Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

خــەیـــــاڵ؛ لە نێوان ھێماناسیی و فەلسەفەدا

Be First!
by January 16, 2012 گشتی

 
 
“هێماکان؛ زمانی خودان”
                      هۆڵدەرلین

 
پاسۆرد هەرتەنیا وشەی تێپەڕین یان وشەی نهێنی نییە، ئەو پاسۆردەی من بە نیازم لە بارەیەوە بنوسم، پەیوەندیی بە تۆڕی ئەلکترۆنيی و جیهانی کۆمپیوتەرەوە نییە؛ ئەو چیرۆکانە زۆرن کە لە نێوان فەسیل و کەتیبە سەربازییەکاندا، لە ئۆردوگا و بۆسەی سەر ڕێگاکاندا، بەهۆی تێکەڵ کردن یان هەڵە کردن یان لەیاد چوونەوەی وشەی نهێنییەوە ڕوویان داوە، تاڵترینیان لەوانە؛ شەوێکی هاوینی 1997 لە چیای (سەفین) بوو، گەریلایەک بە هۆی لەیادکردنی وشەی نهینییەوە، بەدەستی نائەنقەستی هەڤاڵەکەی خۆی کوژرا بوو، ئەوکات من بەگەشتێک لەوێ بووم و شاهیدی تەرمی شەهیدەکە بووم..
ڕاستە ڕووداوەکە لەناو دیسپلینێکی سەربازیيدا ڕووی دابوو، بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نەبوو..! ئەوەی ڕەوایەتی دەدات بە پێشمەرگەیەک، بێ دوودڵی تەقە لە برادەرەکەی بکات؛ پاسۆردە.. پاسۆرد دیاریکردنی جێگەى حۆمان و شاردنەوەی ئایدێنتیيە و سنورێکی مەعنەوییە بە بێ تەلەزیی و بازگە و مین.. ڕەنگە مێژووی پاسۆرد مێژووی هەرە سەرەتای فەردانییەت بێ.. مێژووی دروست کردنی حەرەم و پاراستنی.. پاسۆرد دەکارێت دڵنیایی ئێمە تۆخ تر بکاتەوە، کەواتە (ئەوانی تر) هەر پێشمەرجی ئۆنتۆلۆژيی بوونی ئێمە نین، بەڵکو مەرجی پاراستنی ئەم خانە و حەرەمە تایبەتەی وجودی ئێمەشن کە خەریکین بە دانانی پاسۆرد چیغی لێ دەکێشین.. ئیشی یەکەم و کۆتایی پاسۆرد؛ سنوردارکرنی خۆت نییە، بەڵکو بچووک کردنەوەی مەرزی زانینی ئەوانی ترە لەسەر خۆت.. بە باوەڕی چکۆلانەی من بە درێژایی مێژوو لە غیابی پاسۆرددا، مرۆڤ کەلێن و درزەکانی یەکتری قۆستۆتەوە و دزەی لێوە کردووە..
پاسۆرد لەیەک کاتدا سێ وەزیفەی سەرەکی هەیە؛ ئاسایشی بوون دەپارێزێت و ڕێگریی لە ساختەبوون و چاودێری شو‌ناسیشمان دەکات، جگە لە کایە سەربازییەکان هەر تەنیا سیخوڕ و دیپلۆمات و عاشقەکان سەروکاریان لەگەڵ پاسۆرددا نییە، بەڵکو بونیام لە سەرجەم کۆلێکتیڤەکان بێ ئەوەی ناچاری ڕاڤە و ڕامان لە کۆنسێپتەکەی ببێت، ڕۆژانە پاسۆرد-کۆد، مامەڵە دەکات.. هەموومان خاوەن کۆدين؛ هەمانە هێندە ئاسان و هەشمانە هێجگار ئاڵۆز.. ڕەنگە کاری ڕاستەقینە و یەکەم و ئاخیریی منداڵەکانی ئادەم تا ئێستاش کردنەوەی کۆدەکانی سروشت و کۆدەکانی یەکتر بێت.. ئینسانی نوێ لە نێوان شوشەیی بوون (لە چاپە بنیامین-ییەکەیی) و ئاڵۆزییەک کە ژیانی هاوچەرخ لێی دەخوازێت تیاماوە.. ئێستا ئیتر ئادەمیزادی سەردەمی پۆست مۆدرنیزم، بۆ ئەوەی بتوانێ بەردەوام بێت، دەبێ ڕوونێکی ئاڵۆز بێت..!
