێک هەن  ئامادەن بە درێژایی ڕۆژ ئیش لەسەر دۆزینەوەی وشە دەکەن بۆ شیعرەکانیان جا ئەم دۆزینەوەیە هیچ ئاڵوگۆڕێک پێکبێنێت یان نا ، یان هیچ کەسێک بۆی گرنگ بێت یا نا.لێرەدا شتێک هەیە سەبارەت بە جەخت کردنە سەر نوسینی شیعر. جەخت کردن گرنگە، هەر ئەمەش دڵخۆشم دەکات و وام لێدەکات کە بەبێ شیعر نەتوانم بژیم.

پرسیار: جیاوازی نێوان شیعر و پەخشانە شیعر چیە؟

وەڵام: جیاوازیان وەکو سۆناتا و ڤیلانێلیەیە)ى).پەخشانە شیعر شێوەیەکی تایبەتی شیعرە. لە بری دێری یەک لەدوای یەک وەکو سۆتانا و ڤیلانێلیە بە پێی ڕستەکان لە جوڵە دایە.بەم شێوەیە، پەخشانە شیعر وزەیەکی ئاسۆیی لەسەر ڕووی پەڕە وچاو و مێشکی خوێنەردا هەیە.ئەم وزە ئاسۆییە وا لە پەخشانە شیعر دەکات لاپەڕەکان ببڕێت و بێتە دەرەوە ، پاشان ڕۆبچێتە خوارێ.کە لێی دەڕوانی  پەخشانە شیعر هەمان شێوەی پەرەگرافی نوسینی هەیە،زۆر لەو پەرەگرافانە دەچێت کەلە کورتە چیرۆک و ڕۆماندا هەن.پەخشانە شیعر پەیوەندیەکی زۆر باش لەگەڵ بازدانی سوریاڵی دەبەستێت و چیرۆکی زۆر ورد ورد دەگێڕێتەوە.هەر شتێک ڕووبدات، زۆر بە ئاسانی لە پەخشانە شیعر دەگوزەرێت!
(ى) ڤیلانێلیە:شێوە پێکهاتەیەکە لە چەشنی شیعری لیرکیی وایە کەلە 19 دێر پێکدێت لەگەڵ 2 ئاواز(ڕیزم) کە بەشێوەی پێنج 3 دێری و چوارینەیەک دەنوسرێت.((وەرگێڕ))

پرسیار: ئایا شیعرەکانی تۆ لە پەیوەندیدان لەگەڵ کلتوری ئەمریکی؟ ئەگەر وایە شیعرەکانی تۆ چ کاریگەرییەکی ئەو کلتورەیان بەسەرەوەیە؟ئەگەریش نا ، بۆچی؟ هەروەها پەیوەندی نێوان شیعر و کلتور چیە؟

وەڵام : واو، ئەمە پرسیارێکی زۆر گەورەیە و ئەو پرسیارەیە کە هیوادارم بەبێ خۆهەڵکێشان وەڵامی بدەمەوە.ئەم تێڕوانینەم هەیە چونکە کاتێک دەنوسم هەوڵدەدەم ڕوبارێک لە وزە و هەست ڕامبماڵێت. بۆ ئەم مەبەستە من بیر لە ئەمەکداری یان لێپرسراوەتی یان ئاستی بەهرەی هونەری خۆم ناکەمەوە بۆ ئەمەریکا یان هەر کلتورێکی تر.من ئەو هەستەم هەیە  کاتێک کە قسە دەکەین وەک ئەوەی وابێت ئێمە خۆهەڵکێشین.ئەمەش وترا کە ئاشکرایە بۆ من کە ئەو دڵنیا کۆمەڵایەتی و کلتوریە پەیوەستە لە نێو شیعرەکانمدا زیندوون. زۆربەی ئەو سەرکوتانەش کە لە توندو تیژیە کۆمەڵایەتیەکانەوە بە تایبەتیش دژ بە ژنان سەرچاوە دەگرن.هەروەها من شەیدام جگە لە بێهودەیی و  ئاستنزمی بەو ڕێگایانەی کە ژنان چاولێدەکرێن و دەدوێندرێن لە کۆمەڵگەدا.لە شیعرەکانمداهەوڵدەدەم دوو شت لە پەیوەست بەم باسەوە وەک دوو ڕەگەز ئەنجام بدەم.یەک: ئەو چیرۆکانە بگێڕمەوە کە باس لە توندوتیژی دەکەن و ناماقوڵی و نایەکسانی تێیاندا بەرجەستە بۆتەوە. دوو: سوود لە توانای دەڕبڕین بکەم. من دەمەوێت زەحمەتترین شت بوترێ و ببیسرێ.لەوێوە دەمەوێت زۆرترین قودرەتم بۆ بگەڕێتەوە و لەگەڵ زۆرترین سزایەکیش کەلە توانادا هەیە. لەو بڕوایەدام ئەمە غەددر لە هەستم دەکات بەوەی کە هونەر کاسەرتیک( Cathartic) و وزەبەخشە.دواجاریش هونەر لە دڵی خۆیدا دەربارەی دەربڕینە.دەربڕینێکی هەمەلایەنەی پاک و بێگەرد.شیعرێکم پێنیشان بدە،منیش ڕەنگدانەوەی هەردوو نوسەر و کلتورت تێیدا نیشان دەدەم.ئێستا ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە هەستدەکەم کە بەوپەڕی دڵنیایی و ڕاحەتەوە بڵێم ئەو شیعرانەی کە نوسراون (چ من نوسیومن یان کەسانی تر نوسیویانە) بەئەندازەی هێماکانی کات لە ئۆتۆمۆبێل هاژوژتن و جلوبەرگ لەبەر کردن و خواردن ئامادەکردن و ڕیکلامەکان و فلیمی سینەماکان و هتد بینراون و تەماشاکراون.. 
 

