ئاوێته‌كردنی كات له ده‌قی شیعرییدا
به‌نمونه‌ی ده‌قی
(له پرچه‌كانی (حه‌وا)وه بۆنی قژه‌خاوه‌كانی تۆ ده‌كه‌م)ی عومه‌ر عه‌بدولكه‌ریم*
ئه‌فڕاندن‌و داهێنان له نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، وابه‌سته‌ی چه‌ند لایه‌نێكی سه‌ره‌كیین، كه به‌ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق هه‌ژمارده‌كرێن. له شیكردنه‌وه‌ی هه‌رده‌قێكدا خوێنه‌ر تیشكی سه‌رنجه‌كانی ڕووه‌وه ڕه‌گه‌زێك ده‌بێت، وه‌لێ ڕه‌خنه‌گر له دید‌و تێڕوانینی جوێ جوێوه شه‌ن‌و كه‌وی ده‌قه‌كه ده‌كات‌و داهێنانی شاعیر ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌ر‌و هه‌وڵده‌دا وردترین ڕه‌گه‌زی ئیستاتیكا بۆ خوێنه‌ر ئاشكرا بكا. ئه‌گه‌ر كاری نووسه‌ری ده‌ق به‌رهه‌مهێنانی خولقاندنی ده‌ق بێت، ئه‌وا ڕه‌خنه‌گر هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نهێنیه‌كانی سه‌ركه‌وتن‌و داهێنان له لای ده‌قنووس ده‌دات، بۆیه پرۆسه‌ی ڕه‌خنه به‌لایه‌نێكی ته‌واوكه‌ر ده‌ق داده‌نرێت.
زۆرجار ڕه‌خنه به‌ته‌واوكه‌ری پرۆسه‌ی ده‌ق داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه شوناس‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕه‌خنه واده‌كات كه داهێنان ده‌ربكه‌وێت، چونكه زۆرجار تا ڕه‌خنه‌گران شه‌ن‌وكه‌وی ده‌قێك نه‌كه‌ن، ئه‌م ده‌قه چانسی بڕینی سنووره‌كانی نابێت‌و هه‌ندێ جاریش ته‌می له‌بیرچوونه‌وه‌و ته‌نانه‌ت مردنیشی له‌سه‌ر ده‌نیشێ، مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌گۆشه‌یه‌كی مێژووی ئه‌ده‌بدا تۆمار بكرێت. بۆیه زۆرێك براوه‌كانی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتی نۆبڵیش قه‌رزداری ڕه‌خنه‌گرانن. چونكه ئه‌وه‌نده‌ی خودی ده‌قه‌كه نهێنیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، دوو ئه‌وه‌نده‌ش ڕه‌خنه‌گر ده‌بێته مایه‌ی ناساندنی‌و سنووره‌كانی به‌رده‌م ناساندنی واڵاده‌كات.
له‌و نێوه‌نده‌دا، دوو جۆری ڕه‌خنه له‌گۆڕێدان، ڕه‌خنه‌یه‌ك كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌كادیمی‌و به‌پێی چه‌ند پرنسیپێكی ئه‌ده‌بی بنیاد ده‌نرێت‌و ڕه‌خنه‌یه‌ك كه خودی ده‌قه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ كێش كردنی ڕه‌خنه‌گر به‌روه‌لای خۆی. به‌ڵام زۆرجار ڕه‌خنه‌یه‌كی ئاڕاسته‌كراوی مه‌به‌ستداریش له گۆڕێدایه، كه ڕه‌خنه‌گر بۆ ئامانجێكی تایبه‌تی‌و دیاریكراوی خۆی كار له‌سه‌ر ده‌قێك ده‌كات، كه به‌ڕای ئێمه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه بابه‌تی نابێت‌و نابێته به‌رهه‌مهێنی تیۆرێكی ڕه‌خنه‌ی كه بتوانرێت كاره‌كانی ئاینده‌ی له‌سه‌ر بنیات بنرێت.
كات به‌یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕۆمان‌و چیرۆك داده‌نرێت، به‌ڵام وه‌نه‌بێ ئه‌م ڕه‌گه‌زه له شیعردا نه‌بێ. پشت گوێ بخرێت. گه‌لێك جاران شاعیر ده‌توانێ له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هونه‌ریانه‌ی كات، تێكه‌ڵاكردنی ده‌مكاته‌كان شیعرییه‌تی ده‌قه‌كه‌ی زیاتر بكات‌و به‌رزو نزمی زیاتر له نێو ده‌قه‌كه‌یدا ده‌بینرێت.
له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه مۆدێرنه‌ی شاعیر عومه‌ر عه‌بدولكه‌ریمدا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی جیاجیا ده‌كه‌ین، كه به‌زۆری بنیاتی واتایی ده‌قه‌كه‌و لایه‌نی ده‌لالی‌و هه‌ڵێنجانی مه‌به‌سته شاراوه‌كانی ده‌قه‌كه وه‌خۆده‌گرێت. سه‌ره‌تا له زمانی ده‌قه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ین، كه چه‌ند لایه‌نێكی جوێ جوێ ده‌گرێته‌وه، به‌شێكی سه‌ره‌كی شێوازی شاعیر ده‌گرێته‌وه.
له‌هه‌ڵبژاردنی كرداره‌كاندا شاعیر به‌زۆری كاری ڕابردووی به‌كارهێناوه، ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌كی گێڕانه‌وه‌ی به ده‌قه‌كه به‌خشیوه، زه‌مه‌ن به‌سه‌رچووه، له‌وانه:
نێرگز تاقه بونه‌وه‌رێك بوو.
یان
كام دارستان له‌توانای بوو
یان
چ ده‌ریایه‌ك توانای هه‌بوو.
له نێو كرداره‌كاندا شاعیر به‌زۆری كرداری (ڕابردووی به‌رده‌وامی) به‌كارهێناوه، كه ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رده‌وامی كاریگه‌رییه‌كانی كرداره‌كان، بۆ ئێستا، چونكه له زماندا به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی ئه‌م چه‌شنه كرداره كراوه، كه له ڕابردوودا ڕوویان داوه‌و له‌كاتی قسه‌كردندا كاریگه‌رییان ماوه، به‌نموونه:
بۆنی قژه‌خاوه‌كانی (حه‌وا)
كاسی ده‌كردم.
یان:
شنه‌ی با
كه‌روێشكه‌ی به‌په‌ڵه گه‌نمی
دامێنی چیاكه دهكردو
یادی زه‌مه‌نی ڕه‌نگینی
جوانترین پرچی ژنی خه‌لیقه‌ی
ده‌كرده‌وه
له سه‌رله‌به‌ری ده‌قه‌كه‌دا چه‌ندین كرداری تر له هه‌مان‌و ده‌مدا به‌كارهێناوه، له‌وانه:
سه‌مای ده‌كرد، مه‌ست ده‌بوو، ته‌سلیم ده‌بوو، ده‌شكاند، نه‌یده‌هێشت، كزكزده‌كرد، خه‌وی ده‌كه‌وت…….
ڕه‌هه‌ندێكی تری به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌شنه كرداره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه شاعیر ده‌یه‌وێت، له‌م ڕێگه‌یه‌وه زه‌مه‌نه‌كان پێكه‌وه ببستێته‌وه‌و ئاوێته‌یان بكات، چونكه سروشتی ئه‌م جۆره كاره له‌وه‌دایه كه زه‌مه‌نی ئێستا‌و ڕابردوو به‌یه‌كه‌وه گرێبدات‌و كاریگه‌رییه‌كانی ڕابردوو له سه‌ر په‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ بنه‌خشێنێ. بۆ شاعیر له ئاوێته‌كردنی كات زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه. ته‌نانه‌ت له داڕشتی فۆڕمی ئه‌م چه‌شنه‌ی كرداری ڕابردوودا، هه‌ردوو جۆری مۆرفیمی كاتی به‌رده‌وامی /ده-/ و /- ئه/ به‌كارهێناوه، كه‌هه‌ردووكیان ئه‌لۆمۆڕفی یه‌كترین، ئه‌مه‌ش شاره‌زایی شاعیر پیشان ده‌دات له ورده‌كاری زمان، وه‌كو:
سه‌ری خۆی ئه‌نایه‌وه‌و
یان
ئه‌یقرتاند‌و هینده‌ی تر
قژی ڕه‌شی خۆی پێ ئه‌ڕازانده‌وه
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا فۆڕمی /ده-/ زۆر به‌كارهێناوه، وه‌كو:
ئه‌و ده‌یبنی‌و ده‌شیزانی
به‌و نزایه
زه‌مه‌نێك دێ
ئه‌تك‌و تیرۆر
له‌منداڵدانی ژناندا
له‌بار ده‌چێت
