Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

زەمالەكانی خوێندن بۆ كێن؟.. هێژا عوسمان

Be First!
by September 18, 2008 گشتی

 زەمالەكانی خوێندن بۆ كێن؟.. هێژا عوسمان
 
 بەڕاستی سەرسامبووم ئەو كاتەی بینیم دكتۆر سەلام خۆشناو وەكیل وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لە سەر شاشەی كوردستان تی ڤیەوە دەیووت ئێستا چەندین كورسی خویندنمان هەیە بۆ ووڵاتانی دەرەوە بەڵام قوتابیانی كورد نایەن داوای بكەن بۆ ئەوەی بچەنە دەرەوە بۆ ئەم مەبەستە. دكتور سەلام هەر لەو چاوپێكەوتنەیدا داوای لە قوتابیان كرد بەتایبەتیش ئەوانەی ڕەزامەندی یەكێك لە زانكۆكانی دەرەوەیان هەیە سەردانی وەزارەتی خویندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ دەستپَكردنی معامەلاتیان. ئەو قسانەی ئەو بەرێزە لە شەوی پێنچ شەمە لەسەر هەینی كە وابزانم دەكاتە 10 ئەو مانگە پەخشكرا. دیارە من بەم ووتانەی دكتۆر زۆر دلخۆشبووم چونكە من جگە لەوەی %73 لە تاقیكردنەوەی جیهانی زمانی ئینگلیزی كە بە تۆیفڵ ناسراوە هەیە، ئەوا توانیمە دوای هەوڵدانێكی زۆر ڕەزامەندی یەكیك لە باشترین زانكۆكانی بەریتانیا بەدەست بهێنم بۆ خویندنی ماستەر لە بواری كۆمەڵناسی، بۆیە بڕیارمدا لە نزكترین كاتدا سەردانی وەزارەت بكەم بۆ پیشكەشكردنی داواكاری. ئەوەبوو لە ڕۆژی یەكشەمدا لەگەڵ هاوڕیەكم چووینە وەزارەت و لەویش چووینە بەشی ناردنی قوتابیان كە بەرپرسەكەی ناوی دكتۆ ئەحمەد عەزیزە ، كاتێك باسی ئەوەم كرد من موافەقەتی زانكۆیەكی ئەوروپیم هەیە و دەمەوی داواكاری خۆم پێشكەش بكەم بۆ ئەو مەبەستە ئەو ووتی زۆرباشە ئێمەش زۆرمان پیخۆشە كە بۆ ئەو كورسیانە هاتون بەڵام كارەكە لێرەوە دەستپێناكات بەڵكو كورسیەكانمان ناردۆتە بەشی پەیوەندیە ئەكادیمیەكانی زانكۆی سەلاحەدین بۆیە پێویستە سەردانی ئەوێ بكەن ، من ووتم ئەی دكتۆر سەلام لەسەرتیڤی ڕایگەیاندووە كورسیەكان لێرەیە ؟ دكتۆر عەزیز ووتی نەخێر دكتۆر سەلام نازانێَ ئیمە دەزانین. سەرتان نەیەشێنم ووتمان باشە بابچینە پەیوەندیە ئەكادیمیەكانی زانكۆی سەلاحەدین، لەوێ بەرپرسی ئەو بەشە كورێكی گەنج بوو ناوی دكتور شێرزاد بوو بەڵام بەداخەوە كە ئەو شوێنە گرنگەیان داوەتەوێ ، چونكە بەراستی زۆر لامان سەیربوو كاتیك باسی ئەوەمانكرد بۆ كورسیەكان هاتووین ووتی ئێستا هیچ شتێكی وا لەگۆڕێدانیە، دواتر جارێك دەیووت ئەو كورسیانەمان بۆ كۆلیژەكان ناردووە وە جارێكی دیكە دەیووت بۆ وەزارەتی خوێندنمان ناردو لە بەغدا! پرسیاری ئەوەم كرد كە ئەو دەتوانی چۆن یارمەتیمان بدات و رێنماییمان بكات بۆ ئەوەی لە كوێوە دەستپێبكەین؟ هیچ وەڵامێكی تەواوی نەداینەوە دیسان جارێك دەیووت لەوانەیە لە كۆلیژەكان داوا بكەن و جارێكی دیكە دەیووت لەوانەیە بتوانن سەردانی وەزارەتی خویندنی باڵا بكەن لە بەغدا، بەڕاستی زۆرم بەلاوە سەیربوو ئێمە بەو هەموو هیوایەوە چووبووینە ئەوێ ئەویش بە لەوانەیە و نازانم وەڵامی پرسیارەكانمانی دەدایەوە. دواتر پێمووت كاكە گیان ئاخر ئەی ئەوەنیە دكتۆر سەلام لەسەرشاشەی تی ڤی یەوە ڕایگەیاندووە كە چەندین كورسی خوێندن هەیە بۆ قوتابیان ؟ لەوەڵامدا هەروەك كەسێكی بازاری بە ئێمە دەڵێ دە باشە بۆخۆتان پەیوەندی بەدكتور سەلامەوە بكەن ! ئەو راینەگایندووە فەرموو تەلەفۆنی بۆ بكەن!
 بەكورتی ئێمە هیچ وەلامێكمان دەستنەكەوت تەنانەت پرسیاری ئەوەم كرد كە ئەم كورسیانە ئەگەر هەیە بۆ ئەم ساڵە یان ساڵی داهاتوو ئەو دكتۆرە بەرێزە ووتی نازانم لەوانەیە بۆ ئەم ساڵ بێت یان لەوانەیە بۆ ساڵی داهاتوو بێت!
 بەكورتی من ئیستا دوای ئەەی سەردانی ئەو شوێنانەم كرد كە پەیوەندارن بە كارەوە هیچ وەڵامێكم دەستەنەكەوت بەراستی سەیرە ئەو بەرپرسانە لەسەر شاشەی تی ڤی یەوە ڕایدەگەیەنن كورسی خوێندن هەیە و تەنانەت دكتۆر سەلام گلەیی لە قوتابیانی كورد دەكرد كە بەدەم ئەو بانگەوازانەوە نایەن؟ زۆر سەیرە من پێم لە حكومی قەرەقوشیشدا هەندێ ڕیساو بنەما هەیە بەڵام لیرە نیە، بەرَێز دكتور سەلام كە ئەگەر دەزانی ئەو كورسیانە بۆ كەسانی وەك ئێمەی بێ واسیتە و بێ عەشیرەت نیە بۆ داوا دەكەی قوتابیان بچنە وەزارەتی خوێندنی باڵا؟ من لە ماوەی پێنچ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام گوێم لێبووە ئەو بەرپرسانە ڕایانگەیاندووە چەندین سەد قوتابیان ناردۆتەوە دەرەوە نازانم كێن ئەو كەسانەی ناردوتانەتە دەرەوە ؟ من بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە تەواوی كۆلیژی ئاداب و زمان تەنها چەند كەسێكم دیوە توانیویانە بچنە دەرەوە بۆ خوێندن دیارە ئەوانیش دوای چەندین واسیتە و زەحەمتی زۆر توانیویانە ئەو كارە بكەن. من داواكارم لە دكتۆر سەلام و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە كوردستان كە مەسەلەی ئەو كورسیانە بەشەفافی بۆ خەلك ڕوونبكەنەوە كە ئەو كورسیانە دەدرێنە كێ ؟ ئایا بۆچی ڕایدەگەینن كە كورسی خوێندن هەیە و بەڵام كەدچیت هیچ وەڵامَكت نادنەوە ؟ دكتۆر سەلام كە تۆ ئاگاداری شت نیت وەك دكتۆر شێرزاد پێڕاگەیاندین بۆچی قسە دەكەی و لێدوان دەدەیت؟
 حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی ئەو بوارە پێویستە باش بزانن كە دەبێ ئەو زەمالانە لە سەر بنچینەی توانایی و تەمەن و ململانێی شەریفانە بەسەر هەر قوتابیەكی كوردستان ببەشنەوە نەك وەك ئەوەی ئیستا هەیە ئەگەر حزبی نەبیت یا كوری بەرپرسێك نەبیت یان فلان عەشیرەت نەبیت ئەو بۆت نیە سوود لەو هەلە گشیە وەرگریت.
 
 هێژا عوسمان
 دەرچووی بەشی كۆمەڵناسی
 

Previous
Next

Leave a Reply