Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ چیرۆک نووس کاروان عومه‌ر کاکه‌ سوور…به‌شی 3و4..

Be First!
by May 2, 2008 گشتی

کاروان عومەر کاکەسوور: هەتا ئێستاش لای ئێمە تیراژی کتێب و ژمارەی دەرکەوتنی نووسەر لەسەر شاشەی تیڤییەکان پێوەرن بۆ چاکی و خراپی!…..

 سازدانی/ دانا فایەق……
بەشی سێیەم و چوارەم……

*لە دوای راپەڕِینەوە پێوەندیی نێوان سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا بە ئەدەبەوە یەکێک بووە لەو مەسەلانەی، کە کەم و زۆر بەشێک لەم نەوەیەی بەخۆیەوە خەریک کردووە، هەمووشیان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە ئەم دوانە زیانیان بە ئەدەب و فیکری ئێمە گەیاندووە. تۆ ئەو پێوەندییە چۆن دەبینیت؟

 -هەست دەکەم هەر کاتێک بمەوێت وەڵامی پرسیارێکی ئاوا هەستیار بدەمەوەو ئاگاشم لە خۆم بێت، کە من چیرۆکنووسم، هەندێک سەختە. چەمکی ئایدیۆلۆژیاش وەکو چەمکی واقیع لەلایەک چەمکێکی گشتگیرە و لەلایەکی دیکەش تەمومژاوی. پرسیار لە ئایدیۆلۆژیا لای (مارکس، ئالتوسێر، مانهایم، فرۆید، ڤیبەر، ئەدۆرنۆ، گرامیشی، هابێرماس، عەبدولڵا عورەوی) بەردەوام شوێنی بایەخ بووە.  دەشمەوێ پێت بڵێم دوای ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی پێشوومان دایەوە، ئەوا ئێستا ئەم پرسیارەی تۆ رێک لەم شوێنە خۆی دەسەپێنێت. ئەگەر پێوەندیی نێوان ئەدەب و واقیع بەناچاری پێوەندییەکی تا رادەیەکی زۆر ناتەبایی بێت، وەکو لە پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەوە پێوەندیی نێوان واقیع و ئایدیۆلۆژیا زۆربەی کات تەباییە، بەحوکمی ئەوەی ئایدیۆلۆژیا بەردەوام لە هاوپەیمانەکانی دەگەڕِێت و پێویستی بەوەیە تەبەنی بکرێت. ئایدیۆلۆژیا ئەو زیندەوەرەیە، کە ناتوانێت بەتەنیایی و گۆشەگیری ژیان بەسەر بەرێت، بەڵکو حەزی لە ژیانێکی کۆمەڵایەتییە. یەکەمین هاوپەیمانی ئایدیۆلۆژیاش، واقیعە. ئەگەر لەگەڵ (مارکس) سەرنج لە ئایدیۆلۆژیا بدەین، ئەوا دەتوانین ناوی بنێین رۆڵەی واقیع. گرینگترین ئەرکی ئایدیۆلۆژیا دیاریکردنی واقیع و ناونانی ئەو واقیعەیە. ئایدیۆلۆژیا بوو قۆناغی سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەستنیشان کرد لە کۆمۆنەی سەرەتاییەوە هەتا ئیمپریالیزم و دوای ئیمپریالیزم و ناوی لێنان. ئایدیۆلۆژیا بوو بایەخی بە قوتابخانە ئەدەبییەکان دا و لەژێر چەند ناونیشانێکدا ریزبەندی کردن. ئەرکی سەرەکیی ئایدیۆلۆژیا ئاسانکردنەوە و روونکردنەوەی شتەکانە. وەکو (پۆل ریکۆر) دەڵێت: هەموو ئایدیۆلۆژیاییەک سادەکەرەوەیە. ئامانجی ئەوەیە دیدگایەکی گشتگیر نەک هەر بۆ کۆمەڵ، بەڵکو بۆ مێژوو و بگرە بۆ هەموو دنیاش بەدەستەوە بدات).
ئایدیۆلۆژیا ئەگەر نەتوانێت لەگەڵ هەر هزرێکدا هاوپەیمانێتی دامەزرێنێت، ئەوا خێرا جاڕِی شەڕِێکی کوشندەی لە دژ دەدات، بەتایبەتی لەگەڵ ئاییندا. ئایدیۆلۆژیا ئەوەندە بەناو هیومانیزمدا رۆدەچێت، کە بوار بۆ هیچ لێکدانەوەیەکی دیکەی جیاواز ناهێڵێتەوە. هەموو گومانەکان دەسڕِێتەوە و یەقین دەخاتە شوێنیان. ئەمە یەکێکە لەو مەترسییانەی، کە ئەدەب خۆی لێ دەپارێزێت. ئایدیۆلۆژیا تەنها بە مەبەستی ئەوە دەگەڕِێتەوە ناو مێژوو هەتا پاڵەوانە پاکەکان لەسەر شێوەی خۆی و ناپاکەکان لەسەر شێوەی دوژمنەکانی دروست بکات. ئایدیۆلۆژیا وەکو چۆن سەرەتای مێژووی دیاری کردووە، بەهەمان شێوە ئایندەشی لەناو دیدگای خۆیدا کلیل داوە. ئایندە یەکسان دەکات بە بەدیهاتنی خەونەکانی خۆی. بەردەوام لە رێگای درووشمەکانییەوە پێمان دەڵێت، کە هەموو دەرچوونێک لەو چوارچێوەیە، دەرچوونە لە مێژوو و نەگەیشتنە بە ئامانجەکانی نەتەوە و نیشتمان. ئایدیۆلۆژیا راستەوخۆ ناچێتە ناو ئەدەب و فیکرەوە، بەڵکو دەست بەسەر سەرتاپای مێژوو و واقیعدا دەگرێت. تێکڕِای شتەکان دەکاتە هی خۆی، بەو مەبەستەی ئۆتۆماتیکییانە هەموو کردارێکی خەیاڵ و بیرکردنەوە بریتی بکات لە گوزارشت و گێڕِانەوەی ئەو واقیع و مێژووەی بە ئایدیۆلۆژیا کراون. وەکو گوتمان ئەو پشت بە پرۆسێسی دیاریکردن و ناولێنان دەبەستێت. جارێک گوتی ئەم قۆناغە قۆناغی رزگاریی نیشتمانییە، ئێمە بە کۆرس گۆرانییمان بۆ نیشتمان چڕِی. هەر ئەوەندە جارێکی دیکە گوتی سەردەم سەردەمی خەباتی چینایەتییە، خێرا هەموومان بەرگی سوورمان پۆشی و داس و چەکوشمان بۆی هەڵگرت. جارێکی دیکە لەناکاو لە خەو راپەڕِی و هاواری کرد وریا بن ئەم نەتەوەیە ئەنفالکراوە! بەپەلە دەممان بە زوڕِناکانەوە نا، تا تینمان تێدا بوو جنێومان بە عەرەب دا و نەفرەتمان بۆ بیابان و لمی سووتێنەر نارد.
لە سەردەمی ئایدیۆلۆژیادا، هەموو شتێک ئایدیۆلۆژیایە. هەر کاتێک نووسەر و هونەرمەند لەوە تێدەگەن، ئینجا دەزانن ئەرکیان چەند قورسە. بە بڕوای من هەر پرۆسەی نووسین خۆی بەناچاری لەناو ئایدیۆلۆژیادا دەست پێدەکات، بەوەی واقیع لای ئێمە تەواو بە ئایدیۆلۆژیا کراوە. بە مانایەکی دیکە نووسین لەبارەی واقیعەوە، تا رادەیەکی ئێجگار زۆر نووسینە لەبارەی ئایدیۆلۆژیاوە. شەڕِی یەکەمی نووسینیش رێک لەم خاڵەی سەرەتاوە دەست پێ دەکات. ئەدەب زمانی جیاواز دادەهێنێت، بۆ ئەوەی لە ئایدیۆلۆژیا نەچێت. بەدوای تێڕِوانینی دیکەدا دەگەڕِێت، بۆ ئەوەی شتەکانی خۆی لەژێر دەستی ئایدیۆلۆژیا دەربهێنێت و لە فۆرمێکی دیکەدا نیشانیان بداتەوە. بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لە سەرجەمی ئەو بیروڕِا و دیدگا کۆنسەرڤاتیڤانەی، کە وەکو (کارل مانهایم) پێی وایە دەبنە پاڵپشت بۆ چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵگە و پارێزگاری لە بەرژەوەندیی ئەوان دەکەن. ئایدیۆلۆژیا جەنگێکی گەورەی خوێناویی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای دژدا هەڵگیرساند. (ساموێل بیکێت) نەهات هەمان شتمان پێ بڵێتەوە.. (ئێستراگۆن) و (ڤلادێمێر) مێژوویەکی زۆر جیاوازی شەڕِ و ناکۆکیی نێوان ئایدۆلۆژییەکانمان بۆ دەگێڕِنەوە. تێکچوونی شیرازەی بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و مۆڕِاڵی لە رێگای زمانێکی شێواوەوە لە (لە چاوەڕِوانیی گۆدۆدا) دەخوێنینەوە. ئەو زمانەی تەنها بۆ ئەوە شێواوە، تا لە ئاست دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیادا بوەستێتەوە و سەربەستیی خۆی لە دەست نەدات. ئایدیۆلۆژیا پێش هەموو شتێک سیستەمی نووسین دەشێوێنێت، لەکاتێکدا کە نووسین دەنگی تاکە بەرامبەر بە دەسەڵاتی کۆ، ئەو دێت ئەوە پێچەوانە دەکاتەوە. هەر بۆیە (ئێستراگۆن) و (ڤلادێمێر) لەگەڵ یەکتریشدا بە زمانی تاکی خۆیان دەدوێن.
ئێستا ئەگەر بمانەوێت لە بەشێکی دیکەی پرسیارەکەت ورد بینەوە، کە ئاخۆ ئایدیۆلۆژیا سوودی بە ئەدەب گەیاندووە یان زیان، ئەوە دەکرێت بڵێین مەسەلەکە لە سوود و زیاندا نییە، بەڵکو لەوە دایە ئاخۆ نووسەر چ مامەڵەیەکی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیادا کردووە. ئەدەب شت ناسڕِێتەوە، بەڵکو دەیخاتە ناو سیستەمێکی ئیستاتیکییەوە. لە هەوڵی زیادکردنی نهێنیی ئەو شتانە دایە و قووڵتر سەرنجیان لێ دەدات. چەند ساڵێکە لای خۆشمان ئەوە ساغ بووەتەوە، کە شەڕِی نووسین و ئایدیۆلۆژیا لە سەپاندنی یۆتۆپیا و یەقین دایە. ئایدیۆلۆژیا زۆر ئۆتۆماتیکییانە هەوڵ دەدات یۆتۆپیاکان بکاتە کۆمەڵێک یەقین و نووسین دەیەوێت هەموو یەقینێک بە خودی ئایدیۆلۆژیاشەوە بکاتە یۆتۆپیا. شەڕِی ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا لە شەڕِی هیچ دوو دوژمنێک ناچێت، بەڵکو شەڕِێکی زۆر سەمەرەیە. هەموو دژەکان لە هەوڵی ئەوەدان یەکتر لەناو ببەن، بەڵام لێرە ئەو دوو دوژمنە نایانەوێت یەکتر لەناو بەرن. ئایدیۆلۆژیا بە پیشەی خۆی دەیەوێت ئەدەب دیاری بکات و ناوی لێ بنێت، بەڵام ئەدەب مەبەستیەتی ئایدیۆلۆژیا ورد بکاتەوە و جوانیی لەناودا بدۆزێتەوە. ئەوە ئایدیۆلۆژیا نییە زیان بە ئەدەب دەگەیەنێت، بەڵکو نووسەر خۆیەتی ناتوانێت بێجگە لە ئایدیۆلۆژیا، شتێکی دیکە بێت. ناکرێت ئێمە وا لە ئایدیۆلۆژیا بڕِوانین، کە خاوەنی داهێنان نییە، بەڵام داهێنانی ئایدیۆلۆژیا لەسەر بەرژەوەندیی ماتریالی وەستاوە. بینینی ئەو بۆ شت بینینێکی بەرژەوەندیخوازانەیە. ئایدیۆلۆژیا بەردەوام بەدوای ئاسوودەییدا دەگەڕِێت. لەپاڵ خستنەڕِووی بەرنامەکانیدا، مژدەی ئایندەیەکی بەختەوەر رادەگەێنێت. هەر کاتێک ئەو مژدانە لەگەڵ مژدەکانی ئاییندا یەک بگرنەوە، ئەوا رێککەوتنی ئەو دوانە مسۆگەر دەبێت، بەڵام تێڕِوانینی ئەدەب لەسەر ئەوە دامەزراوە چۆن لەناخی شتەکاندا نهێنیی دیکە بدۆزێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئەدەب پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیا بەدوای نیگەرانی و دڵەڕِاوکێدا دەگەڕِێت، نەوەک ئاسوودەیی.
پرسیاری رەخنە لە ئایدیۆلۆژیا بێکۆتاییە، چونکە ئایدیۆلۆژیا چەمکێکی جێگیر نییە. ئایدیۆلۆژیا تەنها ئەو درووشم و پلانە ئامادەکراوانەی حزب و رێکخراوەکان نیین. ئەمە خوێندنەوەیەکی زۆر رووکەشانەیە بۆ ئایدیۆلۆژیا، کە لای ئێمە رەواجی پێ دەدرێت. هەر کاتێک نووسەر دەیەوێت واقیع وەکو خۆی و بە ساکاری پیشان بدات، ئەوە هەر بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیایە. نووسەرمان هەبووە لە گفتوگۆکاندا هەزار و یەک قسەی بە ئایدیۆلۆژیا گوتووە، کەچی ئەدەبی ئایدۆلۆژیی نووسیوە و هەر لەو گفتوگۆیانەیدا ئایدیۆلۆژیانە هێرشی کردۆتە سەر هەر شتێک، کە لەگەڵ قەناعەتەکانیدا رێک نەکەوتووە. من لەو بارەیەوە لە نووسینێکی سەربەخۆدا باسم لە (شێرزاد حەسەن) کردووە، کە لەدوای راپەڕِینەوە زمانی ئەو بۆ ئایدیۆلۆژیا گۆڕِاوە. ئەو مەیلە نۆستالۆژییەی لە ناخی نووسەری ئێمەدا هەیە، زۆر جار دوور لە خواستی خۆی وای لێ دەکات ئایدیۆلۆژیای خۆش بوێت، بەوەی ئایدیۆلۆژیای کوردی بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دایە لە رێگای گێڕِانەوەکانی خۆیەوە سیمایەکی میتۆلۆژییانە بە مێژووی خۆی ببەخشێت. هەر بۆ نموونە ئایدیۆلۆژیا توانیی لە رێگای هەقایەتەکانی ئەنفالەوە زمانی خۆی بکاتە زمانی نووسەری ئێمە. سەرنج بدە چۆن لەو چیرۆک و رۆمانانەدا لە نزمترین ئاستی زماندا هێرش دەکرێتە سەر سرووشت. چەند نەفرەت بۆ بیابان و لم و خۆل چووە، کە ئەمانە جاران بەشێکی گەورەی هەستی ئیستاتیکیی ئێمەیان پێکدەهێنا. چەند بەئاسانی ئایدیۆلۆژیا نووسەری ئێمەی هەڵخەڵەتاند و باوەڕِی پێهێنا، کە بیابان مرۆڤی دڕِندە بەرهەم دەهێنێت.