له‌ڕووی بونیادی زمانه‌وه شاعیر هه‌ندێ كرداری هه‌ڵبژاردووه، كه له‌ڕووی ڕۆنانه‌وه لێكدراون‌و به‌مه‌ش هاوسه‌نگیكی زمانیی له‌ده‌قه‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێت، چونكه ئه‌م جۆره كردارانه له‌زمانی كوردیدا رێگه به‌وه ده‌ده‌ن، كه كه‌ره‌سته‌ی تر بێته نێوانیان‌و پارچه‌كانیان له‌یه‌كتری داببڕێن، به‌مه‌ش واتاكه‌یان پله‌پله ده‌گه‌یه‌نرێت، به‌نموونه:
كه‌روێشكه‌ی به په‌ڵه گه‌نمی
دامێنی چیاكه ده‌كرد
یان:
چاوه‌كانی ته‌سلیم به‌خه‌وێكی قووڵا ده‌بوو
یان:
ئه‌و پێشبینی خه‌ونی عه‌شقه نه‌زۆكه‌كانی
(نالی)یه‌كانی ده‌كرد
به‌پێی ئه‌وه‌ی ڕایه‌ی كه له تیۆره‌كه‌ی بوزیماندا هاتووه، كه ده‌ڵێت له هه‌ر ده‌قێكدا ژماره‌ی كرداره‌كان زۆر بوو ئه‌وا شیعریه‌تی ده‌قه‌كه زیاتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ سروشتی ئه‌و به‌شه‌ئاخاونته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه چه‌ند چه‌مكێكی تێدا تواوه‌وته‌وه له‌وانه كات، كه‌س، ئه‌رێی‌و نه‌رێنی. بۆیه‌ش به‌رزو نزمی زۆر له ده‌قه‌كه‌دا دروست ده‌كات. په‌یوه‌ست به خوێنه‌ریشه‌وه زیاتر بیری خوێنه‌ر به‌ره‌و نێو ده‌قه‌كه كێش ده‌كات. شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا زۆرجار هه‌ندێ كاری به‌دوای یه‌كدا هێناوه كه ئه‌مه‌ش شیعریه‌تی ده‌قه‌كه‌ی زیاتر كردووه ده‌قه‌كه‌ی له جووڵه‌ی ئاسۆیی پاراستووه. وه‌كو:
خودایه:
له‌هه‌وه‌س‌و له‌زه‌تی
ئاده‌میه‌كان بمانپارێزه
ئه‌و ده‌یزانی
به‌ونزایه
مێژوویه‌ك له‌ئه‌لبومی عه‌شق
له‌سوتان ڕزگاری ئه‌بێ
ئه‌و ده‌یبینی‌و ده‌شیزانی
به‌و نزایه
زه‌مه‌نێك دی
هاتنی ئه‌و كردارانه له‌و كۆپله‌یه‌دا به‌رز‌ونزمی زۆری به‌ده‌قه‌كه به‌خشیوه، ئاڕاسته‌ی جووڵه‌ی ده‌ق له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌یه. به‌ڵام هاتنی چه‌ند ئاوڵناوێك به‌دوای یه‌كتریدا جووڵه‌ی ئاسۆی له‌ده‌قدا دروست ده‌كات، هێنده‌ی كردار ناتوانێت شیعریه‌تی ده‌ق زێتر بكات، وه‌لێ زۆرجار شاعیر به‌هه‌ڵبژاردن‌و لادان ده‌توانێت جوانكارییه‌ك دروست بكات، وه‌كو:
توێژێك خاك‌و خۆڵی
هه‌ڵقرچاوی به‌رهه‌تاوی
لایه‌نێكی سه‌ره‌كی له‌بونیادی زمان، دووباره‌كردنه‌وه‌یه، شاعیر بۆ دروستكردنی ئیقاعی ناوه‌وی شیعر هه‌ندێ ده‌نگ دووباره‌ده‌كاته‌وه، كه ده‌شی ده‌نگێك یان بڕگه‌یه‌ك دووباره‌بكاته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، وه‌كو:
ئێواره‌یه‌ك سه‌ری (حه‌وا)
له‌بــان بــاڵی (ئاده‌م) دابــــــوو
لێره‌دا هه‌ردوو ده‌نگی (ب ، ا) دووباره‌بوونه‌ته‌وه، به‌ئاڵوگۆڕی شوێنیشانه‌وه، به‌مه‌ش مۆسیقایه‌كی تایبه‌تی به دێڕه‌كه به‌خشیوه، پێده‌چێ شاعیر هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش وشه‌ی (بان)ی له‌جیاتی هاوواتاكه‌ی به‌كارهێنابێ كه (سه‌ر)ه. هه‌روه‌ها ده‌لێت:
بۆیه سێبه‌ری بۆ به‌ژنی باڵای جوانی (حه‌وا)
خولقاند.
به‌كارهێنانی چه‌ند وشه‌و ڕسته‌یه‌كی هاوواتا دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی واتایی زۆر جوانی به ده‌قه‌كه به‌خشیوه، كه هاوواتا ڕێگایه‌كی تایبه‌تی ده‌ربڕینی تاكه واتایه‌كه، واده‌كات كه فۆڕمی وشه‌كان دووباره نه‌بێته‌وه به‌ڵام هه‌مان واتا بگه‌یه‌نن، ئه‌مه‌ش بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌ڕووی واتاییه‌وه، به‌كاردێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رهه‌نگی شاعیر پیشان ده‌دات، وه‌كو وشه‌ی (پرچ‌و قژ) كه هاوواتان، شاعیر ده‌ڵێ:
له پرچه‌كانی (حه‌وا)وه بۆنی قژه‌خاوه‌كانی تۆ ده‌كه‌م
له دوای یه‌ك شاعیر دوو ڕسته‌ی هاوواتای هێناوه، كه‌هه‌مان مه‌به‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام له به‌ر جه‌ختكردنه‌وه‌ی واتایی دوو فۆڕمی جیاوازی بۆیه‌ك واتا هێناوه، وه‌كو:
دوعای دهكردو
ده‌پاڕایه‌وه…..
هه‌ردوو ڕسته‌كه یه‌ك مه‌به‌ست ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه. هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی هه‌ردوو وشه‌ی (نزا، دوعا) له‌هه‌ندێ شوێن (نزا)ی به‌كارهێناوه، به‌تایبه‌تی بۆ دروستكردنی مۆسیقای شیعره‌كه ڕه‌چاوی هه‌لبژاردنی وشه هاوواتاكانی كردووه، وه‌كو:
ئه‌و ده‌یزانی
به‌و نزایه
یان
به‌و نزایه
زه‌مه‌نێك دێ
لێره‌دا له هه‌لبژاردنی وشه‌ی (نزا) ڕه‌چاوی وشه‌كانی ده‌ورووبه‌ری كردووه، كه ده‌نگه‌كانی له وشه‌كانی ته‌نیشت خۆی دووباره ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئاوازێكی تایبه‌ت به دێڕه‌كه ده‌به‌خشێت‌و له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسۆییدا ده‌بن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وشه‌ی (دوعا) به‌كاربێت ئه‌م ئاوازه دروست نابێت.
هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی هه‌ردوو وشه‌ی هاوواتای (خه‌و ، خه‌ون) كه هه‌ردووكیان بۆ یه‌ك مه‌به‌ست به‌كاردێن، له‌زمانی كوردیدا ده‌كرێت هه‌ردوكیان بۆ (خه‌ون – رۆیا) به‌كاربێن به‌ڵام هه‌ردوكیان بۆ (خه‌و – نوم) به‌كارناهێنرێن. شاعیر ئه‌مه‌ی دروست به‌كارهێناوه. وه‌كو:
ئه‌و پێشبینی خه‌ونی عه‌شقه نه‌زۆكه‌كانی …
یان
له خه‌وی دا گوناهه‌كانی
عه‌شقی ئه‌مڕۆی
ئه‌قرتاند.
هه‌ندێ جار شاعیر لادانی زمانی به‌كارهێناوه، به‌نموونه له‌ئاستی وشه‌سازییدا مۆڕفیمه‌كانی كۆكردنه‌وه‌و ناساندنی له‌گه‌ڵا هه‌ندێ وشه‌دا به‌كارهێناوه، كه له زمانی ئاسایی‌دا كۆناكرێنه‌وه، وه‌كو، پرچه‌كان، قژه‌كان، نالیه‌كان…..هتد. هه‌روه‌ها له ئاستی ڕسته‌سازیدا، شاعیر چه‌ندین لادانی له ڕیزكردنی كه‌ره‌سته‌كانی ڕسته دروستكردووه، به‌مه‌به‌ستی جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر واتای ئه‌و وشه‌یه‌ی كه به‌لوتكه‌كراوه، به‌تایبه‌تی كردار، وه‌كو:
توێژێك خاك‌و خۆڵی
هه‌ڵقرچاوی به‌رهه‌تاوی
ده‌به‌خشی یه چڕنووكه تیژه‌كانی
ڕه‌شه‌با.
