Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

دیکتاتۆریەتی کوێر

Be First!
by September 8, 2008 گشتی

  دیکتاتۆریەتی کوێر
 (لەپەراوێزی تیرۆرکردنی سۆران مامەحەمەدا)
 ئیسماعیل حەمەئەمین

 دیکتاتۆریەتی کوێر دیاردەیەکی سەیرە لەنێو هەناوی شۆڕشگێڕە دێرینەکانەوە چەکەرەدەکات. وەک گیاکەڵەیەک سەرەتا لاواز و بچوکە و نەشونمای  سنوردارە. لەگەڵ گۆڕینی بارودۆخەکاندا وخیانەتی شۆڕش لەپڕنسیبە سەرەتایەکانی خۆی، دیکتاتۆریەتێک پێدەگات کەمن لەم گوتارەدا بەدیکتاتۆریەتی کوێر ناوی دەهێنم. دیکتاتۆریەتی کوێر لەنێو دووفاقیەکی ئەخلاقی گەورەدا دەژی، هەڵگری دەبڵ مۆڕاڵیەکی سەختە کەخودی خۆی دەخاتە سەر لێوارەکانی کەرتبوون و عوساب و لەدواجاریشدا دوژمنایەتیەک بۆ دەرەوە. سەیر لەوەدایە ئەم جۆرە دیکتاتۆریەتە خۆی بەباشی ناناسێت و غافڵە لەو بنەما دیکتاتۆریەتەی کەلەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە. غافڵە لەناسینی خۆی وەک دیکتاتۆریەتێک کەلەنێو دەسەڵاتی ڕۆژانەیدا پەروەردەی کردووە. هەموو مومارەسەکردنێکی بەرەو ئەو ئاقارە دیسپۆتزمە دەڕەوتێت، بەڵام بەبێئەوەی خۆی ئاگاداری ئەو گۆڕانە سەلبیانە بێت کەپێدا تێپەڕ دەبێت. دەم وچاو  گۆڕانی دیکتاتۆریەتی کوێر لەسەر خۆ و هێمنە و ماوەیەکی زۆری دەوێت، تاوەکو دەگاتە سوڕی کۆتایی خۆی. دیکتاتۆریەتی کوێر هەمیشە خۆی لەبەرەی پاڵەوانانی نەتەوە و شۆڕشگێڕان و دیموکراتخوازاندا دەبینێتەوە، هەموو ئەو کردە سەلبیانەی ڕۆژانە لەنێو دەزگاکانی دەسەڵاتیدامومارەسەی دەکات بەکارێکی سروشتی تێدەگات. هەمیشە لەو بڕوایەدایە کەئەو شەڕ بۆ دیموکراتیەت و ئازادی دەکات، لەبەرئەوە مەزندەی ئەوە دەکات کەهەموو ئەو میتۆدانەی دەستی داوەتێ لەپێناو لابردنی کۆسپەکانی بەردەم ئازادیە، نەک لەپێناو فراونکردنی سنورەکانی دیسپۆتیزم. ئەم کوێریە سوڕێکە بەشێکی زۆری ئەو دەسەڵاتانە پێدا تێدەپەڕن کەزەمەنێک خۆیان هەڵگری کولتورێکی شۆڕشگێری بوون، خۆیان خاوەنی چ نەبێت گوتارێکی بەرگریکردنێک بوون لەدژی حوکمی دیکتاتۆریەتێکی دەسەڵاتدار. زۆربەی ئەم پەتای کوێریە ئەو پارت و بزواتانە دەگرێتەوە کەلەقۆناغی شۆڕشەوە دێنە نێو قۆناغی حکومەتەوە.
