
ئیسلام، سیاسه‌ت یان دین
کاتێک ئیسلام وه‌ک دینێک و رێگایه‌ک بۆ عیباده‌تی ئینسانگه‌لی خاوه‌ن بڕوا به خودا بخرێته به‌ر باس، ده‌بێته یه‌کێک له رێگاکان یان شێوه‌گه‌لی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خودا و ئاکامی گه‌یشتنه به‌و وه‌عده و وهعیدانهی که زۆربه‌ی له دونیای حه‌یات و ژیاندا ناگه‌نه وه‌ڵام. باسی سزا و جه‌زا، قیامه‌ت ودونیای نادیار، به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م و ئه‌م شتانه که له هه‌موو دینه‌کاندا به شێوه‌گه‌لێکی نزیک به‌یه‌ک باسی لێکراوه و وا وێده‌چێت که سینه به سینه و به‌ره به به‌ره گه‌یشتونه‌ته پێغه‌مبه‌ره‌کان و وه‌ک ئامرازگه‌لی چاکسازی ئینسان و کۆمه‌ڵگا به‌کارهێنراون.
به‌ڵام ئه‌وه چییه وا ئیسلامی تا ئه‌مڕۆ له دینه‌کانیتر وه‌ها جوداکردهوهتهوه که وه‌ک دینێکی تایبه‌ت و ده‌سته‌مۆیی هه‌ڵنه‌گر ناساندوه. ئایا خودا په‌ره‌ستی و ئیمانداری کارێکه که ده‌بێت دونیای ئه‌مڕۆ لێی بترسێت؟
کورته گه‌شتێک به مێژوی ئاینه ئاسمانییه‌کاندا ئه‌وه ده‌رده‌خات که جگه له ئیسلام ئه‌وانیتر له سه‌رده‌می سهرههلدانیاندا ، لایه‌نگرانیان هه‌وڵیانداوه به به‌کار هێنانی شێوه‌ی ئیقناع و پیشاندانی ئێعجاز به‌رانبه‌ره‌کانیان بهێننه سهردینهکهیان. هه‌موویان توشی کوشت و بڕ و شکست بوون و ته‌نانه‌ت که‌سێک وه‌ک مه‌سیحیش له‌دار ده‌درێت. به‌ڵام موحه‌مه‌د ته‌نیا ماوه‌یه‌کی کورت که سه‌رده‌می لاوازی و که‌م هێزی بوو خۆی له‌شه‌ڕ ده‌پاراست، پاش ئه‌وه پتر په‌لامارده‌ر بووه و هه‌ر به زه‌بری شمشێر و هێزی چه‌کداری به‌رانبه‌ره‌کانی هێناوه‌ته سهردینهکهی.
زۆر یه‌ک له زانایان و لێکۆله‌ره‌وانی دین و دینناسان ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوان که ئیسلام سروشتێکی توتالیتهرانهی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت سه‌رده‌مانێکی زووتر له ئێستاش ئه‌م بڕوا هه‌بووه، وه‌ک “ابنی وه‌ڕاق” له کتێبی به‌ناوبانگی خۆیدا به‌ناوی”بۆچی من موسلمان نیم” له “چارلز واتسون” فاکت دێنێته‌وه که له ساڵی 1937 باسی له‌وه کردوه که دینی ئیسلام ماهیهتیێکی توتالێتهری هه‌یه: “له نێو نزیک به یه‌ک ملێۆن ره‌گی ئایینی‌دا ته‌نیا ئیسللام په‌نجه‌ی له جه‌سته‌ی ژیانی موسڵمانه‌کانیدا چه‌قاندوه”. هه‌روه‌ها نیلس داک” له کتێبی ” ئیسلام له ژێر سه‌رپۆشدا” ئاماژه به وته‌ی لێکۆڵه‌ری سویسی “یاکوب بۆکهارت” ده‌کات که له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئیسلام وه‌ک دینێکی( (despotiskمستهبد داده‌نێت که ئه‌مڕۆییه‌که‌ی به بروای ئه‌و ده‌بێته توتالیته‌ر.
