Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

رەنگەكانی شەقام …. سەلام مارف

Be First!
by April 16, 2011 گشتی

لە هەموو جوڵە‌و بزووتنەوەیەكدا، كۆمەڵێك وەهم هەیە، كە وەك تارماییەك دەكەوێتە بەرامبەرت‌و زۆری دەوێ‌ خۆت لە ژێر كاریگەری ترسەكانی دەرباز بكەیت.
پێدەچێت تارمایی ئەم ماوەیە، شتێك بێت لەژێر ناوی «جیاكردنەوەی شەقام‌و ئۆپۆزیسیۆن» كە بەتایبەت ماوەیەكە لەم لاو لاو لەسەر مینبەر‌و لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانەوە بە روونی قسەی لەسەر دەكرێت.
من پێش هەموو شتێك ئەوە دوویات دەكەمەوە، كە مەرجی سەركەوتنی شەقامی ناڕەزایەتی ئەوەیە كە چەند رەنگە‌و هەر رەنگە بەبێ‌ كاڵكردنەوەی ئەوانی تر دەیەوێت خۆی دەربخات‌و لەپاڵ رەنگەكانی تردا بوونێكی تر بەدەست بهێنێت. بەڵام ناتوانم ئەوە دووپات بكەمەوە كە هەر لەحزەیەك یەكێك لە داواكاری لایەنێك لەناوی بەرنامە‌و بەیاننامەدا جێگای نەبێتەوە، ئیتر مقۆمقۆی هەوڵی شەقكردنی شەقام بێتە پێشەوە.
كۆمەڵگای ئێمە كۆمەڵگایەكی حزبییە، حزب با دواین ئاست ستراكچەری بیركردنەوە‌و جوڵە‌و پێناسەكردنی پێكهێناوە‌و مرۆڤی حزبی مرۆڤێكی پێناسەكراو و دیاریكراو بووە، بوون لەدەرەوەی حزب هەر لەسەرەتاوە جۆرێك مەحكومییەت بووە.
بە ئەمڕۆیشەوە، ئەم لایەنە لە كەلتوری سیاسی ئێمەدا بوونی هەیە. شەقام نەك بوونێكی سەربەخۆی بۆ دانەنراوە، بەڵكو شەقامێكی دوور لە حزب وەك ناكۆكییەك لە خۆیدا سەیر كراوە، نهێنی ئەوەی كە تەنانەت رێكخراوێكی ناحكومی سێ‌ كەسیش دەبێت سەر بە حزب‌و لیستێك بێت لەوەدایە.
ئەم كەلتورە لەگەڵ دەركەوتنی خۆپیشاندانەكانیشدا بەهەمان شێوەی خۆی درێژەی كێشاوە، مەگەر وتنی ئەوەی كە لە دەرەوەی حزبەكان كەسێك ناتوانێت لە شەقامدا بێت، ئەوە نییە كە حزب هەموو شتێكە؟
لەراستیدا ناتوانین بەرەو كرانەوە‌و دروستكردنی رایەكی گشتی‌و بەرەو ئاڵوگۆڕێكی جدی بڕۆین ئەگەر بەشێوەیەكی تەواو سنورداری لەگەڵ ئەو كەلتورەدا نەكەین، كە مرۆڤ وەك كادێر، ئەندام، لایەنگر‌و دۆست پێناسە دەكات‌و لەدەرەوەی ئەمانە هیچ رێگا‌و شوێنێكی بۆ ناهێڵێتەوە‌و بەم حاڵەیشەوە كارەكتەری ئەم مرۆڤە تەنیا پێڕەوی‌و ملكەچییە‌و دەبێت ئەو شتانە ئەنجام بدات كە بۆ دیاری دەكرێت‌و لەسلسیلەی تەعمیم‌و گشتاندندا بۆی دێتە خوارەوە. سەرجەم ئەوەیشی دەكەوێتە ئەو دیو سنورە كاڵا‌و تۆخەكانی حزبەوە، تەینا وەك عەشامەتێكی عامەی بێ‌ سەواد حسابیان بۆ دەكرێت‌و وەك ئەو دەریایەیە لەبەرچاودەگیرێن كە ماسییەكانی حزب مەلەی تێدا دەكەن.
17/2 توانیویەتی تا ئاستێكی بەرچاو كۆتایی بەو وەهمە بهێنێت كە كۆمەڵگا جیا لە دابەشبوونێك بەسەر ئەندام‌و نا ئەندام هیچی تر نابینێت. لەو مێژووە بەدواوە كۆمەڵگا خەریكە خانەكانی زیندوێتی خۆی دەخاتەوە گەڕ، چونكە ئەو خەریكە بە عینوانی تاكێكی زیندوو، بە عینوانی شەقام، نەك بە عینوانی ئەندام‌و ملكەچ بیر دەكاتەوە‌و كار دەكات.

Previous
Next

Leave a Reply