 دوای ڕوخانی دیکتاتۆریەتە گەورەکان حوکمی شۆرشگێڕە دێرینەکان و مۆنۆپۆلیزەکردنی ئەوان دەستپێدەکات. دیکتاتۆریەتی کوێر ئاوەها سەرەتا لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کەجیاوازی دادەنێت لەنێوان ئێمەی شۆرشگێڕی دێرین و ئێوەی هاوڵاتیان، لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کەخۆی لەسەروو چەمکی هاوڵاتبوونەوە تێدەگات. لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە شۆڕشگێرەکان دەیانەوێت هیلاکی ساڵانی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە، برینەکانی سەر لەشیان بەشانازیەوە نیشانی مەدەنیەکان بدەن. ئەمە سەرەتای ئەو کوێریە،کە تەمێکی تەنک  لەسەر چاوی شۆڕشگێرە دێرینەکان دروست دەکات، تەڵخیەک ڕۆژ بەڕۆژ لەژیانی کۆمەڵگە و خەمەکانی دووریان دەخاتەوە. چیرۆکی ئەم دیکتاتۆریەتە کوێرە چیرۆکێکی غەمبارە، دیارە هەموو شۆڕشگێرێک ناگرێتەوە، ئەوانەی کەبەهەقەت لەماناکانی شۆڕش و ژیان تێگەیشتوون، لەزۆرانبازیەکاندا بەهۆشمەندەیەوە مامەڵەیان کردووە و بەردەوام لەنێو شۆرش و بزواتەکاندا هەڵگری هەستێکی ڕەخنەیی بوون لەخۆیان و لەشۆڕش. ئەمانە ناچنە نێو سێکتی دیکتاتۆریەتی کوێرەوە. ئەمانە دژایەتی ئەو دیکتاتۆریەتە کوێرە دەکەن کەڕۆژ بەڕۆژ دەیەوێت ژیانی مەدەنیەت لەکۆمەڵگە بسەنێتەوە، ڕۆژ بەڕۆژ کوێرانە گاگۆڵکەیەتی. دیکتاتۆریەتی کوێر زیاتر لەنێو پارتیزان و میلیتانت و جەنگاوەرانەوە سەردەردەهێنێت، لەو هەستەوە چەکەرە دەکات، کەئەمان تاوەکو دوێنێ لەجەنگدا بوون و بۆ خەڵکی هیلاک بوون ، ئێستاش  بەپێی هیلاکی و ئینتما حیزبی و خێڵەکی و ئیتنیەکان، سەردەمی خواردنی بەربوومەکەی دەستێپێکردووە. دیکتاتۆریەتی کوێر دەکەوێتە پۆڵێنکردن و لەم پۆڵێنـکردنەدا کۆمەڵگەی مەدەنی  و دام ودەزگاکانی جگە لەنێچیرێکی ئەو نەبێت هیچیتر  نیە لەلای. قبوڵ ناکات یاسایەک هەبێت بەسەر ئەودا بسەپێت، قبوڵ ناکات لەبەردەم ترافیک لایتدا بوەستێت، قبوڵ ناکات لەهیچ شوێنێکدا بێت مامەڵەی ئەو و هاوڵاتیەک وەک یەک بێت، ئەو خۆی بە (مێگاهاوڵاتی) تێدەگات، ئەگەر هاتوو (سوپەر هاوڵاتی) نەبێت. لێرەوە خاڵی وەرچەرخانی سایکۆلۆژی دەستپێدەکات، کوێر بوون لەو خاڵەوە دەستپێدەکات، کەخۆیان بەسوپەر هاوڵاتی تێدەگەن. وەرچەرخانێکە، وەهمێکە، بەردەوام کەڵکەڵەی نێو بیرکردنەوەیانە و ختوکەیان دەدات، جۆرێکە لە بارانۆیا و هەستکردن بەمەزنی، لەو وەهمەدا دەژین کەئەوان خاوەنی توانای خاریق و تیژبڕن، ئەوان بوون دیکتاتۆریەتیان کێشا بەزەویدا،ئەوان بوون شەڕی سەخت و خوێناویان کرد، ئیدی کێ دەوێرێت لەپشتی ئەوان نێزیک بێتەوە، چجای پشتی ئەوان بدات لەزەوی، لێرەوە توندوتیژی بەکارهێنان لەدژی هاوڵاتیان بەکارێکی مەشروع تێدەکەن، بەپڕۆژەیەکی نەتەوەیی دەچوێنن. دیکتاتۆریەتی کوێر دەکەوێتە سەر ئەو بیروڕا هەڵەیەی،  کەدیموکراتیەت خوێن ڕشتنێکی زۆری پێویستە، نەک گفتوگۆی ئەقڵانی . ئیدی تەڵخی و تەمی سەرچاوان دەگاتە ڕادەیەک لەگەڵ بەردەوامبوون و مانەوەیان، ئەو بێدەنگیەی خەڵکیان لەلادەبێتە ئەکتێکی ڕازیبوون و مەشروعیەتی دەسەڵات.