ئیسلام له‌سه‌ر دوو لاقی جیهاد و شه‌ریعه‌ت وه‌ستاوه که هۆی ماننه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنیه‌تی هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش. شه‌ریعه‌ت ئه‌و قانون و دهستورانهیه که که‌سانی موسڵمان و باوڕدارانی ئیسلام ده‌بێت به‌جێی بهێنن و وه‌ک رێبازێک بیگرنه به‌ر. ئه‌مه ته‌نیا ناچێته خانه‌ی بڕوا به خودا و پێوه‌ندی نێوان ئینسان و خودا، به‌ڵکو ئه‌رکێکه که ئینسان پاش ته‌سلیم بوونی ده‌بێت وه‌ک موسلم له ژیانی شهخیشیشدا جێبه‌جێیان بکات. یه‌کێک له‌و ئه‌رکانه “ئه‌مری به مه‌عروف و نه‌هی له مونکره” که ئه‌م ئه‌رکه که‌سی موسڵمان ده‌کاته پولیسی کۆمه‌ڵگا و ئه‌و ئیزنه‌ی ئه‌داتێ که به‌ناوی ئه‌رکی ئیسلامی له کار و باری که‌سانیتریشدا ده‌ست وه‌ربدات.
به‌ڵام گه‌وره‌ترین هێڵی جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان ئیسلام و دینه‌کانیتر جیهاده. جیهاد ئه‌و به‌شه‌ی ئیسلامه که رواڵه‌تی توتالیتری به‌م دینه به‌خشیوه و له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه بۆ په‌ره‌دان به حاکمیه‌تی خۆی و وه‌ده‌ست خستنی بژێوی رۆژانه و پته‌وکردنی بنه‌مای ئابوری خۆی به ناوی جیهاد له‌گه‌ڵ کوفار ده‌ستیان داوه‌ته هیرش بۆ سه‌ر وڵاتانی دوور و نزیک و به تاڵان‌کردنی بنه‌ما ئابووریه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له باری دینی و سیاسییه‌وه سه‌پاندوه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا و تا ئه‌مڕۆش له‌م رێبازه‌دا به‌رده‌وامن.
“نیلس داکه” له کتێبی”ئیسلام له ژێر سه‌رپۆشدا ” ده‌نوسێت:” موحه‌مه‌د و چوار جێنیشینهکهی پاش خۆی له نوسراوه موقه‌ده‌سه‌کان و کرده‌وه‌کانیاندا، به شێوه‌ی سیستماتیک توند و تیژییان کردوه‌ته نۆرمێک به‌رانبه‌ر به ناموسڵمانان له دارولحهربدا. ئه‌وان چینی تایبه‌تی شهرکهرانیان له کۆمه‌ڵگادا دامه‌زراند و که‌سانی ئه‌م چینه له دانی زه‌کات مه‌عاف کران. خه‌باتکاران ئه‌رکیان ته‌نیا شه‌ڕکردن بوو. به هۆی ئه‌وه‌ی که هیچ بهرههمێکیتریان نه‌بوو که ژیانی خۆیانی پێدابین بکه‌ن جگه له ده‌سکه‌وته‌کانی شه‌ڕ، وه‌کو جه‌زیه ، غه‌نیمه‌ت و گرتنی کۆیله و فرۆشتنیان، بۆیه به شێوه‌ی پرۆفشناڵی خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی شه‌ڕ و توند و تیژی بوون و حه‌زیان له شه‌ڕ کردن بوو.”
ئه‌م ئیمتیازانه‌ی که جیهادگه‌ران له کۆمه‌ڵگادا بۆیان دانرابوو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئیسلام ببێته خاوه‌ن ئه‌رته‌شێکی به هێز که له رۆژهه‌ڵاته‌وه تا هیندوستان و له ئه‌فریقاشه‌وه به‌شێکی زۆری قاڕه‌ی ئافریقا داگیر بکه‌ن و پاشان شه‌ره‌کانی سهلیبیشی لێ‌دروست ده‌بێت.
ئیسلام به‌دوای هه‌ر داگیرکردنێکی خاک و جوغرافیدا به دروست کردنی مزگه‌وت و دانانی مه‌کته‌ب و ده‌رس وتنه‌وه و فێری خوێندن کردنی خه‌ڵکه داگیرکراوه‌کان، هه‌م ئه‌وانی له بێسه‌وادی دوور ده‌خسته‌وه وههمیش وانه ئیسلامییه‌کانی خۆیان ده‌کرده کلتور و شێوازی ژیانی ئه‌و خه‌لکه. یانی هاوکات خاک و دڵیانی داگیر ده‌کرد. به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که موسڵمانان له‌سه‌ر ئهوبڕوان که باوڕ و دینی ئه‌وان دوواین و کامڵترین دین و باوڕه، به‌ریان به وتنه‌وه‌ی وانه‌گه‌لی غه‌یره ئیسلامی و دینی گرتوه و ئه‌و به‌شه‌ش له کتێب و زانیاری که پێش ئه‌وان له وڵاتانی داگیرکراودا هه‌بووه سوتیندراون و له ناویان بردون.
مزگه‌وت وه‌ک سه‌ره‌کیترین سیمبولی ئیسلام، ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کردنی زانای ئاینی و مه‌لایه و له‌م رێگاوه وێڕای په‌ره‌دان به بڕوای ئیسلامی، وه‌ک مه‌کته‌بی په‌روه‌رده‌ی مه‌لا و زانای ئیسلامی کاری کردوه و بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان فه‌یله‌سوف و عه‌لامه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا، فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی‌یان دانا و له بوواری زانستیشدا توانای خۆیان سه‌ر خستوه. گه‌وره‌ترین جیاوازی ئه‌م که‌سانه له‌گه‌ڵ قه‌شه‌کانی مه‌سیحی نا پرۆفوشناڵ بوونیانه و پێویست ناکات ته‌نیا وه‌ک مه‌لا ئیشی ئایینی راپه‌ڕێنن، به‌ڵکو زۆربه‌یان وه‌ک مامۆستای مه‌کته‌ب و زانکۆ ئیشیان کردوه و ئه‌وانیش به نۆره‌ی خۆیان قۆتابیان بووه و کاری په‌روه‌رده‌یان کردوه.
پاش موحه‌مه‌د، چوار خهڵیفهکهی توانیان دونیای ئیسلام به‌ربڵاوتر بکه‌ن. پاش ئه‌وانیش له‌م دونیای پان و به‌رینه ئیسلامییه‌دا نوێنه‌ران و جێنشینه‌کانیان ئه‌رکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سیاسی و ئاینی وڵاته ئیسلامیه‌کان که ئێستا ئیتر ئاسیای ناوه‌ڕاست و دوور، ئافریقا و به‌شێک له ئوروپاشی ده‌گرته‌وه به ئه‌ستۆ گرتبوو.
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا دونیای ئیسلام که له لایه‌ن سێ ئیمپراتورییه‌وه (عوسمانی- سه‌فه‌وی- مه‌غوله‌کان) به‌ڕیوه ده‌چوو له باری زانست و تهکنولۆجی و کشت و کاڵ و ئیستانداردی ژیانی خه‌ڵک و شێوه‌ی حکومه‌تییه‌وه جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا نه‌بوو. له هه‌ر دوو لا ئایین ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه بوو.
