چادرێك له سه‌ر سینگم هه‌ڵدراوه
یاده‌وه‌ری
به‌ردی خه‌یاڵ، چێشتخانه‌ی قرژاڵ، سهرشۆركی ساماڵ، خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ، بێرایی مه‌مكان، هۆده‌ی شه‌راب، هۆڵی هه‌راوهۆریا، كۆشكی كرملین، كۆشكی سپی، چیای دارین، چادری هه‌ناسه‌ته‌نگی، دێته بیرم پایزانێك له‌مێژنه‌بوو ئه‌نفال راوینابووین، هه‌شت نۆ ده پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌رد و قوڕیان بۆ عه‌لی كوتك و خدر روسی ده‌كێشا، له ماوه‌ی ده رۆژێك دیوار‌یان قیت‌كرده‌وه، داره‌ڕا و قوڕهپهستكرا، له بیرمه مام عه‌لی به خدر روسی ده‌گوت:
ئه‌و وه‌ستاییه ده‌ڵێی له رووسیا له سه‌ر ده‌ستی هاوڕێ لینین فێر بووی!
مام خدر به ته‌وسه‌وه ده‌یگوت:
نا، له گه‌ڕه‌شێخان..
دواتر زانیم گه‌ڕه‌شێخان گوندی عه‌لی كوتكه، ئێره باره‌گای نۆكانی خوارێیه، جمه‌ی دێ له پێشمه‌رگه، من لێره زستانی نۆكان و چه‌ند گرته‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی زستانیش نیشانده‌ده‌مه‌وه:
خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ دوو دكتۆری هه‌بوو، یه‌كیان خڕكهڵه، ئه‌ویدی باریكه‌له، ساڵ و شتێك بوو له مۆسكۆ هاتبوونه‌وه، عه‌ره‌ب بوون، به‌ڵام زۆر جار له نێوان خۆیان به رووسی ئاخافتنیان ده‌كرد، زۆر باسی مۆسكۆشیان ده‌كرد، وا بزانم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو ناوی بووه خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ، خه‌سته‌خانه‌كه جێی دوو نه‌فه‌ری لێنهدهبۆوه، ساماڵی عهنكاوهییش له‌وێ ده‌خه‌وت ئه‌ویش نیوه دكتۆرێك بوو، ده‌یگوت:
هه‌ر كه‌سێك دوو حه‌فته له‌و خه‌سته‌خانه‌یه بمێنێته‌وه ده‌بێته دوكتۆر
دكتۆره‌كان ناوه ناوه خولی پزیشكی‌یان بۆ پێشمه‌رگه ده‌كرده‌وه، كارۆخ گۆته‌نی:
لاقوزه دكتۆریان ده‌خسته باره‌گاوه.
خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ هه‌میشه جمه‌ی ده‌هات، خه‌ڵك و پێشمه‌رگه له هه‌موو لایه‌كه‌وه روویان تێده‌كرد، له خواره‌وه له زه‌لێ و شێنێ و لای بێده‌لان و گۆڕشێرهوه، له سه‌ره‌وه له بن قاسمهرهشهوه، له گشت لاوه نه‌خۆش به سه‌ر به‌فر و به ناو به‌فر و به بن به‌فرا به پێ و به سواری ده‌هاتنه خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ، به دوو دنكه حه‌ب، به ده‌رزیه‌ك چاكدهبوونهوه، من دوو جار رێم كه‌وته خه‌ستخانه‌ی مۆسكۆ، گه‌رووم دێشا، هه‌ناسه‌م بۆ نه‌ده‌درا، دكتۆره باریكهلهكه به خڕكهڵهكهی گوت:
ده وه‌ره تۆش ته‌ماشای بكه
به رووسی چه‌ند رسته‌یه‌كیان گۆڕیه‌وه، خڕكهڵه گوتی:
به زووترین كات ده‌بێت بچیته ئێران، نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌یت
باریكهلهكه گوتی:
ده‌بێت سبه‌ی بهرێبكهویت، نه‌شته‌رگه‌ری نه‌كه‌یت، ده‌تكوژێت
گوتم:
ناتوانم بچمه ئێران، په‌ڕی په‌ڕینه‌وه‌م نیه..
ئه‌بوو دڵشاد گوتی:
خه‌مت نه‌بێت، هه‌وڵ ده‌ده‌م له رێی ( سۆسیالیسته‌وه) شتێكت بۆ بكه‌م و بتنێرینه ورمێ
ئێ، چه‌ند رۆژێك رۆیی، هه‌تا ((په‌ڕی په‌ڕینه‌وه)) په‌یدابوو، من چاكبوومه‌وه، ئه‌و په‌ڕی په‌ڕینه‌وه‌یه هه‌رگیز له واده‌ی خۆی نه‌گه‌یشتووه، ئه‌و جاره‌ی ده‌مویست بچمه راژان بۆ كۆنگره‌ی نووسه‌ران، ئه‌وجاریش مامۆستا ره‌وه‌ند زۆر هه‌وڵیدا بۆم په‌یدا بكات، دهستینهكهوت و له دهستمچوو، ئێ، با بگه‌ڕێینه‌وه خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ، بزانین دكتۆره‌كان له‌وێ ماون! په‌نجه‌ی گچكه‌ی پێم بزمارێكی لێهاتبوو، پێم له پێڵاو جێی نه‌ده‌بۆوه، ده‌بێ بڵێم ئه‌و بزماره كۆنه، زۆر كۆنه، هێشتا له شار بووم، لێم هاتبوو، به‌ڵام گچكه بوو، رێی هیچی نه‌گرتبوو، ئێستا گه‌وره‌یه و پیڵاو ده‌گرێ، ئێ، له خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ نیشانی دكتۆره‌كانم دا، گفتیان دا: (( ئێستا نا، سبه‌ی دووه‌ی بۆت ده‌بڕین) سبه‌ی هیچ، دووسبه‌ی دكتۆره‌كان دیار نه‌مان، ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبۆوه، دكتۆره‌كان دیار نه‌ماون، ئه‌ولا دكتۆر ئه‌ملا دكتۆر، كه‌س نه‌یزانی عێراق قووتی دان، یان ئێران شاردنیه‌وه، دره‌نگ بیستم به دزیه‌وه چوونه‌ته‌وه رووسیا، به‌ر له‌وه‌ی بچمه چێشتخانه‌ی قڕژاڵ ده‌بێ چاره‌یه‌ك له په‌نجه‌م بكه‌م، له باره‌گای سه‌رێ كیفاحێك هه‌بوو، له جێیهكیدی به توفاح ناوم هێناوه، شتێكی له برینپێچی ده‌زانی، ئه‌و كوڕه ئێزیدی بوو، به‌ڵام هێنده‌یان پێگۆتبوو، تۆ هیچت له ئێزیدیان ناچێ، نه سمێڵت نه..گومانی له خۆی په‌یداكردبوو كه ئیزیدی بێ، ئێ ته‌ماشای په‌نجه‌ی كردم و گوتی:
+ ئاسانه، ئێستا بۆت دهدێنم
– كوڕه، ئه‌گه‌ر له خۆت رانابینی، ده‌ستی لێمهده..
+ خه‌مت نه‌بێ، بیستی ئهوهان نه‌شته‌رگه‌ری كردووه
دوو سێ ده‌رزیی سڕبوونی لێدا و كه‌وته سه‌ری، گه‌یاندیه سه‌ر ئێسك و له كاتی نه‌شته‌رگه‌ریش ده‌یگوت:
له هه‌ولێره‌وه ئه‌و بزمارهت بۆ من هێنا، بزانه چتۆ دكتۆرم!
به‌ڵام پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه له ته‌نیشتمان دانیشتبوو، گوتی:
جوان بیبڕه، با وه‌ك هی من شیننهبێتهوه.
دوو سێ رۆژ ئازاری زۆر بوو، ئیدی ته‌واو، بزمار ئێستاش شیننهبۆوه..
چێشتخانه‌ی قڕژاڵ به دووكهڵهكهیهوه له هه‌موو لایه‌كه‌وه دیاره، پشت له ته‌لانه روو له رووباره، پێشی واڵایه، سێ لای دیواره، دیواری پشتی ده‌ستكردی سرووشته، به‌ڵام دیواری ته‌نیشته‌كانی به ده‌ستی پێشمه‌رگه ههڵچنرایه، چێشتخانه‌ی قرژاڵ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه ئاگری لێ نه‌كوژاوه‌ته‌وه، دارستانێك داربه‌ڕووی ئاقاری نۆكانی سه‌رێ له ئاگردانی چێشتخانه‌ی قرژاڵ بۆته خۆڵه‌مێش، ئه‌گه‌ر سهرشۆركهكه هێنده‌ی وی داری سووتاندبێت، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕناكه‌ن، له رووباره‌كه وردببنه‌وه، له راستی چێشتخانه‌كه‌وه ره‌نگی خۆڵمێشی گرتووه، خۆڵه‌مێشی رۆخ ئاگردانیش هه‌میشه بۆنی په‌تاته‌ی لێدێ، چێشتخانه په‌تاته‌ی لێنه‌ده‌بڕا، من شه‌وان، ئه‌و شه‌وانه‌ی ئێشكگریم ده‌كه‌وته شه‌ودره‌نگان یه‌ك دوو په‌تاته‌م ده‌برژاند و له شه‌وی به‌فراوی، زوقماوی خۆم به په‌تاته‌ی بر‌ژاو گهرمدهكردهوه، ده‌زانن چ تامێكی ده‌دا! ئێستاش هه‌ر كاتێ به‌فر داده‌كات، له به‌فر نزیكدهبمهوه، حه‌زم ده‌چێته په‌تاته‌ی بر‌ژاو، ئه‌و ساڵه به‌فرێكی ئهستووركهوت، لێینه‌ده‌كرده‌وه، چێشتخانه‌ی قڕژاڵ ته‌ژیه له ورده سه‌رهات، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی دزیكردبوو له چێشتخانه‌ی قرژاڵ لێی ئاشكرابوو، پێشمه‌رگه تووڕهكهش هه‌ر له چێشتخانه‌ی قڕژاڵه‌وه ده‌نگی هه‌ڵبڕی:
حزب هه‌تا حیز هه‌بێ، ئێمه ده‌نێرێته رووسیا؟!
پێشمه‌رگه شێتۆكهكهش كه له پێشمه‌رگه‌یه‌ك تووڕه ببوو، ده‌بێ ناوی هادی بووبێ، له چێشتخانه‌ی قرژاڵهوه به ده‌م چایه خواردنه‌وه‌وه، له چۆكی خۆی ده‌داو ده‌یگوت:
ئاخر كورد ده‌بێته چی! تۆ بڕوانه عه‌ره‌ب هادی عه‌له‌وی هه‌یه، كوردیش خاوه‌ن ئه‌و هادیه به‌ژن به‌رزه!!
چه‌تۆ سه‌حه‌ریش ئه‌و شه‌وانه‌ی ئێشكگریهكهی ده‌كه‌وته ده‌می سه‌حه‌ر، له چێشتخانه‌ی قرژاڵهوه تێیههڵدهكرده (هه‌وه‌ل سه‌حه‌ره..)، شه‌ڕی دوو پێشمه‌رگه‌كه‌ش هه‌ر كه‌وته چێشتخانه‌ی قڕژالهوه كه به په‌تاته و پیاز وهرگهڕابوونه یه‌كتر، له‌وێ گوتم، ئه‌گه‌ر هه‌موو شه‌ڕه‌كان ئه‌وها ده‌بوون، زه‌وی دوژمنایه‌تی قووڵی به خۆیه‌وه نه‌ده‌دیت، پێشمه‌رگه‌یه‌كیش لاقوونی خراپ به پۆلووی ئاگردانه‌كه‌ی چێشتخانه‌ی قڕژال سووتا، ناكۆكیه‌كه‌ی من و غهسانیش كه به‌فر نهیكوژاندبۆوه، به دیار ئاگردانی چێشتخانه‌ی قڕژاڵه‌وه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه، ورده سه‌رهات زۆرن، جوانترینیان سه‌رهاتی هه‌ره‌سه، ئه‌وه‌ی به چاوی خۆم دیتم و ئێستاش له چاومه و ناسڕێته‌وه، ته‌لانی پشت چێشتخانه كه به سه‌ر رووباره‌كه‌دا ده‌یڕوانی و رووبار تا پێچی ده‌كرده‌وه به بن ته‌لانی به‌رزدا و به ناو به‌فردا نه‌رم نه‌رم ده‌ڕۆیشت، به‌فر كه‌ناره‌كانی زۆر لێكدی نزیككردبۆوه، چی بۆ رووبار نه‌هێشتبۆوه، ئێ، پێش نیوه‌رۆیه، كابانم، خه‌ریكی شیولێنانم، به رێكه‌وت له زاری چێشتخانه روو له ته‌لانی سپی كه لووسه له به‌فر راوه‌ستاوم، دیتم له‌و سه‌ره‌وه دوور له چێشتخانه، ته‌لان درزی برد، به‌شێك له ته‌لان خزی، چیای سپی كه‌وته رووباره‌وه، ئا چیا بوو، هه‌ر كه‌وتنی چیا ئه‌و ده‌نگه‌ی لێوه دێ، له گوێی من ده‌نگه‌كه زۆر گه‌وره بوو، ترسام له راستی چێشتخانهشهوه به‌فر هه‌ره‌س بێنێ، نه‌یهێنا، به‌ری رووباری گرت، ئاو په‌نگی خوارده‌وه، كه‌مێكیتر چیای به‌فر نهتوابایهتهوه ئاو ده‌گه‌یشته ئاگردان، ئه‌وه جاری یه‌كه‌مم بوو هه‌ره‌سی به‌فر ببینم، هه‌ره‌سێكی گچكه، به‌ڵام لای من گه‌وره بوو، له یاده‌وه‌ری مندا گه‌وره‌یه، پێشتر ته‌نها له چیرۆك و سهرهاتان هه‌ره‌سی به‌فرم خوێندبۆوه، هه‌ره‌س تا به چاوی خۆت نه‌بینی، هه‌ره‌س نیه، ساڵی دواتر له قه‌ندیل هه‌ره‌سی گه‌وره‌ی به‌فرم دیت، به‌ڵام له یاده‌وه‌ری من ئه‌وه‌ی نۆكان گه‌وره‌تر و دیارتره، هه‌ر له‌وێ تێگه‌یشتم له خۆڕا نیه ناویان له تێكچوونی شۆرش ناوه هه‌ره‌س..
نه‌تانپرسی چێشتخانه‌كه بۆچی قڕژاڵی پێوه‌یه؟ له خۆوه نیه، باره‌گا عه‌ره‌بی زۆر بوو، هه‌رچی عه‌ره‌بیش بوو قرژاڵ خۆر بوو، سێ چوار كوردیش له عه‌ره‌به‌كان به تامتر ده‌یانخوارد، ئه‌وێ قڕژاڵی زۆر بوو_ له سه‌رهاتی قڕژاڵ ئه‌گه‌ر به ئه‌ركی نازانی خۆت هه‌ڵده ده‌ره‌وه‌ی وه‌رزی به‌فر_ قڕژاڵ به پێی خۆیان ده‌هاتنه چێشتخانه‌وه، ده‌تگوت حه‌زیان له برژانه، له ئاگردانه‌كه نزیكدهبوونهوه، ئیدی هه‌ر شیشكه تفه‌نگ بوو ده‌چه‌قیه پشت قرژاڵهوه، هه‌ر قڕژاڵ بوو، گه‌وره، گچكه له سه‌ر پشكۆ سۆردهبۆوه، ئای له چێشتخانه‌ی قڕژاڵه‌وه قڕژاڵ برژاوه، زۆر هه‌وڵمدا تامی بكه‌م، بێزم نه‌هات، رێبوار له كاتی قڕژاڵ خواردن ده‌یگوت:
(( وه‌ره به‌شداریمان بكه، بۆ بێزتدێ زه‌ردێنه‌ی هێلكه بخۆی، بێزت نایه قڕژاڵ بخۆی، خۆ یه‌ك شتن))
بێزم نه‌هات، به‌شداریم نه‌كردن، به‌شداریی من له قڕژاڵ هه‌ر ئه‌وه بوو ناوم له چێشتخانه نا چێشتخانه‌ی قڕژاڵ..
هۆده‌ی شه‌راب هێنده گه‌وره نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له ناوه‌وه هۆده‌یه‌كی بچووكی لێكرابۆوهو ده‌رگا داریه تهنهكهییهكهی هه‌میشه كلیلدرابوو، پڕ بوو له بڵاوكراوه و فایل و كتێب، جارێك خاره خوله گۆتیه من:
+ هه‌ر كاتێك له‌و ده‌رگایه نزیككهوتیهوه، چاوت داخه و كه‌پووت بگره
– لۆ؟
+ هه‌رچی سڕ و تڕی حزب هه‌یه له‌و ژووره‌یه.
– ئه‌دی ئه‌گه‌ر سووتا یان دزرا؟
+ وه‌ڵڵا حزب ده‌ستی له گونم ده‌بێ.
باش بوو حزب زوو سڕ و تڕی خۆی له‌وێ گواسته‌وه، نازانم بردیه ناوزه‌نگ یان نۆكانی سه‌رێ، هۆده‌ی شه‌راب هه‌ر ئه‌و هۆدهیهیه كه رێبوار شه‌رابی لێده‌گرته‌وه و له گێڕانهوهیهكیدی سه‌ربرده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی جلیكانهی شه‌رابم گێڕاوه‌ته‌وه، لێره ته‌نها ئیشم به چه‌ند مه‌تاره‌یه‌ك شه‌راب هه‌یه كه له هۆڵی هه‌راو هۆریا به كه‌ڵكم دێ.
هۆڵی هه‌راو هۆریا كه جارێك له زارم ده‌رچوو گوتم ئێره (هۆڵی گاگه‌ل)ه، له سه‌ر ئه‌وه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی عه‌ره‌ب تێكگیراین و خراپ داڕساینه یه‌كتر، من رووی قسه‌م له پێشمهرگهیهكیدی بوو، له په‌نجه‌ره‌ی گاڵته‌وه گوتم :
((ئه‌و هۆڵه هۆڵی گاگهڵه))
كه‌چی ئه‌و له كاتی وه‌رگێڕانی رسته‌كه بۆ عه‌ره‌بی خاڵبهنده گاڵتهییهكهی به‌گه‌ڵ نه‌دابوو، عه‌ره‌ب له ده‌رگای هیدڵیهوه وه‌ڵامیدامه‌وه:
+ تۆ خۆت به‌چی ده‌زانی ئه‌و خهڵكهته پێ رهشهوڵاخه.
منیش تووڕه بووم، له گاڵته‌وه كردمه راستی و پێمگوت:
– ده‌یڵێمه‌وه ئێره هۆڵی گاگهڵه، ئه‌گه‌ر وا نیه، تۆیان بۆچی لێره دابه‌ستووه
+ خۆت گای، هیچ وپووچ
– خۆت و بابت گان..
پێشمه‌رگه زوو كه‌وتنه به‌ینه‌وه، ده‌نا دوو گا شهڕهقۆچانێیهكی گه‌رمیان ده‌كرد، دوای ساردبوونه‌وه، گوێم له كارۆخ بوو به پێكه‌نینه‌وه ده‌یگوت:
(( به راستی ئێره هۆڵی گاگهڵه، نه‌تاندیت ئه‌و دوو گایه چۆن قۆچیان لێكدی گیركردبوو))
ئیدی چیدی هۆڵی گاگه‌ڵ به زارم‌دا نه‌هات، له جێی گاگه‌ڵ ههراوهۆریام دانا، ئێستاش هه‌ر به هۆڵی هه‌راوهۆریا ناوی دێنم، ئه‌و هۆڵه دوور و درێژ بوو، به ژمار په‌نجاو حه‌فت پێشمه‌رگه له‌و هۆڵه ده‌خه‌وتن، بیست و نۆ له‌و به‌ر، بیست و هه‌شت له‌مبه‌ر، به‌ری ده‌رگا، به‌رینی هۆڵ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو چه‌تۆ( سه‌حه‌ر و به‌ڕانه‌تی) له به‌رانبه‌ر یه‌كتر خه‌وتبان، په‌نجه‌ی پێیان له یه‌كتر ده‌خشا، به‌ڵام من و سه‌رهه‌نگی مهلانهفته، پێمان به یه‌كتر نه‌ده‌كه‌وت، دیتنه‌وه‌ی من ئاسان بوو، ئه‌وه‌ی له ئێشكگری ده‌كه‌وته پێشه من، له دیتنهوهم هه‌ڵه‌ی نه‌ده‌كرد، جێی من سه‌ر ده‌رگایه، كاتێ له ده‌رێوه ده‌رگا چوارچێوه داره نایلۆنیهكه به لای چه‌پدا ده‌كه‌یته‌وه، یه‌كه‌م به‌تانی لای راست هه‌ڵده‌وه منم، ئه‌گه‌ر غهسانیشت ویست، له ده‌رگا لامه‌ده دوو شه‌قاو باوێ، ئاگات له سۆبه‌كه بێت! پێت به پێی ده‌كه‌وێت، سه‌رهه‌نگیش له ته‌نیشت غه‌سانه و پێی له كن پێی منه، له ته‌نیشته من هه‌ڵۆیه، له‌و دیو هه‌ڵۆ مام بایزه، له ریزی من له سه‌ری ئه‌و سه‌ر چه‌تۆی بهڕانهتیه، به‌رانبه‌ر وی نزیك په‌نجه‌ره‌كه دڵنیایه، ناوی هه‌ندێ له پێشمه‌رگه‌كانی هۆڵی ههراوهۆریام له بیرماوه، به‌ڵام به جێیه‌كانیان ناكهومهوه( كارۆخ، ئه‌ركان زه‌رده‌شیان ده‌گۆتێ، ئه‌بوو ئه‌حرار، چه‌تۆ سه‌حه‌ر، ریاز، هاوار، بۆتان، ئه‌رده‌لان، شێرزادی رۆستێ، خاره جه‌میل، خاره جه‌واد، هیمداد، ئه‌بوو زاهید…)) ئه‌و ئه‌بوو زاهیده كه‌مدوو بوو، رسته‌یه‌كی رۆژی سێ جار، دوای جه‌مه‌كان ده‌یگوته‌وه، نازانم كێ بوو ناوی له‌و رسته‌یه نابوو (حه‌بی دوای نانێ)، رسته‌كه چ بێت باشه! هه‌ر خواردنێكی خواردبا، رووی له كابان ده‌كرد:
(( عاش ئیدهك، خوش سهوێته))
ده‌ستخۆش خۆشت لێناوه، سبهینێك مام بایز گوێزی داینێ، هه‌ر كه‌سه و حه‌فت گوێزی خۆی وه‌رگرت، كوت كوت، گوێزشكاندنه، ئه‌بوو زاهید گوێزی ده‌شكاند و لوولی دا، ته‌واوی نه‌كردبوو، روو له مام بایز رسته‌ی خۆی گوته‌وه:
(( عاش ئیدهك، خوش سویته))
مام بایز گۆتیه چه‌تۆ سه‌حه‌ر:
+ئه‌وه چی گۆت؟
چه‌تۆ بۆی كرده كوردی
مام بایز به پێكه‌نینه‌وه:
+ ئه‌رێ ئه‌گه‌ر گوێزی لێباربكهیت خڕه‌ی دێ؟!
چه‌تۆ سه‌حه‌ر:
– گوێز هیچ، ئه‌گه‌ر كهلابهرد!