پرسیار:تۆ خۆت لە چ خانەیەکدا پۆلین دەکەیت،پاش بونیادخوازی یان پۆستمۆدرێنیست یان شتێکی تر؟ ئەی شیعرەکانت چۆن پۆلین دەکەیت؟

وەڵام: زۆر چاکە. سەرەتا هونەرییانە قسە بکەین، بەهەرحاڵ بە پێی ڕەخنەگران من و تۆ لە ئێستادالە سەردەمی پۆستمۆدرێنیزم دەنوسین.تا ئێستا نەمبیستوە ئەم سەردەمەی ئێمە چی پێدەڵێن کەئەگەر ڕەخنەگران ناوێکیان بۆ داهێنابێ.جا هەرچەندە خۆم وا باسی دەکەم بەڵام دڵنیا نیم کە چۆن ڕەخنەگران نوسەران خۆیان لە نێو ئەم پۆڵینکردنە جێدەکەنەوە.بەپێی ئەوەی کەی لە دایکبوون،کەی نوسیان،یان بەپێی ئەم یان ئەو فاکتەری تر بۆ نموونە جوانی.لەم لەحزەیەدا من هەوڵ دەدەم کە ئەمە بدۆزمەوە و بگەڕێمەوە بۆ لات و بەردەوام بم لە وەڵامەکەم بە پێی تێکەیشتنی ئێستام.
بۆ ماوەیەکی درێژ لەو بڕوایەدا بووم کە من پۆستمۆدرێنیستم لەوکاتەوەی لەدایکبووم و لەوماوەیەی کە زۆربەی بەرهەمەکانم تیایدا نوسیوە و لەهەموو ئەوماوانەدا ،تەنانەت زۆر لەوەش زیاتر من سوپاسگوزاری بیروڕاکانی ئەم سەردەمەم کە لەڕاستیدا بۆ من هەست ناکەم  کە بیروڕا بن بەڵکو ڕێگاگەلێکن کە پێشوەخت من بیرم پێیان دەکردەوە و دەژیام و داهێنانم دەکرد.بۆ من پۆستمۆدرێنیزم باشترین چەمکە.
هونەریانە بێژین،حەزم لە پەرۆشی پرستمۆدرێنەکانە ئەوانەی (دوای پیکاسۆ) شتێکیان داهێناوە.ئەم دەستپێشخەریە دڵخۆشم دەکات و وزە لە خۆ دەگرێ نەک هێز.ئەمەش وریایی و زیندووییە وپەیوەستە بە دۆزینەوەوە.پاشان زۆر چێژ لە هونەرانە وەردەگرم کە لەو ماوەیەدا بەرهەم هێنراون. ئێمە قسە لە شێوەکار (جاکسن پۆڵۆک ، مارک ڕۆزۆک ، ولیەم دێ کونینگ ، تاد) و مۆسیقاری وەک ( جۆن کەیج) و سەماکەر و چۆریۆگرافەر ( مێرس کەنینگهام) و هەروەها شاعیرانی قوتابخانەی نیویۆرک ، قوتابخانەی بلاک ماونتێن ، بوژاندنەوەی سانفرانسیسکۆ و ڕەزمی نەوە لە نێوئەوانی تردا دەکەین. ئەمە گروپی گۆڕینی ژیان و کلتوری بەهێزە.
تاکو ئێستاش ئایا لە شێوازی کارکردن و پەرۆشی هونەریانە بۆ هەر گروپێک چ ئەوانەی لە پێش یان لە دوای ئەوانەوە هاتوون هیچ گرفتێکی پێکهێناوە؟نەخێر
من شیعرەکانم وەک سندوق یان فارگۆنی وشە پۆلین دەکەم.من لاپەڕە وەک دەفرێک و شیعرەکانیشم وەک چەندین دەفر چاو لێئەکەم.وشەکانم (لەناو) نەک (لەسەر) یان ( لەدەرەوە)ی لاپەڕە و شیعرین ، کە ئەزمونی خوێندنەوەی شیعر خێراتر و کاریگەرتر دەکەن.بەم شێوەیە لەو بڕوایەدام کە شیعرەکانم و ئەو وشانەی کە پێکی هێناون  سێلانەیین((three-dimensional یان بەرجەستەیین.دەشێ  بتوانیم شتێکی زۆرتر لە وەڵامی پرسیارەکانی تردا بۆ ئەم پرسیارە هەڵکڕێنین ،

پرسیار:ئایا ڕەخنەی مۆدێرنی ئەمریکی توانیویەتی کاریگەری بەسەر شیعری ئەمریکیەوە دابنێت ؟ تا چەند ئەم کاریگەریە کاری خۆی کردوە و ئایا تەئسیری بەسەر زمان و ڕەگەزەکانی تروە هەیە ؟

وەڵام:تا ئەندازەیەک ڕەخنەی مۆدێرنی ئەمریکی کاریگەری بەسەر شیعری ئەمریکییەوە هەیە.بەڵام پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.توانای کاریگەری زۆر دوور و درێژە کەچی بەکورتی دەکەوێت. لەوبڕوایەدام ئێمە نازانین تا چ ئەندازەیەک یەک کاریگەری لەوی تر کردووە دەشێ ئەوانەی لەدوای ئێمەوە دێن ئەوان بتوانن شتێک لەم بارەیەوە بڵێن.

پرسیار:تۆ خوێنەری تایبەت بە خۆت هەیە ؟ ئایا چۆن پۆڵینیان دەکەیت؟

وەڵام: من زۆر خۆشبەختم بەوەی کە گروپێک خوێنەرم هەیە  ڕێزیان دەگرم و بڕوام پێیانە شیعرەکانم دەخوێننەوە و سەرنج و پێشنیارەکانیانم بۆ دەردەبڕن.زۆربەی ئەندامانی ئەم گروپە بچووکە ئەمریکیە بەتەمەنەکانی دونیای شیعرن کە باشترین سەروکاریان لەگەڵ شارەزایی وانە وتنەوە و بڵاوکردنەوەوە هەیە.من ئەوخوێنەرانەم بە خوێنەری((کراوە)) پۆلین ئەکەم.ئەمە ئەوخوێنەرانەن کە ئامادەن بیروڕا وئەندێشەیان بگۆڕدرێ سەبارەت بەوەی شیعر چیەو چۆنە و دەتوانێت چی بکات؟سەرنجڕاکێشتریش لەمە زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعرەکانم ئەخوێننەوە زۆر تەقلیدیانەو ڕەسمیانە نوسیویانە بەبەراورد بە ستایڵە پێشڕەوی وپێشەنگیەکانم.من ڕەزامەندم بەوەی کە خوێنەرەکانم ئامادەن کارەکانم بخوێننەوە و وەڵامی بدەنەوە تەنانەت ئەگەر بەتەواوەتی لە کارەکانی ئەوان جودا بن.حەزدەکەم زۆر هاوشانی ترم هەبن تا بەشداری بەرهەمەکانم لەگەڵدا بکەن بەڵام ئەمە هەروا بە ئاسانی مەوجود نایەت.خۆشت ئەزانی حەزکردن تەنها لە لایەنێک یان دووان دەبێت.

پرسیار:نوسین بۆ تۆ چ مانایەکی هەیە و لە کارەکانتا جەخت لەسەر چ جۆرە ستایڵێک دەکەیتەوە و لەگەڵ چ ترادیسیۆنێک خەریکی دەستوپەنجە نەرمکردنی؟