 دیکتاتۆریەتی چاوساغ بەپێچەوانەی کوێرەوە، هەر لەسەرەتاوە بنەمای پارت و جوڵەو هەڵسوڕانی ئاڕاستەکراوە، گاڵتەی بەدروشمەکانی ئازادی و دیموکراتیەت و جەماوەر دێت، هەموو دنیا لەلای دیکتاتۆریەتی چاوساغ  لەدوو بەرەدا خۆی دەبینێتەوە، یاخود لەبەرەی مندای، یاوەکو لەبەرەی دژدا یاری دەکەیت. بۆنمونە میتۆدەکانی نازیەت هەر لەسەرەتاوە خۆی بەوەهمی دیموکراتیتەوە سەرقاڵ نەکرد، سوتاندنی دوکانی جولەکە و دژە سامیەت دروشمی ئاشکرایان بوو، ئەوەی بڕیاری بدایە ببێت بەنازی دەیزانی دەبێت چی بکات و چی نەکات. هەروەها لەمێژووی ئێراقیشدا ئەوەی بڕیاری بدایە ببێت بەبەعسی دەیزانی دەبێت هەموو توندوتیژیەک بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی بەعس، کەئەویش مانەوەیە لەدەسەڵات و گرتنە دەسەڵاتە. لەم پەراوێزەدا بەعسیە کۆنەکانی وەک عەلاوی چەندەهای دیکەی وەک هانی فەکیکی وبەعسیەکانی دیکە، دەیانەوێت ئەوەمان پێبڵێن کە پارتی بەعس لەسەرەتاوە شۆڕشگێڕ بووە و پاشان ووردە ووردە کوێرمووشە بووە وچۆتە نێو سوڕی دیکتاتۆریەتەوە. بەڵام ئەوانە خۆشیان لەوە تێناگەن کەئەو درۆ گەورانەی دەیکەن هەر لەسەرەتای دەکەوتنی بەعسەوە پووچ دەبێتەوە، هەر لەگەڵ یەکەم شەوی گرتنە دەستی حوکم لەشەست وسێدا، سەدەها خەڵک بەدارتێلەکاندا هەڵواسران، بەهەزارەها لەیەک هەفتەدا کوژران و هەڵاتن و بەندکران و ئەشکەنجەدران، شەمەندەفەری مردنیان بۆ وەگەڕ خرا. بەمشێوەیە بەعس بەپێچەوانەی تێزی ئەوانەی  کەدەڵێن سەرەتا شوڕشگێڕ بووە و باوەڕی بەعەدالەتی کۆمەڵاتی و سۆسالیستی و مافی نەتەوەکان هەبووە و پاشان لەڕێگەی سەدام و دەستەکەیەوە بەعس لەپارتێکی سیاسیەوە بەرەو دیکتاتۆریەتێکی کوێر هەنگاوی ناوە!. ئەم تێزە تەواو پێچەوانەی سەرەتاکانی مێژووی بەعسە لەئێراق و ناوچەکەدا، کەجگەلەدیکتاریەتی سەدام و ئەسەد نەبێت هیچی تری بەرهەمنەهێناوە،بەعسیەک نەبووە لەدەسەڵاتدا شەریف بووبێت بەمانای شەرەفی سیاسی و ئەخلاقی ئینسانی، بەعسیەک نەبووە کەلەنێو دەسەڵاتدا یاری کردبێت و پلەی هەبوو بێت، دەستی خوێناوی نەبووبێت بەخوێنی هەزارەها خەڵکی بێتاوان. بەعس و دیکتاتۆریەتەکانی وەک بینۆشێت و فاشیەت و نازیەت و چەندەهای دیکە دیکتاۆریەتێکی چاوساغن، خەڵکی لێیان قبوڵ کردن تاوەکو گەیشتنە سەر ئەو بڕوایەی کەچاریان نیە، جگەلەوەی دەبێت کوێریان بکەیت، کەکوێر بوون ئەو ساتە توڕەتر و خوێناویتر دەبن، کوێرانە دەست دەوەشێنن، ئەم دەست وەشاندنە کوێرانەیان ئاماژەیە بۆ گەیشتنیان بە قۆناغەکانی کوێری، ئیدی لەکوێریەوە بەرەو مردن هەنگاو دەنێن.
 ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە لەکوێریەوە بۆ چاوساغی و لەڕۆشنایەوە بۆ کوێربوون، قەدەری دیکتاتۆریەتەکانە. ئیدی ژیانیان کورت بێت یان درێژ  ئەوا بەنێو  چاوساغی و  کوێریدا تێپەڕ دەبن. گەر هێزە شوڕشگێڕکان بن و ووردە ووردە دەبن بەحوکمی ئۆلیگاریشی حزبی، یاوەکو ئیدۆلۆژی، ئەوا سەرەتا بەکوێرەمووشەیی دەست پێدەکەن و لەترۆپکدا دەبن بەدیکتاتۆرێکی چاوساغ و لەدوا قۆناغیشدابەتەواوەتی کوێر دەبنەوە.  کەکوێر بوون ئیدی حەیاچوون و ڕای گشتی وکۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراتیەت لەفەرهەنگی ئەوان دەسڕدرێتەوە، ئیدی هیچ حەیاچوونێک و تاوانێک دڵیان نالەرزێنێت، هیچ حوکمێکی ئەخلاقیش لەمامەڵەی ڕۆژانەیاندا بوونی نامێنێت. دەتوانن دوای ئەوە دەم و چاوی خۆیان بەڕوونی ببینین، ئەویش دەم و چاوی دیکتاتۆرێکی تەواو  کامڵە بەهەموو پێوەرەکان…بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کەمێژوو ئەوەی سەلماندووە کوێربوونی ئەبەدی بەدووی دیکتاتۆرەکانەوەیە، ولەقەدەریان نابێتەوە. ئەم هاوکێشەیەی کوێربوون و چاوساغبوون و دووبارە کوێر بوونە، یاخود بەشێوەیەکی دیکە کوێرە مووشەیی شۆڕشگێرەکان و بوونیان بەدیکتاتۆری چاوساغ و دووبارە کوێربوونی ئەبەدیان وەک هەموو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، هاوکێشەیەکە جوڵەی ناوەکی دیکتاتۆریەتی پێکهێناوە. ئەوانەی ئەو ڕیتمی کوێریە دەدۆزنەوە و ئاشکرای دەکەن، ئەو کەمانچەژەنانەن کەنهێنی ڕیتمی لاشەی زیندوویی دیکتاتۆریەتی کوێریان دۆزیوتەوە، ئەو ئاوازە دەژنن کەڕۆژەکانی دیکتاتۆریەتی کوێر لەکۆتایی نێزیک دەکاتەوە. دیکتاتۆریەتی کوێر زۆر لەو کەمانچەژەنە دەترسێت، کەکوێری ئەو بانگەشدەکات، زۆر لەو کەمانچەژەنانە دەترسێت  کەئاوازی جەنازەی دیکتاتۆریەت بەکوێری دەباتە سەر گۆڕستانی مێژوو. سۆرانی مامە حەمە یەکێک بوو لەو کەمانچە ژەنە ئازادانەی لەدژی دیکتاتۆریەتی کوێر لەجەنگدا بوو.
 لەم سەرتایەوە کوژرانی (سۆرانی مامەحەمە)، تەنها کوژرانێکی ئاسایی نیە، بەڵکو کوژرانێکی ڕەمزیە لەنێوان ئۆپۆزیسێۆنی کولتوری و دیکتاتۆریەتی کوێری جەنگاوەرە دێرینەکان. ڕەمزە بۆ ئەو زۆرانبازیە سەختەی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کولتوری، کەڕۆژنامەنوسان و نوسەرە جیدیەکان خستۆتە بەرەیەکەوە، ئەو شەلاتی و گەندەڵ و کاسەلێس و بەعسی ڕەفتار و کۆنەبەعسی و ئەنفالچی و ماستاوچیەکانی خزمەتچی دیکتاتۆریەتی کوێری خستۆتە بەرەیەکی دیکەوە. لەسەرێکی دیکەوە ئەوانەی بەو کارەهەڵساوون ئەو شەلاتی و چەقۆکێشانەن کەبەمێژووی ئێمەی کورد نامۆ نین، لەوەتەی مێژووی کورد بووە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێو ماڵی خۆی، کۆنە