Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

دان براون … له‌ رۆمانی کۆدی داڤنشی ده‌دوێ

Be First!
by March 12, 2008 ئەدەب

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: شێروان خدر…..

* ئەم رۆمانە چەند راستی تێدا هەیە؟
–  کۆدی داڤنشی رۆمانە، بۆیە لە خەیاڵ بەدەر نییە، هەموو کەسایەتییە دیارەکان و رووداوەکان کە هەن، بێگومان دەبی لە دەرەوەی راستی بن، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە کارە هونەرییەکان و ئەندازەی بیناسازیو دۆکمێنتەکان و نهێنی برایەتی، (بۆ نموونە کارە هونەرییەکانی لیوناردۆ داڤنشی، عیرفانی ئینجیل، زەواجی پیرۆز) ئەمانە گشتیان راستین و لەڕاستیدا بوونیان هەیە.
هەندی رەگەزی راستی هەن توێتوێکراوە گفتوگۆی لەلایەن کەسایەتییە خەیاڵییەکانەوە لەبارەوە کراوە، من وای دەچم هەندی لە تیۆرەکان ئەوەی کە لەلایەن کەسایەتییەکانەوە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە دەسکەوتی دەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خوێنەر کە هەندێک لە رای ئەم کەسایەتییانە بدۆزێتەوەو خۆی بۆ خۆی شیکردنەوەیەکی تایبەت بۆ خۆی دروست بکات.
هیوای ئەوە دەخوازم کە ئەم رۆمانە وەک یارمەتیدەرێک و خاڵی وەچەرخان بێت بۆ خەڵک، بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر بابەتە گرنگەکانی باوەڕبوون و ئایین و مێژوو بکەن.
* ئایا لاپەڕەی (راستی) جەخت لەوە ناکاتەوە کە هەر وشەیەک لەم رۆمانە راستییەکی مێژووییە؟
– ئەگەر لاپەڕەی (راستی) بخوێنیتەوە، بە روونی ئەوە دەبینی کە دۆکمێنتەکان و نەریتە ئایینییەکان، رێکخراوەکان و کارە هونەرییەکان و ئەندازەی بیناسازی بەڕاستی بوونیان هەیە، بەڵام لاپەڕەی راستی هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە تیۆرە کۆنەکانەوە نییە، کە پێشووتر لەلایەن کەسایەتییە خەیاڵییەکان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، توێتوێکردنی ئەم بیرۆکانەش بۆ خوێنەر جێهێڵدراوە.

* ئەم رۆمانە دژ بە مەسحییەتە؟
– نا… ئەم کتێبە دژی هیچ شتێک نییە، رۆمانە. ئەم چیرۆکەم بە ماندووبوونێکی زۆرەوە نووسیوە، لەپێناو ئەوەی هەندی بابەتی دیاریکراو لەبارەی مێژووی مەسیحییەت کە بەلامەوە گرنگە بیدۆزمەوە، زۆرینەی مەسیحییە دڵسۆزەکان ئەو راستییە تێدەگەن و بەقووڵی بیر لە کۆدی داڤنشی دەکەنەوە، کە چیرۆکێکی چێژ بەخشە، هەروەها پشتیوانییەکە بۆ (گفتوگۆیە رۆحانییەکان)، لەگەڵ ئەوەش ژمارەیەکی کەم هەن لە تاکەکان پێداگیری ئەوە دەکەن، کە ئەم چیرۆکە ترسناکە لەسەر مێژووو دژی مەسیحییەتە. لەوکاتەی داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە ریسوام کردوون، بەپێویستیشی دەزانم ئاماژە بە قەشەو رەبەن و ئەو پیاوە ئاینییانەش بکەم، کە پەیوەندیان پێوەکردم و دەستخۆشی نووسینی ئەم رۆمانەیان لێکردم، زۆرێک لە کڵێسە فەرمییەکان ئاهەنگییان بۆ (کۆدی داڤنشی) گێڕا، چونکە ئەم رۆمانە بایەخ بە بابەتە گرنگەکانی باوەڕبوون و مەسیحییەکان دەدات.
گرنگە بەبیر خوێنەر بێنینەوە، کە مەرج نییە لەگەڵ هەموو وشەیەکی رۆمانەکە دا بێت، دەتوانی کتێبەکە وەک یارمەتیدەرێکی پۆزەتیڤ بۆ رامانی خودیی و دۆزینەوەی باوەڕی مەسیحی بەکاریبهێنی.

* رات چییە بەرامبەر بە هەوڵی قوتابییە قەشەکان لە پوچەڵکردنەوەی (کۆدی داڤنشی)؟
– گفتوگۆکردن شتێکی جوانە، بە روونی لەگەڵ ئەو نووسەرانە، لە راکانیاندا یەکانگیر نابمەوە، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی هاتە بەرهەم هێزێکی پۆزەتیڤی جوان بوو، چەند ئەم بابەتە چالاکانە گفتوگۆی لەبارەوە بکەین، ئەوەندەی دیکە دەتوانین بەشێوەیەکی باشتر لە رۆحانی بوونی خۆمان تێبگەین. جیاوازی و دیالۆگ بەشێوەیەکی گشتی لە ناو ئاینەکان دوو کاری دروستن. ئاین تاکە دوژمنێکی راستەقینەی هەیە، ئەویش: بێباکییە، دیالۆگی گەرموگوڕیش دەرمانە.

* هەندی لە بەشەکانی (کۆدی داڤنشی) باس لە چالاکییەکانی گرووپێکی ئایینی دەکات بەناوی (ئەپوس دای)، هەستی گرووپی (ئەپوس دای) بەرامبەر بە رۆمانەکەت چییە؟
– هەوڵێکی زۆرمدا لەپێناو باڵانسێک لە کاتی باسکردنی (ئەپوس دای)، لەگەڵ ئەوەش هەندێکیان لە وێناکردنەکە هەستیان بە دڵشکاوی کرد. لەوکاتەوەی کە (ئەپوس دای) هێزێکی پۆزەتیڤە بۆ ژیانی خەڵکانێک، بەڵام سەبارەت بە خەڵکانی دیکە، بوون بە ئەندام لەم گرووپە بە ئەزموونێکی نێگەتیڤی دادەنێن. لە رۆمانەکەدا هەڵساوم بە وێناکردنی (ئەپوس دای) بەپشتبەستن بە کتێبێکی زۆر کە لەبارەیانەوە نووسراوە، هەروەها لەماوەی هەندی چاوپێکەوتنی تایبەت کە لەگەڵ ئەندامە پێشووەکانی کۆمەڵەی (برایەتی) ئەنجاممدا.

* هەندی لەو زانیارییە مێژووییانەی کە لە رۆمانەکەدا هەن پێچەوانەی ئەوەن کە لە قوتابخانەدا فێری بووین، باوەڕ بەچی بکەین؟
– لەوکاتەی کە مێژوو نووسراوەتەوە، لەسەر دەستی سەرکەوتووەکان تۆمار کراوە، (ئەو کۆمەڵگایانەو بیروباوەڕانەی کە توانیان داگیرمان بکەن و بمێننەوە) سەرباری لایەنگیرییان بۆ ئەو میتۆدانە، ئێمە هێشتا وردی مێژوویی وەک چەمکێکی بەخشراو پێوانە دەکەین، ئەمەش بەهۆی ئەزموونەکان کە تا چ رادەیەک هاوکات دەبنەوە لەگەڵ ئەو تۆمارە مێژووییەی کە هەمانە، زۆرێک لە مێژوونووسان باوەڕیان وایە (هەروا منیش) بۆ پێوانەکردنی وردی مێژوویی هەر چەمکێکی بەخشراو، پێویستە ئێمە یەکەمجار پرسیارێکی زۆر قووڵ لە خۆمان بکەین، ئەویش؛ چۆن وردی مێژوویی خۆی دەبی بە مێژووێک؟
* تۆ مەسیحی؟
– بەڵی مەسیحیم. زۆر بەبایەخەوە ئەگەر لە سی کەست پرسیار کرد مانای چی دەگەیەنی ئەگەر بێت و مەسیحی بیت، سی وەڵامی جیاواز بەدەستدێنی: هەندێک پێی وایە ئەگەر تەعمید کرا بێت، ئەوا ئەوەندە بەسە. هەندێکی دیکەش پێیان وایە مرۆڤی مەسیحی دەبی ئینجیل وەک راستییەکی مێژوویی قبوڵ بکات و هیچ گومانێکی بەرامبەر نەبێت. لێرەدا بەشێک لە مەسیحییەکان دەمێننەوە، ئەوانیش باوەڕیان وایە ئەو خەڵکانەی مەسیح وەک رزگارکەر قبوڵ نەکەن، جێگایان ناو پەڕگەی دۆزەخە.
باوەڕ زنجیرە هێڵێکی بەدوای یەکە، هەریەک لە ئێمە دەکەوێتە سەر ئەو هێڵەی کە دەیەوی، لەماوەی هەوڵدان بۆ پۆلینکردنی چەمکە ئاسمانییەکانی وەک باوەڕ، گفتوگۆیەکەمان بە سیمانتکس و فۆنەتتکس کۆتایی پێدێنین، بەمەش لە مانا روون و ساکارەکەی باوەڕ دوور دەکەوێتەوە، هەموومان لە هەوڵی دۆزینەوەی هێما گەورەکەی ژیانین، هەریەک لە ئێمە رێگای تایبەتی رۆشنبیری خۆی دەگرێتە بەر. من خۆم بە قوتابی زۆر لە ئاینەکان دەزانم، هەرچەندی زیاتر فێر بم، پرسیارەکانم زێدەتر دەبن، بۆ منێک لێکۆڵینەوەی رۆحی دەبێتە کارێکی بەردەوامی ژیانم.
* بابەتی رۆمانەکە جێگای مشتومڕو ناکۆکییە، لە دەرەنجامەکانی دەترسیت؟
– ناتوانم ئەو وێنایە بکەم، بۆچی بترسم؟ ئەو بیرۆکەیەی کە لە رۆمانەکەدا هەیە، چەندین سەدەیە بوونی هەیە، بیرۆکەی تایبەت بە خۆم نییە، دەبی راستی بگوتری؛ لەوانەیە یەکەمجارە ئەم بیرۆکانە لە کتێبێکی میللی وروژێنەر بنووسرێتەوە، بەڵام زانیارییەکان تازە نین، هیوای ئەوە دەخوازم کۆدی داڤنشی دەرگایەک بۆ خوێنەر بکاتەوە بۆئەوەی دۆزینەوەی تایبەت بە خۆیان بکەن و چێژیان پێشکەش بکات و بایەخەکانیان بە بابەتەکانی باوەڕەوە سەرگەرم بکەن.

* ئەوانەی کە (سوورە)ن بەرامبەر بە کەسایەتی (سیلاس) چۆن هەست دەکەن؟
– ئەوانەی کە (سوورە)ن بەهۆی کەسایەتییەوە کێشەیان هەبوو، منیش لەمبارەیەوە زۆر هەستەوەرم، بەڵام ئەوەی گرنگە بیرخۆمانی بێنینەوە، رەنگی پێستی (سیلاس) هیچ پەیوەندییەکی بە سروشتە توندوتیژەکەیەوە نییە، چونکە (سیلاس) بەهۆی دڕندەیی ئەوانی دیکەوە بەرەو توندوتیژی بردراوە، نەوەک لەبارەی شتێکەوە کە بۆماوەیی لە رووی فیسۆلۆژییەوە بۆی مابێتەوە.
بەدبەختییەکە لەوەدایە زۆرینەی خوێنەران و رەخنەگران و هەندێک لەوانەی کە سوورەشن، وایانبینی کە کەسایەتی (سیلاس) جێگای بەزەیی هاتنەوەیە، باوەڕێکی راستگۆیانەم بۆ وێنەی (سیلاس) هەیە کە دەرەنجامێکی سۆزو میهرەبانییە، ئەوانەی کە (سوورە)ن چەند بە ئەستەمی لەو ژیانە رێدەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی لە تەمەندا بچووکن، هەروەها ئەو کۆمەڵگایانە تەنها لەبەرئەوەی کەسێک دەموچاوی جیاوازی هەبێت، بەمشێوەیە دڕندەیە رەتی دەکەنەوە.

* پیاوانی ئاینی پاڵپشتی رۆمانەکەت بوون؟
– بەڵی خەڵکێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی پشتیوانی رۆمانەکە بوون، لەپاڵ ئەوەش بێگومان خەڵکانێک هەبوون ئۆپۆزسیۆنێک بوون. بەشێوەیەکی گشتی لەبیرمەندە توندڕەوە مەسیحییەکان پێکهاتبوون لەوانەی کە پێیان وابوو بیرۆکەی (ژنهێنانی مەسیح) لە خواوەندبوونی کەم دەکاتەوە. لەکاتێکدا من هاوڕانیم لەگەڵ ئەو شێوە بیرکردنەوانە، رۆمانەکە خۆی خەیاڵە، دیالۆگ لەوێدا خۆی لە خۆیدا هێزێکی پۆزەتیڤ و بەتەواوی رێگەپێدانە بۆ ئەو کەسانەی کە لە ناو باسەکەن. لە ناو خەڵکانێکی زۆر بەشێوەیەکی گەرموگوڕ گفتوگۆی بابەتی فەلسەفی گرنگیان لەبارەوە کردو بێئەوەی لە دەرەنجامی کەسایەتییەکان کە هەریەکەمان وێنای دەکەین بڕوانین، دەبی ئەم گفتوگۆیانە لە بیروباوەڕمان یارمەتیدەربن بۆ بەهێزترکردنی تێگەیشتنەکانمان. زۆرترین ئەو وەڵامانەی کە بەدەستم گەیشتن لە رێکخراوە ئایینییەکان لەلایەن رەبەنەکانەوە بوون (ئەوانەی کە بە نامە سوپاسیان کردم لە بەدەرخستنی ئەوەی کە ئەوان هەموو ژیانیان کردۆتە قوربانی کڵێساکان و پێیان وایە بەشێوەیەکی نەشیاو سەیری مەسەلەکە دەکەن، ئەمەش لەپێناو خزمەتکردن لە پشتی کڵێساوە). هەروەک لەلایەن سەدان قەشەی هۆشیاریشەوە گوێبیست بووم، لەو کاتەیدا کە زۆرێک لەوان هاوڕا نەبوون لەگەڵ هەندی لەو بیرۆکانەی لەناو رۆمانەکە هەبوون، ئەوان لەگەڵ ئەوە هاوڕابوون بەوەی کە قەشەکان زۆر حەزیان لەوە دەکرد کە گفتوگۆی ئاینی بکەن. پاپا جۆن سێول لە ئەسقەفیەی سانت جۆنز لە کڵێسای مێمەس، بە زمانێکی پاراوو بەشێوەیەکی تایبەت بەم دواییە لە میدیاکان رایگەیاندو گوتی (ئەم رۆمانە هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر ئاین، بەڵکو هەلێکە بانگهێشتمان دەکات بۆئەوەی بەشێوەیەکی داهێنەرانە بچینە ناو کولتووری ئایین، ئەوەش ئەوەیە کە هەوڵدەدەم بیکەم، پێم وایە دان براون چاکەیەکی لەگەڵ کردووم، وام لێدەکات قسە لەسەر هەندی شت بکەم، کە بۆ من گرنگن).

* لە سەرکەوتنی ئەم کتێبە تووشی حەپەسانبووی؟
– منی هەژاند! کارێکی زۆرم لەسەر ئەو رۆمانە کرد، لەوە دڵنیا بووم کە خەڵک چێژی لێوەردەگری، بەڵام پێشبینی ئەوەم نەکرد خەڵک بەمشێوەیە چێژی لێوەربگرن. ئەم رۆمانەم لەسەر بنچینەی کۆمەڵێک کەسایەتی خەیاڵی نووسی، ئەم کەسایەتییە خەیاڵییانە بیرۆکەکان دەدۆزنەوە، بەتایبەتی منیش ئاژاوەیەکم دۆزیەوە. هەروەک چۆن دەردەکەوی کە چەمکەکان بەهێزێکی گەورەوە بەسەر زۆرینەی خەڵکدا خۆیان دادەسەپێنن.

* لەم رۆمانەدا هێزێکی گەورە بە ئافرەت دەبەخشی، دەتوانی روونکردنەوەی زیاترمان پێببەخشی؟
– دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە جیهانێک دەژیاین خواوەندو بتەکان هەبوون، ئەمڕۆ لە جیهانێک دەژین تەنها خواکانی لێیە. ئافرەت لە زۆربەی کولتوورو کۆمەڵگاکان هێزە رۆحانییەکەی لێسەندراوە، رۆمانەکەش پرسیار لەوبارەیەوە دەکات؛ چۆن و بۆچی ئەم گۆڕانە روویداوە.. هەروەها ئەو ئەزموونانە چین کە لە داهاتووماندا لێوەی فێر دەبین؟

* لە بەرگی کتێبەکەت دەستەواژەی (گەورەترین فێڵ لە ماوەی 2000 ساڵی رابردوو) هاتووە، ئەو فێَڵە چییە؟
– ئاشکراکردنی ئەو نهێنییەیە لەوانەیە هەموو خۆشییەک لەسەر رووی خوێنەر  راماڵێت، بەڵام من دەڵێم ئەوە پەیوەندی بەو کەسەوە هەیە، کە لە هەموو سەردەمەکانی مێژوودا ناوبانگی هەیە.. ئەفسانەیەکە هەموومان پێی ئاشناین. دەنگۆی ئەو فێڵە بۆ چەندین سەدەو بەچەندین زمان بەبەر گوێی خەڵک دەچرپێنری، ئەویش هەر یەک لە زمانەکانی هونەر، (موزیک و ئەدەب)ـە. دەتوانین هەندی لەو بەڵگە دراماتیکیانە لە تابلۆکانی لیۆناردو داڤنشی ببینینەوە، وەکو ئەوە وایە لەگەڵ سیمبوڵ و لادان و کۆدە شاراوەکانی من هەڵدەچن. مێژوونووسە هونەرییەکان بڕوایان وایە کە کارەکانی داڤنشی ئاستی شاراوەی ماناکان لە خۆ دەگرن، کە لە پشتەوەی رووی تابلۆکان دەردەکەون. زۆرێک لە زاناکان بڕوایان وایە کە کارەکان لە رووی ناوەڕۆکەوە ئاماژە بە بوونی نهێنی بەهێز دەدەن.. نهێنییەک کە تا ئەمڕۆ بە پارێزراوی لەلایەن کۆمەڵەی (برایەتی نهێنی) ماوەتەوە کە داڤنشی خۆی ئەندامێک بوو لەو کۆمەڵەیە.

* بیرۆکەی (کۆدی داڤنشی)ت لە کوێوە دەستکەوت؟
– ئەم چیرۆکە تایبەتە، بەردەوام لە دەرگامی دەدا، تا وەڵامم دایەوە. لە سەرەتادا لە نهێنییە شاراوەکانی کۆدی داڤنشی گەیشتم، لەوکاتەی وانەی مێژووی هونەریم لە زانکۆی سیڤیل لە ئیسپانیادا دەگوتەوە. دوای چەند ساڵێک لە کاتی گەڕانم لەبارەی (فریشتەکان و شەیتانەکان)، هەروەها گەڕانم لە ناو ئەرشیفی نهێنی ڤاتیکان، بەڕێکەوت جارێکی دیکە تووشی مەتەڵی داڤنشی بوومەوە، سەفەرێکم بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر رێکخست، لەوێدا بەختێکی باش یاوەرم بوو لە بینینی هەندی لە گرنگترین تابلۆیە ئەسڵییەکانی داڤنشی. هەلی ئەوەشم بۆ رەخسا لەگەڵ مێژوونووسێکی هونەریی گفتوگۆ بکەم و یارمەتی ئەوەیدام کە بە روونی لەو مەتەڵە ناکاوە تێبگەم. لێرەوە ئەم مەتەڵە منی خستە زیندانەوە، بەرلەوەی دەست بە نووسینی ئەم رۆمانە بکەم، ساڵێکی تەواوم بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بردە سەر.