وه‌ره له شه‌وی به‌فراوی، به‌فر چۆكێك كه‌وتووه، سه‌رێك به هۆڵی ههراوهۆریادا بگره، چ ده‌بینی! یه‌ك هه‌راوهۆریایه، یه‌ك قهڕهپهستانێیه، كه‌س گوێی له ده‌نگی خۆی نیه، كه‌س پێی خۆی ناناسێته‌وه، چڕه دووكهڵێكه نه به لامپا، نه به لایتی ده‌ستی پێشمه‌رگه رێی هاتوچۆ رووناك نابێته‌وه، تۆ بیهێنه به‌ر چاوی خۆت، له‌و هۆڵه له په‌نجاو حه‌فت كه‌س ته‌نها حه‌فتیان جگه‌ره‌كێش نین، په‌نجا جگه‌ره‌كێش! كه‌میشیان جگه‌ره‌ی پاكه‌ت ده‌كێشن، زۆربه‌یان كیسه‌ی تووتن له ته‌نیشتیانه و جگه‌ره‌ی نزیك له هی مامبایزی ده‌پێچنه‌وه، وه‌ك چۆن جگه‌ره‌ی كاسترۆیی، جگه‌ره‌ی سه‌دامی هه‌بوو، هی مامبایزیش هه‌بوو، كورت بوو به‌ڵام ئه‌ستوور، كه‌س نه‌یتوانیوه و ناتوانێ جگه‌ره‌ی وا ئه‌ستوور و توند بپێچێته‌وه، له‌و سه‌ره‌وه ههڵیدادهیه ئه‌و سه‌ر زۆر جار به كۆڵه‌گه ده‌كه‌وت، هه‌ڵنه‌ده‌وه‌شایه‌وه، وای لێهات كه ده‌تگوت( مامبایزی) جگه‌ری ئه‌ستووری توندی ده‌گه‌یاند، جگه‌ره‌یه‌ك ئه‌ستوورتر له په‌نجه‌ی گه‌وره‌ی مام بایز، ئه‌وه په‌نجه‌یه‌ی ره‌نگی تووتنی گرتبوو، هۆڵه‌كه دوو كۆڵه‌گه‌ی ئه‌ستووری تێدا بوو، هه‌ر یه‌كه‌و لامپایهكی پێوه كرابوو، به‌ڵام هیچیان بایی خوێندنه‌وه رووناكیان نه‌ده‌دایه من، له پشت سه‌رم له بڵندایی نیو گه‌ز به‌ردێك ده‌تگوت ناو له‌په له دیواره‌وه هاتۆته ده‌رێ، كارۆخ ده‌یگوت:
((ره‌نگه مام خدر له كاتی دیواركردن زانیبێتی جێی تۆ ده‌كه‌وێته ئێره، بۆیه ئه‌و به‌رده‌ی خستۆته ئه‌و كه‌رخه، تا مۆمی له سه‌ر دانێی))
ئیدی له ساتی خوێندنه‌وه مۆمم داده‌گیرساند، له هۆڵی هه‌راوهۆریا هه‌ر له سپێده‌وه تا نیوه‌ی شه‌وێ هه‌را و هۆریایه، گۆرانیه، شه‌ڕه به‌نده، نوكته‌یه، گێڕانه‌وه‌ی رۆژانی شه‌ڕ و هه‌ڵمه‌تبردن و مۆڵگه گرتن و كوشتوكوشتاره، گێڕانه‌وه‌ی خۆ شاردنه‌وه و هه‌ڵاتن و گه‌یشتنه سه‌ر سنووره، زۆرانێ و شهقشهقانێیه، چه‌ند رادیۆیه‌كیش ده‌نگیان دێ، له یه‌كیان هه‌واڵ، له‌ویدی گۆرانی كوردی، ئه‌ویدی گۆرانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام له هیچیان تێناگه‌ی، تام له هیچیان وه‌رناگری، من پێم شك نایه له هۆڵی ههراهۆریا بۆ جارێكیش به دڵی خۆم گوێم له رادیۆكه‌ی خۆم گرتبێ و چێژم له گۆرانیه‌ك وه‌رگرتبێ، هه‌ر ساتێك ویستبم یان زانیبێتم گۆرانیه‌كی ناسك هه‌یه، هاتوومه‌ته ده‌رێ، زۆر جار بووه نیوه‌ی شه‌وێ له ناو به‌فرێ له ده‌و رووبار، به ده‌م پیاسه‌وه گوێم له گۆرانی گرتووه، گۆرانیی ( ئه‌رێ ئه‌ی به زولف و رووخسار)ی فواد ئه‌حمه‌د له‌وێ، له‌و شه‌و و رووبار و به‌فره، له‌وێ له ساردترین شه‌وی ساڵ ، بووه گۆرانیی من، پێشتریش زۆر حه‌زم له‌و گۆرانیه بووه، پتر به ده‌نگی ماملێ ، به‌ڵام له‌و شه‌وه‌وه گۆرانیی ئه‌رێ ئه‌ی به زولف رووخسار له گوێی من له ده‌نگی فواد ئه‌حمه‌د نابێته‌وه و هه‌ر به‌وه‌وه گۆرانیه، له پاشهوی كه‌س نه‌یڵێ! جارێك ئێشكگرێك دیاربوو ئێشگكرهگهی پێش خۆی پێینهگوتبوو كه من خوا لێیگۆڕیمه و له ناو سههۆڵبهندانێم، دهنگیدام، ئێشكگر توند دهنگیدام و تفه‌نگی راكێشا:
+ كێی زه‌لام؟!
– من ئێشكگری به‌فرم
وام زانی هه‌ر ده‌نگم ببیستێ، ده‌مناسێته‌وه، من ناسیمه‌وه، جه‌میلی ناو بوو، بۆیه وام گوت، نه‌یناسیمه‌وه، به تووڕه‌ییه‌وه:
+ ده‌ڵێم كێی؟ نهێنی شه‌و ده‌زانی؟
ئای، دیاره، به راستی تووڕه‌یه! چوزانم نهێنی شه‌و چ بوو، له‌بیرم نه‌مابوو،:
– نهێنی شه‌و! یان گونی من بوو یان گونی خاره جه‌میل..
+ كوڕه شوانه ئه‌وه ئه‌تووی؟!
بۆ گۆرانی ده‌چوومه ده‌رێ، به‌ر بارانێ، ناو به‌فرێ، به‌ڵام بۆ خوێندنه‌وه له جێی خۆم و به دیار مۆمه‌وه ده‌مامه‌وه، من وابووم، ئێستاش وام، كه رۆده‌چمه ناوكتێبهوه، چیا بته‌قێته‌وه، گه‌ڕه‌ك و ماڵ ئاو بیبا، ئاگام لێنیه، مام بایز ده‌یگوت:
+ باشه له‌و كهربازاڕیه، له‌و به‌زم و رهزمه، چ ده‌چێته مێشكته‌وه؟
– له كاتی خوێندنه‌وه، جگه له ده‌نگی رسته‌كانی ناو كتێب گوێم له هیچ ده‌نگێك نیه
+ ده‌نگی كارۆخیش !!
هی كارۆخیش، ئه‌و كوڕه، هه‌ر یه‌كێك ده‌ستی لێكبدایه، پێی به خێرایی له زه‌وی بدایه، گۆرانیی خۆی ده‌گوت:
ئامان میم گورجی
سوخمه نارنجی
جووته مهمكهكهت
كۆتری فه‌ره‌نجی
به ده‌نگی گه‌وره، هه‌میشه ئه‌و گۆرانیه‌ی ده‌گوته‌وه، دره‌نگانی شه‌وێك هه‌ڵۆ په‌ڕه كاخه‌زێكی به ده‌سته‌وه بوو، گوتی:
+ له سبه‌ینێوه تا ئێستا ده‌زانی ژماره‌ی (میمگورجی) یه‌كانی كارۆخ گه‌یشته چه‌ند؟
– نهتنووسبێتهوه!
+ با، ئه‌وه‌تا، دووسه‌ت و سی
– بیكه سێ سه‌د
+ لۆ؟
– شه‌و بایی حه‌فتای به به‌ره‌وه ماوه!
ئه‌رده‌لان هه‌ر نه‌یده‌بڕیه‌وه، ده‌نگی خۆش بوو، زوو لاسایی ماملێ‌ی ده‌كرده‌وه، دوایی بایدایه‌وه سه‌ر خالقی، له‌و گۆڕینه ده‌نگی تێكچوو، گۆرانی ( له ناو ره‌شماڵی خێلان)ی خۆش ده‌گوت، ئه‌و كوڕه گۆرانی زۆر ده‌گوت، جاروبار دڵنیاش بۆی ده‌گێڕایه‌وه، بۆ كارۆخیشی ده‌گێڕایه‌وه، چه‌تۆ سه‌حه‌ریش جار جاره تێیههڵدهكرده سێوه، من ته‌نها له‌و كاته‌ی ئه‌و سێوه‌ی ده‌گوته‌وه، ده‌ستم له كتێبه‌كه‌م به‌رده‌بوو، به‌رده‌بۆوه سه‌ر ده‌موچاوم و گوێم ده‌دایه سه‌حه‌ر، دیاره زۆر كه‌ڕه‌تیش به‌كتێبه‌وه خه‌وم لێكه‌وتووه، ئێشكگره‌كه ئه‌وه‌ی بانگمی كردووه بۆ ئێشكگری، كتێبه‌كه‌ی له سه‌ر چاوم یان له سه‌ر سینگم هه‌ڵگرتووه، ئێشكگری وا هه‌بوو ده‌یگوت:
((له بیرت بێ گه‌یشتوویه‌تیه لاپه‌ره..))
له هۆڵی هه‌را و هۆریا هه‌میشه له سه‌ر پشت ده‌مخوێنده‌وه، به گشتیش به ده‌م خوێندنه‌وه‌وه خه‌وم لێكه‌وتووه، ئه‌گه‌ر مۆمه‌كه شتێكی به به‌ره‌وه مابووبێ، هه‌ڵۆ فووێكی لێكردووه، هه‌ڵۆ به ته‌مه‌ن كچكه بوو، چه‌ند ساڵێك له من گچكه‌تر، به‌ڵام به كه‌له‌ش گه‌وره، پرچێكی جوانی هه‌بوو، بتدابایهته پووره ئایشێی نۆكان، دهیرێسا، له‌گه‌ڵ خوری لێكتنهدهكردهوه، زۆر جار ده‌مگوته هه‌ڵۆ:
بریا پرچم وه‌ك تۆ بایه.
كه‌چی خۆی پرچی خۆی به‌دڵ نه‌بوو، له دڵه‌وه ده‌یگوت:
پرچێكی وه‌ك تۆم هه‌با، هیچم نه‌ده‌ویست.
هه‌ڵۆ كوڕێكی تا بڵێی ساده و بێگه‌رد، له چاویه‌وه رسته رسته لاپه‌ڕه‌ی دڵیت ده‌خوێنده‌وه، ئه‌و كوڕه هه‌ندێك ده‌ستقوچاو بوو، جگه‌ره‌ی نه‌ده‌كێشا، به‌ڵام جار و بار پاكه‌تی بۆم ده‌كڕی و لێشم وه‌رنه‌گرتبا، تووڕه ده‌بوو، ده‌یخسته بن جێگاكه‌مه‌وه و ده‌یگوت:
+ده‌چمه ده‌رێ، هه‌تا دێمه‌وه نهتشكاندبێ، دڵم ده‌شكێ و به هیچ چاكنابێته‌وه
– ئه‌وجاره پاكه‌ته‌كه ده‌شكێنم، به‌ڵام جارێكیدی وا بكه‌یت دڵت ده‌شكێنم.
ئهودهمانێ ئه‌و پاره‌ی وه‌رتده‌گرت به‌شی ده رۆژ جگه‌ره‌ی نه‌ده‌كرد، مۆمیش له‌وێ بوه‌ستێ! له هۆڵی ههریاو هۆریا بمێننه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵۆ ئیشێكم هه‌یه ئێستا دێمه‌وه: ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ڵۆ خۆی راده‌ستكرده‌وه، دیاره له (ئه‌من) نازانم كوێ، پێیانگوتبوو كه له ناو خه‌ڵك به خراپه باسی باری گوزه‌رانی پێشمه‌رگه بكات، ئێ، رۆژێك بابی پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌ڵكی ماستاوه‌ی بن هه‌ولێر بوو، گه‌یشته ناوزه‌نگ، نیوه‌ڕۆ بوو، جه‌می نیوه‌ڕۆ هه‌میشه شله‌و برنجه، ئه‌ورۆژه نۆره‌ی گۆشتیش بوو، ئێوارهكهیشی خواردن خراپ نه‌بوو، بهیانیهكهشی هێلكهورۆن، چایه‌كی خۆشیش، له هه‌ولێر تۆچای وا خۆش ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت، رۆژی سهرشۆركیش بوو، پێشمه‌رگه خۆیان ده‌شووشت، پاكوخاوین، بیستمه‌وه، پیاوی ماستاوه‌یی گوتبووی:
+ بمزانیایه گوزه‌رانتان وا باشه، نه‌ده‌هاتم بۆ بردنه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م
– بۆ چۆنی تێگه‌یشتبوویت؟
+ خراپ، زۆر خراپ، وایان له من گه‌یاند، پێشمه‌رگه له‌و سه‌ر سنوورانه وه‌ك ده‌رۆزه‌كه‌ر ده‌ژین، له برسا مردوون..
– كێ وای تێگه‌یاندی؟
+ كوڕێك ئه‌ویش لێره‌بوو، له‌مێژ نیه هاتۆته‌وه، پرسیاری كوڕه‌كه‌ی خۆمم لێ‌كرد، گوتی: گوزه‌رانی خراپه، شێره له نزیك قاسمهرهشێ گوڵه‌به‌رۆژه ده‌فرۆشێ؟
ده‌یانگوت ئه‌و كوڕه، هه‌ڵۆ بووه، ئه‌و هه‌ڵۆیه‌ی به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و هه‌ولێر له باڵ بدا، له هۆڵی هه‌راو هۆریا جێی به جێی منه‌وه بوو، له درووستكردنی دۆشهكهكهش به به‌رد یارمه‌تیدام، چه‌ند شه‌وێك گه‌رم نه‌ده‌بوومه‌وه، ساردی له بنه‌وه سه‌رده‌كه‌وت، هه‌تا ته‌ڕی نه‌گه‌یشت، تێنه‌گه‌یشتم، ئاوی دایه، دیاربوو، له ده‌رێوه له بێراییهكهوه، ئاو هاتبوو، دیواره‌كه له بنه‌وه ئاوی دابوو، چ بكه‌م باشه! بۆم هات كه پارچه نایلۆنێك رابێخم و له سه‌ره وی به‌ردی پان پان دانێم، وام كرد، من و هه‌ڵۆ له ده‌و رووبار به‌فرمان هه‌ڵده‌دایه‌وه و به‌ردی رێك و پانمان كێشایه‌وه، له بێراییهكهی مهمكانیش یه‌ك دوو ته‌نه‌كه خۆڵ و خۆلهَمێشم له سه‌ر به‌رده‌كان رووكرد، بهتانیهكم به دوو قه‌دی له سه‌ر راخست، ئێستا من خاوه‌نی دۆشه‌كێكی به‌ردینم، بڵندیهكهی بستێكه، درێژیه‌كه‌ی سه‌د و ههشاو یه‌ك سانتیمه‌تره، واته رێك به به‌ژنی خۆم، بهرینیهكهی به قه‌د ناوشانی هه‌ڵۆ، زۆر له هی خۆم به‌رینتر، هه‌ر زوو، هێشتا جگه‌ره‌یه‌كم له سه‌ر دۆشه‌كی به‌ردین نه‌كێشابوو، غه‌سان كه‌وته دژایه‌تی:
+ ئه‌و كۆسپه بڵنده ژووره‌كه‌ی تێكداوه، له كاتی هاتووچۆ ساتمه‌ی لێده‌كه‌ن.
– كه‌س نیه لایتی نه‌بێ.
+ له به‌لاش ئه‌و كۆسپهت درووستكردووه.
– تۆ نابینی؟ له بنه‌وه ئاو هاتووه.
+ هه‌ندێك پشكۆی له سه‌ر رووكه وشكده‌بێته‌وه.
– تهڕدهبێتهوه.
+ ته‌ڕ نابێته‌وه.
+ ئه‌گه‌ر حه‌زت له شه‌ڕه من ئاماده‌م.
ئه‌و به تێكه‌ڵه‌یه‌ك له عه‌ره‌بی و كوردی، منیش به تێكه‌ڵ له كوردی عه‌ره‌بی كه‌وتینه هه‌ڕوگیڤ، ناوبژیوان زۆر بوو، نه‌یانهێشت بگه‌ینه یه‌ك، ئه‌و غه‌سانه ئه‌وده‌م به‌رپرسی ئازووقه و خواردن بوو، ئێشكگریش ئه‌و دایده‌نا، دوای دهمهقڕێیهكه، دیتم ناوی منی له ئێشكگری له پێش ناوی خۆی داناوه، بۆوه‌ی ناچار بم بانگی بكه‌م و له‌گه‌ڵی پێكبێمهوه، به‌ڵام من ئه‌و شه‌وه دامه كه‌رایه‌تی، له‌و شه‌وه زوقم و سایه‌قه‌یه كه گورگی ده‌به‌ست، ئێشكگریهكهی ئه‌ویشم گرت، ئه‌وه‌ی دوای ویم بانگ‌كرد، ئیدی دووباره‌ی نه‌كرده‌وه، هۆڵی هه‌راوهۆریا جاروبار گرژی و قڕه‌قڕی دهكهوێتێ ، ئاخر په‌نجاو حه‌فت فریشته بخه‌یته ژوورێكه‌وه به‌رانگژی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، ئه‌وجا پهنجاوحهفت پێشمه‌رگه‌ی تووڕه له دنیا، پێشمه‌رگه‌ی بێ ئاگا له كه‌سوكار، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵاتوو له چنگی ئه‌نفال، پێشمه‌رگه‌ی ئاینده نادیار، نایه‌ته‌وه بیرم ده‌نا هه‌ندێك له وێنه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم و غه‌سان نیشانده‌ده‌مه‌وه، ئا شتێكم بیركه‌وته‌وه، شه‌و دره‌نگانێ، نا به‌ره‌به‌یان بوو، له خه‌ونێكی خۆش له جێیه‌كی خۆش بووم، ده‌نگێك له ده‌نگی كه‌س نه‌ده‌چوو:
وه‌ی بابه گونم!
هێنامیه‌وه هۆڵی هه‌راوهۆریا، تومه‌ز ئه‌و ئێشكگرهی چوو بانگی ئێشكگری دوای خۆی بكات، له پێیه‌ك ساتمه‌ی كردبوو، پێی كه‌وتبووه سه‌ر گونێك، هۆڵ به ئاگاهات، لایته‌كان هه‌موو له سه‌ر پێشمهرگهیهكن، پێشمه‌رگه‌ش ده‌ستی به گونیه‌وه و جوێن ده‌دا، تا ساردیانكردهوه، رۆژبۆوه، له بیرمه مام بایز به به ته‌وسه‌وه:
ئازاری گون بێ ده‌رمانه!!
ئه‌و شه‌وه به (به‌زمی گون) له هۆڵی هه‌راوهۆریا تۆماركرا، كارۆخ كه پێشتر ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیتبا له سه‌ر زگ خه‌وتووه،ده‌یگوت:
دنیا هه‌مووی نێره‌كه‌ره، هه‌سته خۆت وه‌رسووڕێنه..
دوای به‌زمی گون قسه‌ی گۆڕی:
بۆوه‌ی گون به ساخی و سه‌ربه‌رزی بمێنێته‌وه، قوون براده‌ران خۆش، گوێ مه‌ده‌نێ وهرسوورێنه سه‌ر زگ.
ئێستا له جێیتی، له رێی مه‌تاره‌وه قسه بچێته‌وه ژووری شه‌راب، ناوه ناوه مه‌تاره‌یه‌ك شه‌رابم هه‌بوو، له ناو به‌فرێ، هه‌ندێك جار له بن به‌تانی ده‌مم به مه‌تاره‌وه ده‌نا، شه‌راب نه‌با، من له ساته‌كانی تووڕه‌بوون، تووڕه له خۆم، له دنیا، به چی هێوردهبوومهوه! من هه‌میشه منه‌تباری شه‌رابم، منه‌تباری ئه‌و مهتارهیهم كه هه‌موو، یه‌ك دوانێكی لێده‌ركه، هه‌ر وا تێگه‌یشتبوون وه‌ك مهتارهكانیدی ته‌نێ ئاوه، به‌ڵام مه‌تاره‌ی من هه‌تا شه‌راب هه‌با، قه‌پاخی بۆ ئاو نه‌ده‌كرده‌وه، ئه‌و زستانه‌ی نۆكان منه‌تباری مه‌تاره‌ی شه‌رابیی رێبواریم، شووشه عهرهقهكهشم له‌بیره، پێشمه‌رگه‌یه‌ك، شووشه‌یه‌ك عه‌ره‌قی دامێ، ناوی ناڵێم چونكێ له ساتی نووسینی ئه‌و چه‌ند دێره، ئه‌و براده‌ره گه‌ڕاوه‌ته‌وه، سه‌ری بچێ، نوێژی ناچێ، په‌شیمانه له خواردنه‌وه، په‌شیمانه له‌و شووشه‌یه‌ی كه به منی به‌خشی، كه له یاده‌وه‌ری من وه‌ك دیاریه‌كی زۆر جوان و گران به‌ها پارێزراوه، بۆیه ناوی ناهێنم نه‌بادا گوناهه‌كه‌ی نوێبێته‌وه! ئێ ئه‌و شووشه عه‌ره‌قه له جێی خۆی بوو، له ده‌ره‌وه، له نزیك چێشتخانه‌ی قرژاڵ له بن به‌فرێ، به‌ردێكی گه‌وره‌م دیتبۆوه، له ناو نایلۆنێك له پاڵ به‌رده‌كه درێژمكردبوو، هه‌ندێك كا و چیلكه و چواڵم به سه‌ردا كردبوو، ئه‌وجا بهفرهكهم وه‌ك خۆی لێده‌كرده‌وه، باش بوو نهیدهبهست، وا بزانم شووشه‌كه‌م له ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ك به چوار جار ته‌واو كرد و هه‌مووجارێكیش داپۆشینهوهكهی وه‌ك هی جاری یه‌كه‌م، چه‌ند خۆش بوو شه‌وان له ساتی ئێشكگری كه به‌ره‌و لای شووشه‌ی بن به‌فرێ ده‌چووم، ده‌تگوت ده‌چمه ژوانی یارێ..
خارهخوله جێی نووستنی له جێی من ته‌سكتر ده‌بێ، ناتوانێ شان وه‌رگێڕێ، گێڕایانه‌وه:
(( نیوه‌ی شه‌وێ هه‌ستابۆوه، پرسیبووی:
+ ئه‌رێ قیبله له كام لایه؟!
– چیه ده‌ڵێی خودا هیدایه‌تی داوی!
+ سه‌یه، ئه‌گه‌ر نازانی قسه‌ی حیزمهكه
– كه‌مێك به لای چه‌پدا بسووڕێ و نوێژی خۆت دابه‌سته
+ یانی به‌لای قونی ئه‌و هاوڕێیه!))
ئێ، ده‌ڵێن خاره خوله كه‌مێك سووڕاوه، هه‌ردوو ده‌ستی به‌رزكردۆته‌وه و پاڕاوه‌ته‌وه:
((خودایه، ئه‌گه‌ر چاكه‌ی به‌نده‌كانی خۆت ده‌وێ، ده‌ردێك به ناو پێشمه‌رگه وهركه، وانه‌كه‌یت، ده‌بێ له سه‌ر قوونی یه‌كتر بنووین، ئه‌وده‌م شۆرش ده‌بێته شۆرشی زینا..))
پاڕانه‌وه‌ی خارهخووله جێی گرت و به‌لاش نه‌چوو، سه‌دام حوسێن به لێبووردن له دوای لێبووردن ده‌ردی به ناو پێشمه‌رگه‌دا بڵاوكرده‌وه، ده‌ردێك نزیك له كۆخهرهشه، ده‌ردێك پێشمه‌رگه له پێشمه‌رگه‌ی ده‌گرته‌وه، رایه‌خ له رایه‌خی ده‌گرته‌وه، پێشمه‌رگه ئێواره له‌گه‌ڵ تۆ نانی ده‌خوارد، چ له گۆڕێ نه‌بوو، له ته‌نیشتت ده‌خه‌وت، چ له گۆڕێ نه‌بوو، سبه‌ی بهئاگادههاتی پێشمه‌رگه نه‌مابوو، كه‌س به كه‌سی نه‌ده‌گۆت ده‌چمه‌وه، ته‌نها كۆشكی كرملین و ئه‌وانه‌ی رایهلیان به‌وێوه هه‌بوو ده‌یانزانی، به‌ڵام هه‌بوو دوو سێ رۆژێ پێش بزربوون، له سیمای‌دا تێكردنه‌وه و شۆربوونه‌وه ده‌خوێندرایه‌وه، شێرزاد دوو سێ رۆژ بوو له سه‌ر سه‌ر ده‌سووڕا، داده‌ما، له دنیا داده‌بڕا، جگه‌ره‌ی به جگه‌ره پێده‌كرد، كارۆخ سێ رۆژ بوو یه‌ك (میمگورجی) له زاری نه‌هاته ده‌رێ، هه‌ڵۆ، ئێواره‌كه‌ی دهوروسوڕی ده‌دام، ده‌یویست شتێك بڵێ و ده‌یگێڕایه‌وه، هۆڵی هه‌راو هۆریا ده‌ردی به ناو وهرببوو، به‌ڵام چۆل نه‌ده‌بوو، نه‌ده‌بوو، باشه، رۆژ نیه پێشمه‌رگه‌یه‌ك تێنهكاتهوه، كه‌چی هۆڵ هه‌ر پڕه و جێنابێته‌وه، ئه‌وه چیه! شێرزاد ده‌ڕوا ئازاد دێ، هه‌ڵۆ ده‌ڕوا خه‌سرۆ دێ، دره‌نگ پێكه‌وتم له له بارهگاكانیترهوه، له جێیترهوه پێشمه‌رگه ده‌هاتن و چه‌ند شه‌وێ ده‌مانه‌وه و شۆڕده‌بوونه‌وه، نازانم كێ بوو گوتی:
((رێی به‌غدا له‌و هۆڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات))
دیاره ته‌نها پێشمه‌رگه‌ی كورد خۆی رادهستدهكردهوه، ده‌یانگوت عه‌ره‌بی نه‌ده‌گرته‌وه، یه‌ڵام له هۆڵی هه‌راوهۆریا، ناوه ناوه پێشمه‌رگه‌ی عه‌ره‌بیش بزرده‌بوو، ده‌رد به ناو ئه‌وانیش وهرببوو، ئه‌وانیش به دزیه‌وه ده‌ڕۆیشتن، دره‌نگتر پێكه‌وتم عه‌ره‌به‌كان رووه و رووسیا سه‌رهه‌ڵده‌گرن، شێخ شوانیشم له بیربێ، ئه‌و كوڕه عیساییه چاوی تووشی نه‌خۆشیه‌ك بوو، وای لێهات به‌رده‌می خۆی نه‌ده‌دیت، له پڕ بزربوو، ئۆخه‌یه‌ش ده‌گاته رووسیاو چاوی چاكده‌بێته‌وه، به‌ڵام هایهوو! دره‌نگ پێكه‌وتم، رووسیای چی! نهیانناردبوو، ئه‌ویش خۆی رادهستكردبۆوه، به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه دنیایه‌ك حوێنم بۆ ئه‌و به‌رپرسه نارد كه كوڕه‌كه‌ی خۆی -ناوێكی وه‌ك ئارامی هه‌بوو- سێ مانگ نه‌بوو، هاتبوو، هێشتا پێڵاوی شاری له پێ‌بوو، یه‌كسه‌ر ناردیانه رووسیا، شێخ شوانیش، فرۆشگایه‌ك پێڵاوی لاستیك و ئه‌دیداسی له چیا دڕاند، چاوی له سه‌ر پێشمه‌رگایه‌تی دانا، ره‌وانه‌ی ناو گورگانیان كرده‌وه، رۆژێك (هێڕش)ێك له پشت په‌نجه‌ره‌ی كۆشكی كرملینه‌وه و به ده‌نگی بڵند:
كورد بۆ دۆزه‌خ و عه‌ره‌ب بۆ به‌هه‌شت
عه‌ره‌بێك پرسی:
– مه‌به‌ستت چیه؟
هێڕش هێنده‌ی نه‌مابوو هێڕش بباته سه‌ر كرملین:
+ كورد به‌ره‌و به‌غدا غلۆربكهنهوه و عه‌ره‌بیش ره‌وانه‌ی مۆسكۆ بكه‌ن.
پێشمه‌رگه عه‌ره‌به‌كه:
– تۆ بێ ئاگایت، له رێی مۆسكۆ هه‌ر عه‌ره‌بێك دوو كوردی له‌گه‌ڵه..
نازانم كێ بوو له كرملین هاته ده‌رێ، ده‌ستی هێرشی گرت و له‌و دیو سهرشۆركهكه له ناو به‌فرێ كه‌مێك راوێچكهیان كرد، ئیدی هێرش ساردبۆوه، ئا له بیرمنهچێ، كرملین كه ژووری به‌رپرسه‌كانه، رێبوار ئه‌و ناوه‌ی لێنابوو، كرملین له یاده‌وه‌ریی مندا جێیه‌كی ئه‌وتۆی نیه، جگه له دوو سێ وێنه‌ی سپیپات شتێكم نیه بۆ نیشاندانه‌وه: رۆژێك به‌رپسێكی گه‌وره‌ی پارتێك هاته كرملین، له‌گه‌ڵ مه‌لاحه‌سه‌ن و نازانم كێ دانیشتبوو، ئه‌وده‌مه ئهبوودڵشاد به‌رپرسێكی باره‌گا بوو، دێته بیرم نه‌چوو به‌خێرهاتنی بكات، ئێ، دیتم مه‌لا حه‌سه‌ن هاته ده‌رێ و روو له ئه‌بوو دڵشاد:
(( هاوڕێ، ئه‌وانه مێوانن، كه‌سێك نه‌هات بڵێ كه‌رتان به چه‌ند، چایه‌ك شتێك))
ئه‌بوو دڵشاد پێشمه‌رگه‌یه‌كی راسپارد كه چایه‌یان بۆ ببات، به‌ڵام خۆی نه‌چوو، گوتیان:
ئه‌گه‌ر به‌رپرسیاره‌تی براكوژی به‌ش بكه‌یت، نیوه‌ی له ئه‌ستۆی ئه‌و پیاوه‌یه گوتیان:
ئه‌و پیاوه له شه‌ڕی براكوژی زۆر غهداربووه، ئه‌بوو دڵشاد كه له هاوڕێكانی داده‌بڕێ، له ترسی ئه‌و پیاوه و پێشمه‌رگه‌كانی له ده‌ڤه‌ری لێوژه یه‌ك مانگی رێك خۆی له ژوورێك شاردبۆوه، ئه‌و پیاوه فه‌رمانی به پێشمه‌رگه‌كانی دابوو په‌رێزتان پاك بێ، واته هه‌ر نهیارێكت دیت بیكوژه، بۆیه ئه‌بو دڵشاد ئاماده نه‌بووه به‌خێرهاتنی بكات..
رۆژێك من و كارۆخ له پشت په‌نجه‌ره‌ی كرملین به ده‌م چایه و جگه‌ره‌وه خۆمان دابووه هه‌تاوێ، سه‌ری قسه گه‌یشتبووه‌وه منداڵی، گه‌یشتبووه‌وه و تۆپانێ و كه‌لایانێ و دارلاستیك و به‌رده‌قانی و هه‌لیكانێ و كێلهبهردانێ و غارغارانێ و زۆرانێ، كارۆخم له منداڵیه‌وه كه‌مێك ده‌ناسی، گه‌ڕه‌كمان هێنده لێكدی دوور نه‌بوو، من منداڵی به‌لاشاوه، ئه‌و هی باداوه، جوان گه‌ڕابووینه‌وه منداڵی، زرمه‌یه‌ك له ژوورێوه، له كرملینه‌وه له منداڵیی پساندینهوه، كارۆخ یه‌كسه‌ر گوتی:
– وا بزانم به خۆڵ كه‌وت
+ كووت زانی؟
– له دهنگیڕا دیار بوو
ده‌مانچه بوو، له ده‌ستی سه‌لیمه سوور یان كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و سوور ده‌رچوو، ده‌یانگێڕایه‌وه، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له ژووری كرملین له گژ ده‌مانچه‌یه، نازانم خاوێنی ده‌كاته‌وه، گه‌مه‌ی پێده‌كات، چی.. سه‌لیم ده‌ڵێ:
هاوڕێ، قه‌ت له ناو پێشمه‌رگه گه‌مه به ده‌مانچه مه‌كه، بیده من بۆت خاوێنبكهمهوه.
لێیوهردهگرێت، پاش كه‌مێك گولله‌كه له ده‌ستی سه‌لیم ده‌رده‌چێ، باشبوو لووله‌ی له ئاسمان ده‌بێ، كه‌سی نه‌پێكا، كارۆخ ده‌یگوت:
من به ناو ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌دا هاتووم، له گولله نه‌ترساوم، به‌ڵام هه‌میشه زراوم له (له‌ده‌ستده‌رچوون ) چووه.
سه‌رهاتی ده‌مانچه‌كه‌ی كرملینم له‌به‌ر خاتری زیندووراگرتنی ئه‌و قسه‌یه‌ی كارۆخ گێڕایه‌وه!!
حه‌زم له سه‌ر به‌ردی خه‌یاڵه، به‌ڵام ئه‌بوو دڵشاد ئیشی پێمه، بزانم چی لێمدهوێ، تی كردمه‌وه:
+ ده‌زانم تۆ خۆت رادهستناكهیتهوه و ده‌مێنیه‌وه، بۆیه بۆ خۆت باشتره ببیه ئه‌ندام، خۆشت ده‌زانی گورباچۆف حزبایه‌تی ئاسانكردووه و وه‌ك جاران قورس نیه.
– حه‌زناكه‌م
+ به دڵی خۆت
بیرمكرده‌وه، باشه بۆچی تاقینهكهمهوه، خۆ ئه‌گه‌ر ببمه ئه‌ندام، هه‌ندێ شت ده‌زانم كه ئێستا لێمدهشارنهوه، بزانم چۆن ده‌بێ، هێشتا هه‌ر پیاسهماندهكرد، گوتم:
– باشه، خۆم تاقیده‌كه‌مه‌وه
+ زۆرم پێخۆشه، داوایه‌ك به‌رزبكه‌وه.
– نازانم، چۆن بینووسم؟
فێری كردم، نووسیم و دامێ، وابزانم رۆژی دواتر بوو، ئه‌بوو دڵشاد گوتی:
+ تۆ ئێستا پالێوراوی بۆ ئه‌ندامێتی
-خێری تێدایه
به‌ر له‌وه‌ی رێم به چادره‌كه‌ی سه‌رێ بكه‌وێ، ده‌چمه‌وه لای به‌ردی خه‌یاڵ، به‌ردی خه‌یاڵ به‌ردێكه له دووره‌وه له دیوی باره‌گاوه، ئه‌گه‌ر به‌فر نه‌یگرتبێ، له زین ده‌چێ، به‌ردێكه به‌ژنی نیو به‌ژنێ ده‌بێ، له ساتی تووڕه‌بوونی رووبار به‌رده خه‌یاڵ شه‌پۆلان ده‌گرێته‌وه، جاری واش هه‌یه هێنده‌ی نامێنێ نوقم بێ، به‌ردی خه‌یاڵ به دیوی رووباردا جێی دانیشتنی هه‌یه، ده‌ڵێی به ته‌پشوو بۆ من رێكیان خستووه، زوو زوو ده‌چم، به تایبه‌تی كه رۆژ به ده‌ره‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌فریشی له سه‌ر بێ، ده‌یماڵم، پشتم ده‌ده‌مه زینه‌كه و روو له رووبار، روو له دارستانه‌كه‌ی ئه‌و به‌ری رووبار داده‌نیشم، به زۆریش شووشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕ چام له ته‌نیشته، به‌ردی خه‌یاڵ جێی چایهشی هه‌یه، دڵنیا ناوی له‌و شووشه‌یه نابوو حه‌فت پیاڵه، ئیدی به ده‌م چایه و جگه‌ره‌وه، چه‌ند جارێكیش به مه‌تاره‌ی شه‌رابه‌وه، ده‌مڕوانیه رووبار، ئه‌و رووباره‌ی به نێوان كه‌ناری به‌فردا به نازه‌وه نه‌رمه شه‌پۆڵانی ده‌دا، ده‌مڕوانیه دارستانی به‌فرگر، من هه‌میشه گه‌ڵای سپیم له گه‌ڵای كه‌سك لا جوانتر بوو، چ گه‌ڵایه‌ك نازی گه‌ڵای به‌فر ده‌كات! له به‌ردی خه‌یاڵه‌وه ده‌ڕۆیشتم خه‌یاڵ خه‌یاڵ ده‌ڕۆیشتم، خۆم ده‌دایه رووبار، بڕۆ بڕۆ، هه‌ر بڕۆ، زۆر جار تا بن پردی پردێ نه‌ده‌وه‌ستام، له‌وێوه وه‌ك مراویه‌كی ماندوو ده‌هاتمه ده‌رێ، بڕۆ له وشكایی بڕۆ، تا هه‌ولێر، تا كۆڵانی خۆمان ئاوڕم له كه‌س له هیچ جێ نه‌ده‌دایه‌وه، له سه‌ر به‌ردی خه‌یاڵه‌وه نه‌ده‌گه‌یشتمه كوێ! دنیام ده‌كرد، به‌ردی خه‌یاڵ له خۆڕا شێوه‌ی زینی نه‌بوو، به‌ردی خه‌یاڵ زینی ئه‌سپێكی ئه‌فسانه‌یی بوو، زۆر كه‌ڕه‌تیش راوی وشه‌م ده‌كرد، زۆر كۆپله زاده‌ی به‌ردی خه‌یاڵن، له به‌ردی خه‌یاڵه‌وه ده‌گه‌یشتمه‌وه كۆنه سه‌نگه‌ر و باره‌گای به باچوو و كاوڵه گوند و كانیی كۆنكریتكراو و رووباری تووڕه و پرده دارینه‌ی شكاو و شمشاڵی شوان و ره‌شماڵی گه‌رمیانی و كوێستانی، ده‌گه‌یشتمه‌وه براده‌ره له ده‌ستچووه‌كانم، براده‌ری كۆن و نوێ، ئه‌وه‌تا سلاح جه‌وهه‌ر تازه گه‌یشتۆته سه‌ری كۆڵانی ده‌ڵاڵخانه‌ی هه‌ولێر، هێشتا ته‌قه‌ی لێنه‌كراوه، ئه‌وه‌تا فازیل ره‌یحانه، له سه‌فینێ گولله‌یه‌كی به‌ر چۆكی كه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا خوێنی له به‌ر ماوه، ئه‌وه سه‌ردار ته‌قه‌ی له پارێزگار كردووه، ئه‌وه كۆچه‌ر جارێ هه‌ر دهكوژێَ، هه‌ولێر ده‌ستی له سه‌ر دڵیه‌تی، هێشتا دوا گولله‌ی به خۆیه‌وه نه‌ناوه، كانه‌بی گچكه ماویه‌تی به داوی شینه‌وه بێ، سه‌پان هێشتا له پێرس ئاودیو نه‌بووه، ئومێد هه‌ر چاوساغه و به لای چه‌پی سینگی گولله‌ی نه‌گرتۆته‌وه، هێشتا كه‌س گوێی له هاواری سیامه‌ند نه‌بووه، له مێژنیه جه‌واد سه‌رگه‌ردانه، ئارام شاهێن دڵی تریواندی، بیر له جاشه‌كانی قاسماغا ده‌كاته‌وه… ده‌گه‌مه‌وه چاربۆت، له بیرمه له ماڵێكی په‌ڕگه برنج و ماستم خوارد، له‌وێ له جیاتی شله ماستیان له‌گه‌ڵ برنج داده‌نا، ژنه‌كه هێند چاو تێربوو، چه‌ندت ده‌خوارد تێرنهدهبووی، پیاوه‌كه گوتی:
ئه‌و رێوبانه زۆر ترسناك بووه، بۆسه زۆره، بن هه‌ر به‌ردێك سه‌ربازێك، جهحشكێكه.