کە سەروکارت لەگەڵ کۆددا هەبوو، دوو شت پێکەوە دەکەیت؛ ئەوکاتەی کۆدەکان دەکەیتەوە واتا پرۆسەی ئینکۆدین Encoding دەکەیت، سوژەیەکيت و بێ ئەوەی بەخۆت بزانێ دیسان خەریکى دانانی کۆدی تريت.. واتە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە شتەکان پرۆسیسێکی دوو جەمسەرە و ‌تێکەڵاوییەکە لە نێوان ئینکۆد و دی کۆد Decoding دا..
ئێستا پرسیارێک بەدوای وەڵامدا دەگەڕێ؛ ئایا سەری ئێمە هەموو شتەکانی دەوروبەرمان، بۆ نمونە سەتڵ و ئاسمان و مانگ وەکو خۆی دەگرێت..؟ بێگومان نەخێر.. لەناو ئێمەدا زانیارییەکان بەهۆی سێنسەکان و لە ڕێگەی دەمارە ڕاگەیاندنەکانمانەوە لە شێوەی داتا دەگوازرێنەوە و لەمێشکدا بە کۆد دەکرێت.. ئەوکاتەشی کارمان دەکەوێتە زانیارییەک، بۆ نمونە دەمانەوێت شێوەی مانگ بێبینەوە بەرچاوی خۆمان دەستبەجێ مێشکمان پرۆسەی پێچەوانەی دیکۆدین دەست پێ دەکات و داتا هەڵگیراوەکە شی دەکاتەوە.. بۆ ئەوەشی کەسێک دەستی بگات بە کۆدە شیکراوەکانی ناو سەری ئێمە دەبێ پاسۆردەکەمان بزانێ.. بە باوەڕی من؛ دۆستایەتیی قووڵی ئەوانی تر؛ شۆردنەوەی کلیلێکی ترە لە خۆمان و بەخشینی بێ بەرامبەری پاسۆردەکانمانە.. خۆ ڕەنگە (مەستیی)ش ڕێگایەکی بێ ڕتووشی دۆڕان و ئاڵوگۆڕی پاسۆردەکان بێ..
بە بڕوای ئێمە هەر قسەکردنێک لەسەر کۆدی خەیاڵ، بێ قسەکردن لەسەر خەیاڵی کۆد بەتاڵە.. دەست ڕاوەشاندنی دۆستێک بۆ ئێمە لەو دیو شوشەی وێستگەی شەمەندەفەر و گەراژ و فڕۆکەخانەکانەوە، کۆدێکە کە ئینکۆدەکەی؛ ماڵئاواییە.. نیشانەکانی سەرجادە و هێماکانی هاتووچۆ کۆدن.. ئەم پیتە خواروخێچانەی پێشتر من نوسیومن و ئێستا ئێوە خەریکن دەیخوێننەوە کۆدن.. ئەوەی ڕێگە دەدات پیاوێکی ناشرین بچێتە ژیانی خانمێکی جوانەوە، توانای تێگەیشتنی یەکەمیانە لە کۆدەکانی دوومیان. ئەوەشی لە پەیوەندییە ڕۆمانتیکییەکاندا شکستمان پێ دەهێنێ؛ ئەوە داناییمانە کە لە ئاست کردنەوەی کۆدەکانی بەرانبەردا سفرە..
بە کۆدکردن، لە کورت ترین دێڕدا؛ شاردنەوەی زانیارییەکان نییە، بەڵکو تێکەڵ کردنيانە، ڕاگرتنتی ئەوانی ترە لەبەردەم زیاد لە زانیارییەک و زیاد لە حەقیقەتێک…! ئەمە ئەوشتەیە کە ئەوانی تر دەباتەوە سەر پرۆسەی هێرمۆنۆتیکی ناچاریی.. ئەگەرچی هەموو کۆدێک لە یەکەم نیگادا خۆی وەک نەناسراو و نەکراوە و نەدۆزراوەیەک بناسێنێ و واش نیشان بدات کە فامکردنی “ئیمکانی نامومکین”ە، لێ هێشتا هەموويان، دیکۆدی خۆیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە.. بە شێوەیەک لە کۆتایيدا مامەڵەکردنی دونیا.. مامەڵەیە لە نێوان کۆد و کۆددۆز دا..