لێره‌دا كاری (ده‌به‌خشی) هاتۆته پێشه‌وه، یاسای زمانی كوردی به‌زاندووه، كه ده‌بێت كار ده‌كه‌وێته كۆتایی ڕسته.
شاعیر چه‌ند جۆرێكی له لادانی واتایی به‌كارهێناوه، كه خۆی له به‌زاندنی په‌یوه‌ندی نێوان ناو‌و ناولێنراودا ده‌بینێته‌وه، كاتێك ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌به‌زێنرێت ئه‌وا ئه‌م لادانه دروست ده‌بێت، وه‌كو به‌رجه‌سته‌كردن، یان به‌زینده‌وه‌ر كردن….هتد. شاعیر چه‌ند جۆرێكی له‌م لادانانه له‌و ده‌قه‌دا به‌كارهێناوه، به نموونه:
تیشكی خۆر بۆ ململانێی
شاجوانی له‌گه‌ڵا
پرچه زێڕینه‌كانی ئه‌ودا
بێ‌هووده
ملی خۆی ده‌شكاند
لێره‌دا لادانه‌كه له‌وه‌دایه كه شاعیر سیفه‌تی مرۆڤی به ڕۆژ به‌خشیوه، واته (به‌مرۆڤ كردن)ه. هه‌روه‌ها سیفه‌تی مرۆڤ به (با) و زه‌وی ده‌به‌خشێ.
هه‌ندێ په‌یامی گرنگی مرۆڤایه‌تی له‌پشت ئه‌و ده‌قه‌وه‌ن كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆرجوانی هونه‌ری ده‌بڕاون به‌تایبه‌ت ئه‌و په‌یامانه‌ی له‌سه‌ر زاری حه‌واوه ده‌ربڕاوان، ئه‌مه‌ش دوو مه‌به‌ستمان پێده‌ڵێن، یه‌كه‌میان په‌یامه‌كان په‌یامی سه‌رله‌به‌ری مرۆڤایه‌تین، چون حه‌وا دایكی یه‌كه‌می مرۆڤایه‌تییه، دووه‌میان په‌یامێكی فینیمینیساتانه‌مان پێده‌ڵێت، كه ئافره‌ت به‌درێژایی مێژوو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بوو بۆ تێكردنی ئاره‌زووه‌كانی پیاو، بێ‌گوێدانه هه‌ست‌و سۆزی، چ له‌واقیعدا بێت، چ به‌خه‌ون‌و خه‌یاڵا، له‌وانه:
خودایه:
باهه‌ر له‌چرپه‌ی نیگاكانه‌وه
ئاره‌زوو و شه‌هوه‌ته‌كان
سه‌رفرازبێ.
