Skip to Content

Tuesday, December 7th, 2021

خانم بۆ…؟!……هاوڕێ‌ خالید

Be First!
by May 16, 2009 ئەدەب

خانم بۆ…؟!
هاوڕێ‌ خالید

 

ئای كه‌جوانی، كاتێك بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ یه‌كه‌م ئافره‌ت بووی له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕداو، وه‌ك یه‌كه‌م ژنه‌ رۆژنامه‌نوس رووماڵی هه‌واڵه‌كانت ده‌كرد، هه‌ستمده‌كرد هێنده‌ نابا ئه‌م شه‌ڕه‌ كۆتایی پێدێت‌و به‌رامه‌ی گوڵ‌و عه‌شق سه‌رتاپای ژیان داگیر ده‌كات‌و چیدی شه‌وان له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌مدا شه‌یتانی ده‌بین‌و بۆ به‌یانیش لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌یه‌ك دووشمان پێده‌كات.نازانم خه‌ونه‌، یان راستی كه‌ خانم ده‌بینم حیجاب‌و له‌چكه‌كه‌ی خه‌ریكه‌ بیخنكێنێت. ئه‌رێ‌ به‌ڕاست، هه‌رتۆ نه‌بووی ئازایه‌تیت كرده‌به‌ری ئازادی ژن‌و زوو زوو بیرت ده‌هێناینه‌وه‌ ژن‌و پیاو پێكه‌وه‌ یه‌ك جه‌سته‌و یه‌ك ئازایه‌تی‌و یه‌ك نه‌به‌ردیان هه‌یه‌؟ هه‌رتۆ نه‌بووی، ژنانت له‌ خه‌وی خۆش خه‌به‌ركرده‌وه‌و پێتوتن: ئه‌وه‌ی ده‌توانێت جه‌لاد نه‌بێت شاعیره‌و، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت جاویدبێت عاشقه‌؟ ئا… ئه‌وه‌ی ژنی وڵاته‌كه‌می كرد به‌ سیمبولی جوانی هه‌وێنی شیعرو شه‌ره‌فی بیری هه‌موومان برده‌وه‌ هه‌رتۆ نه‌بوویت؟
(قاوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ودا)، به‌ته‌نیا قاوه‌یه‌ك نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، به‌ڵكو قاوه‌یه‌ك بوو له‌گه‌ڵ شیعرو ژیان‌و قه‌ڵه‌م‌و هه‌موومان. قاوه‌یه‌ك بوو، تا ئێستا تامی له‌سه‌ر زمانی هه‌موومان ماوه‌ته‌وه‌. ده‌ڵێی بیرتچووه‌، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و قاوه‌یه‌ بخورێته‌وه‌ كه‌م كه‌س هه‌بوو بوێرێت، یان شه‌رم نه‌كات تامی بكات‌و ته‌نانه‌ت خه‌ونیشی پێوه‌ ببینێت، یان ئه‌گه‌ر بشمانخواردایه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نه‌مانده‌خوارده‌وه‌، نا…نا…به‌ته‌نیا ده‌مانخوارده‌وه‌و له‌گه‌ڵ كه‌سیتر نا، چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر فنجانه‌كانمانه‌وه‌ چه‌قۆی تاریكی‌و زوڵمه‌ت‌و جه‌لاد، خۆی مه‌ڵاسدابوو، تا له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م تامكردن و نزیك كه‌وتنه‌وه‌ی لێوماندا زمانمان ببرَێت.
ئه‌گه‌رچی تۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌ت ته‌رك كردووه‌و ئیستا تاریكی ده‌خۆیته‌وه‌، وه‌لێ‌ من هێشتا هه‌ر موعتادم به‌ تامی قاوه‌و هه‌ر مه‌ستم به‌ شیعرو به‌رده‌وامم له‌ هوتاف كێشان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ریكلامانه‌ی بۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌ ده‌كرێت.
(دژه‌ باو)، به‌رنامه‌ یاخییه‌كه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات، ئه‌وه‌ی هه‌موو جارێك بیری ده‌خستینه‌وه‌ مرۆڤگه‌لێك هه‌ن هه‌موو ئه‌و عادات‌و تاقالیده‌ی كه‌باوه‌و هه‌ندێكیان بووه‌ به‌ جێگه‌ی عه‌یبه‌و، ئێمه‌ی كورد زمانی لێبه‌شبووین، ئه‌وه‌تا خه‌ڵكانێك هه‌ن دژه‌باون و فێرمان ده‌كه‌ن ته‌نیا خۆمان بین‌و كه‌سیترنا. بیری ده‌خستینه‌وه‌ ئێمه‌ ژیانمان به‌ده‌ستی خۆمان نییه‌و كلیلی ده‌رگاكانمان به‌ ده‌ستی خه‌ڵكی تره‌وه‌یه‌، ته‌نانه‌ت خواردنه‌كه‌شمان ده‌بێت خه‌ڵك پێی خۆشبێت، یان جلوبه‌رگ‌و شێوازی خانووه‌كانمان‌و هه‌ندێك جاریش خه‌وتنمان هی خۆمان نییه‌و بۆ ده‌وروبه‌رو كلتورو نه‌ریتێكه‌ كه‌ به‌ردی له‌سه‌ر نیشتووه‌. تۆ فێرت ده‌كردین دژه‌باوبین به‌وه‌ی زیاتر به‌دوای ماناو جوانیدا بگه‌ڕێین‌و چیدی ئه‌و نهێنیانه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ ده‌مێكه‌ خۆمان لای خۆشمان نه‌ماندركاندووه‌. كه‌ ده‌بینم ئێستا خانم خۆی بووه‌ به‌ ئه‌نتی دژه‌باوو به‌ روخساریدا دیاره‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بڵێ‌ ئه‌وه‌ی فێرمكردوون له‌ بیری خۆتانی به‌رنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی رامهێناون له‌سه‌ری گه‌مژه‌یی بوو، یان ده‌یه‌وێت بڵێ‌ سامانی ئه‌خلاق‌و شه‌ره‌فتان كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ داهاتووتان. به‌ڵام بیری چۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی ژیان بێت رابردووه‌و كارێك له‌ ئێستادا هه‌رده‌بێته‌ رابردوو، بیری چۆته‌وه‌ پێمان بڵێت: ئێستاش هه‌ر رابردووه‌ له‌ داهاتوودا، وه‌ رۆژێك دێت داهاتووش ده‌بێته‌ رابردوو. وای وای…له‌و عه‌زابه‌ی بیر ده‌كه‌یته‌وه‌ هه‌گبه‌ی رابردووت به‌تاڵه‌و به‌ ناوی داهاتووشه‌وه‌ ئێستات كردووه‌ به‌ جه‌هه‌ننه‌م. وای له‌و عه‌زابه‌ی كه‌ ئاوڕ ده‌ده‌یته‌وه‌ بۆ دواوه‌و هیچ نابینی جگه‌ له‌ تارماییه‌كی ره‌ش‌و خۆڵاوی، كاتێكیش به‌ره‌و پیری مه‌رگ ده‌ڕۆی شتێكت پێنییه‌ وه‌ك یادگارێك جێیبێڵی بۆ ژیان، تا كه‌مێك ئارایشتی خۆی پێبكات‌و مێژووه‌كه‌ی خه‌نی بكات.
خانم بۆَ…؟! بۆ ئێستا مه‌مكی شیعره‌كانمان پێ نیشان ناده‌یت؟ ده‌ستی تاریكی چۆن وێرای بینه‌قاقات بگرێ‌و هه‌وڵبدات بتخنكێنێت؟ ئه‌ی كه‌سێك نه‌بوو كتێبی (ملوانكه‌)ی، (شێركۆ بێكه‌س)ت، بۆ بێنێت بۆ ئه‌و غه‌ریبییه‌ی بیایان، تا پێت بڵێت خانم ئه‌و له‌چكه‌ فڕێده‌ ئاخر مانگ‌و خۆرو ئاو تووڕه‌ن كه‌ ده‌بینن تۆ رێگه‌ ناده‌یت كه‌مێك بۆنی پرچ‌و پێستت بكه‌ن؟
ئه‌ی خانمی ئه‌نتی (دژه‌باو) ئه‌گه‌ر هه‌موو ژنانی وڵاته‌كه‌م لێتببورن‌و مانگ‌و ئه‌ستێره‌و خۆرو ئاویش ده‌ست له‌ میراتی خۆیان هه‌ڵگرن كه‌ بۆنی قژو پێست‌و گه‌ردنی تۆیه‌ من لێت نابوورم. ئه‌دی ئێستا چی وه‌ڵامی مه‌عشوقه‌كه‌م ده‌ده‌یته‌وه‌ كه‌ فێرتكردووه‌ خۆی بێت؟ قاوه‌م له‌گه‌ڵ بخواته‌وه‌؟ دژه‌باو بێت؟ رۆژنامه‌نوسێكی ئازاو ئازادبێت؟ چۆن قه‌ناعه‌ت به‌ ژنی وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌یت‌و بلێیت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی من فێربوون گه‌مژه‌یی بوو. ئه‌وه‌ی من له‌پێناویدا ده‌جه‌نگام پووچی بوو. زۆر ده‌ترسم ئه‌مجاره‌شیان هه‌ر به‌قسه‌ی تۆ بكه‌ن به‌ناوی جارانه‌وه‌. خودایه‌ یارمه‌تیم بده‌ ئه‌وه‌ی بینیم خه‌ونبێت. خودایه‌ یارمه‌تیم بده‌ ئه‌وه‌ی خانم ده‌یكات كابووس بێت.
له‌ رۆژنامه‌ی (هه‌واڵ) بڵاوبۆته‌وه‌
Hawre_xalid@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply