Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ده‌ترسم ئه‌وه‌ی تورکيا له‌شه‌ر دۆڕاندی، مام جه‌لال بۆی قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.!

Be First!
by March 6, 2008 گشتی

موحسين جوامێر…

وه‌کوو له‌ هه‌واڵه‌کاندا هاتووه‌، له‌سه‌ر بانگێشتی سه‌رکۆماری تورکيا عه‌بدوڵا گول، هێژا مام جه‌لال له‌ هه‌ينیی داهاتوودا (7ی ئازار ) سه‌ردانی تورکیا ده‌کات. به‌ياوه‌ری شاندێکی باڵا، سێ ڕۆژ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ کاتێکدايه‌ که‌ تورکيا له‌ شه‌ڕيدا له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌، زۆر زوو پاشکه‌ز بووه‌وه‌ و هێنده‌ی پێنه‌چوو پاشه‌کشێی کرد، ئه‌مه‌يش مايه‌ی سه‌رنج و سه‌رسوڕمانی هه‌موو لايه‌نه‌ سياسی و سه‌ربازييه‌کانی دنيا بوو، دياره‌ سوپای تورک له‌ هێزه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی دنيايه‌.

گريمان خۆکێشانه‌وه‌ی تورکيا، ته‌کتیک بووبێت، که‌ پێم وايه‌ هه‌ر وا بوو، ئه‌وه‌ هاوکات به‌ حسێبی سياسی، عه‌سکه‌ری و مه‌عنه‌وی، سه‌رکه‌وتنێک بوو بۆ کورد به‌گشتی و بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ باکووری کوردستاندا، به‌تايبه‌تی. هه‌روه‌ها ڕه‌وينه‌وه‌ی ترسێک بوو که‌ جه‌ماوه‌ری کوردستانی فيدڕاڵی داگیر کردبوو، له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو تورکيا سه‌رکه‌وێ، بتوانێت ڕۆڵی نه‌رێنیی خۆی له‌ پرۆسه‌کانی که‌ هێشتا له‌ ئێراقدا هه‌ڵپه‌سێردراون، ببینێت، به‌تايبه‌تی مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک، که‌ بۆ کورد و تورکان دين و دنیايه‌.

بۆی هه‌يه‌ بوترێت تورکیا ئه‌مجاره‌ له‌ ده‌سکه‌گوڵی خۆی نه‌دا و مام جه‌لاليش وه‌ک سه‌رۆکێکی سه‌رکه‌وتوو، ده‌توانێ سه‌ردانی ئه‌وێ بکا و له‌م خاڵه‌وه‌ بێته‌ قسه‌ و کارتی نوێ بخاته‌ سه‌ر کاغه‌ز، بۆ خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ی کورد.. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌يش هه‌يه‌ له‌ داهاتوودا مقۆمقۆ و کێشه‌وبێشه‌ی جۆراوجۆر له‌ گۆڕه‌پانی سياسی، مه‌ده‌نی و سه‌ربازیی واندا سه‌ر هه‌ڵبدات، که‌ بارودۆخی نوێی لێ هه‌ڵچۆڕێ و ڕه‌وشێکی تازه‌ له‌و وڵاته‌دا بخوڵقێت.. هاوکات بۆيشی هه‌يه‌، ڕامان و بۆچوونی ديکه‌ له‌ شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا، له‌ئارادا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه‌ بکرێته‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕدا، بڕياريان له‌سه‌ر دا.

به‌ڕای من، تورکيا له‌م جاره‌ياندا ئاقڵ بوو، ده‌رس و په‌ندی له‌ ململانێی درێژخايه‌ن وه‌رگرت و خۆی له‌ عاقيبه‌تێکی ناديار و ئه‌نگوسته‌چاو پاراست.. ناتوانین بڵێین له‌شه‌ڕێکی گه‌وره‌ دۆڕاندی، به‌ڵکوو زوو هۆشيار بووه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام زه‌ره‌ره‌که‌ له‌ نیوه‌ی ـ يان گه‌لێک که‌متر ـ گه‌ڕايه‌وه‌؛ که‌ بۆ وی زۆر قازانج بوو. وه‌لێ ئه‌وه‌ی من لێی ده‌ترسم، ئه‌وه‌يه‌ مام جه‌لال به‌ لوتفی خۆش و گفت و به‌ڵێنی  ته‌ڕوتازه‌ و کوردڕيسواکه‌رانه‌ی، ئه‌وه‌ی تورک له‌م قه‌يرانه‌يدا ده‌يخوازێ، ئاسانتر و بێزيانتر ته‌سميليان بکرێت.. به‌مه‌يشه‌وه‌ هه‌نگاوه‌کانی مالیکی و ئه‌وانی ديکه‌ ته‌واو بکرێ و کوردان زێتر بريندار بکرێن، به‌تايبه‌تی چونکه‌ ـ به‌ بۆچوونی وی ـ ئه‌ردۆغان نیعمه‌تێکه‌ دابه‌زيوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و عه‌بدوڵا گولیش به‌ره‌که‌تێکه‌ ئه‌رز و وه‌مافیهای ڕۆشن کردووه‌ته‌وه‌.!

 ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، من هیوای ئه‌وه‌م ده‌خواست سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رکۆمارمان بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات بووايه‌ نه‌ک سێ ڕۆژ ‌، چونکه‌ ئه‌م ئازيزه‌ قسه‌ی لێ ده‌ڕژێت و له‌م ڕۆژگاره‌ ناسکه‌ی تورکاندا، مام جه‌لال بۆ وان، وه‌ک ئه‌وه‌يه‌ هه‌نگيان له‌ دار دۆزيبێته‌وه‌.  به‌هه‌ر حاڵ، با بزانین داخوا مامه‌ به‌ ڕاوێژ و پرس و ڕاگۆڕينه‌وه‌ و شه‌رت و مه‌رج له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا، هه‌ڵوێست له‌ تورکيا ده‌نوێنێ و ته‌سريحاتان ده‌دا، يان له‌ هێستر دامانده‌به‌زێنێ و سواری که‌رمان ده‌کات !

 خوايه‌ هاوار.!

05/03/2008

mohsinjwamir@hotmail.com
‌‌

Previous
Next

Leave a Reply