له 1600 کانی زاینی به‌ولاوه ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام به‌ره‌و کز بوون ده‌چوو. هاوکات وڵاتانی رۆژئاوا له نێو بازنه‌ی ته‌نگی ئایین هاتبوونه ده‌ره‌وه و زانست و ته‌کنۆلۆجی و رۆشنبیری له گه‌شه‌دا بوو، به‌لآم وڵاتانی ئیسلامی له هه‌مان بازنه‌ی کۆندا قه‌تیس مابوون. له 1700هکانداحاسڵی زانست، به‌رهه‌مگه‌لی نوێی ته‌کنۆلۆجی، به‌ره‌و وڵاتانی ئیسلامی هات و پاش ماوه‌یه‌کی کورت ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر بازاڕی دواکه‌وتوی ئه‌و وڵاتانه‌دا سه‌پاند و ریگه‌یان به به‌رهه‌مه ده‌ستییه کۆنه‌کان لێژکرد و به‌ره به‌ره وڵاتانی ئوروپی هێرشیان کرده سه‌ر ئه‌و ناوچه و داگیریان کرد و کردیانه کلونیای خۆیان. هاوکات به هاتنی ئه‌وان جگه له به‌رهه‌مه‌کانی کارخانه‌کانیان، علم و زانستیشیان هێنا بۆ ئه‌و وڵاتانه و مه‌دره‌سه‌ی زانستیش کرایه‌وه و هه‌ل بۆ خوێندنی غه‌یره دینیش ره‌خسا.
له 1800ه‌کاندا وڵاتانی ئوروپی حکومه‌تگه‌لی ده‌ستکردی خۆیان له‌م شوێنانه که کلونیا بوون دانابوو.ئاگردانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئیسلام به‌ره‌و کوژاننه‌وه ده‌چوو. به‌ڵام بنه بڕ نه‌کرابوو. مزگه‌وته‌کان هه‌ر مابوون. بلیمه‌ته ئیسلامییه‌کان له هه‌وڵ و تێکۆشان‌دا بوون بۆ ژیاننه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره. ئه‌م هه‌ڵانه که‌سانی وه‌ک سه‌یید جه‌ماڵه‌دین ئه‌سه‌د ئابادی و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا و سه‌ید قوتب په‌روه‌رده ده‌کات و رێکخراوه‌ی وه‌ک ئیخوان ئه‌لموسلمینی لێده‌که‌وێته‌وه.
دیارده‌ی به کۆلۆنیکردن و پاشانیش له سه‌ده‌ی بیستدا، شه‌ڕی سارد، دوو هۆی سه‌ره‌کی دووباره ژیاننه‌وه‌ی ژیله‌مووی نیوه مردووی ئیسلام بوو. له ده‌ورانی شه‌ڕی سارد دا له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواوه، بۆ بیمه‌کردنی وڵاتانی ئیسلامی له مه‌ترسی توشبوونی کومونیست و گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بلوکی شه‌رق، راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ هه‌وڵی دروستبوونی ئه‌حزاب و گروپه ئیسلامییه‌کانیان ده‌دا و ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ئه‌وان شل ده‌کرد.
هۆکانی ئیسلام له‌مڕۆدا
پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی ئیمراتوره ئیسلامیه‌کان له ناو چوو. ئیسلام کز بوو، بۆیه که‌سانی وه‌ک حه‌سه‌نولبه‌ننا که‌وتنه تاوتۆی دۆزینه‌وه‌ی هۆی ئه‌م کز بوونه. ئه‌وان به هه‌ڵه گه‌یشتنه ئه‌و ئاکامه و لایان وابوو دوور که‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵک له شه‌ریعه‌ت و ئه‌خلاقی ئیسلامی بووه‌ته هۆی دواکه‌وتن و بن ده‌سته بوونیان. ئه‌مه له حاڵێکدا بوو که هۆی سه‌ره‌کی سه‌رکه‌وتنی رۆژئاوا و به بنده‌ست کردنی رۆژهه‌ڵات و وڵاتانی ئیسلامی گه‌یشتنی رۆژئاوا بوو به تێکنیک و زانست و پێشره‌ویان له‌م بوواره‌دا، نه‌ک دوور که‌وتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان له ئه‌خلاقی ئیسلامی و شه‌ریعه‌ت. بؤیه به جێگه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌ڵگرتن، گه‌ڕاننه‌وه بۆ دواوه‌یان هه‌ڵبژارد.