* چۆن ئەم هەموو زانیارییە ناوەخۆییەی ئەم کتێبەت دەستکەوت؟
– زۆرینەی زانیارییەکان (ناوەخۆیی) نین وەک دیارە، نهێنی باسکراو لە رۆمانەکە چەند سەدەیەکە لە رووی مێژووییەوە تۆمارکراوە، لەمەوەش هەزاران سەرچاوە هەیە کە توانیم پشتی پێببەستم، حەپەسابووم لە گەرموگوڕی مێژوونووسەکان و شارەزایان کە پشکداری زانیارییەکانیان لەگەڵدا دەکردم، یەکی لە ژنە ئەکادیمییەکان پێی گوتم کە سەرگەرمی بۆ کۆدی داڤنشی لەسەر ئەو هیوایە بنیاتنراوە کە (مەتەڵە کۆنەکە بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرا دەبێت).

* وا دیارە تۆ زۆر شەیدای رێکخراوە نهێنییەکانی؟ لە تواناتدا هەیە بۆمان راڤە بکەی؟
–  بایەخم بۆ رێکخراوە نهێنییەکان دەرەنجامی شارەزاییەکی هەمەلایەنەیە، بۆیە دەتوانم گفتوگۆ لەبارەی هەندی لایەن بکەم، هەندێکیش ناتوانم. بێگومان لێکۆڵینەوەم لەبارەی رێکخراوەکانی وەک: دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی و ڤاتیکان و ئەپوس دای و رێکخراوەکانی دیکەی لەم چەشنە وزەبەخشی کارەکانم بوو. بە پلەی سەرەکی ترووسکایی بایەخم لە نیوئینگڵاند گەورە بوو، کە نیوئینگڵاند بە کۆمەڵە یانەکانی (Ivy League universities) دەورە درابوو. لەولاشەوە جێگیربوونی بیرۆکەی ماسۆنیەت کە لە باپیرانەوە بۆمان ماوەتەوە. هەروەها دەروازەکانی سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتەکانی پێشوو. نیوئینگڵاند نەریتێکی لەمێژینەی هەیە لەبارەی هەڵبژاردەی یانە تایبەتەکان و برایەتییەکان و نهێنییەکان. لەسەر ئەو بنچینەیە رۆمانی داهاتووی رۆبەرت لانگدون (کە ئێستا لە پێشکەوتندایە) کە کۆنترین کۆمەڵەی برایەتی لە مێژوودا لە خۆدەگرێت… ئەویش برایەتی نادیاری ماسۆنییەکانە.

* تۆ لەو کەسانەیت کە باوەڕیان بە تیۆری پیلانگێری هەیە؟
– زۆر بەزەحمەت باوەڕم پێی هەیە، لە راستیدا رێک پێچەوانەی ئەوەم، راستییەک لەم چیرۆکانە نابینمەوە کە بازاڕیان بۆ دروست دەکری. وەک هاتنی میوان لە دەرەوەی زەوی، یان سێگۆشەی بەرمۆدا، یان هەر نهێنییەکی دیکە کە کولتووری میللیمان دەبڕی، بەڵام نهێنی لە پشت (کۆدی داڤنشی) بەشێوەیەکی زۆر باش بەڵگەدارە، وا بەباشی دەزانم لەوەدا خۆم بە دوور بگرم.
 
* دەتوانی پلۆتی رۆمانەکەمان بۆ چڕ بکەیتەوە؟
– بێگومان. سیمبۆڵۆگیستێکی بەناوبانگی زانکۆی هارڤەرد،  بۆ (مۆزەخانەی لۆڤەر) بۆ تاقیکردنەوە خۆی ئامادە دەکرد، بۆ زنجیرەیەک لەو نووسراوە سیمبوڵییانەی کە پەیوەندییان بە کارە هونەرییەکانی داڤنیشییەوە هەبوو، لەپێناو ئاشکراکردنی کۆدەکان، ئەو کلیلی یەکێک لە گەورەترین نهێنییەکانی مێژوو ئاشکرا دەکات و هەر خۆیشی دەبێتە کەسێکی نێچیر.

 

سه‌رچاوه‌: www.danbrown.com

تێبینی: له‌ ژماره‌ی 225ی گۆڤاری کاروان، ساڵی 2008 بڵاوبۆته‌وه‌.

Previous
Next

Leave a Reply