Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

رۆژنامه‌ فایلداره‌كان…..سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

Be First!
by June 9, 2009 گشتی

 

 چ عه‌یبی تێدا نییه‌ هه‌موو كه‌سێك فایلی هه‌یه‌ ، به‌ كوردییه‌كه‌ی هه‌موومان فایلدارین ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ فایله‌كه‌ چی تێدایه‌ ، فایل هه‌یه‌ بیكه‌یته‌وه‌ بۆنی جیقنه‌ی لێدێ‌ ، هه‌شه‌ بۆنی ریخی لێدێ‌ ، فایلیش هه‌یه‌ هی سه‌رده‌می زووه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌بن هه‌نگران بووه‌ بۆنی ئه‌ویێ‌ گرتییه‌ ، فایل هه‌یه‌ زه‌رده‌ ، هه‌شه‌ سۆرو كه‌سكه‌ ، هه‌شه‌ خه‌ت خه‌ته‌ ، جاره‌كی یه‌ك له‌ فایله‌كانی خۆم دیته‌وه‌ راپۆرتێكی خه‌ته‌ری تێدا بوو لێینووسرابوو بۆ هه‌ڵگرتن ، براده‌ره‌ك گۆتی ده‌زانی ئه‌و بۆ هه‌ڵگرتنه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی خه‌ته‌رتره‌ .
ئێمه‌ له‌ وڵاتێكدا ده‌ژین پیاو سه‌ریشی سپی ده‌كات و ده‌چێته‌ ژێر گڵیشه‌وه‌ هه‌ندێ‌ شت هه‌یه‌ هه‌ر تێیناگات ، ناحه‌قیشی نییه‌ لێیتێنه‌گات ، چونكه‌ وای لێهاتووه‌ خودی سیناریۆنووسه‌كان و ده‌رهێنه‌ركانیش كه‌ خۆیان خاوه‌نی فیلمه‌كانن ئه‌وانیش له‌ فیلمه‌كانی خۆیان نه‌گه‌ن .
كار وابڕوات ماوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌ست به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فایلی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ده‌كرێت ، ئه‌وه‌شی فایلی نه‌بێت به‌ یه‌ك سه‌ركه‌ په‌تاته‌ی لۆی دروست ده‌كرێ‌ ، و شه‌ڕی ناوخۆی گۆڤار و رۆژنامه‌ ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بێلایه‌ن و ئه‌هلییه‌كان ده‌ست پێده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌ بن بڕێیه‌ دێته‌ سه‌ر به‌ڕێ‌ ، خۆ سه‌ری دونیای به‌ پووشی نه‌گیرایه‌ ، كه‌س نه‌توانی پێیان بڵێ‌ له‌ پشتی چاوتان دوو برۆ هه‌یه‌ . قابیله‌ نه‌زانین ده‌ستی كێتان له‌ پشته‌و  كێ‌ لوقمه‌ نانێكتان ده‌داتێ‌ .
هه‌رچه‌نده‌ راست و چه‌پ وه‌ها تێكه‌ڵ بووه‌ سه‌گ ساحێبی خۆی ناناسێته‌وه‌  ئه‌وانه‌ی تا دوێنی راست بوون ئه‌وڕۆ چه‌پن ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چه‌پبوون ئه‌وڕۆ راستن ، نه‌فه‌ر هه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان نه‌مزانیوه‌ نووسه‌ر بووبێت ، كه‌چی له‌پڕ ده‌بێته‌ سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌ك یان گۆڤارێك ، باسی هه‌موو شتێكی خه‌ته‌ریش ده‌كات ، ده‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌شم لۆ بینی ئه‌مریكا په‌نجه‌ی ده‌بڕێت .
براده‌ر هه‌یه‌ ئێواره‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ بووینه‌ ، پاره‌ی چای پێنه‌بووه‌ ، كه‌چی بۆ به‌یانی ناوی به‌سه‌ر گۆڤارێكه‌وه‌یه‌ وه‌ك سه‌رنووسه‌ر، كۆمه‌لێك پاڵه‌وانیش به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئاگاداری تڕو فسی خۆیان بن ناویان له‌ خواره‌وه‌ وه‌ك ستاف ریزكراوه‌ .
به‌ڵام باشتر وایه‌ پیاو زوو شه‌رحی حالی خۆی بكات ، وه‌ك ئه‌و مه‌لای ئاخیر زه‌مانه‌ی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی دوعا به‌ له‌زه‌ت و به‌نرخ و شیرنه‌كانی  شه‌ڕحی حالی خۆی كردو ، رایگه‌یاند ئه‌م دوعایه‌نه‌ی ئه‌و كردونی جۆریكه‌ له‌ زانستی ره‌وان بێژی و كینایه‌ ، خوای گه‌وره‌ش نیعمه‌تی لێتێگه‌یشتنی  ته‌نیا به‌ زاناكان به‌خشیوه‌ .
دووریش نییه‌ ئه‌و وه‌زع و بارودۆخه‌ی ئێستاش جۆرێك بێت له‌و زانسته‌ بۆیه‌ كه‌س لێی تێناگات .

smkobsat@yahoo.com

 

 

Previous
Next

Leave a Reply