ئێستا وا له دۆڵی پلینگانین، ته‌ق، ته‌ق، قه‌وما، كه‌وتینه بۆسه‌وه، نازانم كێ بوو گوتی:
مه‌ترسن، جێ‌مان خراپ نیه.
ته‌ق، ته‌ق، تهقوهۆڕێكه به‌رد كاس بووه، دره‌خت گوێی گرتووه، پۆڵا ده‌ڵێ:
((دوور كه‌وتنه‌وه، ده‌ست به گولله‌وه بگرن))
له تاریكی دۆڵ بێ خوێن ده‌رچووین.. له به‌ردی خه‌یاڵه‌وه رابردووی خۆم چیا چیا ده‌گه‌ڕێم، ئێستا له قه‌دی سه‌فینم، ئه‌ها سێ گوڵه شلێر گه‌ش گه‌ش، گوڵ هه‌یه له شلێری سه‌فین گه‌شتر! گوڵێكم قرتاند و به لووله‌ی تفهنگهكهمهوه كرد، وا له بهنهباوێ شۆڕده‌بمه‌وه، گوڵ هه‌ر گه‌شه، نزیك جاده‌م ،گوڵ هه‌ر گه‌شه، حه‌زده‌كه‌م ئێستا كۆسته‌رێك له هه‌ولێره‌وه بێ، كچێكی جوان له جامه‌وه تهماشابكاو شلێری لووله‌ی ته‌فه‌نگ ببینێ، ره‌نگه بڵێ:
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه چه‌ند عاشقه.
سێ كۆپته‌ر نه‌یانهێشت له چاوه‌ڕوانی كۆسته‌ر بمێنمه‌وه، له لای كۆیه‌وه زگ له سه‌ر عه‌رد ده‌هاتن، له‌وێ سووكه شه‌ڕێك له نێوان عه‌رد و عاسمان به‌رپابوو، بهنهباوێ هاتینه‌وه ههڵمانكێشه و بمانشارهوه.. به‌ردی خه‌یاڵ ده‌مباته‌وه كوێستانه‌كانیش، له كوێستانی گاره و مه‌تینه‌وه بۆ كوێستانه‌كانی قه‌ندیلێ، ئێستا له سه‌ر گۆماوی به‌فراویی بێكۆدیانم، له دنیایێ له كوێستان و گه‌رمیانێ چله‌ی هاوینه، كه‌چی لێره له بێكۆدیان دیار ئاگر خۆشه، په‌نیر و چایه به دیار ئاگره‌وه خۆشه، بایه‌ك هه‌ڵیكردووه ده‌ڵێی له زستانێوهیه، سێ چوار ره‌شماڵ ته‌واوێك دوور له گۆمی ئاسمانێ هه‌ڵیانداوه، ئا بێكۆدیان كه‌وتۆته ئاسمانێ، چایه و پهنیرێكیان داینێ، هه‌ر له‌وێ په‌نیری وام خواردووه، ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه كوێستان كوێستان ده‌گه‌ڕێم، په‌نیره‌كه‌ی ره‌شماڵی بێكۆدیانم نه‌دیته‌وه، كانه‌بی گه‌وره ده‌ڵێته خانه‌خوێی به ته‌مه‌نداچوو:
+ وا بزانم ئێره ساردترین شوێنی قه‌ندیله.
– ساردترین شوێنی قه‌ندیل و دنیایه.
+ دیاره دنیا زۆر گه‌ڕاوی؟
– كوێستان نیه نهمكردبێ، به هه‌ر سێ دیودا، دیوی عێراق و ئێران و توركیا
+ تۆپ و شت نیه؟
– كه‌م، ناگاته ئێره.
له هه‌ستاندا تۆپێك گۆماوی به ئاسمان ئێخست، كردیه ئاوی كه‌سك وسۆر، ئه‌وانه‌ی هه‌ولێرین و له ته‌مه‌نی من و گه‌وره‌ترن، ده‌زانن بهراوهردهكهم له چیه، ئێ، خانه‌خوێ سه‌ری داخست وتهواوێك داما، ئه‌وجا كه‌مێك له ئاسمان راما و به هێواشی گوتی:
ته‌واو، كۆتاییه، تیری ئه‌سحابه‌ش نه‌گه‌یشتبووه ئێره، به‌ڵام دیاره سه‌دام ده‌یگاتێ.
به‌ردی خه‌یاڵ ههڵمدهداتهوه زرارهتیان، له ده‌و ئه‌و رووبارهم كه ده‌یانگوت شێخ نازانم توڕابه كێیه، ئه‌ها گۆڕه‌كه‌ی له سه‌ر ئه‌و به‌رزاییه‌یه، ده‌ستنوێژی له سه‌ر هه‌ڵگرتووه، بۆیه ئاوه‌كه‌ی یه‌كاویه‌كه بۆ چاویهشه، ئێستا له سه‌ر رووباری شێخ له بن داربیهك به ئاگری بێ دووكه‌ڵ خه‌ریكی چایه لێنانین، ئاگركردنه‌وه‌ی بێ دووكه‌ڵ هه‌ر له ده‌ستی پێشمه‌رگه دێ، من ئه‌و ئاگركردنهوهیه له مام ره‌سوولی بناوێ فێربووم، ده‌یگوت:
((فێربه، هه‌تا كۆپته‌ر مابێ، هه‌تا جاش و سه‌رباز مابن، بۆ پێشمه‌رگه ئاگری بێ دووكه‌ڵ وه‌ك پێڵاو پێویسته))
له بن سێبه‌ری بی، به دیار رووباری موتفهڕكهوه، له بنه مه‌تاره چایه‌مان به وردكه نانه‌وه خوارده‌وه، به‌ڵام كۆپته‌ر هه‌ر پێیزانی، چه‌ند په‌له ئاسنێكی خسته رووباره‌وه، چه‌ند دهسڕێژێكیش له رووباره‌وه رووه و كۆپته‌ر، دیار بوو وه‌خته‌كه‌ی ناوه‌خت بوو، شه‌ڕی عه‌رد و ئاسمان درێژه‌ی نه‌كێشا..
ئای به‌ردی خه‌یاڵ چ له من ده‌كه‌یت، له رابردووم هه‌ڵده‌كێشیت و دامدهچۆڕێنی و رامدهوشێنی و له ئێستام ههڵدهخهیتهوه، ئای به‌ردی خه‌یاڵ پیاوێكی چه‌ند بێ ئاینده‌م، كارۆخ بانگده‌كات:
وه‌ره ته‌نووره‌كه ئاماده‌یه، نان ببرژێنه.
ده‌بێ بچم، تا نه‌چوومه، له بیرمنهچێ كوڕێك زمناكۆی ناوبوو، ناوی له‌و به‌رده نا(به‌ردی خه‌یاڵ)، منی چه‌ند جارێ له‌وێ دیتبوو، گوتبووی:
ئه‌و جێیه جوانترین جێیه بۆ هه‌ڵدانی خه‌یاڵ، ئه‌و به‌رده له هه‌موو به‌ردان جیایه، به‌ردێكه بۆ خه‌یاڵ.
ئێره بێرایی مه‌مكانه، به سه‌ر بانی هۆده‌ی شه‌راب و هۆڵی هه‌راو هۆریا و كۆشكی كرملین كه به سه‌ر یه‌كه‌وه‌ن، ده‌ڕوانێ، جێیه‌كه‌ی بڵنده، ته‌نها چادری هه‌ناسه‌ته‌نگی له‌و بڵندتره، بێرایی مه‌مكان له گهوهیهكه، بانه‌كه‌ی له پشته‌وه له سه‌ر خۆڵی هه‌ڵكۆڵراو و رنراو راوه‌ستایه، پێشه‌وه‌ی له سه‌ر دوو كۆڵه‌كه‌ی هێنده‌ی ناو قه‌دی باریكی كچ، كه سێ شه‌قاوی پیاوانه لێك دوورن، ته‌نیشته‌كانی به به‌ردی گه‌وره، هیشكهكهڵهك هه‌ڵچنراوه، بانه‌كه بڵنده له هه‌موو ژووره‌كان بڵندتر، بان نیو چۆكه خۆڵی له سه‌ره، بن بانه‌كه به ته‌نه‌كه داپۆشراوه، ئه‌گه‌ر ئاگری ته‌نووره‌كه بهژنێكیش به ئاسماندا بچێ، مه‌ترسی نیه، له بێرایی مهمكانهوه دارستانی ئه‌و به‌ری رووباره‌كه، دارستانه به‌فرگره‌كه جوان دیاره، له ساتی بهفربارینێ دنیا جوانیه‌ك ده‌ڕژێنێته چاوته‌وه، بلێسه‌ی ئه‌نفالیش نایپرووكێنێ ، هی ئه‌وه‌یه به دیار ئاگری ته‌ندووره‌وه چاو له دارستان ببڕی و ببینی، چنار، بی، هه‌نجیر، تووتڕك، چۆن گوڵی به‌فر ده‌گرن، له بێرایی مهمكانهوه دۆڵی ناوزه‌نگی له به‌فر، له كراسی سپی راكشاودا نازدار دیاره، مامهندهی به پێوه راوه‌ستاوی به هه‌وردا چوو حه‌یران دیاره، له بێرایی مهمكانهوه ئه‌گه‌ر كه‌مێك سه‌ر دانوێنی، شه‌ڕی ئه‌و چۆله‌كانه ده‌بینی كه له بن گوێسوانه‌ی ئه‌و بێراییهی كه به سه‌ر هه‌ر سێ ده‌رگای شه‌راب و گاگه‌ڵ و كرملینه‌وه، ده‌ڵێی كڵاوی هاوینیه، جوانه، شه‌ڕ یان گه‌مه‌ی به كۆمه‌ڵی چۆله‌كه گاڤێ ده‌بنه تۆپه‌ل و گاڤێ پهرتدهبنهوه، ئه‌و ساتانه‌ی زریان بردوومی، یان سهههڵبهندان هه‌ناسه‌ی گرتووم، یان له ئێشكگری بوومه‌ته چلووره، نه‌بێ، ده‌نا له بیرم نیه له به‌فر بێزاربووبم، هه‌میشه چێژم له به‌فر وه‌رگرتووه، ده‌مگوته كارۆخ:
ته‌ماشاكه، به‌فر دایكرد، گوێ له ده‌نگی نه‌رمی به‌فر بگره.
كارۆخ كه‌مێك (میمگورجی)ی كزدهكرد و ده‌یگوت:
هه‌ناسه‌ی میمگورجی له ده‌نگی به‌فر خۆشتره.
ده‌مگوته كارۆخ:
ته‌ماشای دارستان بكه، خه‌ریكه گوڵی به‌فر ده‌گرێ.
كارۆخ هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌دا:
چیت له گوڵی به‌فر ده‌وێ، ته‌ماشای ئه‌و مه‌مكانه بكه، ده ده‌ستیان بدێ.
له مه‌مكان وردده‌بوومه‌وه، په‌نجه‌م دهگهیاندنێ، ئهنگوتكهكانی بن په‌ڕۆكه سپیه‌كه زۆر له مه‌مك ده‌چوون، كارۆخ ناوه ناوه له سه‌ر سوخمه‌ی سپیه‌وه، ده‌ستی ده‌گه‌یانده دوو ئه‌نگوتكی ته‌نیشت یه‌كتر و شێوه‌ی مه‌مكی ده‌دانێ، ده‌بوونه مه‌مك، كارۆخ له درووستكردنی مه‌مك ده‌ستڕه‌نگین بوو، ئه‌نگوتكی به ئه‌نگوتكی نه‌ده‌هێشته‌وه، هه‌مووی ده‌كردنه مه‌مك، مه‌مكی قیت، مه‌مكی كه‌مێك داچۆڕاو، مه‌مكی هه‌مه شێوه، كارۆخ ناندێنهكهی پڕده‌كرد له مه‌مك و پڕیدهكرد له (( جووته مهمكهكهت كۆتری فه‌ڕه‌نجی))، كارۆخ هێند جوان له ئه‌نگوتك مه‌مكی درووستده‌كرد، منیشی كرده هۆگری ئه‌نگوتك و ناویشم له ناندێنه‌كه نا بێرایی مه‌مكان، له بیریشم نه‌چێ، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده له سه‌ردانێكدا له‌گه‌ڵ كارۆخ رێمان كه‌وته كۆڵانێكی شاری شنۆ، كارۆخ گوتی:
ئاوڕبده‌وه، ئه‌ها ئه‌و هه‌موو ئهنگوتكه.
ئاوڕمدایه‌وه، چوار پێنج كچی تازه هه‌ڵچووی سینه ده‌رپه‌ڕیو راوه‌ستابوون، ئای، مه‌مكی ئه‌و كچانه چه‌ند له ئه‌نگوتكی بێرایی مه‌مكان ده‌چوون، حه‌زمده‌كرد لێره‌وه كارۆخ بهجێبێلم نه‌گه‌ڕێمه‌وه لای، به‌ڵام، حه‌یف و مه‌خابن! دواتر زۆر دواتر، بێرایی مه‌مكان كه‌وتبووه رێچكه نادیاره‌كانی یاده‌وه‌ری، رۆژێك جێبێكی پڕ، له شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، كارۆخیان تێدایه، دیاره ته‌قه‌ی سه‌ركه‌وتن و خۆشی ده‌كه‌ن، لووله‌ی تفه‌نگێك هه‌ڵه ده‌كات، هاوڕێیه‌كی كارۆخ له ده‌ستی ده‌رده‌چێ، كارۆخ ساردده‌بێته‌وه، حه‌فته‌یه‌ك پێش مه‌رگ، چوومه سه‌رتاشخانه‌كه‌ی كارۆخ، وه‌ك جاران، میمگورجی ده‌گوته‌وه، بێرایی مهمكانیشمان یادكرده‌وه، ئێستاش كه له ماڵێ یان له نانه‌واخانه ئه‌نگوتك ده‌بینم، كارۆخ و بێرایی مهمكانم بیرده‌كه‌وێته‌وه و له به‌ر خۆمه‌وه گۆرانیه‌كه ده‌ڵێمه‌وه..
ئه‌وشه‌و رێم به چادره‌كه ده‌كه‌وێ، به‌رله‌وه‌ی بچم سه‌رێك له كۆشكی سپی ده‌ده‌م، دوو گابه‌ردی گه‌وره له نزیك رووباره‌كه به‌لای پرده‌كه‌وه، ده‌ڵێی به ده‌ست له‌وێ داندراون، نه‌خشه‌ی مام خدر و مام عه‌لیش با هه‌ر به‌و شێوه‌یان داده‌مه‌زراند، نێوان دوو به‌رد جێی هێستره ره‌شی لێده‌بێته‌وه، به راوه‌ستان و پاڵكه‌وتنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بسووڕێته‌وه و روو له رووبار بكات، ده‌بێت به دیوی باره‌گادا بێته ده‌رێ، ئه‌وجا بچێته‌وه ژوورێ، هه‌ر وه‌ك من، ئه‌دی منیش ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ته‌نیشتان بگۆڕم، ده‌بێ هه‌ستمه‌وه و درێژببمه‌وه، به سه‌ر دوو گابهرددا چادرێكی سپی له ره‌نگی به‌فر شۆڕ بۆته‌وه، له بنه‌وه به‌چه‌ند دارێك چادر له شێوه‌ی قووچه‌كه و هێنده به‌فر ناگرێ، مه‌ترسی ته‌پینی لێبكرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جاروبار بهفرماڵهكه ده‌گاته ئه‌وێش، من زۆر ئیره‌یی به ماڵی هێستر ده‌به‌م، زۆر جار ده‌مگوت:
((ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم بگۆڕێته‌وه دوو ته‌نه‌كه جۆی له سه‌ر ده‌ده‌م))
هێستر بۆ خۆی ته‌نیا بوو، دوور بوو له هه‌راو هۆریای كرملین و هۆده‌ی شه‌راب و هۆڵی ههراوهۆریاو خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆ و چادره‌كه، ژوورهكانیدی له ساتی بهفربارینێ سپی بوون، به‌ڵام ماڵی هێستر به هه‌میشه‌یی سپی بوو، ئه‌رێ كێ بوو ناوی له ماڵی هێستر نا كۆشكی سپی؟! هێشتا زووه، سه‌رێك له سهرشۆركی ساماڵیش ده‌ده‌مه‌وه ئه‌وجا ده‌چمه چادره‌كه..
سهرشۆركهكه كه‌وتبووه ده‌و ئه‌و رێیه‌ی دۆڵ و رووباری ده‌گه‌یانده‌وه چیا، نۆكانی خوارێ و به نۆكانی سه‌رێ ده‌به‌سته‌وه، باریكه رێیهكیشی بۆ ماڵی پاسۆك لێده‌بۆوه، جارێك بۆ سه‌ردانی هه‌ردی ئه‌و باریكه رێیهم گرته به‌ر، له ماڵ نه‌بوو، سهرشۆرك روو له باره‌گا پشت له رێ، له دیوی رێیهكهش ئاگر ده‌درا كه ئاگردانه‌كه‌ی به جارێك بارهدارێكی گه‌وره‌ی ده‌گرت، سهرشۆرك به به‌رنه‌ده‌كه‌وت، گه‌رماوی گه‌وره‌ی ورمێ‌ش به‌و هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه راناگات، ئای ئه‌و سهرشۆركه داربه‌ڕووی سووتاندووه، به‌ڕووی به چیاوه نه‌هێشت، پایزه‌كه‌ی چیایه‌ك كۆلكهدار له باره‌گا هه‌ڵدرابۆوه، له دووره‌وه چیای دارین دیار بوو، گوندیهك كه چاوی به چیای دارین كه‌وتبوو، گوتبوویه مام بایز:
باشتان داكوتاوه،ده‌ڵێی به ته‌مان حه‌فت ساڵ لێره بمێننه‌وه.
مام بایز گوتبووی:
جارێ، هه‌ر بایی حه‌فت حه‌فته دارمان كێشاوه.
سهرشۆركی ساماڵ بێ ئاگر نه‌بووه، نیوه به‌رمیلێك كه نیوه‌ی كه‌وتۆته ناو دیوار هه‌میشه مێرووله ده‌كات، سۆنده‌یه‌ك كه له كانیه‌كه‌ی سه‌ره‌وه هاتبوو، سه‌ری به شێره‌وه له ناو سهرشۆرك بوو، بنه به‌رمیلێك بۆ گه‌رم و سارد، ته‌شتێك بۆ جلك شووشتن، جامێكی قوپاو، دیواری سهرشۆرك، لای ئاگر ته‌نه‌كه رێژ، ئه‌وانیتر نایلۆن، عه‌رده‌كه‌ی چه‌ند تاته به‌ردێك له بن نایلۆنێكی ئه‌ستوور، له لای دهرگاوهش، لامپایهك به دیواره‌وه، سهرشۆرك ته‌نگ نیه، جێی خۆشووشتن و جلك شووشتنی لێده‌بێته‌وه، جێی خۆگۆڕینیش جێی خۆ سووڕانه‌وه و خۆگۆڕینی لێده‌بێته‌وه، هه‌تا له غه‌سان كه‌رتكه سابوونێك، گۆلمه تایتێك وه‌رده‌گریت، دێته سه‌رت به‌گڵه سووره‌ی بن دیواری بێرایی مه‌مكان خۆت بشۆیت، رۆژێك پێشمه‌رگه‌یه‌ك تووڕه بوو:
+ئۆنده تایته چیه! له قوونم بكه‌م كه‌فێ ناكات
– نیه، هاورێ، وه‌لا نیه
+ گوو به تایتت، ده‌چم به گوو جلكهكانم ده‌شۆم
من جارێك وام كرد، به گوو نا، به گڵ سه‌رم شووشت، له سابوون پتر كه‌فی كرد، ئه‌رێ وه‌ختایه‌ك باره‌گا جۆره سابوونێكی هه‌بوو، هه‌رچیت ده‌كرد، كه‌فی نه‌ده‌كرد، چه‌تۆ سه‌حه‌ر ده‌یگوت:
تفی لێده‌ن، ئه‌و سابوونه به ئاو نا، به تف كه‌فێ ده‌كات.
ئاوه‌ڕۆی سهرشۆرك له خواره‌وه له رووباری ده‌كرده‌وه، خاره خوله و زه‌رده به ناو به‌فرێدا جۆگه‌یه‌كیان بۆ هه‌ڵبه‌ستبوو، جۆگه‌یه‌كی هه‌میشه كه‌فاوی، دێته بیرم، به‌فر له هه‌ندێ جێ ره‌شبۆته‌وه، دنیا هه‌تاوه، خاره خوله خاكه‌ناسی له ده‌سته‌و له گژ جۆگه‌ی كهفاویه، چه‌تۆی به‌ڕانه‌تی له پشت سهرشۆركهكه به‌لای رێیه باریكه‌كه، له ده‌و رووباره‌كه راوێچكه ده‌كات، سێ چوار ژن له رێی سه‌رێ، نۆكانی سه‌رێ، به پشتێنی شله‌وه شل و مل دێنه‌خوارێ، دیاره نیازیان خه‌سته‌خانه‌ی مۆسكۆیه، گوێم لێیه، خاره خوله ده‌ڵێته چه‌تۆی به‌ڕانه‌تی:
+ هاوڕێ، به‌و ژنانه بڵێ به لای جۆگهكهدا نه‌ڕۆن
– لۆ! ساماڵ فاقی داناوه‌ته‌وه؟
+ نا، تۆ نابینی! هه‌ر ژنێك به لای ئه‌و جۆگه‌یه تێپه‌ڕێ، ئاوس ده‌بێ
-پێشمه‌رگه ئه‌وها به‌كاره؟
+ بڕوات بێ، لێره‌وه، له‌و جێگه‌یه‌ی ئه‌و جۆگه‌یه له رووبار ده‌كاته‌وه، تا لای سونێ هه‌ر ژنێك به ئاوی ئه‌و رووباره تاراتبكات، ئاوس ده‌بێ.
– باوه‌ڕده‌كه‌م، زه‌رده و ساماڵمان زۆره.