پێشتریش گوتوومە، کە مادام رەخنە بەو مەبەستە دەیەوێت رووبەڕِووی ئایدیۆلۆژیا ببێتەوە، کە هەقیقەتی ئایدیۆلۆژیا پووچ بکاتەوە و هی خۆی لە شوێنی دابنێت، ئەوە رەخنە خۆی دەبێتەوە ئایدیۆلۆژیا. ئەمە لای ئێمە میتۆدی بەشێکی زۆری ئەوانەن، کە خۆیان بە دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیاوە خەریک کردووە. ئەرکی رەخنە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیە و لێرەوە ئەو پرۆسێسە بە شێوەیەکی دیکە دەست پێ دەکاتەوە، بەو مەبەستەی بەردەوام ئەنجامەکانی خۆی بەکراوەیی لە بەردەم خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەکانی دیکەدا جێبهێڵێت، بەڵام ئەوە ئایدیۆلۆژیایە خەریکی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانە و بەردەوام پێشنیارەکانی پێشکەش دەکات. ئەوانەی لە میدیاکان خۆیان تووڕِە دەکەن و هاوار هاواریانە، گوایە دژی دەسەڵات دەوەستنەوە، رەخنەگر نیین، چونکە ئەوانە لە رێگای چەمکەکانیانەوە، کە لە کۆنتێکستی ئایدیۆلۆژیا بەکاریاندەهێنن، خەریکی تۆمەتبارکردنی چەند لایەنێکن و خۆیان وەکو رزگارکەر و فریادڕِەس نیشان دەدەن. دژایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا لای ئێمە قاڵبێکی دروستکردووە، کە ناوی دژبوونی ئایدیۆلۆژیایە. لای ئێمە تێگەیشتنێکی کاریکاتێریانە بۆ ئایدیۆلۆژیا هەیە، بەوەی زۆر جار نووسەر وا خۆی نیشان دەدات، کە ئەرکی ئەو سڕِینەوەی ئایدیۆلۆژیایە. لێرەشدا لە هەندێک درووشم و قسەی نەستەق، زیاتر شتێکی دیکە بەدەستەوە نادات.

*زۆر جار رۆماننووس و چیرۆکنووسی ئێمە گلەیی ئەوە لە زمانی کوردی دەکەن، کە لە بەردەم گێڕِانەوەی رووداوەکاندا لاواز و کەمتوانایە، کەچی لە هەمان کاتدا نووسەرمان هەیە بەهەمان زمان توانیویەتی بەرهەمی جوان پێشکەش بکات!.. ئایا ئەمە گوناهی زمانەکەیە یان بێتوانایی نووسەرەکە؟

-من وەکو چیرۆکنووسێک، بەدەر لە هەموو ئەو تیۆرانەی باس لە پێوەندیی نێوان زمان و نووسەر، زمان و داهێنان، زمان و فیکر دەکەن، باوەڕِم نییە هیچ زمانێک بکەوێتە پێش پرۆسێسی بیرکردنەوەوە. بیرکردنەوەش پێش هەموو شتێک کۆنتاکت لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی ناتەواو و ناڕِێک، تەڵخ و لێکترازاودا دەکات. ئەو کاتەش زمان لە حاڵەتی نائۆرگانی (Inorganic) دایە. واتە هێشتا زمان گیانی لەبەردا نییە. نووسەر هاوکات لەگەڵ بیرکردنەوەدا زمانیش دادەهێنێت. لێرەدا زمان لەلایەک نیوتراڵە و لەلایەکی دیکە خاوەنی هیچ شوناسێک نییە، بەڵکو بەتەواوی دەکەوێتە دەرەوەی هەموو پێناسەکانەوە، تا ئەو کاتەی تۆ وێنەکانی خۆت بۆ دەرەوە دەگوازیتەوە، کە پێی دەوترێت نووسین. کەواتە شوناسی زمان لەسەر ئاستی سیمیۆلۆجیادا لەو نیشانە و ئاماژە و ئایکۆنانەدا دەردەکەوێت، بەڵام زمان پێش ئەوەی فۆرم وەربگرێت، رۆڵی خۆی لە بەیەکتربەستنەوە و جوانکردنی ئەو وێنە ناڕِێک و تەڵخ و لێکترازاوانەدا بینیوە. ئێمە دەتوانین بەبێ زمان بیربکەینەوە، بەڵام ناتوانین بەبێ زمان ئەو بیرۆکانە بخوڵقێنین و  بیانگەیەنین. بەمانایەکی دیکە ئێمە کاتێک لە رێگای بیرکردنەوەوە رووبەڕِووی وێنەکان دەبینەوە، پشتمان بە زمانێک نەبەستووە، کە پێشتر بوونی هەبووبێت، بەڵکو ئەو زمانە هاوکات لەگەڵ بیرکردنەوەدا دەخوڵقێت، بەڵام ئەو باکگڕِاوەندە رۆشنبیری و سایکۆلۆژییەمان لەلایەک و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەمان لەلایەکی دیکەوە ئێمە بەرەو وێنە تایبەتییەکانی خۆمان ئاڕِاستە دەکات. ئەگەر ئێمە بە زمانی کوردی دەنووسین، لەبەر ئەوەیە ئێمە بەو زمانە بیرمان کردۆتەوە، بەڵام ئەگەر بە زمانێکی دیکە بیرمان بکردبوایەوە، ئەو وێنانەمان بەو زمانە دەگواستەوە. (گاستۆن باشلار) لە (شاعیریەتی زیندەخەون)دا دەڵێت: (ئێمە کاتێک بە زمانی دایکمان خەون دەبینین، ئەوە زاراوەکانی زمانی دایکمان بەکار دەهێنین). وەک دەبینین (دیکارت) زمان تایبەت دەکات بە مرۆڤ و دەیبەستێتەوە بە ئەقڵەوە. ئەو وێنانە چ لەسەر ئاستی مێژوو و چ لەسەر ئاستی جۆگرافیادا پابەندن بەو خودەی وێنایان دەکات. ئەگەر رێگام بدەیت، بەشێک لە ئەزموونی نووسینی خۆمت بۆ باس بکەم لە بواری چیرۆکدا، ئەوا پێت دەڵێم من هەر کاتێک لە رێگای بیرکردنەوەوە کۆنتاکتم لەگەڵ وێنە تایبەتییەکانی خەیاڵی خۆم کردبێت، هاوکات زمانم بینیوە وا وەکو من خەریکی گواستنەوەی ئەو وێنانەیە. بەمانایەکی دیکە زمان هەندێک جار خۆمم و هەندێک جاریش جیاوازین، بەڵام هەردووکمان ئەو وێنانە بۆ یەک شوێن دەگوازینەوە، کە تێکستە. دواجار مەسەلە تەنها بەکارهێنانی زمان نییە، بەڵکو ئەوەیە نووسەر چۆن فیکرێک بەرهەم دەهێنێت، کە توانای داهێنانی هەبێت؟.
ئەگەرچی (دیکارت) فیکر دەخاتە پێش زمانەوە، چونکە پێی وایە فیکر سرووشتێکی ئایدیالی و زمان سرووشتێکی ماتریالیی هەیە، بەڵام دواتر ئەو پەیوەندییە لای (فریدیناند دی سۆسیر) و (جۆلیا کریستیڤا) و (میرلۆلیۆ پۆنتی) و هەندێکی دیکە ئاڕِاستەی جیاواز وەردەگرێت. هەموو ئەوانە لەوەدا یەکدەگرنەوە، کە زمان و فیکر دوو شتی لەیەکتر جیاواز نیین. لە کاتێکدا (کریستیڤا) زمان بە لەشی فیکر دەزانێت، ئەوە  چ (مێرلۆ پۆنتی) و چ (دی سوسێر)یش لەگەڵ ئەوە دان، کە ئەو دوانە هەر یەکێکن.