ئەم ستوونە دەیەوێت بڵێت کۆد لە فۆرمەلە ماتماتکەکەیدا بریتییە لە:
Y=X+C
ئەگەر (Y) کۆدەکە بێت ئەوا (X) بریتی دەبێ لە ئۆبژێکتە ئۆرگیناڵەکە و (C)يش  نەناسراوێکە و دەمانەوێت سەری نامەحرەمەکانی پێ لێ تێک بدەین..! (لە ڕاستیدا هاوکێشە بنەڕەتییەکەی کۆد شتێکی ترەوە نوسینەکە لە ئێستادا نایەوێت بچێتە ئەو وردەکارییەوە) بەم پێیە ئەگەرچی واش دەربکەون، لێ کۆدەکان قفڵی زۆر عاسیی نیین..! چوون هەموویان کلیلی خۆشیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە، کۆد چەمکێکە فەلسەفەی لۆژیک لە چاپە کلاسیکییەکەیدا ڕەت دەکاتەوە، چوون دەکارێ لە هەمان کاتدا خۆی و (شت)ێکی تریش بێت.. سەرنج بدە؛ هەندێ جار کلیلێک دەچیتە ناو کلیلدانی دەروازەیەکی ترەوە بەڵام نایکاتەوە، ئەوەی کە ڕێگە بەم کلیلە دەدات بێتە ژوورێ، پا‌ژێکی بچوکە لە مەتریاڵە ڕەسەنەکە، ئەوەشی ناهێڵێ بیکاتەوە، ئەو نەناسراوەیە کە خاوەنی دەرگاکە لە پیشەسازی دروستکردنی کلیلەکەدا چاندوویەتی.
ئەگەر دزەکانی دونیا کارامەبن لە شکاندنی پەنجەرە و دەرگاکانمان، ئەوا هاوپیشەکانیان -کە دۆستەکانی ئێمەن- پسپۆڕن لە ترازانی دەروازە زۆر پریڤات و نهێنییەکانی ناوخۆمان، چوون هەموو هاوڕێگرتنێک قومارە لەسەر دۆڕاندنی دەستەیەک کلیلی خۆمان.. کلیلەهایەک کە دەتوانن ناوەوەی ناوەمان بکەنەوە…! هەر قفڵێکيشمان کلیلەکەی کەوتە چنگی کەسێکی ترەوە، ئەوە یەکەمجار لە سنوری موڵکایەتی ئێمە دەردەچێت و حاشا لە خاوەنێتیمان دەکات و دووەم جاریش قفڵێتی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ڕەنگە ئێستا پێچەوانەی سەدەی یەکەمی ڕۆشنگەریی، ژیانی نوێ پێویستی بە کۆنڤێرتکردنەوەی زانیارییەکان بێت بۆ هێما..  هێمایەک کە زمانی خودا بێت و بونیامیش لێی تێبگات.. هێمایەک کە بتوانێ لە بارەی جەوهەری بوونمانەوە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بداتەوە و لەبەرانبەر تەقەکردن لە هەڤاڵەکەی خۆماندا ڕامانبگرێت، بە جۆرێک فۆڕماتی تێگەیشتنمان لە دونیا بگۆڕێ و ئامادەبێ هەمان پرۆسێس بە پێچەوانەوە و لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا دەست پێ بکاتەوە.
 

تــوانـا ئەمین

www.tanyaee.tk

Previous
Next

Leave a Reply