با ناكۆكییەكان دوابخرێن…..سالار بابەشێخ
با ناكۆكییەكان دوابخرێن
سالار بابەشێخ
لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و پاش راپەڕینی 1991 و دامەزرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێدەچوو كوردی بەش مەینەت لە كەرتێكی خاكی وڵاتەكەیدا بحەوێتەوە و بە رووخانی رژێمی بەعسیش جارێكی دیكە ئەو هیوایە بۆ گەلی كوردستان لە باشووری وڵاتەكەی گەڕایەوە، كە چیدی تووشی ماڵوێرانی و رەشەكوژی نابێتەوە. بەڵام وێڕای بەرزكردنەوەی ئاستی دیپلۆماسی و فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و حكومەتی هەرێم و سەردانی وەفدە جۆراوجۆرەكانی هەردوولا، یۆ یەكەمجار فڕۆكە جەنگییەكانی ئێران لە دەڤەری پێنجوێن دەستیان بە سنووربەزاندن و بوردمانكردنی ئەو ناوچە سنوورییانە كردووە، بەو هۆیەوە دیسان ترس و دڵەڕاوكێ دەڤەرەكەی تەنیوە و ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی ناوچەكە، گوندەكانی خۆیان بەجێهێشتووە. هاوكات تۆپباران و بۆمبارانكردنەكانی توركیا لە سنوورەكانی هەرێم بەردەوامە و لە دەستپێكی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكاندا، خەسارێكی زۆریان بە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان و باری دارایی حكومەتی هەرێم گەیاندووە، سەرەڕای ئەمانەش هەڵوێستی لاواز و گرژییەكانی حكومەتی ناوەند و شۆڤینییەكانی موسڵ و كۆمەڵێك فاكت و ئەجندای دەرەكی و لە سەرووی هەموویانەوە كێشەناوخۆییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، مەترسییەكی گەورەیان خولقاندووە و دۆخەكە زۆر لەوە ناسكتر و هەستیارترە كە كێشە لاوەكییەكان بتوانێت ناوچەدابڕاوەكانی هەرێم و سنووربەزاندنەكانی وڵاتانی دراوسێمان لە بیر بباتەوە.
با راگەیاندنەكان رای جیاواز و فرەرەنگی و مینبەری جیاواز بخەنە بەر دیدی تاك و لەم رێگایەوە ئاسانكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان بكەن، چونكە پێناسەی دیموكراسی لە ساكارترین مانایدا، ئەوەیە كە خەڵك لە رێگەی هەڵبژاردنەوە خۆی حوكمی خۆی بكات، واتە ئیرادەی گشتی و دەنگی زۆرینەی خەڵك دەستنیشانی ئەوە بكات، كێ و كام لایەن وەك نوێنەری هەڵبژاردە و متمانەپێكراوی، وڵاتەكەی بەرەو گەشەی ئابووری، بەرهەمهێنان و بووژانەوە و ئاوەدانی و بەختەوەری و خوشگوزەرانی و هاوسانی و دادپەروەری ببات، هاوكات رێزی (دۆڕاو)ەكانیش بگرێ كە لە پرۆسەی دەنگدان سەركەوتوو نەبوون.
لە پێش هەموو شتێكدا پێویستە بە ناخی زاراوەی (دۆڕاو)دا شۆڕ ببینەوە، چونكە ئەگەر خوێندنەوەیەكی دروستمان بۆ ئەم وشەیە نەبێت، بێگومان كێشەوگرفتی زۆرمان بۆ دروستدەكات. بە پێی ئەزموونیش هەر ئەم وشەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری وڵاتەكەمان بۆ ماوەیەكی زۆر وایكرد، كورد لە دوژمنی سەرەكی خۆی خافڵ بێت و دەستی بە خوێنی برای خۆی سوور بكات! چونكە كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی نەریتی و دواكەوتوو بووە و هەتا ئێستاش وێڕای گەشەی تەكنۆلۆژیا و كورتكردنەوەی مەوداكان بۆ بەزاندنی سنوورەكانی زانست و مەعریفە و بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری تاك، كەچی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پەیوەندییەكی خۆشەویستی بەسە بۆ ئەوەی سەری كچێكمان بە بڕین بچێت، یان سینگی بە گوللە دابێژن، دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیشمان لە هەڵەبجە و دەوروبەری بە قامچی لێدانی گەنجان و بە بلۆك سەرپانكردنەویان بینی، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە بە هەموو توانایەكەوە كار بۆ یەكڕیزی گەل بكرێ و ناكۆكییەكان بۆ كاتی خۆی دوا بخرێن و بە حیماسەتەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەشداری بكەین و دەنگ بە متمانەپێكراوی خۆمان بدەین و لەم رێگایەشەوە خۆمان بكەین بە نموونەیەكی پێشكەوتووی شارستانییەت و چەسپاندنی دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ، بۆ رۆهەڵاتی ناوین و بەمەش بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسی سیاسیمان، قۆناغێك خۆمان لە خەونەكانی حەزرەتی خانی نزیك بكەینەوە.