له‌م دوعایه‌دا ئازاره‌كانی ژنمان پێده‌ڵێت، بۆ تێركردنی ئاره‌زووه‌كانی پیاو، گوێ‌نه‌دان به‌هه‌سته‌كانیان، سه‌رباری جوانكارییه‌كی وشه‌ی له هێنانی وشه‌ی (چرپه‌ی نیگاكان) چونكه لادان له پێكه‌وه‌هاتنیان دروستكراوه، به‌وه‌ی كه چرپه په‌یوه‌سته به‌ده‌نگ‌و له‌ڕێگه گوێ ده‌گات، به‌ڵام نیگا په‌یوه‌سته به‌بینین‌و له‌ڕێگه‌ی چاوه‌وه ده‌گات، ئه‌م دوو كه‌ناڵه ده‌توانن هه‌ست‌و جوانی‌و خۆشه‌ویستی بگه‌یه‌ننه دڵی پیاو. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
خودایه:
له‌هه‌وه‌س له‌زه‌تی
ئاده‌مه‌كان بمانپارێزه
لێره‌دا ئاده‌م كراوه‌ته ڕه‌مزی هه‌موو پیاوێك، مێژووی توندوتیژی پیاومان پیشانده‌دات، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی مرۆڤه‌وه، بۆ تێركردنی ئاره‌زووه‌كانی. حه‌وا ئه‌م دوعایانه‌ی بۆ كرد، چونكه پێشبینی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنی كردبوو، بۆیه ده‌ڵێت:
ئه‌و ده‌یزانی
به‌ونزایه
مێژوویه‌ك ئه‌لبومی عه‌شق
له‌سوتان ڕزگاری ئه‌بێ
لێره‌دا، ئامانجی خۆشه‌ویستی له‌پێناوی شه‌هوه‌ت‌و له پێناوی عه‌شقی ڕاسته‌قینه پیشان ده‌دات. ژنیش له‌و پێناوه‌دا قوربانی زۆری داوه، زه‌ره‌مه‌ندی ئاره‌زووه‌كانی پیاو بووه، هه‌روه‌ها زیاتر پێشبینی ده‌كات كه:
زه‌مه‌نێك دێ
ئه‌تك‌و تیرۆر
له‌منداڵدانی ژناندا
له‌بارده‌چێت
ئه‌و هیوایه‌ی كه مرۆڤایه‌تی به‌دوور بێت له‌م دوو باره نه‌گریسه، چونكه هه‌ردوكیان له‌لایه‌ن پیاوه‌وه ده‌كرێن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا له‌منداڵادانی ئافره‌ته‌وه دێته ده‌ره‌وه، كه هیوای له‌بارچوونیان ده‌كات، لێره‌دا ئه‌تك‌و تیرۆر، به‌مرۆڤ كراون. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شاعیر ئاماژه بۆ قه‌سیده‌یه‌كی نالی ده‌كات، كه هه‌جوی سه‌ر مه‌ستووره خانمی ئه‌رده‌ڵانی ده‌كات‌و به‌ڵام له‌خه‌ودا ده‌ربڕاوه، كه كاره‌كه‌ی تۆزێك ئه‌هوه‌نتركردۆته‌وه، وه‌ك نالی ده‌فه‌رموێت:
مه‌ستوره كه حه‌سناو‌و ئه‌دیبه به‌حیسابێ
هاته خه‌وم ئه‌مشه‌و به‌چ نازێك‌و عیتابێ
هاتووم، وتی، عوقده‌م هه‌یه، قه‌ت مومكینه وابێ؟
هیی تۆم ئه‌گه‌ره‌م مه‌سه‌له حه‌ل كه‌ی به‌جه‌وابێ
شاعیر ده‌ڵێت:
ئه‌و پێشبینی خه‌ونه نه‌زۆكه‌كانی
(نالی)یه‌كانی ده‌كرد.
له دیدی شاعیره‌وه ئه‌م خه‌ونه خه‌ونێكی پیاوسالارانه، به‌ڵگه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنه، بۆ تێركردنی ئاره‌زووه‌كان ته‌نانه‌ت له خه‌ویشدا، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی هونه‌ره‌كانی ڕه‌وانبێژییه‌وه ده‌كرێت وه‌كو تیل نیشان لێكبدرێته‌ه‌وه. حه‌وا پێشبینی ئه‌و جۆره تێڕوانینانه‌ی پیاوی كردووه، بۆیه ئه‌م دوعایانه‌ی كردووه. لایه‌نێكی تری پشت ئه‌و ئاماژه‌دانه پێمان ده‌لێت پیاوان هه‌موویان تێڕوانیینیان به‌رامبه‌ر به‌ژنان لێك نزیكه خوێنده‌وار بێت یان نه‌خوێنده‌وار.
به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی خواست‌و هیوان كه ئه‌سته‌مه به‌دی بێن، هه‌رچه‌نده ئه‌و وای ده‌بینی كه:
زه‌مه‌نێك دێ
مرۆڤ ده‌بێته خاوه‌نی پاكیزه‌ترین
عه‌شقی نه‌مر
هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ده‌ڵێن عیشقی ڕاسته‌قینه نه‌مره، كه‌واته ئه‌و په‌یامه‌ی حه‌وا ده‌یگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌یه كه پێویسته عه‌شق ڕاسته‌قینه بێت، بۆئه‌وه‌ی به‌نه‌مری بمێنێته‌وه. به‌ڵام له‌دوای ئه‌مه‌وه ڕه‌شبینی ده‌ستپێده‌كات، كاتێك ئه‌مه ده‌بێته خواستی دڵۆپه بارانێك، چونكه نه‌گه‌یشتووه‌ته ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی. وه‌ك ده‌ڵێت:
ئه‌مه لاپه‌ڕه‌یه‌ك خواستی
یه‌كه‌م ده‌نكه بارانی پایزێك بوو.
هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌دا په‌یامی سروشتیش ده‌خاته پاڵا ده‌نگی خۆیه‌وه، كه ته‌نانه‌ت سروشتیش ده‌یه‌وێت عه‌شق نه‌مربێت‌و ئه‌تك‌و تیرۆر نه‌مێنێ‌و توندوتیژی له‌سه‌ر ئافره‌ت هه‌ڵبگیرێت‌و ئافره‌ت وه‌ك به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ته‌ماشای بكرێت، نه‌وه‌كو هۆكارێك بۆ تێركردنی ئاره‌زووی پیاوان.
له لادانێكی تردا، شاعیر ئاڵۆگۆڕی به ئاو و هه‌وا كردووه، كاری هه‌ریه‌كه‌یانی به‌وه‌ی دیكه سپاردووه، وه‌ك ده‌ڵێت:
هه‌ربۆیه تامه‌زرۆم
له‌هاوینیشدا باران بێت
تاجه‌سته‌م پاراوتربێت
له‌بۆنی قژی تۆ
لێره‌دا، پاراوبوون، به‌هۆی ئاوه‌وه‌یه، به‌ڵام شاعیر به بۆن پاراوده‌بێت، كه هه‌وایه، به‌مه‌ش جوانكارییه‌كی واتایی سه‌رنجڕاكێش دروست ده‌بێت. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شاعیر زۆر لێزانانه له‌گه‌ڵا دیارده سروشتییه‌كان مامه‌له‌ی كردووه، به‌نموونه هۆكاری دروستبوونی سێبه‌ر ده‌گێڕیته‌وه بۆ پاراستنی (حه‌وا) – كه ڕه‌مزه بۆ هه‌موو ئافره‌تێك – له‌ده‌ست تیشكی ڕۆژ، و ناچاری تیشك، ورده‌كاریه‌كی زانستیش هه‌یه كه هه‌ر ڕۆژه سێبه‌ر دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی ڕه‌وانبێژییه‌وه جوانی بایس دروست ده‌كات، هه‌روه‌كو ده‌ڵێت:
به‌هه‌موو ئیره‌یی تیشكی ڕۆژ
نه‌یتوانی وێنه‌ی جوانی ئه‌و
بسوتێنێ
بۆیه سێبه‌ری بۆ به‌ژنی باڵای جوانی (حه‌وا)
خولقاند
ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی مێژووی
سێبه‌ر بوو.
شاعیر ورده‌كاریه‌كی هونه‌ری له‌باسێكی سروشتی‌دا به‌رجه‌سته كردووه، ئه‌ویش باسی نێرگز‌و كه‌م ته‌مه‌نیه‌تی، كه گوایه (با) لێناگه‌ڕێ ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵا ڕۆژدا به‌سه‌ربه‌رێ، گوڵی نێرگز سه‌ره‌تای به‌هاران ده‌ڕوێت‌و ماوه‌یه‌كی كورت جوانی‌و بۆنی خۆی په‌خش ده‌كات، به‌ڵام هه‌رزوو ده‌بێته‌وه خاك‌و خۆڵا، به‌ڵام شاعیر بۆ هۆكاری (با)ی ده‌گێڕێته‌وه، كه ده‌یقرتێنێ‌و خۆی پێ جوان ده‌كات، بۆیه نێرگز كه‌م ته‌مه‌نه، وه‌ك شاعیر ده‌ڵێ:
((نێرگز)) تاقه بوونه‌وه‌رێك بوو
سه‌رنجی ئه‌وی ڕائه‌كێشا
له‌خۆشه‌ویستی بوو
یان ئیره‌یی
به‌هاران نه‌یده‌هێشت ئه‌و گوڵه جوانه
چیرۆكی عه‌شقی
له‌گه‌ڵا ڕۆژدا به‌سه‌ربه‌رێت
ئه‌یقرتاند‌و هێنده‌ی تر
قژی ڕه‌شی خۆی پێ ئه‌ڕازانده‌وه
له‌وكاته‌وه
ته‌مه‌ن كورتی
به‌باڵای ((نێرگز)) دابڕا!