شەلاتیەکانیان زیندووکردۆتەوە و پەلاماری هەموو هێزێکیان پێداوە کەڕەخنە لەدەسەڵاتیان بگرێت. بەداخەوە هەمیشە ئەم شەلاتیانە سەرەتایەک بوون بۆ ڕووخانی هەموو دەسەڵاتێکی کوردی کەلەقۆناغێکدا هەلی مێژوویی بۆ هەڵڕەخسابێت، ئەم شەلاتیانە لەگەڵ نشوستی ئەزمونەکانیش بەخێرایی لەمبەرەوە بازیان هەڵداوەتە ئەوبەر و چەقۆکانیان لەخزمەتی دەسەڵاتێکی دیکە خستۆتە گەڕ.  ئەو هێزەی لەپشت کوژرانی ڕۆژنامەنوسێکی وەک (سۆرانی مامەحەمە) یە هێزێکە سەرەتای کوێربوونی خۆی بانگەشەکردووە، ئەو شەلاتیانەی کەئەو هێزە بەکرێیگرتوون بۆ لەناوبردنی چەندەها ڕۆژنامەنوس و نوسەر  و هەڕەشەلێکردنیان، دەسەڵاتێکە نەک توانای بردنەوەی گرەوەکانی مێژووی نیە، بەڵکو لەسەر ئاستی سیاسیش لەداهاتوودا حسابی هێزێکی موخابەراتی بچوک و بەکرێگیراویشی بۆ ناکرێت. هێزێک لەشۆڕشەوە بێتە سەر ئەوەی لەڕەخنە و ڕۆژنامەنوسان بترسێت و شەلاتیان بۆ وەگەڕخات، حەتمەن زۆربەی گرەوە سیاسیەکانی دۆڕاندووە، ئەگەر هەمووشی لەدەست نەدابێت. کوژرانی سۆران کوژرانێکی ڕەمزیە بەهەموو ماناکانیەوە، ئاماژەیە بۆ لاوازی دەسەڵاتێک کەنەک توانای پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی نیە، بەڵکو بەبێدەنگی لەسەر کوژرانی دەنگە دیموکراتخوازەکان دەبێتە شەریکە تاوانی. 
 کوژرانی سۆران ڕەمزیە و دەلالەتی زۆری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، جیاوازە لەهەموو کوژرانەکانی لەوەوبەر. بۆنمونە زۆر لەنوسەران کوژرانی دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف و کوژرانی سۆران مامەحەمە دەخەنە یەک خانەوە، لەیەک گۆشەوە خوێندنەوەی بۆدەکەن. من پێموایە کوژرانی عەبدولستارتاهیر شەریف،نەک جێگەی ئیدانەکردنە بەڵکو جێگەی قێزەونیشە لەدەستێکی  کوێر کەپیاوێکی سیاسی ئاوەها لەسەر چەند چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنوسی بکوژێت، بەڵام نابێت کوشتن ئەو پرۆسێسە بێت کەجەوهەری کەس و ئینتیمایان بۆ زۆرانبازیەکانیان لەبیربەرێتەوە.   کوژرانی  دکتۆر عەبدولستار، کوژرانی یارکەرێکی نێو گۆڕەپانەکە بوو کەلەگەڵ خۆیاندا هەمان یاری دەسەڵاتی  کردووە، لەم ساڵانەی دوایدا ویژدانی ئازاری داوە و بڕیاری داوە باس لەهەموو ئەو چیرۆکانە بکات کەبەدەوری ڕەمزەکانی دەسەڵاتی کوردیەوە وەک ڕوناکیەکی ڕۆشنی پیرۆز بازنەی بەستبوو. ئەو ویستی ئەو حەرامە، ئەو تابۆیانەی ڕەمزەکان تێک و بشکێنێت، دەیویست بڵێت منیش لەنێو ئەم یاریەدا بووم و وەک جەنگاوەرێکی دێرین بڕیاری دابوو سەرەتای چیرۆکەکەی بگێرێتەوە. ئیدی ئەمەش سەرەتای دابەزاندنی ڕەمزەکانی دەسەڵات بوو لەئاسمانی پیرۆزیەوە بۆ بەردەم دادگایکردنی مێژوویی،ئەمەش دۆسیەی کوشتنی عەبدولستار تاهیر شەریفی