وەکو گوتمان تێڕِوانینی ئێمە بۆ واقیع سەربەخۆ نییە، بەڵکو لە پشتیەوە هۆشیاری هەیە. ئەو هۆشیارییەش کار دەکاتە سەر زمان و ئاڕِاستەکانی زمان. لەوێشەوە دەتوانێت ئەو وێنانە قووڵتر و جوانتر نیشان بدات. (کانت) پێی وایە خود هەمیشە لەسەر شێوەی خۆی وێنای بابەت دەکات. (هایدگەر) باوەڕِی وایە ئەو وێنانە زۆر جار ملکەچی بەرژەوەندییە پێرسۆناڵییەکان و ئارەزووەکانمانن، لەلایەکی دیکەش هەر ئەو وێنانە پابەندی هەلومەرجی مێژوویین. لای ئێمە تا ئێستاش ئەو تێڕِوانینە زاڵە، کە پێی وایە ماناکان بەئامادەیی لەناو شتەکاندا هەن، بەڵام زمان رێگرە لەوەی ئێمە بەو مانایانە بگەین. من خۆم باوەڕِم وایە ئێمە تەنها لە رێگای دیدگا و زمانەوە دەتوانین ماناکان لەو شتانەدا پێک بهێنین. کاتێک دیدگایەکی قووڵمان هەیە، زمانێکی کاریگەریشمان هەیە، هاوکات وێنەی فرەڕِەهەندیشمان هەیە. دیدگاش بەئاشکرا لەناو زماندا دەرناکەوێت، بەڵکو بەنهێنی کاری خۆی دەکات. هەڵەی بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە ئەوەیە، کاتێک باس لە زمان دەکەن، مەبەستیان لەو زمانەیە، کە رۆژانە بەکاری دەهێنین. بە مانایەکی دیکە مەبەستیان ئەو زمانەیە، کە ئێمەی وەکو ناسیۆنێک پێ دەناسرێتەوە. ئەو تێڕِوانینە ناتوانێت جیاوازی لەنێوان زمانی رۆژانە و زمانی بیرکردنەوەدا بکات.  ئەو زمانە هەر خۆی داهێنانێکە لەسەر ئاستی کۆدا، بەڵام زمانی نووسەر داهێنانە لەسەر ئاستی تاکدا. بە مانایەکی دیکە زمان مەرجی یەکەمی داهێنانە بۆ هەر نووسەرێک. نە زمانی فەرەنسی بوو (ڕِامبۆ)ی کردە شاعیرێکی گەورە و نە زمانی ئینگلیزییش بوو (ئیلیۆت)ی گەیاندە ئەو ئاستە، بەڵکو ئەوان بوون بەهۆی زمانی خۆیانەوە ئەو دوو زمانەیان گەورەتر کرد. ئەوان ئەگەر بە کوردییش بیان نووسیبوایە، هەر وەکو (نالی) و (خانی) دنیایەکی دیکەیان لەسەر ئاستی ئیستاتیکا و زماندا بنیات دەنا. ئەوان لە دوو ئاستەوە ئیشیان لەگەڵ زماندا کرد. لە ئاستی یەکەمدا هەموو قاڵبە ئامادەکانی زمانیان تێکشکاند و لە ئاستی دووەمدا زمانی خۆیان دامەزراند. زمان ئیشی ئەوانی قورستر کرد، لە کاتێکدا ئێمە گلەیی لە زمان دەکەین بۆچی یارمەتییمان نادات داهێنانی گەورە بکەین. (ئەدۆنیس) کاتێک رەخنە لە رۆشنبیریی عەرەبی دەگرێت، دەڵێ: (دەستەوستانی لە ئەقڵ دایە، نەوەک لە زمان)، لەکاتێکدا  (کانت) پێی وایە مەسەلەکە لەوەش تێدەپەڕِێت، بەوەی مرۆڤ دەستەوستانە لە بەکارهێنانی ئەقڵ، نەک لەبەر ئەوەی ئەقڵ کەموکوڕِیی تێدایە، بەڵکو ئەو مرۆڤە خۆی بەکارهێنانی ئەقڵ لە خۆی قەدەغە دەکات. ئەگەر لەگەڵ (هایدگەر)دا واز لەوە بهێنین، کە زمان هۆیەکە بۆ تێگەیشتن و ئامێرێکە لەو ئامێرانەی بەدەستمان هێناوە، ئەوا دەبێت لەگەڵیدا بین، کە زمان بوونی ئێمەیە و زمان دنیامانە. هەر ئەویشە دەمانکاتە بوونەوەرێکی مێژوویی.
هەموو مرۆڤێک خاوەنی داهێنانە، کە دەتوانێت بدوێت. وەکو (دیکارت) پێی وایە مرۆڤ هەرچەند دەبەنگ بێت، هێشتا دەتوانێت زمان بەکاربهێنێت و تەعبیر لە بیرۆکەکانی خۆی بکات، بەڵام ئاژەڵ ناتوانێت. کەواتە (دیکارت) زمان لەوە دوور دەخاتەوە، کە دیاردەیەکی فیسیۆلۆجی بێت. ئێمە کاتێک لەمەدا لەگەڵ (دیکارت)دا کۆکین، ئەوا دەگەینە ئەو باوەڕِەش، کە بۆ داهێنانی ئەدەبی و فیکری زمانێکی دیکەمان پێویستە. ئەگەر زمانی رۆژانە شوناسی مرۆڤبوونی ئێمە بێت، ئەوا زمانی داهێنان شوناسی ئێمەیە وەکو داهێنەر. بەمانایەکی دیکە داهێنان گواستنەوەیە لەو زمانەی هەموومان بە سرووشتی خۆمان هەمانە بەرەو ئەو زمانەی، کە هەر یەکێکمان دامانهێناوە. (خانی) زمانێکە، (نالی) زمانێکی دیکەیە. (مەحوی) زمانێک و (حاجی قادری کۆیی) زمانێکی دیکەیە. (گۆران، حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، رەفیق سابیر، شێرزاد حەسەن، محەمەد عومەر عوسمان، قوبادی جەلیزادە، هاشم سەراج، بەختیار عەلی، کەژاڵ ئەحمەد، دڵشاد عەبدولڵا، سەباح رەنجدەر، هەندرێن، ئەحمەدی مەلا، دلاوەر قەرداغی، چۆمان هەردی)یش هەر یەکەیان زمانێکن. ئەگەر زمانی داهێنان نەبوایە، ئێمە رەنگ بوو ئەو ناوانەمان بۆ نموونە لە کتێبـی تەلیفۆن بدیبوایە و بە مەبەستی ئیشی رۆژانە، پێوەندییمان پێوە بکردبوونایە. کەواتە ئێمە کاتێک دەتوانین بڵێین زمانمان هەیە، کە ئەو زمانە توانای گوتنی هەبێت، بەڵام کاتێک دەتوانین بڵێین زمانی داهێنانمان هەیە، کاتێک زمان لە پشت گوتنەوە وێنە و مانامان بداتێ.