هه‌رچه‌نده پێده‌چێت شاعیر لێره‌دا نێرگزی به ڕه‌مز به‌كارهێنابێت، ئاماژه‌كه‌ی ته‌نیا لای خۆی ڕوون بێت. له هێنانی هه‌ردوو وشه‌ی (خۆشه‌ویستی)و (ئیره‌یی) جوانكارییه‌كی هونه‌ری دروست كردووه، كه دوو هۆكاری دژ بۆ یه‌ك ئامانج كاریان پێكراوه.
له‌م ده‌قه‌دا (با) توانایه‌كی به‌هێزی پێدراوه، چونكه هه‌ڵگری بۆنی قژی یاره، ده‌توانێت چۆك به دارستان‌و ده‌ریا‌و زه‌وی دابدا، به‌سه‌ر هه‌موویاندا زاڵ ده‌بێت، به‌ڵام كاتێك ده‌گاته پرچی یار ئارام ده‌بێته‌وه‌و خه‌وی لێده‌كه‌وێت، بۆنی پرچه‌كانی ئه‌و ده‌گرێت‌و بۆ شاعیری ده‌هێنێت. وه‌ك شاعیر ده‌لێت:
كاتێكیش با به‌هه‌موو هێزیه‌وه
گوژمی ئه‌دا
كام دارستان له‌توانای بوو
له‌ئاستی دا چۆك دانه‌نێ
چ ده‌ریایه‌ك توانای هه‌بوو
شه‌پۆله‌كانی نه‌كاته بارمته‌ی
مانه‌وه‌ی خۆی
زه‌وی له عه‌زره‌تا
توێژێك خاك‌و خۆڵی
هه‌ڵقرچاوی به‌رهه‌تاوی
ده‌به‌خشییی چڕنووكه تیژه‌كانی
ڕه‌شه‌با‌و
سه‌ری خۆی لێ كزكزده‌كرد
هه‌ر كه ئه‌گه‌یشته پرچه ڕازاوه‌كانی ئه‌و
به‌و گڤه شێتانه‌وه
سه‌ری خۆی ئه‌نایه‌وه‌و
له‌نیو تاڵه ڕه‌شه‌كانیدا
مه‌ستانه خه‌وی لێده‌كه‌وت.
كه‌واته په‌یوه‌ندی نێوان یار‌و حه‌وا، كه ئاماژه‌یه‌كه بۆ بوونی ئه‌و عه‌لقه نه‌پچڕاوه‌ی له نێوان سه‌رله‌به‌ری مێژوودا هه‌یه، شاعیر له‌ڕێگه‌ی (با)وه په‌یامه‌كانی پێده‌گات، له‌و پێناوه‌شدا به‌سه‌ر هه‌موو كۆسپه‌كاندا زاڵا ده‌بێت، له‌لایه‌كی تر به‌هێز ئه‌م لایه‌نه‌ی سروشتمان پیشان ده‌دات. سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌م پارچه‌یه‌دا لادانێكی فه‌رهه‌نگی له ده‌سته‌واژی (گڤه‌ی شێتانه)دا هه‌یه.
دواین شتێك كه په‌یمان پێ‌بردبێت، له‌م ده‌قه‌دا ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی كاته، به‌تایبه‌تی له‌ناونیشانی شیعره‌كه‌دا، چونكه شاعیر مێژووی حه‌وای هێناوه‌ته‌وه ئێستا، له پرچی ئه‌وه‌وه بۆنی پرچی یاره‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت، كه شاعیر ئاسانتر بۆنی حه‌وای بۆ دێت له یاره‌كه‌ی كه ئه‌مه محاڵه، به‌ڵام دووری یاره‌كه زۆر دووره، كه لێكچواندنێكی به‌راواژووی بۆ دروست كردووه، یان ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ڕه‌شبینی شاعیره. یان ته‌نیا گه‌مه‌یه‌كی هونه‌رییه، كه له‌ڕووی بونیادی واتاییه‌وه، ته‌نیا پڕاگماتێك لێكیده‌داته‌وه، لادانێكی به‌هێزی واتاییه، ئه‌گه‌ر بگوترایه (له قژه خاوه‌كانی تۆوه بۆنی پرچه‌كانی حه‌وا ده‌كه‌م) كه لادانه‌كه‌ی ئاسایی تر ده‌كرد. به‌مه‌ش پله‌ی شیعریه‌تی كه‌متر ده‌كرده‌وه.
* ده‌قی ئه‌م شیعره له پاشكۆی ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوكراوه‌ته‌وه.