“کارل یوهان گاردێل” نوسه‌ری سویدی له کتێبی یه‌که‌می زنجیره کتێبی “پرسه‌کانی رۆژی سیاسه‌تی جیهانی” له ژێر سه‌ردێری “بونیادگه‌رایی ئیسلامی” هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بونیادگه‌رایی ئیسلامی ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ ئه‌و قه‌یرانه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه‌ی دوایین روبعی سه‌ده‌ی بیست که به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر زۆرتری ده‌وڵه‌تانی له‌رزاند و بووه هۆی بێ‌کاری و بێده‌ره‌تانی و به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگاکان. کارل له‌سه‌ر ئه‌وبڕوایه که له ساڵه‌کانی 1940 دا که باری ئابووری و سیاسی له گه‌شه‌دا بوو ئیسلام له پاشه‌کشه و کز بووندا بوو.
“ماکس وێبێر” ده‌ڵێت: ئوتوریته‌ی کاریزمایی ده‌توانێت شۆڕشگێڕانه بێت یان ئایینی. رێبه‌رانی کاریزمایی له کاتگه‌لی قه‌یرانی کۆمه‌ڵگادا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌و کاتانه‌ی که نه‌زم و رێسا دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ونه ژێر پرسیار و له‌ق ده‌بن، رێبه‌رانی کاریزما ره‌واییان پێده‌درێت و روویان تێده‌کرێت.
جگه له قه‌یرانه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به کۆلۆنیا کردنی وڵاتان، به بڕوای زۆرێک له لێکۆڵه‌ره‌وان ئیسرائیلیش یه‌کێکه له هۆکانی ژیاننه‌وه‌ی بونیاتگه‌رایی ئیسلامی له ناوچه‌که‌دا. به بۆنه‌ی دروست بوونی ئیسرائیله‌وه قه‌یرانگه‌لی سیاسی قووڵ له‌و ناوچه‌دا که شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی سێ ئاینی ئاسمانییه، روویاندا و ئه‌م قه‌یرانانه‌ش بوونه‌ته هۆی گه‌شه‌ی ئیسلام( شایانی باسه که به‌ره‌ی چه‌پی فه‌له‌ستینی به یارمه‌تی وڵاتانی رۆژئاوایی هه‌ره‌سی پێ هێندرا )و ئیسلام وه‌ک ته‌نیا رێگای رزگاری خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ناسیندراون.
نیڵ داک له کتێبی “ئیسلامی ژێر سه‌رپۆش”دا جگه له دامه‌زراندنی ئیسرائیل، شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش وه‌ک هۆی گه‌شه سه‌ندنی بونیاتگه‌رایی له دونیادا ده‌زانێت. به‌ڵام له راستیدا شۆرشی ئێرانیش وه‌ک یه‌کێک له ئاکامه‌کانی سه‌رکوتی به‌ره‌ی چه‌پ و به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ بلوکی شه‌رقدا ده‌بێت بخوێندرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شای ئێران به یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌ی چه‌پیان له ئێران به ته‌واوه‌تی سه‌رکوت و بنه‌بڕ کردبوو. ئه‌م کاره‌ش رێگه‌ی بۆ گه‌وره بوونه‌وه‌ی ئیسلام وه‌ک ته‌نیا هیوای خه‌ڵک بۆ رزگاری له ده‌ست ئیستبدادی شاهی و ئیستسماری ئامریکایی ده‌بینی.