وەڵام:بە نسبەت منەوە شیعر زۆر نانوسرێت وەک ئەوەی کە هێمنە . من یاداشتنوسێکی ناچاری زانیارییەکانم.من بەبەردەوامی وشە و دەنگ و بایت کۆدەکەمەوە.ئەووشە وفرەیزانەی کە خاوەنی دەنگێکن و حەزملێیانەو پارچە قسەکردن یان گفتوگۆیەک کە گوێم لێیان دەبێت کۆیان دەکەمەوە.وە ک ئاراستەکردن و پێکەوە لکانی پاسکیل یان ڕستەیەک لە نامیلکەی زانیاری وفەرمایشتی دکتۆری ددان یان کتێبێکی زانستی ئەمە بێجگە لە بیروڕای خۆم و تاد.لەم پارچە زانیاریانەوە شیعر ئامادە دەکەم.ئەم میسۆدی کارکردنە ڕێک بەو هونەرمەندە شێوەکارە دەچێت کە هەڵبژاردنەکانی لە تابلۆی تێکەڵکردنی ڕەنگەکانەوە وەرگرتبێت.بیر لە شیعر نوسین دەکەمەوە وەکو پرۆسەی کەشفکردن، وەکو قوڕ و بەردی پەیکەرتاشێک کە پێویستی پێیەتی بۆ چاککردنی کەل ودرز و دۆزینەوەی شێوە تیایدا.
من لەو بڕوایەدام هەموو دەڵێین ئیستاتیکا پێشەنگی هەموو ئەوانەیە کە سروشتیان خۆ قوتارکردنە لە پەراوێز لەدەرەوەی باوەڕی بڵاو ڕێگای باو.زێدەتر ئەمەوێت بڵێم ئەخوازم شیعرەکانم شتی مەحاڵ ئەنجام بدەن.بڕوام بە هەوڵدانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم کارە ولەوێداکورت دەهێنن کە گوریسی ژیان و سڕینەوەی شیعرەکانم ڕادەکشێن . ئەمە ڕێگایەکی ترە بۆ ئەوەی بڵێین دابڕانە لە نێوان ئەوەی ئەمەوێت شیعرەکانم چی بکەن و ئەوەی  ئەوان چی دەکەن .من کاتم زۆر لێدەڕوات بەڵام ئەمە بەقەد هەوڵدانەکان گرنگ نین.لەبەر ئەوەی لەم هەوڵدانانە پرۆسەی کەشفکردن چەند هەنگاو زیاتر و نزیکترە لەوەی کە ڕاستی بۆ من چیە سەبارەت بە بابەتەکانم و زەرورەتی خەوشەکان لە کارگەی زماندا.ئەم خەوشانە یان ئەم دژوارانە(Awkwardnesses )لە ژیانی ڕاستەقینەدا جێگاو ڕێگایان هەیە و بۆ من مانادارن.ئەم دژوارانە کەرەسەی خاو و مایەی ئیحراجین بەڵام ڕاستیشن.

پرسیار:زمان قودرەتی کاریگەری هەیە بەسەر خەیاڵ و ڕەخسارەکانی تری شیعردا. ئایا لەو کاتانانەی کە شیعر ئەنوسیت ئەتوانی وەسفی قودرەتی زمانمان بۆ بکەیت؟

وەڵام:بەنسبەت منەوە زمان وەکو شەحنی کارەبا کاریگەری هەیە.کاریگەریەکی بەهێز و مەزن دەگرێت و پێشکەشیش دەکات.لە شیعرەکانی خۆمدا حەز ئەکەم لە نیگەرانییەوە دەست پێبکەم و ڕێگای پێکەوەنانی پارچەکان لە گشتەوە بدۆزمەوە.تاقیکردنەوەی کارکردن لەناو ماتریاڵدا( زمان و وشە) وزە پێدەبەخشێ و هاوکات  ئامڕازە ئۆریجیناڵەکەش بە زیندوویی ئەهێڵێتەوە.من لەلایەن کۆڕوکۆمەڵەکانەوە ڕێم پێ نیشان دەدرێت و ڕووناکی بەخشیشە  دەرگا دەکاتەوە بە ڕووی ڕوباری وزەدا. کاری من ڕێگە بە زمان دەدات بۆ دۆزینەوەی(ناسینەوەی) دوا فۆرم یان شێواز، کە ئەدگاری هەمیشەیی لە نیگەرانیە ئۆریجیناڵەکەدایە. من پێم خۆشە و تاقیشی دەکەمەوە شیعرێک بنوسم چالاکییەکانی لە سەرچاوەی هەست و وزە ونیگەرانییەکانیان وێنا بکەم.بەم شێوەیە حەزم لەو شیعرانەیە کە ڕەنگدانەوەی ئەزمونی شت،باوەڕ،هەستە دەربڕاوەکان بێت و هەروەها ئەو شیعرانەش کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگدانەوەی ئاکتی نوسین بێت.

پرسیار:دوا وتەت چیە؟

وەڵام:حەزئەکەم سوپاست بکەم بۆ بانگێشەی ئەم چاوپێکەوتنە، پرسیارەکانت خۆش و سودمەند بوون.پاشان دوا وتەم ئەوەیە:حەماسەت وپەرۆشی!

Previous
Next

Leave a Reply