زه‌رده كوڕێك بوو، وه‌ك ده‌یانگوت، هه‌میشه هه‌رامه‌كه‌ی له سه‌ر ده‌ستی بوو، ئه‌وه نه‌بوو گوتبووی:
((ژنێكم بۆ ده‌بیننه‌وه باشه، ده‌نا له بنه‌وه ده‌یبڕم و له پێشتان داده‌نێم))
ساماڵیش ئه‌و كوڕه‌ی هه‌قی نه‌بوو شه‌وه رۆژه، به‌فره بارانه، هه‌وره ساماڵه، پێیه‌كی هه‌ر له ده‌رگای سهرشۆرك بوو، له كهلێنهكانهوه، ئه‌وه نیه، پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه له خۆشووشتن ده‌بێته‌وه، تا ده‌چێ پێشمه‌رگه‌ی دوای خۆی بۆ سهرشۆرك بانگده‌كات، له‌و كه‌لێنه‌وه ساماڵ خۆی به سهرشۆركدا ده‌كرد و هیچ نه‌با ئاوێكی به سه‌ریدا ده‌كرد، ساماڵ رۆژانه چه‌ند جار ده‌چووه سهرشۆرك، به‌ڵام له جێی كه‌سیش نه‌ده‌چوو، كه‌سی له سهرشۆرك بێبه‌ری نه‌ده‌كرد، ساماڵ گوایه ئه‌گه‌ر زوو زوو سه‌ری نه‌شوات، خورشتی دێتێ، هه‌ر له‌وه‌شه‌وه بوو، سهرشۆرك بووه سهرشۆركی ساماڵ..
چه‌ندی خۆم گنخاند، كه‌ڵكی نیه، چادر چاوه‌ڕێیه و ناچارم بچم، ئێواره دوای نان له سه‌ر چایه هه‌واڵیان دامێ كه ئه‌وشه‌و له چادره‌كه كۆبوونه‌وه‌یه، كۆبۆنه‌وه‌ی حزبی، ئێ، له كاتی دیاریكراو به نابه‌دڵی به ههورازهكه، به ته‌نیشت بێرایی مه‌مكان سه‌ركه‌وتم، چادر هه‌ر جێی سێ چوار كه‌سه، كه‌چی حه‌فت كه‌سی له خۆی دانیشاندووه، چادر لایه‌كی دیواره، سۆبهیهكی گچكه، گچكه‌تر له سۆبه‌ی ژوورهكانیتر، له نزیك ده‌رگا به‌لای دیواره‌كه‌وه نیڵهنێلیهتی، لووله‌ی سۆبه جیا له لووله‌ی هه‌موو سۆبهكان له دیواره‌وه چۆته ده‌رێ، لامپایهك له ناوه‌ندێ له سه‌ر قوتهدارێك دانراوه، ئێ، ئێره كۆبوونه‌وه‌یه، یان كابرای به‌لاشاوه‌یی گۆته‌نی (حیزباوه)یه، ئه‌وجا ئه‌و كابرایه ئه‌و وشه‌یه‌ی به دوو جار گۆدهكرد(حیز)،(باو) به‌ڵام من هه‌ردوو به‌شه‌كه به یه‌كه‌وه گۆدهكهم وه‌ك به‌لاشاوه، مه‌مكاوه، باشه، ئێره ئه‌و چادره، حزباوهیه، حزب قسه‌ده‌كات، هه‌ر بڕیارێك لێره ده‌رچێ، بڕیاری حزبه، لێره ریاز حزبه، هه‌رچی ئه‌و ده‌یڵێ قسه‌ی حزبه، من له خوله‌كه‌كانی سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌وه تێگه‌یشتم له حزباوهم، ریاز ده‌ستی به قسان كرد، كه‌سێك قسه‌ده‌كات و شه‌ش كه‌س وه‌ك به‌رد دانیشتوون، قسه‌ی له (ئێستا، رابردوو، ئاینده) كرد، زۆری گوت، هه‌رگیز ریازم نه‌دیتووه، هێنده قسان بكات، نازانم كه‌س هه‌ستیپێكرد یان نا، من هه‌ر زوو تووشی كه‌مێك هه‌ناسه ته‌نگی هاتم، سات دوای ساتیش تهنگیهكه ته‌نگتر ده‌بوو، به‌ڵام نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌و ته‌نگیه‌ی كه تهنگمپێههڵچنێ و له چادره‌كه دهرمپهڕێنێ، باس له رابردووی پڕ سه‌روه‌ری كرا كه تا نه‌نووسرێته‌وه، خه‌ڵك به گه‌وره‌یی حزب ئاشنا نابێت، باسی خۆرادهستكردنهوه كرا، كه زۆر هاوڕێ به‌رگه‌یان نه‌گرت و رووخان، له كاروان دابڕان، باسی ئه‌وه كرا كه ئاینده هه‌ر بۆ كۆمهنیستهكانه، زۆر شت گوترا، دوای لێبوونه‌وه‌ی ریاز، شه‌ش كه‌س به نۆره هاتنه قسه، منیش كه پالێورام بۆ ئه‌ندامبوون، وه‌ك ئه‌ندام مافی قسه و گفتوگۆم هه‌یه، له بیرنهكهم، هاوڕێیه‌ك پێنووس و كاخه‌زی به ده‌سته‌وه، دیاره سه‌ره قسه‌ی قسه‌كان ده‌نووسێته‌وه، تا دێ هه‌ناسه‌م ته‌نگتر ده‌بێ، له بیرمه یه‌كێك له چهتۆیهكان، گوتی:
ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی چوونه‌وه، حزب ناردنیه‌وه، راینهگرتن، نهیحهواندنهوه، بۆچی ده‌بێ بیانخه‌ینه خانه‌ی رووخاوه‌وه؟
ئای، ئه‌وه چی ده‌ڵێ! ده‌ڵێی قسه له قسه‌ی حزب ده‌كات! كۆمهنیستێكیدی پێچه‌وانه‌ی وی قسه‌یكرد، دێته بیرم منیش شهكرێكم شكاند:
باشه بۆچی حزب به وردی رابردووی خۆی نانووسێته‌وه، تا سه‌روه‌ریه‌كان بزرنهبن؟
زۆر گوترا، پرسیار زۆر كرا، حه‌یف هیچ وه‌ڵامێكم له یادنهماوه، ده‌نا شتێكم ده‌گێڕایه‌وه، به‌ڵام له باره‌ی نووسینه‌وه‌ی دیرۆك، دێته بیرم (زینه) یه‌ك هه‌بوو، ئه‌و ژنه وه‌ك ده‌یانگوت هه‌موو مێژووی حزبی ئه‌زبه‌ره، جارێك له ده‌ڤه‌ری گاره، له دانیشتنێكی ئاسایی گوتی:
(( نایشارینه‌وه، حزب له رابردوو هه‌ڵه‌ی زۆری كردووه، ئه‌گه‌ر دیرۆكی خۆی بنووسێته‌وه، ده‌بێ پێ له هه‌ڵه‌كانی خۆی بنێ، ئه‌وه‌ش گران ده‌كه‌وێت، چونكێ كه‌سێك كه ده‌یخوێنێته‌وه، ده‌یبیستێ، ده‌پرسێ: هه‌ڵه‌یه‌ك، دوو، سێ، ده، قه‌ینا، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه بۆچی؟! كه ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ی حزبی له زمانی حزبه‌وه بیست، ئیدی ئاماده نیه بێته رێزی حزبی پڕ له هه‌ڵه‌وه))
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حزباوه ئه‌و قسه‌یه‌ی زینه‌م بیركه‌وته‌وه، ویستم له شێوه‌ی پرسیار بیخه‌مه روو، پهشیمانبوومهوه، ئێ، چایه له سه‌ره، كۆبوونه‌وه له كۆتاییه، ههناسهتهنگیم پتر ده‌بێ، ویستیان چایه دێمكهن، پێشمه‌رگه‌یه‌ك به پڕتاو قۆریهی چای هه‌ڵگرت و هه‌ڵیدایه ده‌ره‌وه:
+ چ بوو؟ ئه‌وه چ بوو
+ چ نیه، نا
+ وه‌ڵا مشك
تومه‌ز له ناو تۆچایهكه مشك تۆپیوه، نه‌یدیتووه له قۆریهكهی كردووه، هه‌ناسه‌م تهنگتربوو، ئۆخه‌یش كۆبوونه‌وه ته‌واو بوو، له چادره‌كه هاتینه ده‌رێ، هه‌تا دوو سێ رۆژ چایه‌م نه‌خوارده‌وه، ههناسهتهنگیشم ماوه، سێ رۆژ رانهبرد، ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه نێردرانه باره‌گای گۆڕه شێر، من له‌گه‌ڵم، پێم‌خۆش بوو، له چادری هه‌ناسه‌ته‌نگی دووركه‌وتمه‌وه، به‌ڵام هه‌ناسه‌ته‌نگی لێمنهبۆتهوه، ئێره گۆڕه‌شێری بن تیچاوی جاسووسانه، هه‌ر چوار وه‌رز له گونده جوانه‌كانی كوردستانه، گۆڕه شێریش هه‌ر كه‌وتۆته دۆڵی جه‌نگاوه‌ره دۆڕاوه‌كانه‌وه، ئێ، نازانم چه‌ندی پێچوو، حه‌فته‌یه‌ك، پتر، نه‌گه‌یشته مانگێك، ئێواره‌یه‌ك له سه‌ر نانخواردنێ، كادرێك گوتی:
ئێواره كۆبوونه‌وه‌ی حزبیمان هه‌یه..
ئۆی، خۆ لهبیریاننهچۆتهوه، من پالێوراوم، هیچم نه‌گوت، له بیرم بێ، هه‌ناسه‌ته‌نگی وازی لێنههێناوم، له كاتی دیاریكراو نه‌چووم، جغارهخۆرێك دوان، تێپه‌ڕی، نه‌چووم، دیتم پێشمه‌رگه‌یه‌ك هات:
+ هاوڕێ، چاوه‌ڕێتن، بڕۆ
– پێیانبڵێ، نایه‌مه كۆبوونه‌وه
+ به راست؟
– به راست
بۆ سبه‌ی، زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵم دا، په‌شیمان ببمه‌وه، پهشیماننهبوومهوه، چوومه كه‌لی شه‌یتان و نه‌هاتمه‌وه خواره‌وه، ناچار گوتیان:
+ به‌ڵام وازهێنان ئه‌وها نابێ، ده‌بێ به نووسین بێ و بۆ سه‌ره‌وه‌ی به‌رزبكه‌یته‌وه
– باشه ده‌نووسم
ئه‌رێ وازهێنان چۆن ده‌نووسرێ؟ پرسیارم له خۆم ده‌كرد، وه‌ڵامی خۆم ده‌دایه‌وه: ما وازهێنان چیه، بنووسه وازم هێنا و ئاو بێنه و ده‌ستت بشۆ، په‌ڕه كاخهزێكم هێنا، چی بنووسم، وازهێنانێكی چه‌تۆ سه‌حه‌رم بیركه‌وته‌وه، چه‌ند جارێك بۆی گێڕابوومه‌وه، ئه‌زبه‌رم كردبوو، به عه‌ره‌بی بوو، سه‌حه‌ر ده‌یگێڕایه‌وه:
(( رۆژێك خراپ له حزب تووڕه بووم، یه‌كسه‌ر نووسیم: (لقد استقلت……) ویستم بهرزیبكهمهوه، پهشیمانیانكردمهوه))
من با بینووسم، كێ هه‌یه بتوانێ پهشیمانمبكاتهوه! باش بوو وازهێنانه‌كه‌ی چه‌تۆ وه‌ك كلێشه به‌كه‌ڵكم هات، نیو لاپه‌ڕه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی گچكه‌م به خه‌تی درشت پڕكرده‌وه، رسته‌یه‌كم ئێستاش له بیره: ((من كه‌ڵكی حزبایه‌تیم نیه، به‌ڵام وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌مێنمه‌وه)) ئیدی له دوای ناردنی نامه‌كه هه‌ناسه ته‌نگیم نه‌ما، تا نووسینی نامه‌كه هه‌ستمده‌كرد، چادره‌كه له سه‌ر سینگم هه‌ڵدراوه، ده‌ست و پێم به سنگهكانیهوه داكوتراوه، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێش ئه‌و سه‌رهاته، سه‌رهاته‌كانی زستانی نۆكان ناونشانی( چادرێك له سه‌ر سینگم هه‌ڵدراوه)ی هه‌ڵبژارد.
كه‌ریم كاكه