ئێرانی پاش شۆرشی ئیسلامی ده‌وری زۆری له بنهگرتنی بزوتنه‌وه ئیسلامییه بونیاتخوازهکاندا بووه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێران بۆ نیشاندانی خۆی وه‌ک رێبه‌ری دونیای ئیسلام ئه‌مڕۆ به‌ره‌و کززی ده‌روات. ئه‌مڕۆ به سه‌رهه‌ڵدانی ئیخوانه‌لموسلمین له میسر و وڵاتانی تونس و بزوتنه‌وه‌کانی تری وڵاتانی عه‌ره‌بی قڵهشی نێوان شێعه و سوننه زۆرتر زه‌ق بووه‌ته‌وه و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ رێگه و جێگه بۆ ئێران ته‌نگتر ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستییه، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی باڵی شێعه یان سوننه، ئیسلام نه‌ک ته‌نیا له وڵاتانی ئیسلامی‌دا به‌ڵکو له رۆژئاواشدا له هه‌ڵکشاندایه. ئه‌مه‌ش له هه‌وڵێکی کورتخایه‌ندا نه‌هاتوه‌ته ئاراوه، به‌ڵکو ئیسلامییه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌م رۆژه پلانی درێژ خایه‌نیان بووه. ئه‌ڵبه‌ت وه‌ک ئاماژه‌شمان پێداوه، زه‌مینه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌کانی، به‌هه‌ڵه یان ئه‌نقه‌ست، له لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاواییه‌وه بۆ ره‌خسێندراوه. ئه‌مڕۆکه پاش داروخانی بلوکی شه‌رق و نیشتنه‌وه‌ی ترسی دونیای سه‌رمایه‌داری و وهسهرخۆهاتنهوهیان، تێگه‌یشتون که رێگا حه‌لی موشکله‌ی دوێنێیان ئه‌مرۆکه خۆی موشکله‌یه‌کی نووییه. هه‌موو هه‌وڵه‌کانی دونیای غه‌رب ئه‌مرۆکه ئه‌وه‌یه که کراسی سیاسی له به‌ر دینی ئیسلام دابکه‌نێت و ده‌سته‌مۆی بکات و وه‌ک دینه‌کانیتر خانه‌نشینی بکات.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به ناوی ئیسلامی سیاسی پێناسه ده‌کرێت و هه‌وڵ ده‌درێت که له به‌رانبه‌ریدا ئیسلامی غه‌یره سیاسی له زه‌ین و بیری خه‌ڵکدا سازبکرێت، شتێکی تازه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تازه‌یه رسته‌ی”ئیسلامی غه‌یری سیاسیی” ه نه‌ک ئیسلامی سیاسی. هه‌ر وه‌ک وتمان ئیسلام له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه به پلانی حکومه‌تکردنه‌وه هاتوه‌ته دوونیا و هه‌میشه به سیاسه‌ت وشه‌ڕ هێرشی کردوه و ده‌ستی داوه‌ته داگیرکردن و په‌ره‌دان به ده‌سه‌ڵاتی خۆی، جا پاش داگیرکردن دینه‌که‌ی سه‌پاندوه. ئیسلامی ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌شێوه‌ی توتالیتهرانه خه‌ریکی خۆ ده‌رخستن و خۆسه‌پاندنه. ئه‌وه‌ی گۆڕاوه، شێوه‌ی شه‌ڕه‌کان و تاکتیکهکانیهتی، که به گوێره‌ی رۆژ ده‌یگونجێنن.
دیارده‌ی ئیسلامی سیاسی بۆ ئه‌وه سازکراوه که به زه‌خت خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و گروپه ئیسلامییه‌کان و خه‌ڵکانی ژێرده‌سه‌ڵاتیان، لانی که‌م به‌شێک له خه‌ڵک و به‌ره‌ی روناکبیریی له به‌ره‌ی ئیسلامی جیا بکرێنه‌وه وه‌ک خوازیارانی ئیسلامی غه‌یری سیاسی پێناسه بکرێن وبه گه‌وره‌کردنه‌وه و یارمه‌تی دانی ئه‌وان، ده‌سه‌ڵات له ئیسلامییه‌کان بستێنن و ورده ورده به‌رگی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت له به‌ر دینی ئیسلامیش داکه‌نن و ره‌وانه‌ی خانه‌قا و مزگه‌وته‌کانی بکه‌ن، تا به‌م شێوه ئیسلامیش وه‌ک مه‌سیحییه‌ت بێ خه‌ته‌ر و ده‌سته‌مۆ بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شایانی باسه، تا ناوچه ئیسلامییه‌کان، به تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕست له وه‌ها قه‌یرانێکدا بمێنێته‌وه و هێزه ده‌ره‌کییه‌کان ده‌ستی تێوه‌ر بده‌ن، به دڵنیاییه‌وه ته‌نیا قازانجبه‌ری ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ده‌بن.
ره‌سول سه‌فه‌ریانی