Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان خائین و موخابه‌راتی ده‌وڵه‌ته‌نان

Be First!
by June 7, 2009 گشتی

نووسینی: حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش

ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان خائین و موخابه‌راتی ده‌وڵه‌ته‌نان

(ده‌سه‌ڵات گورگه له‌هه‌ر کات و شوێنێکدا بێت!؟)‌-هۆپز-           

به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی دنیاوه‌ به‌‌ناو سیاسه‌تمه‌دار و  به‌رپرسه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ باکیان نییه‌ له‌ قسه‌ فڕێدان ئیتر ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌یکه‌ن هه‌ر چین و توێژێک بگرێته‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ بتوانن به‌رامبه‌ره‌که‌یان ناشیرین که‌ن و به‌رده‌وام بروایان وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵیان نه‌بیت و به‌ئه‌سته‌م به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ شته‌کان ببینیت و بیربکه‌یته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌دا سه‌د ده‌که‌ویته‌ بازنه‌ی دژ به‌کورد و دژ به‌ ئه‌زموونی کوردستان و دژ به‌ ئازادی و… خائین و پیاوی موخابه‌رات و ده‌ستی ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌وده‌وڵه‌ت، ده‌سته‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، تایبه‌ت دوو زل حیزبه‌که‌ ئاسانترین ڕێگا بۆ ئه‌وه‌ی ناشیرینیی و دزێوییه‌کانی خۆیانی پێداپۆشن و بێزاری و نارازیبوونی خه‌ڵک به‌ هه‌ند هه‌ڵنه‌گرن به‌رده‌وام له‌ هه‌رکوێیه‌ک ده‌نگێکی ناڕازیی هه‌بێت و ده‌رکه‌وتبێت،  ئه‌وان به‌بێ سێ و دوو لێی هاتوونه‌ته‌ ده‌نگو به‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی و تابووری پێنج و دژبه‌ئه‌زموونی کوردستان و خۆفرۆش و چی و چییان داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م، ئاشکراشه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می شاخیانه‌وه‌ ئه‌مه‌ پیشه‌یان بووه‌، که‌میش نین ئه‌و که‌سه‌ ئازادانه‌ی به‌و ناوه‌وه‌ کوژراون؟!. بۆ جارێکیش نه‌هاتوون به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و نارازیبوون و ره‌خنه‌گرتنه‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌بده‌ن هه‌ڵه‌و خراپییه‌کانیان باشکه‌ن ئیتر نازانم ئه‌مه‌ ته‌واو بڕوابه‌خۆبوونه‌ بۆ ئه‌وه ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ته‌واوی به‌رپرسه‌ حیزبی و حکومییه‌کان کۆمه‌ڵێک به‌ناو نووسه‌رو رۆشنبیرو رۆژنامه‌ نووس ده‌وریداون ئیشو کاریان نییه‌ له‌ ستایش و پیاهه‌ڵدان زیاتر له‌ دۆخێکی وادا ئه‌وانیش رقیان له‌ هه‌موو ره‌خنه‌و نارازیبوونێک ده‌بێته‌وه‌و به‌ پیلان و ده‌ستی ده‌ره‌کی و دژ به‌ئه‌زموونی کوردستانی ده‌زانن چونکه‌ ئه‌و پێرانه‌ی ده‌وریان به‌ ستایش ته‌واو مه‌ستیانکردوون. له‌ تازه‌ ترین قسه‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمدا به‌ڕێزیان ده‌بێژێ : جه‌نگێکی موخابه‌راتی له‌ دژی ئێمه‌ له‌ گۆڕێیه‌و راگه‌یاندنه‌کانمان جێبه‌جێی ده‌که‌ن . منیش لێره‌دا به‌ رێزدار نێچیروان به‌رزانی ده‌ڵێم :
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌مان پارێزراوبێت تکایه‌ له‌وه‌زیاتر ڕێگه‌مه‌ده‌ن رۆژنامه‌نووسه‌کانی میدیای ئازاد به‌ پیلانه‌ موخابه‌راتییه‌کانیان بنکۆڵی ئه‌م ئه‌زموونه‌ بکه‌ن وه‌ک چۆن ئه‌زموونه‌کانی تری نه‌ته‌وه‌ی کوردیان به‌ پیلانه‌ موخابه‌راتییه‌کان له‌ ناوبرد. ئه‌م جاره‌ نابێت رێگه‌یان پێبدرێت  بۆ مشتێک پاره‌و رازیکردنی دڵی دوژمنه‌کانمان به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ  موخابه‌راتی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌کان و ئیتڵاعاتی ئێرانی و میتی تورکی  وسه‌دان ده‌زگای ناحه‌زو چی و چی تر  به‌ری  سه‌دان ساڵ شۆرش و قوربانی دان و هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و کۆڕه‌و له‌ به‌ین به‌رن و جارێکی تر خه‌ون و ئاواته‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ زوڵملێکراوه‌ بکه‌ن به‌سه‌راب و کوردستان بکه‌نه‌وه‌ به‌ وێرانه‌،  تکایه‌ که‌مێک بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژوو هه‌ر له‌ شۆرشی مه‌لیک مه‌حموودی نه‌مرو شێخ سه‌عیدی نه‌مرو کۆماری مه‌هاباد و سمکۆخانی شکاک و گه‌لێک شۆرش و ڕاپه‌رینی کورد تا هه‌له‌بجه‌و ئه‌نفال به‌ده‌ستی تێکه‌ڵکردنی نووسه‌رو رۆژنامه‌ نووسه‌ ئازاده‌کانی کورد له‌به‌ین چوون و ته‌واوی هه‌وڵو کۆششه‌کانی میله‌تی کوردیان کرد به‌ حه‌سره‌ت و داخ بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌ق نییه‌ رێگا به‌رۆژنامه‌ نووسه‌ ئازاده‌که‌ن بدرێت ئه‌م ئه‌زموونه‌یشمان وه‌ک ئه‌و شۆرش و راپه‌رینانه‌ی ڕابردوو له‌بارببرێن، بۆیه‌ تکایه‌ هه‌رچیتان پێده‌کرێت  خه‌م ساردی لێمه‌که‌ن بۆ له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی هه‌موو ده‌نگو و نووزه‌یه‌کی ئازاد تا ئه‌م ئه‌زموونه جوانه‌تان سه‌لامه‌ت بێت و ئێوه‌ش عه‌یش و نۆشی ده‌سکه‌وته‌کانی بکه‌ن، جا له‌پێناو مانه‌وه‌تاندا واته‌ مانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌تاندا،  پێویسته‌ له‌وه‌ زیاتر ڕێگه‌ به‌م رۆژنامه‌ نووس و نووسه‌ره‌ ئازادانه‌ نه‌درێت و رۆژی رووناکیان لێبکرێته‌ شه‌وه‌زه‌نگ، تکایه‌ ته‌نها رۆژنامه‌ نووسه‌ ئازاده‌کان ده‌ڵێم :چونکه‌ خۆتان باش ده‌زانن حیزبییه‌کان له‌ ستایش زیاتر حه‌رفێک نانووسن، دیاره‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌ ئازاده‌کانیش کپکه‌ن له‌سایه‌ی ستایشی رۆژنامه‌نووسه‌ حیزبییه‌کانه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌زموونه‌که‌مان یان ئه‌زموونه‌که‌تان تابێت قه‌ڵه‌و پان و پۆڕتر ده‌بێت، بێگومانیشم ده‌سه‌ڵاته‌که‌تان هه‌ر له‌سه‌ره‌تایه‌وه‌ حه‌زی به‌ پان و پۆڕییه‌!؟.‌‌  ‌

 

Previous
Next

Leave a Reply