Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

حیکمەتەکانى بوون!

Be First!
by July 18, 2008 گشتی

" لە شارى پیاوچاکاندا کێبەرکێى زیاتر لەسەر دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات روو دەدات، نەک پێچەوانەکەى – سوکرت"
(1)
کە ژیان و ئەزموونەکانى پڕن لە حیکمەت، وێستگەکانى تەمەن باشترین دەرفەت و عەقڵ چاکترین هۆکارێکن بۆ فێربوون..ئاخر نهێنى هەڵکشانى تەمەن لە وەرگرتنى پەندى زیاتر دا یە، وەکو تریش فەزیلەتى عەقڵ بریتییە لە گەمەکردنى بەردەوام لەناو گومان و راڕاییدا، عەقڵ لەوێدا کارایە کە پەى بە دیوى دووەم و ناوەوەى دیاردەکان ببات و بە روخسارى شتەکانەوە نەخەڵەتێ، چونکە روخسار زۆربەى جار پەلکێشى نێو دۆڕان و پەشیمانى و شکستمان دەکات.
(2)
"کاتێک کەسێک لە تاڵانکردنى هەموو جەستەى کۆمەڵگە سەرکەوتوو دەبێ و بەرەو کۆیلایەتیان دەبا و هەمووان ناوە ناشیرینەکانى ئەو کەسە لەبیر دەکەن و پێى دەڵێن خۆشبەخت و شادومان و سەربەرز"، ئا لەوێدا ستەمکارى لە دایک دەبێ، چونکە ستەمکارى بە تەنها بریتى نییە لە داپلۆسین و خوێنڕشتن و کوشتنى جەستەیى ئەوانى دى، بەڵکو دەشێ دادۆشینى کۆمەڵێک لەڕووى ماددى و مەعنەوى و بەتاڵکردنەوەى کۆمەڵگە لە مانا و بەها جوانەکان لەلایەن کەسێکەوە، دیوێکى دیکەى ستەمکاری بێت..هاوکات خودى کەسى ستەمکار لە نەبوونەوە لە دایک نابێ و بەتەنها ئەو نییە کە رۆڵەکان دەگێڕێ و دابەش دەکات، بگرە بە دیوەکەى تردا زۆرینەى بەناو ستەملێکراوان ماکینەى بەرهەمهێنانى ستەمکارانن، بە مانایەکى دى ستەمکار لە نێو فەزاى گەمژەیى و خۆ بەمێگەلزانین و رازیبوونى زۆرینە بە کۆیلەیى گەورە دەبێ و تارمایى پیرۆزییەکانى خۆى بەسەریاندا زاڵدەکا!
(3)
دەگوترێ "هونەرى راهێنانى ئەسپ لە پێناو بەرژەوەندى ئەسپ دایە، نەک راهێنەرەکەى"، کەچى لە دونیاى کورددا هاوکێشەکە پێچەوانەیە..چۆن؟
لە کاتێکدا کۆى زانست و هونەرەکان هیچ خود بەرژەوەندییەکیان نییە، کەچى لە کوردستاندا و لە نێو پرۆسەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و سیاسى و زانستى و کولتورییەکاندا و لەسەر کۆى ئاستەکان بە شێوەیەک و شێوەیەکى دى ئاوەژوو دەبێتەوە.
(4)
دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانى کوردستان، بە سەرجەمى بەش و رشتەکانیان دەست لەسەر سنگ و لەبەردەم کۆمەڵدا سوێندى راستگۆیى و ئەمانەت و دڵسۆزى بۆ پیشەکەیان دەخۆن، بەڵام دواجار زۆرینەى هەرە زۆریان لەوارى کرداریدا لەو سوێند و سۆز و بەڵێنەیان پاشگەز دەبنەوە و بە چەندین رێگا و شێواز هەوڵى پەڕینەوە بەسەر پشتى کۆمەڵگە دەدەن بەرەو دونیاى خۆشبەختى و بەرژەوەندى ماددى و تایبەتى و کەسییەوە، کەچى هەر بۆ نموونە دەبینین کە " پزیشک بە سەیرکردنى بەرژەوەندى خۆى وەسف ناکرێ، بەڵکو بەلەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى نەخۆش"، کە ئەمە بۆ سەرۆک و پەرلەمانتار و وەزیر و رەعیەت..فەرمانبەر و بەرپرسى فەرمانگە و بەڕێوەبەرى دەزگا و هاوڵاتى..مامۆستا و قوتابى..پارێزەر و دادوەر و تاوانبار..بازرگان و بازاڕ و کاڵا و خەڵک.. واعیز و ئیماندار.. رۆژنامەنووس و کۆمەڵگە..ئەندازیار و پڕۆژە و سیاسى و حزب و….هتد، راستە، بەڵام لەم وڵاتەدا لەبەرئەوەى زۆرینەى ئەو پیشەوەرانە بەچاوى چنۆک و برسییەوە و بەیێ گوێدانە ئابڕوو و شکۆمەندى پەیامى پیشەییەوە کارەکانیان دەکەن و هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان زانست و هونەر و کەرەستەى مرۆیى بەردەستى خۆیان کردۆتە پردى پەڕینەوە بۆ ئاییندەى بەختەوەرى ماددى، بۆیە زۆر ئاساییە لە دواجاردا کۆى کۆمەڵگە نقوومى گەندەڵى بێت و بە هۆیەوە بێمتمانەیى و لێکترازان هەناوى کۆمەڵگە بخوات، بە کورتى هەموومان و هەر یەکە لە شوێنى خۆى و بە شێوەیەک گەندەڵین و تەنها ئەوانى دەبینین!
(5)
"ئێمە کەسانێکى کورت بینین، کۆمەڵە پیتێکى بچووک لە مەودایەکى دوورەوە دەخوێنینەوە"، هەر ئەمەش وادەکات بەردەوام خوێندنەوەمان بۆ شتەکان هەڵە و ناچڵ بێت، چونکە ئەو کورتبینییەمان بوارى ئەومان نادات وێنەى پیتەکان بە دروستى بناسینەوە، بەمەش هیچ کامیان ناخەینەوە شوێنى مەبەستى خۆیان، بۆیەش کۆى وشە و دەستەواژە و بڕگەکانمان ماناکانیان پێچەوانە دەبنەوە، ئەوە بۆ بینینى وێنە و دیمەنەکانى ژیان و بەرامبەرەکانیشمان هەر راست دێتەوە..زۆربەمان کەمتر خودى راستەقینە خۆمان دەبینین، بۆیە سەیر نییە ئەگەر سێبەر و تارمایى خەوش و هەڵەکانى خۆمان بە ئەوەى دى وێنا بکەین، بۆ نموونە لە یەک کاتدا گلەیى لە حاڵى ستەملێکراویمان دەکەین و لە بەرامبەریشدا چەپڵەى بە پیرۆزکردن بۆ ستەمکار دەکوتین، لەرووکەشدا تف لە چارەى گەندەڵى دەکەین، کەچى کەم تا زۆر لە ئەنجامدانى کارەکانمان گەندەڵى دەکەین، چونکە دواجار لەناو هەر یەکێکمان تروسکاییەکى ستەمکارى و خەونێک بۆ کامڵبوونى گەندەڵکارى هەیە!!
* سەرنج : کۆى وشە و دەستەواژەى نێو کەوانەکان لە کتێبى (کۆمار)ى (ئەفلاتون) وەرگیراون.
 

Previous
Next

Leave a Reply