دایە دەست شەلاتیەکان، لێرەوە کوژرانی دکتۆر عەبدولستار کوژرانی شەریکە دوکانێکی دەرکراو بوو. بەڵام کوژرانی سۆرانی مامە حەمە کوژرانێکی ڕەمزی و کولتوریە و خۆی لەتیرۆرکردنەکانی دی جودا دەکاتەوە،بەوەی سۆران یاریکەری نێو چیرۆکەکانی ئەوان نەبووە، سەر بەنەوەیەکی نوێیە و لەوبەری چیرۆکەکانی دەسەڵاتەوە قسەی خۆی کردووە نەک لەمبەری نێو زۆنگاوەکانی دەسەڵات. وەک کولتوریش سەر بەو بەرە کولتوریە ڕەخنەگرەیە کەڕۆژ بەڕۆژ نەش ونما دەکات. لێرەوە کوژرانی ئەو ڕەمزیە بەهەموو مانایەک، چونکە لەگەڵ کوژرانی سۆراندا ئەو پردە یچڕا کەلەنێوان دەسەڵاتی دیسپۆت و دۆزی ڕەخنەدا هەبوو، ئەو هیوا درۆزنەش ڕەویەوە کەدەسەڵات توانای ڕیفۆرمی لەخۆدا هەڵگرتووە، لەگەڵ ڕژانی خوێنی سۆران، تەمی نێوان مەترێز و سەنگەرەکانی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کولتوری ڕەخنە ودەسەڵاتی دیسپۆتدا ڕەویەوە، ئێستا خوێنی ئازادیخوازێک ڕژاوە و خوێنی دیکەش دەڕژێت، ئێستا ڕوون بووە لای هەموومان، کەهەریەکێک لەئێمە پرۆژەیەکین بۆ ئەوەی دۆسیەکانمان بدرێتە دەست شەلاتیەکانی دیکتاتۆریەتی کوێر.
  چرکەساتی کەوتنی لاشەی خوێناوی سۆران بۆ سەر زەوی حەوشەی ماڵەویان،سەرەتای چرکەساتی  درێژبوونەوەی ئەو جۆگەلە خوێنەیە کەلە داهاتوودا لەنێوان ئێمەی نوسەران و دیکتاتۆریەتیدا خۆی درێژ دەکاتەوە. بەمشێوەیە خوێنی سۆران ڕەمزی کوێربوونی ئەو دیکتاتۆریەتە شاراوەیە کەدەیەوێت لەزەمەنێکدا پێبگات، کەزەمەنی ئەو نەماوە، بەداخەوە دەیەوێت بەهەمان کۆنەهەواری شەلاتیەکانی سەدامدا ڕێبکات، دەیەوێت تازە بەتازە لەکونی ماستاوچی و گەندەڵ و شەلاتیەکانەوە دەوڵەت بینابکات و ببێتە کۆمەڵگەی مەدەنی. ئەم دەسەڵاتە کوێرە  تازە بەتازە بەکۆنە هەواری  هەڕەشەکردن  و تیرۆرکردنی ئازادیخوازندا ڕێدەکات، نازانێت کەئەم میتۆدە ناتوانێت تاکە وشەیەکی هەقیقەت لەق بکات. کوژرانی سۆران سەرەتای کوێربوونی شۆڕشگێرەکانە لەبەردەم دیسپۆتیزمدا، لەهەمانکاتیشدا سەرەتای کوێربوونی دەسەڵاتێکە لەبەرامبەر ئاوازی کەمانچەژەنە نەبینراوەکان، ئەو کەمانچەژەنانەی دەسەڵاتی کوێر ڕقی لێیانە و دەزانێت ئەو ئەوانن ئاوازی جەنازەی ئەو لێدەدەن. سۆران یەکێک بوو لەو کەمانچەژەنانەی موزیکی جەنازەی بۆ لاشەی دیکتاتۆریەتی کوێر دەژەنی، بەکوژرانی ئەو دیکتاتۆریەتی کوێر ڕزگاری نابێت لە کەمانچەژەنە ئازادەکان، ئەوان بەردەوامن لەموزیک تاوەکو دیکتاتۆرە چاوساغەکانیش کوێر دەبن. ئیدی کوژرانی سۆران، سەرەتای کەوتنەخوارەوەی مێژووی شۆڕشە بۆ نیو زۆنگاوەکانی دیکتاتۆریەتی کوێر و دیسپۆتیزم، بۆ نێو زۆنگاوی شەلاتی و چەقۆکێشەکان.
  27.07.2008
 لەهاوڵاتی ژمارە   453 ساڵی 2008 بڵاوبۆتەوە.
 

Previous
Next

Leave a Reply