*لەگەڵ ئەوەی تۆ یەکێکی لە چالاکترین و پڕِبەرهەمترین نووسەرەکانی دونیای رووناکبیریی کوردی و یەکێکیشی لە نووسەرە زۆر باشەکانی ئەو دونیایە، کەچی رەخنەی کوردی بەدەگمەن ئاوڕِی لێت داوەتەوە و کەمترین قسەت لەسەر کراوە. دەکرێت بزانین هۆکاری ئەمانە چیین؟

-ساڵی رابردوو ئەو پرسیارە لای زۆر نووسەر بایەخی پێدرا، هەر لە بەڕِێزت و (کامەران سوبحان)ەوە، کە لە گفتوگۆیەکدا ئەو پرسیارەتان ئاڕِاستەی (حەمەسەعید حەسەن) کردووە هەتا (یوسف عیزەدین)ی چیرۆکنووس و (جەبار سابیر). زۆر لەو هاوڕِێیانەشم چ ئەوانەی بینیومن و چ ئەوانەی لە رێگای ئیمەیلەوە دەیان ناسم، رووبەڕِووی ئەو پرسیارەیان کردوومەتەوە. راستییەکەی من خۆم مێژووییەکی دوورودرێژم لەگەڵ ژیانی پەراوێزدا هەیە. من لەوێ لە دایک بووم و هەر لەوێش گەورە بووم. لە کتێبـی (منداڵییم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕِینەکاندا بازبازێنی دەکرد)دا ئەو ژیانەم نووسیوەتەوە. بیرم نایەت رۆژێک لە رۆژان من کەسێکی بەناوبانگ بووبێتم، مەگەر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی و دواناوەندییدا، کە لەبەر بزێوی، هەموو دەیان ناسیم. (سامان)ی کارەکتەری چیرۆکی (خێو) و (هیڤان)ی کارەکتەری (ئەسپیدیلۆن) هەردووکیان دوو کەسی پەراوێزخراوی کۆمەڵگەن و لەناو خودی تێکشکاوی خۆیانەوە کۆنتاکت لەگەڵ واقیعێکدا دەکەن، کە ئەو واقیعە تەنها ئەو کاتە رێگایان دەدات وەکو دوو کەسی ئاسایی دەربکەون، ئەگەر مەرجەکانی قەبووڵ بکەن، بەوەی واز لە هەموو شێتی و خەیاڵە سەیرەکانیان بهێنن. ئەوان ئەگەرچی بەدوای ناوبانگدا دەگەڕِێن، بەڵام چونکە ئاراستەیەکی جیاواز لە مێژوویان هەیە، ناگەنە ناوبانگ و لەناو تەنیایی و دوورەپەرێزیی خۆیاندا دەتلێنەوە. ئاخۆ ئەو تێڕِوانیانە چیین، کە ناوبانگ بە هەندێک دەبەخشن و بە هەندێکی دیکەی نەک نابەخشن، بەڵکو هەموو هەوڵێکیش بۆ پەراوێزکردنیان دەدەن. ئەمە ئەو شتەیە، کە (نیچە)ی فەیلەسووف لێیمان ئاگادار دەکاتەوە. (نیچە) ناو لەو تێڕِوانیانە دەنێت (وەهم). وەهمیش لای ئەو لە هەڵە ترسناکترە، چونکە هەڵە راست دەکرێتەوە، بەڵام لە پشت وەهمەوە ئارەزوو هەیە. وەهم ئەو تێڕِوانیانە بەرەو ئەوە ئاڕِاستە دەکات، کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەو شتانە وەکو حەقیقەتێکی پیرۆز و رەها بزانن. ئەو وەهمە لای ئێمە نووسەری زۆر بەناوبانگی دروست کردووە. زۆرێک لەو بەناوبانگانە بەقەدەر ئەو گەنجانە ناتوانن مەعریفە و ئیستاتیکا بەرهەم بهێنن، کە هەر ئەو وەهمە پێیان دەڵێت ئێوە لەناو ئەو هەموو نووسەرە بەناوبانگەدا دەتانەوێت چی بنووسن و بگەنە کوێ. لە زۆر لەو گفتوگۆیانەی لەم چەند ساڵەدا لەگەڵ هەندێک نووسەری بەناوبانگدا کراون، بەئاشکرا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو بەناوبانگانە هیچ لەو رۆشنبیرییە میللییەی ئێمە دوور نەکەوتوونەتەوە. لەپاڵ ئەوەدا کەسانێک پەراوێز خراون، زۆر لەو بەناوبانگانە چاکتر دەتوانن لەسەر پرسیارەکانی ئەقڵ و مەعریفەدا کار بکەن. ئێمە تا ئێستا ئەو بوێرییەمان لە خۆماندا نەدۆزیوەتەوە، هەتا لە رێگایەوە ئەو وەهمانە تێکبشکێنین و چییتر نووسەر بەسەر بەناوبانگ و بێناوبانگدا دابەش نەکەین، بەڵکو لەجیاتی ئەوە (داهێنان و ئاسایی) بکەینە پێوەر بۆ خوێندنەوەی رۆشنبیری و فیکری خۆمان. چی داهێنانە و چی ئاسایی؟ من باوەڕِم وایە لە داهاتوو ئەو بوێرییەی ئێمە لەم پرسیارەوە دەست پێ دەکات: (ئەوە بەناوبانگەکان بۆچی بە زمانی ئێمە دەدوێن؟)، یان: (ئەوە بۆچی بەناوبانگەکان شتێکی زیاترمان پی ناڵێن، لەوانەی خۆشمان دەیانزانین؟). لای ئێمە گەیشتن بە ناوبانگ، خۆی لە کۆمەڵێک فێڵ و چەواشەکارییدا دەبینێتەوە، کە رەنگە لەمەودوا داهێنەری راستەقینە خۆی لەو فێڵ و چەواشەکارییانە بپارێزێت. من خۆم پێم وایە ئەو ناوبانگانە کاتێک دەکەونە بەر زەبری پرسیارە جددی و بوێرەکان، زۆر بەئاسانی لەناو دەچن و خاوەنەکانیان تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتییدا دەمێننەوە. ئەگەر لێرە نەمانەوێ لە (نیچە)ی فەیلەسووف دوور بکەوینەوە، ئەوە دەتوانین هۆکاری نەبوونی ئەو بوێرییە دەستنیشان بکەین، کە زەمینە بۆ لەدایکبوونی بەناوبانگەکان دەخوڵقێنێت، چونکو ئەو فەیلەسووفە، پێی وایە ئێمە لەلایەک لەپێناوی مانەوەی خۆماندا بەردەوام پەنا بۆ سازش و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی دەبەین، کە بەمەش دەمانەوێت (خود)ی خۆمان لە هەر دەستدرێژییەک بپارێزین و لە لایەکی دیکە ئەو زمانەی بەکاری دەهێنین، کە پڕِیەتی لە میتافۆر و ئەنتۆنۆماسیا، رێگرە لەوەی ئێمە رووی راستەقینەی واقیعی شتەکان ببینین.
