Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

دیاردەى ژنكوشتن : بەرهەمی توندوتیژییەكى بەركەماڵە لە كوردستاندا

Be First!
by July 22, 2008 گشتی

   
         ژنكوشتن ، بەرهەمی توندوتیژییە و بەرزتین حاڵەتی توندوتیژییە ، دەركردنی ڕۆحە لە جەستەی ژن بە بێ خواستو ئیرادەی خاوەنی ڕۆح ، كە ئەمەش  كردارو هەڵوێستێكی ناڕەوایە !
      دژ بەو چارەنووسەیە كە لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤدا دیاریدەكرێت ! ئاشكرایە لە روانگەی ئایینەوە ، گیانو رۆح نیعمەتێكە لە نیعمەتە سەرەكییەكان ، بەڵام ژنكوژ  بكەری كافراندنی نیعمەتەو تاوانبارە بە هەموو پێوەرەكان ، پێوەرى مرۆڤایەتى و ئاسمانیی .. رۆحی تاوانباریی ژنكوژێك كە : كە بڕیاری ناوەختو نابەجێی بەجێهێشتنی جەستە ئەدات ، دەچێتە دۆزەخ و لاشەكەی نابێت لە گۆڕستانی موسڵماناندا بنیژرێتو بە كافرێكی نەفرەت و بێڕێز دەبێت لە قەڵەم بدرێت ….!
          لە ئاییندا هاتووە ، هەر كەسێ رۆحێكی كوشت وەكو ئەوە وایە هەموو رۆحەكانی سەرزەمینی كوشتبێت ، لە ڕاستیدا دەبوایە ئەم چەند رستەیە دەبوایە پیاوانی ئایینی كوردستانی بێدەنگو بێهەڵوێست لە گووتار و خوتبەی هەموو هەینییەكدا یان  لە مینبەرەكانی دیكەی میدیاشدا بانگەوازو یاداشتیان بكردایە ، بۆ ئەوەى   ئەو ڕەشەكوشتنانەى  پیادە دەكرێت ئەوڕۆكە لە كوردستانى ئازادا نەبێتە كارو كردەوەیەكی ئاساییو بوێرانەی ئەو بكوژ و ژنكوژانەی لافی نامووسو پیاوەتی لێدەدەن …!
          رەگەكانی كەلتووری توندوتیژی بەستراونەتەوە بە ئامادەگی رەمەكى / غەریزییەوە  لای تاكی كورد ، ئەم غەریزەیەش سەرچاوەو كانگای هەڵقوڵانی خۆی هەیە كە پاشتر باسیدەكەم ، رەمەكی توندوتیژی كوشتنو مەرگ بەرێوەی دەبات ، سەرچاوەكەشی لە رقو كینەوە دێنەدەرێو غەریزەی مەرگ فەراهەمدەكات ، لە كاتێكدا خۆشەویستیو مرۆڤدۆستی ئافەریدەكاری غەریزەی ژیانن و مەخابن كە ئەم غەریزەیەش لای تاكی كورد ئامادەگی نییەو زەمینەی لە كۆمەڵگادا بۆ خۆشنەكراوە … !!
         توندوتیژی لەم ئاستەدا بەرهەمی كاركردنی رەمەكی مەرگە ، ئەم رەمەكەش دەبێتە مایەی وێرانكاری كە مرۆڤـــــــ بۆ لە ناوبردنی شتێك كە دەكەوێتە دەرەوەى خۆیەوە ، بەكاریدێنێت …
  بەڵام ئایا رەگەكانی كەلتووری توندوتیژی لە كۆمەڵگاكەماندا لە كوێوە بنجیان داكوتیوەو سەرچاوە دەگرن ؟؟
          كەلتووری توندوتیژی نێو كۆمەڵگای كوردی سێ رەگوڕیشەى سەرەكی هەیە ، كە بریتین لە دابونەریتو نۆرم و بەهای كۆمەڵایەتی كە لە عەقڵییەتی كۆنەخوازیی  – فیوداڵیو دەرەبەگیو خێڵو هۆزەوە  بە توندی داچۆڕاونەتە  گشت كونجو كەلەبەرێكی كایەكانی ژیانمانەوە … هەروەها وتاری ئایینی پەڕگیری  زاڵو سەردەست ، كە هەڵوێست و پێگەی پتەوی سەلەفی تاقەت پڕوكێنێك كە  پیاوانی ئایینی توندڕەو و كەللەڕەقى چەقبەستوو  خەمڵاندوویانە و زەمینەی نەگۆڕیان بۆ دروستكردووە …. دواجار هۆكار و فاكتەرێكی دیكەى گرنگ لەمبوارەدا بریتییە لە : پەرەوەدەی خێزانی – كۆمەڵایەتی ، كە لە ئاكامدا كەلتووری نێرسالاریی كردۆتە نەریتێكی باوی نەنووسراو و سوننەتی !
          بە شەرعیكردنو بە فەرمیكردنی كۆمەڵگای  نێرسالاریی ، هێز و تواناو دەسەڵات دەداتە دەست نێرو لە ژنی دەسەنێتەوە ، ژن دەبێتە هاووڵاتی پلە دوو ، دەبێتە سێبەر و كۆیلە ، نێر دەبێتە بكەر  و مێ  دەبێتە وەرگر  و  جێبەجێكاری فەرمان و بڕیارە  زۆر و زەوەندەكانی نێرى كورد  … !
          لەم ڕەوشە ئاڵۆزەدا پەیوەندی نێوان رەگەزە جیاوازەكان دەبێتە حەرامكراو  و تابوو ، چونكە  لە وتاری ئاینیشدا (جووداخوازی رەگەزی ) میراتییەكە و سەدان ساڵە ماوەتەوە ، هەنووكە وەكو بابەتێك یان  بیردۆز و ئایەتێكی موقەدەس و پیرۆزگەرا حسێبی بۆ دەكرێت !
           لە كۆمەڵگای نێرسالاریدا ، پەروەردەی كۆمەڵایەتی – خێزانیى كوردى  گوزارشت لە فەرهەنگێك دەكات كە پڕە لە فەرمان و لە فەرمایشت و لە بڕیار ، كە پیاو بە شێوازێكی توند بەسەر رەگەزی مێدا دەیسەپێنێ ……!!
         ئیدى  ئەتمۆسفیری ژیان بۆ قەترەیەكیش بێت گفتوگۆ و ئاخاوتن و دیالۆگی تیادا بەدیناكرێًت ، ئاخاوتن لە نێوان نێر ومێی كورد دا لەرزۆكو قرچۆكە لەنێوان گەورەو بچووكدا بڤەو دانسقەیە ، لەنێوان دایكو باوكدا نیە ، لەنێوان خوشكو برادا هێشتا دروست نەبووە ، بە كورتییەكەی وێناكردنى پەیوندی  نێوان ژن و پیاو ، لە پەیوەندی نێوان شیعە و سوننەی عێراق دەچێت ، لە پەیوەندی نێوان دوو حیزبی براكوژ  دەچێت ، لە پەیوەندی نێوان  فریشتە و جنۆكە دەچێت ….!
         نزیكبوونەوەی ئەم دوو ڕەگەزە گرنگەی ژیان لە كوردستاندا ، نائاسایی و ناوازە و ئاڵۆز  و پڕ  لە ئیشكالییەتە ، نزیكبوونەوە و بەرابەركردن و هەوڵدان بۆ یەكسانیكردنیان ( لەمافو لە ئەركدا) لە دیدی زۆرینەی پیاوماقوڵانو سیاسەتمەداران و پیاوانی ئاینیو شێخو دەرەبەگو ئاغاو بگرە مسكێنیشەوە ( كە زۆرینەى دانیشتوانى كوردستانن )  كارەساتێكی مرۆیی زۆر  گەورەیە و كاولكاریو كاولبوونی ژیانو پێكهاتەی كۆمەڵایەتی ئەم كۆمەڵگا دواكەوتووە – داخراوەی ئێمەی لێدەكەوێتەوە و بە دیوەكەی دیكەشدا گۆڕان و وەرچەرخانێكە كە بەڵگەنەویستو حەتمییە و هەر دەبێت ژنی كورد ئازادتر و ئازاتر و مرۆڤتر بژی …!
           فەرهەنگی پەرەوەدەیی نێو كۆمەڵگای نێرسالاریی ، هاوكێشەیەكی ناهاوتاو نایەكسانی دەستەبەركردووە ، كە لە ژێر ناونیشانی (فەرهەنگی زاڵ) دا فەرهەنگی ملكەچیو بە كۆیلەكردنی ژنی تیا نووسیوەتەوە ، شتێكى بەڵگەنەویستە كە كەسێتیى  بونەوەرى ملكەچ  و كۆیلە ، لاواز و بێهێزە ، كە لە رووی دسەڵاتەوە كەسێكەو شایانی یەكسانیو هاوسەنگی نییە لەگەڵ پیاوی بەهێزدا … بەڵام سەیر و كۆمیدیا-تراژیدیا  ئەوەیە شەرەف و شكۆمەندی و نامووس و سەربەرزی خێڵو هۆزی یەكسان كردووە  بە شەرەف و  نامووسی  ژن … ژنی هەشبەسەری كڵۆڵیش نیوە مرۆڤە !!!
         لە كۆمەڵگاى كوردیی هاوچەرخدا : ژنی كورد وەكو مرۆڤـــــــ و ئیرادەو كەسێتیو رۆڵو كاركردن حسێبی نیو یان لەتێك مرۆڤی بۆ دەكرێت ، ژن وەكو ئینسانێك و وەكو پیاوى كورد  ئازاد نییە و مافی ژیانو مردنی بە دەست پیاوی كوردەوەیە … پیاوی كوردیش هەتا سەر ئێسقان دژی ئازادیو ماف وهەقی ژیان و مافى خوێندن و مافى هەڵبژاردنی هاوسەر و هاوژیانى ژنە .
         لە كۆمەڵگای نێرسالاریدا ، هەموو شتێك رەوایە بۆ پیاو ، هەموو شتێك بە دەست پیاوەوەیە ، دەسەڵات و هێزو بڕیار و میراتی و تەڵاق ومارەیی و وتاربێژی و خوتبەدانو گەواهیدانو خیانەتی هاوسەرگیریو … هتد .
           بەڵام ژن تەنها چاوە گەشەكانی زەقەیاندێ ، ژنی كورد سێبەر و كۆیلەیە و بووەتە كاڵاو كەلوپەلێك و پیاو مافی سەوداسەری هەیە ، دەتوانێت كەی بخوازێت لەناویبەرێتو فرێیبدات و زیندە بەچاڵی بكات.. تەنانەت  دەتوانێً وەكو جگەرەكەی دەستی بیستووتێنێ … !
           لەم حاڵەتەشدا كە ژنی كورد بوو بێتە هاووڵاتی  پلەدوو ، هێزو دەسەڵاتی لێسەندرابێتەوە ، مافی مرۆڤبوونی بچووك كرابێتەوە  بۆ بونەوەرێكی ئاخنراوی نێو ژوورێك تەنها  خستنەوە و پەروەدەكردنی منداڵی پێڕەوا ببینرێت ، نایەكسانو نوقسانو بێماف حسێبی بۆ بكرێت ، بێگومان دەچەوسێنرێتەوە و ژیانی پەراوێز دەكرێت ، خولیا و خەونەكانی پێشێل دەكرێت و لەبار دەبرێت ..!            لە  بەرامبەریشدا  پیاوی كورد ماشینى / عەقڵییەتی خێڵەكی – داخراوی – جەهالەتگەرای  كرابێتە سەر ، ئیدى ئەم بونەوەرە  چۆن توانای دەربڕینو گوزارشتو قسەكردنی ئاسایی دەبێت ؟؟
    چۆن دەتوانێ دیالۆگو ئارگومێنت لەگەڵ ژندا بكات ..!؟ پیاوێك لەدەرەوە بچەوسێنرێتەوە و خۆی پەراوێز و زەلیل و سەفیل بكرێت ، چۆن لە ماڵەوە فشارو زەبرى دەروونى خۆی بە ئامرازەكانی توندوتیژی و كوشتوبڕ  بە تاڵناكاتەوە … !؟
      ئیدی چۆن رق جێی خۆشەویستیو غەریزەی مەرگ جێی غەریزەی ژیان ناگرێتەوە …! ئیدى چۆن دۆزى مردن و كوشتن ناچێتە سەر مێزى ژنكوژان ، لە كاتێكدا یاسا و دادوەر و دادگا هەناسە ساردەكەى كوردستانى ئازاد یەك تۆزقاڵ سەروەر و سەردار و شكۆمەند نەبێت ……!!!!
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply