Skip to Content

Sunday, November 29th, 2020

حزب و سێكس … شادومان بایز جه‌لال

Be First!
by September 17, 2012 گشتی

 

گومانی تێدا نیه‌ یه‌كێك له‌ناكۆكیه‌ هه‌ره‌ قوڵ وبه‌رجه‌سته‌كانی نێوان حزبه‌ ئیسلامیه‌كان وعه‌لمانیه‌كان وچه‌په‌كان وپێشكه‌وتنخوازه‌كان، مه‌سه‌له‌ی ژنه‌…كێشه‌ی ژن جه‌وهه‌ی گه‌وره‌ی ململانێی هێزه‌ دینی وعه‌لمانیه‌كانه‌. ئێمه‌ لێره‌دا زۆر ناچینه‌ ناو ره‌هه‌نده‌ مێژویی وجیهانیه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌كورتی له‌سه‌ر كوردستان قسه‌ ده‌كه‌ین. له‌كوردستان حزبه‌ ئیسلامیه‌كان وخێڵ وگروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ داخراوه‌كان، رۆژانه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت و بیانه‌وێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌میان و ناو دڵیانه‌، به‌رامبه‌ر ژن ده‌یڵێن، نه‌ شه‌رم ده‌كه‌ن، نه‌ ده‌ترسن، نه‌ سڵا له‌هیچ وه‌ڵامێك وكاردانه‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ن. به‌ڵام حزبه‌ عه‌لمانی وچه‌په‌كان بێ ئه‌ندازه‌ شه‌رمن، ترسنۆك، بێ به‌رنامه‌، بێ وه‌ڵامن له‌سه‌ر ئازادی ژن، مافی ژن، جه‌سته‌ی ژن. ئیسلامیه‌كان ده‌یانه‌وێت ژن باڵاپۆش بێت وناویان لێناوه‌ باڵاپۆشی زێڕین وئاهه‌نگی بۆ رێكده‌خه‌ن، به‌ڵام ژنێك ته‌نووره‌ی كورت بكاته‌ به‌ری وسنگ وبه‌رۆكی دیار بێت، ئه‌وا قیامه‌ت هه‌ڵده‌ستێ، واته‌ جه‌سته‌ی ژن بۆته‌ شتێكی سیاسی..؟ حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان زۆر دواكه‌تووانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا جه‌سته‌ی ژن وده‌ركه‌وتنی ده‌كه‌ن. تێڕوانینی كادیرێكی یه‌كیه‌تی وپارتی وشیوعی وحزبه‌ پێشكه‌وتوه‌كان وئه‌وانه‌ی ناویان سۆسیالیست وهه‌ر ناوێكی دیكه‌یه‌، وه‌كو تێڕوانینی پیاوێكی خێڵا وحزبه‌ ئیسلامیه‌كانه‌. پێتان سه‌یر نه‌بێت كه‌ بڵێم حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان زیاد له‌پێویست چاودێری كچ وژنه‌كانیان ده‌كه‌ن ودنیایه‌ك سانسۆری كۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌خلاقی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ژن ومنداڵه‌كانیان، بۆ به‌ڵگه‌ سه‌یری فه‌یسبوك بكه‌ هه‌موو په‌یجه‌كانی كه‌سانی رۆشنبیرو عه‌لمانی وحزبه‌ عه‌لمانیه‌كان ته‌نها وێنه‌ی پیاوه‌كه‌یه‌، ژن حه‌رامه‌ وقه‌ده‌غه‌یه‌ ده‌ركه‌وێت، ئه‌وه‌شی وێنه‌ی ژنه‌كه‌ی دابنێت یه‌ك دنیاكۆمێنتی بۆ ده‌چێت وكه‌سوكاری قبوڵا ناكه‌ن. 

رۆژ نیه‌ له‌كوردستان ئه‌تك به‌ جه‌سته‌ی ژن نه‌كرێت، حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان ودیموكراسی خوازه‌كان له‌هه‌موو كه‌س خراپترن. لێره‌دا بابه‌تێكی ئاسایی هه‌یه‌ كه‌ سێكسه‌، بڕوا بكه‌ن یه‌كێك له‌بابه‌ته‌ هه‌ر سه‌ره‌كیه‌كانی په‌یامی دیموكراسی وعه‌لمانی وحزبه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كان مه‌سه‌له‌ی سێكسه‌. كه‌چی پێچه‌وانه‌ ده‌بینین حزبه‌ ئیسلامیه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك وهێزێك دژی سێكس وئازادیه‌كانی ده‌وه‌ستنه‌وه‌و وه‌كو ناشیرینترین وبێ ئه‌خلاقترین حه‌زی ژن سه‌یری ده‌كه‌ن. حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان خراپترن نه‌وه‌كو په‌یامێكی زانستی وكرانه‌وه‌و رۆشنبیریان پێبێت. ترس له‌سێكس وجه‌سته‌ی ژن له‌ناو باره‌گای هێزه‌ عه‌لمانی ودیموكراسی وچه‌په‌كان زۆر زیاتره‌ وه‌كو له‌ ناو هێزه‌ ئیسلامیه‌كان، ئه‌گه‌ر بڕواش به‌من ناكه‌ن توێژه‌رێك ده‌توانێت به‌وردی بچێت توێژینه‌وه‌ بكات. كه‌واته‌ لێره‌دا زۆر به‌رۆشنی یه‌ك راستیمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزبه‌ دیموكراتی وعه‌لمانی وچه‌په‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای خێل وناوچه‌گه‌ری وبنه‌ماڵه‌ وكولتوری داخراوی كورده‌واری له‌دایك بوونه‌، واته‌ ئه‌مه‌ راسته‌ كه‌ حزبه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌دایك بووینه‌، به‌ڵێ حزبه‌ عه‌لمانی وچه‌په‌كان ودیموكراسیه‌كان له‌سه‌ر میراتی كۆنی كوردی ده‌ڕۆن وهه‌مان ته‌قلید وروانین وچه‌مكی دواكه‌وتویی بۆ سێكس وژن دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. هیچ جۆره‌ به‌رنامه‌و روانین وئازادیه‌كیان بۆ جه‌سته‌ی ژن وئازادی سێكس وخه‌می سێكس وگه‌نج وژن نیه‌. به‌ڵكو ئه‌مانیش حزبی ئیسلامین له‌به‌رگه‌ كولتوریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌دا. 

Previous
Next

Leave a Reply