لەدوای راپەڕِینەوە، راستتر لەگەڵ زۆربوونی چەمکە فیکری و رەخنەییەکاندا، کە زۆربەیان لەناو نووسینی ئێمەدا هیچ ئەرکێکی مەعریفی و ئیستاتیکییان پێ نەسپێردراوە، ترسێکی گەورە لای خوێنەری ئێمە هاتۆتە کایەوە. ترسێک لە تێنەگەیشتنی ئەو زمانەی، کە بێمەبەست ئاڵۆز کراوە، جۆرێک بێدەنگیی دروست کردووە. کێشەی رۆشنبیریی ئێمە لەدوای راپەڕِینەوە، وەکو پێشتر ئاماژەم پێی دا، ئەوەیە، کە دەستی لە رەخنە هەڵگرتووە. ترسی خوێنەری ئێمە لە بەرامبەر ئەو چەمکانە، هەمان ترسی مرۆڤی سەرەتاییە لە سرووشت و دیاردەکانی. ئەو ترسە جۆرێک لە پەرستنی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. کاتێک دەبینین بەناوبانگەکان لای ئەو خوێنەرە ساویلکەیە وەکو خواوەند سەیر دەکرێن، ئەوە هەمووی هەر خۆشەویستی نییە، بەڵکو زامنکردنی ئاسایشی خودە لای ئەو خوێنەرە سادەیەی ئێمە. وەکو (ئەریک فرۆم) دەڵێت راکردنە لە گومانەکان و گەیشتنە بە سەرچاوەکانی دڵنیایی. (تۆدۆرۆڤ) لەناو رۆشنبیریی فەرەنسیدا رەخنە لە زاراوەکان دەگرێت، کە ئەوانە دەیانەوێت، ئەوە بە خوێنەر بڵێن، کە رەخنە لەبارەی ئەدەبەوە گوتوویەتی، نەوەک ئەدەب خۆی چیی گوتووە. لای ئێمە نووسەر هەیە سووک ئاسان گەیشتۆتە ئەو زۆنەیەی، کە رەخنەی ئەمڕِۆمانی پێ ناگات. لەپشت ئەو بەناوبانگانەوە سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، کە خۆیان لە پاڵپشتیی گرووپ و ستافی هەندێک رۆژنامە و گۆڤار و سایتەکان و پیاهەڵدانی هەندێک رۆژنامەنووسی سادەنووسدا دەبیننەوە. ئەوانە کە خۆیان بەمەبەست ئەو ناوبانگانەیان بەو نووسەرانە بەخشیوە، هەر خۆشیان پارێزگاری لەو ناوبانگانەیان دەکەن. ئەو دەزگایانە مامەڵە لەگەڵ ژمارە و چەندایەتییدا دەکەن، نەک لەگەڵ چۆنایەتییدا. زۆر جار جیاوازی لەنێوان نووسەراندا دەکرێت. ساڵی 2001 گفتوگۆیەک لەگەڵ (هیوا قادر) و یەکێکیش لەگەڵ مندا کرا. بۆ ئەوەی (هیوا قادر) نووسیبوویان شاعیر و رووناکبیر و بۆ ئەوەی منیش نووسەری لاو. دیارە نایشارمەوە کە بەلای منەوە (هیوا قادر) یەکێکە لە شاعیرە چاکەکانی خۆمان. (یوسف عیزەدین) یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی بایەخی پێ نەدراوە، لە گفتوگۆکانیدا زۆر بەوردی و بەئاگاییەوە لەبارەی کۆمەڵێک کێشەی فیکری و ئەدەبییەوە دەدوێت. کێ پێی گوتووە رووناکبیر؟ هەتا ئێستاش لای ئێمە تیراژی کتێب و ژمارەی دەرکەوتنی نووسەر لەسەر شاشەی تیڤییەکان پێوەرن بۆ چاکی و خراپی. رەخنەگران کاتێک رووبەڕِووی ئەو دیاردانە دەبنەوە، ناوی کۆمەڵێک نووسەری زۆر گەورە دەهێننەوە، کە بەرهەمەکانیان کەم خوێندراونەتەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی خۆیاندا. بۆ نموونە (رامبۆ) تەنها 500 دانەی لە دیوانی (وەرزێک لە دۆزەخدا)ی چاپکردووە. هەرچی (پۆل ڤێرلیەن)ی شاعیری گەورەی فەرەنسییە سەد دانەی لەوەی (رامبۆ)ی هاوڕِێی تێپەڕِ کردووە. هەر لەو سەردەمەدا تیراژی دیوانێکی (مالارمێ) 195 دانە بووە. چیرۆکنووسێکی وەکو (سالینجەر) بەردەوام دوور بووە لە چاوی رەخنەگران و لەناو تەنیایی خۆیدا درێژەی بە داهێنانەکانی داوە. دەتوانین دەیان نموونەی دیکە بهێنینەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا من باوەڕِم وایە کەم و زۆریش بەرهەمەکانم خوێندراونەتەوە. (بەختیار عەلی) یەکەمین نووسەرە لە یەکێک لە ژمارەکانی (رەهەند)دا لەبارەی (ئەسپیدیلۆن)ەوە نووسیویەتی و دەڵێت پێشتر ناوی ئەو چیرۆکنووسەم نەبیستبوو. بۆ زانینت هەموو ئەوانەی لەبارەی چیرۆک و رۆمانی منەوە نووسیویانە، یان گفتوگۆیان لەگەڵدا کردووم، پێشتر هیچ پێوەندییەکم پێیانەوە نەبووە. من هەر لە ژیانی خۆمدا، لەو کاتەی تەنها خوێنەرێکیش بووم، پێوەندییەکی کەمم لەگەڵ نووسەراندا هەبووە. ئەو نووسەرانەی پێش راپەڕِین دەمناسین ئەمانە بوون: (عەزیز گەردی، سابیر رەشید، قوبادی جەلیزادە، عەباس عەبدولڵا یوسف، ئازاد حەمەشەریف)و (زایەر عەبدولڵا)ی هونەرمەند، (هیمدادی حسێن، نەوزاد عەلی ئەحمەد). (سامی هادی)م لە راپەڕِین ناسی. (ڕِۆستەم باجەلان) لە دواناوەندی مامۆستام بوو. (کەریم کاکە) هاوپۆلی خوێندنمە لە قۆناغی سەرەتایی. پێوەندییشم لەگەڵیاندا لە ناسین تێنەپەڕِیوە. (قوبادی جەلیزاد) و (سابیر رەشید) ئەو چەند جارەی دەیانبینیم، زۆر بایەخیان پێ دەدام. (جەلیزادە) دوو دانەی لە دیوانەکانی پێشکەش کردبووم. لە هەشتا و شەش کاتێک لەبارەی (لێکترازان)ی (سەلاح عومەر) لێکۆڵینەوەیەکی رەخنەییم نووسی، دامێ و  خوێندیەوە. بڕِیار بوو کۆڕِێکم بۆ بگرن و لەو کۆڕِەدا بیخوێنمەوە، بەڵام چونکە لەو قوتابییانە بووم، کە بەشدارییان لە مەشقی هاوینەی سەربازیی رژێم نەکردبوو، لە زانکۆ دەرکرابووم، بۆیە نەمتوانی کۆرەکە بگرم. ئێستاش لەگەڵ بەشێکی ئەو سەرنجانەمم، کە لەبارەی ئەو کۆمەڵە چیرۆکەوە نووسیبووم. ئەگەرچی کۆی ئەو نووسینەم لە بەرژەوەندیی کۆمەڵە چیرۆکەکەی (سەلاح عومەر)دا نەبوو، بەڵام بووە هۆی یەکترناسینمان. ئەو کتێبانەم دەدایە (زایەر عەبدولڵا)، کە لە شاخ دەردەچوون. جارێکیان لە سەردەمی ئەنفالەکان (ڕِووبەڕِوو لە سێبەری چیا)م دایە، کە گفتوگۆیەکە لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس)دا. بەمەبەستی شاردنەوەی لە چاوی پیاوەکانی رژێم، کە پڕِی سەر شەقام و کۆڵانەکان بوون، بەرگی یەکێ لە کتێبەکانی دیکتاتۆرم بە بەرگەکەیەوە چەسپ کردبوو. کاتێک (زایەر عەبدولڵا) سەیری کرد، گوتی: (خزمە ئەتوو کتێبـی کێت لۆ من هینایە؟). پێم گوت: (دە ئەتوو بیکەوە، بزانە هی کێیە؟!). (فرسەت رۆژبەیانی)، کە لە چواری ئامادەیی یەکترمان ناسی، بەردەوام هاوڕِێیەکی زۆر هۆشیاری من بووە. من خۆم لەگەڵ ناسینی ئەودا خوێندنەوەم زیاتر خۆش ویست. لەو سەردەمەدا (شێرزاد حەسەن) کۆڕِێکی لەبارەی چیرۆکەوە گێڕِا، من یەکێک بووم لەوانەی سەرنجی خۆیان لەبارەیەوە وت، کە وەکو گەنجێکی پەراوێزخراو زۆر بە ترس و شەرمەوە قسەکانم دەکرد. من تاکە کەس بووم لەو کۆڕِە لەپاڵ ئەوەی دەستخۆشیم لەو چیرۆکنووسە کرد، رەخنەشم لێی گرت. ئەو دەیگوت رەگەزی کۆتایی لای (چیخۆف) گرینگ نییە. دەمزانی ئەو گوتەیەی لە نامیلکەی (هونەری کورتە چیرۆک)ی (ڕِەشاد روشدی)یەوە وەرگرتووە، کە ئەویش تەنها بە یەک دێڕِ ئەمەی دەربڕِیوە. لەو سەردەمەدا هەر کەسێک هەوڵی نووسینی چیرۆکی بدابوایە، ئەو نامیلکەیەی دەخوێندەوە. من لەوێ گوتم رای رەخنەگری رووسی (یەرمیلۆف) پێچەوانەی ئەمەیە، تەنانەت ئەو پێی وایە (چیخۆف) چیرۆکی (فانکا)ی لەبەر خاتری ئەو کۆتاییەی نووسیوە. هەروەها من گوتم سەیر ئەوەیە (شێرزاد حەسەن) خۆی بایەخێکی گرینگ بە کۆتایی چیرۆک دەدات، کە ئەمە وەکو رووێکی لاواز تەماشا ناکرێت. ئەو کاتە من کۆمەڵێک چیرۆکم هەبوو، کە لەبەر ناوەرۆکەکانیان لە هیچ دەزگایەکی چاپەمەنی چاپ نەدەکران، بەڵام دەمدانە زۆر لە کەسانی ئەدەبدۆست و دەیانخوێندنەوە.
من باوەڕِم نییە بەرهەمی ئێمە تەنها لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا لەبارەیانەوە بنووسرێت و لە میدیاکان قسەیان لەسەر بکرێت. من خۆم بایەخێکی گەورە بە نامە دەدەم و لەو رێگایەوە گفتوگۆ لەگەڵ کەسانێکی زۆر دەکەم. بەرهەمەکانی خۆم بۆ زۆر لەو خوێنەرانە دەنێرم، کە هەندێکیان نووسەرن و هەندێکیان خوێنەری زۆر ئەکتیڤن. لەم رووەوە ئەزموونێکی چاکم هەیە. تۆ خۆت یەکێکی لەو نووسەرانەی لەبارەی بەرهەمی منەوە تێبینییت نووسیوە و گفتوگۆمان لەسەر کردووە. من دنیایەک سوودم لە نامەکانی (زانیار محەمەد، زاریا شێخەنۆڤا، بەفرین بۆتانی، ئاراس وەهاب، دلێر ئیبراهیم سەلیم، تارا کەمال) و زۆری دیکە بینیوە. نامەکانی (زانیار محەمەد) وەکو تێکستی ئەدەبی دەخوێنمەوە، کە بە هونەرێکی سەیر دەیان نووسێت. لەگەڵ (عەبدولڵا قادر دانساز)، کە یەکێکە لە خوێنەرە زۆر جدییەکانی چیرۆک و رۆمان، بە سەعات لە تەلیفۆن گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ (عەلی عوسمان یاقووب)یش بەهەمان شێوە. (ئیسماعیل حەمەئەمین) و (نیهاد جامی) و (توانا ئەمین) و زۆری دیکە بەردەوام تێبینیی گرینگیان لەبارەی بەرهەمەکانمەوە نووسیوە. من لە ماڵێکدا لەگەڵ دوو هاوڕِێدا دەژیم، (زریان عومەر دەشتەکی) و (کرمانج عومەر دەشتەکی)، کە بەردەوام بەرهەمەکانی خۆم و نووسەرانی دیکەیان بۆ دەخوێنمەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەین.
نازانم بۆچی بەرهەمی من تا ئێستا وەکو پێویست بایەخی پێ نەدراوە، بەڵام ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر بەجێنەهێشتووم. لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی پێشووتدا باسم لە ئاستەکانی رەخنەی خۆمان کرد. دەتوانم بڵێم من بەشێکم لە رەخنەی جددی بەرکەوتووە. جارێکیان بە تەلیفۆن لەگەڵ (رائیفە ئەحمەد)ی هاوسەری (هۆشەنگ وەزیری) قسەم دەکرد، کە ئەکتەرێکی ناسراوی سوورییە و لە کۆمەڵێک کاری شانۆیی و زنجیرەی تەلەڤزیۆنییدا بەشداریی کردووە. وتی: (هۆشەنگ زۆر باسی تۆی بۆ کردووم و چەند شتێکی لە کتێبـی منداڵییتی بۆ کردوومەتە عەرەبی. حەز دەکەم تۆش هەندێکم بۆ باس بکەیت). کاتێک کورتەیەکم لەبارەی کتێبەکەوە بۆ باس کرد و چەند پەرەگرافێکم بۆ وەرگێڕِا، پرسیی: (لە کوردستان ئەو کتێبەی تۆ کراوەتە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی؟) گوتم (نەخێر). ئەو گوتی: (کتێبێکی ئاوا لە سووریا دەکرێتە گەورەترین کاری هونەری). هەموو ئەمانە ناتوانن من لەناو تەنیایی خۆمدا دەربهێنن. وەکو پێشتر گوتم گۆشەگیری بەشێک بووە لە مێژووی ژیانم. من هەتا ساڵی هەشتا و شەش پارتی بووم، لەکاتێکدا دە پارتییت لەناو هەولێردا نەدەبینی. هیچ کاتێک وەکو ئەو سەردەمە هەستم بە تەنیایی نەکردووە. لە ماڵ و لە گەڕِەک و لە قوتابخانە و لەناو جێگای نووستنەکەم و لەناو خەیاڵەکانم و لەناو خوێنی خۆمدا تەنیا بووم. کەس پشتگیریی لە بیروباوەڕِی من نەدەکرد، بگرە بەهۆی بیروباوەڕِەکەمەوە رووبەڕِووی سووکایەتی و گاڵتەپێکردن دەبوومەوە. ئەو حاڵەتە جۆرێک لە خراپتێگەیشتنی لای من دروست کردبوو. وامدەزانی بۆیە لە پەراوێز دام، چونکە وەکو ئەوان دیدگای فیکری و مەعریفییم نییە. بەردەوام هەستم بە تێکشکانی نێرگزیەتی خۆم دەکرد. ئەمە پاڵی پێوە دەنام زیاترین کاتم بۆ خوێندنەوە تەرخان بکەم. باوەڕِ بکە باوکم خوێندنەوەی لێ قەدەغە کردبووم، بۆیە دەچووم لە حەمامەکە ئاوم بەردەدایەوە، گوایە خۆم دەشۆم، بەڵام بەدزییەوە دەمخوێندەوە. یان کاتێک دەنووستن، ئینجا کتێبەکانم لە کونوکەلەبەری ماڵ دەردەهێنان و دەمخوێندنەوە. هەموو هاوڕِێکانی ئەوسام ئەم راستییە دەزانن. دەمویست لە رێگای مەعریفەوە کارێکتەریستی خۆم دابمەزرێنم. کاتێکم زانی بوومەتە کەسێکی دیکە، کە لەناو بیروباوەڕِەکەی خۆشمدا تەنیام. هەڤاڵەکانیشم کەم و زۆر لە من دەچوون. ئەوانیش چەند کەسێکی تەنیا بوون، کە کۆی تەنیایی هەموومان، تەنها دەیکردە تەنیاییەکی گەورەتر و هیچی دیکە. بەلاتەوە سەیر نەبێت، کە ئەو شانەیەی ئێمە یەکەمین گرووپی بچووکە لەناو پارتی داوای ریفۆرمی کردبێت. راستە هیچ کاریگەرییەکمان لەسەر پارتی نەبوو، بەڵام بەلایەکی دیکەدا ئاراستەیەکی دیکەمان وەرگرت. کاتێکمان زانی ئێمە وا بووینەتە کۆمۆنیست، بەڵام دیسان هەر تەنیا بووین. هەر وەکو کەمایەتی سەیر دەکراین. تۆ سەیری ئەو پارادۆکسە بکە، لەکاتێکدا پارتیبوون بۆ من مانای تەنیایی و گۆشەگیری بوو، کەچی لەدوای راپەڕِینەوە بەشێک لەو بەناوبانگانەی ئێستای ناو پارتی، کە ئەوسا بە چاوی کەم لە منیان دەڕِوانی، ئەمڕِۆ بەهۆی پارتیبوونەوە خاوەنی ناوبانگن. دیارە مەبەستم نییە بڵێم ئەمە تەنها پێوەندیی بە پارتی و بە منی نووسەرەوە هەیە، بەڵکو بەگشتی ئاوایە. ئەو فێڵەی بەناوبانگەکان کتومت لەو فێڵە دەچێت، کە بە منداڵی پەنامان بۆ دەبرد. من خۆشم ئەمەم کردووە. هەر کە دەمبینی منداڵانی دیکە لە زەماوەندەکان لەسەر کورسییەکان دانیشتوون و جێگای من نەماوە، یەکێکیانم بانگ دەکرد، گوایە دەمەوێت بەدزیی ئەوانی دیکەوە قسەیەکی پێ بڵێم. هەرکە ئەو هەڵدەستا، من خۆم لە شوێنی دادەنیشتم. ئەو بیرۆکەیەم لە چیرۆکی (ڕِۆژژمێری چاڵدێران)دا تەوزیف کردووە. (باوکی شاناز)، کە مێژوونووسە لەبارەی ئەو نووسەرانەوە دەڵێت: (لەکاتێکدا زۆربەی خەڵک بە پاشا و سوڵتانەکاندا هەڵدەدەن، ئەوان لە دژیان دەوەستن، تا وایان لێدەکەن، پشتیان تێبکەن و بەگژیاندا بچنەوە.. ئینجا خۆیان سووک و ئاسان جێگایان دەگرنەوە). لەو دوو ساڵەی لە زانکۆ دەرکرابووم، پێوەندییەکی خۆشەویستییم لە دەست چوو، کە ئەمە کاریگەریی زۆری کردە سەرم. وا هەست دەکەم ئەوە منی زیاتر بەلای ئەدەبدا وەرگێڕِا. زۆریش کەوتمە بەر رەخنەی هاوڕِێیان. زیاتر دەمخوێندەوە و زیاتریشم دەنووسی، بەڵام وەکو گوتم نەدەکرا لە هیچ دەزگایەکی چاپەمەنیی ئەوسادا چاپیان بکەم. لە نۆهەد و دوو لە ئەڵمانیا جورئەتم کرد و پێوەندیی خۆم بە ئایدیۆلۆژیاوە بڕِی. لەمەوە هەموو گۆشەگیری و تەنیاییەکانی خۆمم بۆ ناو ئەدەب گوێزایەوە.
نووسەر لەگەڵ خوێنەر کۆنتاکت دەکات، کە ئەو خوێنەرە لەناو کۆمەڵگەدا کەمایەتییە. گۆرانیبێژ دەتوانێت زۆر ئاسانتر ناوبانگ دەربکات، چونکە کۆنتاکتی ئەو لەگەڵ زۆرینە دایە. نووسەر لە رێگای وشەوە دەیەوێت بچێتە ناو کۆمەڵگە و گۆرانیبێژ و ئەکتەر لە رێگای وێنەوە. دیارە نووسەر دەتوانێت بە وشە وێنە پێکبهێنێت، بەڵام ئەو وێنەیە زیاتر کۆنتاکتی عەقڵە لەگەڵ عەقڵدا، هەرچی وێنەی تیڤی و سینەمایە کۆنتاکتی هەست و سۆزە لەگەڵ هەست و سۆزدا. دووپاتکردنەوەی وشە زەحمەتە و هی وێنە پرە لە ئاسانکاری. بەمانایەکی دیکە وشە نەک هەر گەیشتنی سەختترە لە وێنە، بەڵکو وەرگرتنیشی خۆی لە کۆمەڵێک مەرجی وەکو ناسینەوە و ویستندا دەبینێتەوە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئیستاش بەهۆی زامننەکردنی مافی خوێندن بۆ هەموو تاکێک، بەشێکی زۆر ناتوانن وشە بناسنەوە، لەکاتێکدا هەر ئەوانە دەتوانن زۆر بەئاسانی وێنەکان وەربگرن. وشە ناتوانێت وەک وێنە خۆی بسەپێنێت. وێنە خێراییەکەی ئەوەندە گەورەیە، کاتێک رووت تێدەکات، تۆ توانای ئەوەت نییە بیر لەوە بکەیتەوە، ئاخۆ دەتەوێت وەریبگریت، یان رەتی بکەیتەوە.  لە رووی ئیکۆنۆمییەوە نرخی وشە زۆرترە لە هی وێنە. کڕِینی کتێب و گۆڤار و رۆژنامە بەبەردەوامی توانایەکی گەورەی ئیکۆنۆمیی دەوێت، لەکاتێکدا ئامێرێکی تەلەڤزیۆن بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانێت بێشومار وێنەت بداتێ. ئەمە تەنها پێوەندیی بە ئێمەوە نییە، بەڵکو کێشەیەکە ئەمڕِۆ لەسەر ئاستەکانی فیکر و فەلسەفەدا ئیشی لەسەر دەکرێت. (ڕِێجیس دۆبرێ) پێی وایە هۆی رووخانی سیستەمی سوسیالیزمی سۆڤیەت لەبەر ئەوە بوو، کە نەیتوانی وەکو رۆژئاوا وێنە بەرهەم بهێنێت، نەک فیکر. (جێنێفەر لۆپێز)ی گۆرانیبێژ لە گفتوگۆیەکیدا گوتی: (ناوبانگم کوشتمی)، چونکە وەکو خۆی دەیگوت زۆر لە دەرهێنەرەکان ناچاری دەکەن لە هەندێک فیلمدا بەشداری بکات، کە ئاستیان زۆر نزمە. چەندین شاعیر هەن هەر لەو ئەمەریکایە ناتوانن شیعرەکانیان بەشێوەیەکی پێویست بگەیەننە خوێنەر. لێرە مەبەستم نییە لە نرخی هونەری گۆرانی کەم بکەمەوە، کە پێم وایە هەر یەکێک لە ئێمەی نووسەر خۆی بە گۆرانیبێژێک دەزانێت. ترسی نووسەری ئێمە لە ژیانی پەراوێز لەسەر ئاستی تاکدا پێشتر ترسێکە لەسەر ئاستی کۆدا. ئێمە بەردەوام ترسێکی گەورەمان لەبەرامبەر ئەو تێڕِوانینەدا هەبووە، کە دانی بە بوونماندا نەناوە، یان وەکو کەمایەتی سەیری کردووین. هەتا ئێستاش خوێنەری ئێمە، کاتێک کتێبێکی بێگانە دەخوێنێتەوە، لەپێشدا لە وشەی (کورد) و (کوردستان) دەگەڕِێت. ئێمە هەموومان پێمان خۆشە بەرهەمەکانمان بگاتە زیاترین خوێنەر، بەڵام هەمانە بەلایەوە گرینگە لەپاڵ ئەمەدا چۆنایەتییش لەبەرچاو بگرێت. با شتێکی دیکەشمان بیر نەچێت، کە ئەوە هەر ئێمەی نووسەر نیین پەراوێز دەخرێین. زۆر هونەرمەندی چاکیشمان هەن، کە لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی توانای گەورەن لە بەرهەمهێناندا، بەڵام چونکە نایانەوێت بەپێی خواستەکانی بازاڕِ، بەرهەمەکانیان بخەنە روو، ئەوا بەئاسانی لەبیر دەکرێن. من زۆر جار لە خۆم دەپرسم ئەوە بۆ کەس ناوی (قاسم عەزیز)ی هونەرمەند ناهێنێت؟ خۆ ئەو توانایەکی گەورەی لە بواری سینەمادا هەیە و ئەکتەرێکی لێهاتووشە. گۆرانیبێژێکی بەتوانای وەکو (حەمەڕِەئوف کەرکووکی)یش دنیایەک ئێش و ئازاری خۆی هەیە. حاڵی (خالید رەشید) و (شەهێن تاڵەبانی) و (میکایل) لە هی ئەو باشتر نییە. لەم دانیمارکە هونەرمەندێکی وەکو (نازێ)مان هەیە. بە رۆح گۆرانی دەڵێت و بەقەدەر یەکێک لەو گۆرانیبێژە خراپانەش بایەخی پێ نەدراوە، کە بۆ پڕِکردنەوەی کەموکوڕِییە زۆرەکانیان، دەیان فێڵمان لێ دەکەن. ئەو هونەرمەندە لەگەڵ (نەورۆز)ی هاوسەری دوو منداڵی بلیمەتیان پێگەیاندووە، (یەسنا) و (ئاڤێستا)، کە لە ئێستاوە لەسەر ئاستی گۆرانی و موزیکی دانیمارکییدا شوێنێکی گرینگیان گرتووە.


Previous
Next

Leave a Reply