شه‌ش كورتیله چیرۆك _ كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زووه ونه‌كان
(پێشكه‌شه به ئه‌فسانه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه، ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئاره‌زووه‌كانی وه‌كو خۆی ونن.)
پیره‌ژنه‌كه له‌سه‌ر كورسییه‌كی كه‌ناری ڕووباره‌كه دانیشتووه، ئاسمانی ئه‌و ئێواره ئه‌رخه‌وانییه پاییزییه‌ی سه‌ر ڕووباره‌كه پڕه له‌و باڵنده جوانانه‌ی، كه له ساتی فڕین‌دا ده‌نگی شه‌قژنیان ناسك و خۆش وه‌ك سه‌مفۆنیایه‌ك دێته به‌رگوێ… ته‌ماشای ئه‌و شه‌پۆله تووڕانه ده‌كات، كه چۆن شڵپوهوڕیان دێت و ده‌جه‌نگێن له‌گه‌ڵ كه‌ناره وشكه‌كه‌دا، ئه‌ویش چۆن ململانێ‌یان ده‌كات… ئه‌مه‌یه به‌رده‌وامی ژیان.
ورده پریشكی شه‌پۆله‌كان به‌ر دامێنی كراسه ڕه‌شه‌كه‌ی ده‌كه‌ون، ئه‌و كراسه‌ی كه ڕه‌نگه چاوه‌ڕوانیی ڕه‌شی كردبێت. لێره و له‌گه‌ڵ ئاودا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی، یان هاتنه‌وه‌ی ئاره‌زووه ونه‌كانی ده‌كات، كه نزیكه‌ی هه‌ژده ساڵه به نه‌وره‌سێكدا ناردوویه‌تی بۆ ئه‌و ئاره‌زووانه‌ی ونی كردوون، یان ڕاستتر لێی دزراون.. هه‌نووكه ئه‌وان زۆر دوورن، ئا… زۆر… ڕه‌نگه ئه‌وان ئێستا له مه‌مله‌كه‌تێكی وێڵ و ڕه‌ش و بێ ناونیشاندا بن.
ئه‌م پیره‌ژنه‌ی كه قه‌تماغێك له چاوه‌ڕوانیی و نائومێدی جه‌سته‌یان داپۆشیوه، له ساتی ناردنی نامه‌كه‌وه تا ئێستا هه‌موو كاته‌كانی ژیانی له به‌ستێنی ئه‌م ڕووباره به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ڵكو نامه‌یه‌ك به‌دی بكات له ملی یه‌كێك له‌و باڵندانه. له‌م هه‌موو ماوه درێژه‌دا چاوه‌كانی ته‌نیا نه‌وره‌سیان ده‌دیت و نه‌ده‌چوونه سه‌ر هیچ شتێكی دی، یان هیچ باڵنده‌یه‌كی فڕیوی تر… هیچ… ئێستا به ئه‌سته‌م پێڵوی چاوه‌كانی ده‌كرێنه‌وه و هه‌ناسه‌كانیشی له گه‌رووی پیریدا به قورسیی دێنه ده‌ره‌وه. مه‌رگ له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كاندا ڕێ ده‌كات و دێت بۆ لای، مه‌رگێك كه ناهێڵێ ئه‌م مرۆڤه چاوه‌ڕوانه وه‌ڵامی ئاره‌زووه‌كانی خۆی ببینێت.
مرد… خه‌یاڵه بێ باڵه‌كانی… خه‌ونه سپییه‌كانی… ئازاره گه‌وره‌كانی… هه‌موو له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕۆن، نازانن بۆ كوێ، به‌ڵام هه‌ر ده‌ڕۆن.
له دوورییه‌كی زۆره‌وه نه‌وره‌سێك له پشتی شه‌پۆله‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و باڵه جوانه‌كانی لێك ده‌خشێنێ و نامه‌یه‌كی ڕه‌نگ زه‌رد له ملیدایه. نامه‌ی وه‌ڵامی ئاره‌زووه ونه‌كانه. نه‌وره‌سه‌كه ده‌گاته سه‌ر پیره‌ژنی ساردبووه‌وه… ئه‌مه ده‌قی نامه‌ی ئاره‌زووه ونه‌كانه.
له ئاره‌زووه ونه‌كانه‌وه بۆ پیره‌ژنێكی په‌ژموورده
((تۆ ماوه‌ی هه‌ژده ساڵه نامه‌یه‌كت بۆ ئێمه ناردووه، به‌و نیازه‌ی بماندۆزیته‌وه. ده‌زانین ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ت نارد، گه‌نج بوویت، چونكه له نامه‌كه‌دا هه‌ستمان به شه‌وقێكی زۆری تۆ كرد بۆ دۆزینه‌وه‌مان، وه‌لێ ئێمه وه‌كو شووشه‌ی شكاو پارچه پارچه بووین و به ئاسانی كۆ نه‌ده‌كراینه‌وه، هه‌ر یه‌كه‌مان له شارێكی ڕه‌ش و ژێرزه‌مینێكی شێ‌دار و سێبه‌رێكی ون و قورس‌دا بووین، ماوه‌یه‌كی زۆری پێچوو تا یه‌كدیمان دۆزییه‌وه… ئه‌وه‌تا ئێستا هاتووینه‌ته‌وه بۆ لات له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وره‌سه جوانه‌ی كه تۆ نامه‌كه‌ت پێدا ناردبوو… به‌ڵام تۆ ئێمه‌ت له سه‌رگه‌ردانیدا به جێ هێشت… ته‌واو… ئێمه‌ش لێره‌دا له‌گه‌ڵ تۆ ده‌خه‌وین.))
ئاره‌زووه ونه‌كان
مردن به دزییه‌وه
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی باڵه‌خانه سێ نهۆمییه‌كه‌وه ده‌ڕوانمه ئه‌و كۆڵانه خۆڵاوییه، كه توێژاڵێك تۆز له‌سه‌ر چیمه‌نتۆ كۆنه‌كه‌ی نیشتووه. نیگام ده‌چێته سه‌ر پیاوێكی ترسنۆك كه به ده‌سته بێ ڕه‌حمه‌كانی له منداڵه‌كه‌ی ده‌دات، به‌وه‌ی بۆچی شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵه دراوسێكه‌یانی شكاندووه؟ ئه‌و پیاوه به‌و جۆره ئازایه‌تییه ده‌یویست ترسنۆكی خۆی بشارێته‌وه… مرۆڤه ترسنۆكه‌كان بۆئه‌وه‌ی ترسی خۆیان بشارنه‌وه، ئازایه‌تی ده‌نوێنن.
دێمه‌وه لای مێزی كتێبخانه‌ی ماڵه یه‌ك ژوورییه‌كه‌م، له‌م ماڵه‌ی مندا هه‌موو شتێك هه‌یه، كتێب، پێنووس، مێز و كورسی، جێگای خه‌وتن، ته‌له‌فزیۆن، خواردن، هه‌موو شتێك، به‌ڵام ژیانی لێ نییه، ژیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بیری چوو جووڵه بۆ ئه‌م ماڵه‌ی من بهێنێ و ڕووخساری ژیانی پێ ببه‌خشێت… من ئێستا به دزی ژیانه‌وه ده‌ژیم، نا… نه‌خێر، من ناژیم، به‌ڵام كاتێك كه ده‌مرم، ئه‌و كات خه‌ڵكه به‌ناو زیندووه ناشیرینه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌كه به مردنه‌كه‌مدا ده‌زانن كه من ژیاوم.
قیامه‌تێك له چاوه‌ڕوانیی
)) تا به‌رده‌رگای قیامه‌ت چاوه‌ڕێتم، ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤه‌كان لێپرسینه‌وه و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ سه‌راپای بیریانی داگیركردووه، من بێ په‌روا و به ته‌نیا بیر له تۆ ده‌كه‌مه‌وه. به‌ناو ڕیزه‌كانی ئه‌و گورده‌مه‌دا بۆت ده‌گه‌ڕێم… ده‌تدۆزمه‌وه به كزی له‌پاڵ دارێكی زه‌رددا دانیشتوویت و وه‌كو هه‌مووان بیرده‌كه‌یته‌وه، من ده‌ستی تۆ ده‌گرم و ده‌تگه‌ڕێنمه‌وه بۆ نێو ژیان، له ژیاندا ئه‌زموونی خۆشه‌ویستیت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م، ئاخر من له ژیاندا تۆم بینیوه، هه‌ر ده‌بێ له ژیانیشدا پێت بگه‌م.))
ئه‌م قسانه له دڵی حۆمدا ده‌ڵێمه‌وه، كاتێك كه له به‌رانبه‌ر ئاوێنه باڵانووماكه وه‌ستاوم و ته‌ماشای خۆم ده‌كه‌م، ده‌توانم ئێستا زۆر ڕوون ده‌ستی ڕۆژگار له‌سه‌ر ڕووخسارم ببینم، كه چۆن ده‌موچاومی كردۆته كۆڵه‌وژی نێو ته‌نووری داخبوو. ناخۆشی ژیان بۆ من له‌وه‌دایه كه ناچارم بژیم. ئای! ژیان چ گه‌مه‌یه‌كی بێتامه، چ شه‌وێكی ئه‌نگووسته‌چاوه، چ توونێلێكی تاریك و درێژه… ژیان نه‌بووایه بیرم له مردن نه‌ده‌كرده‌وه… مردن نه‌بووایه به هیواوه نه‌ده‌ژیام… چاوه‌ڕوانی نه‌بووایه نه‌ده‌بوومه ئه‌م مرۆڤه‌ی ئێستا، كه زیاد له هه‌رشت بۆنی مردنم لێ دێت.
نامه‌یه‌ك بۆ خۆم
گه‌رمای هه‌راسانكه‌ری ئه‌و شه‌وه سه‌ری كردووه‌ته كون و كه‌له‌به‌ری حه‌وشه‌كه، ده‌نگی بێزاركه‌ری سیساركه‌كان موژده‌ی هاوینێكی گه‌رم و تاقه‌تپڕوكێن و ڕۆحكوژ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنن، حه‌وشه‌كه هێنده خامۆش و بێده‌نگه، ته‌نانه‌ت شنه‌یه‌كیش له گه‌ڵای دارتووه‌كه نایه‌ت، گه‌ڵاكان وێنه‌ی مرۆڤێكی بێ ورته ده‌ده‌ن، هه‌موو شتێك له بێده‌نگییه‌كی ترسناكدایه… كوڕه‌كه له‌سه‌ر دۆشه‌كێكی كۆن پاڵكه‌وتووه‌و سه‌ری ناوه‌ته سه‌ر سه‌رینێكی بۆگه‌ن و هه‌ردوو ده‌ستی خستووه‌ته ژێر سه‌رییه‌وه و ته‌ماشای ئه‌و ئه‌ستێره دوور و نزیكانه ده‌كات، كه له‌ناو دڵی ئاسماندا هه‌ڵواسراون، هه‌ندێكیان به جوانیی و ڕوونیی ده‌دره‌وشێنه‌وه و هه‌ندێكی تریان له شه‌رما كزكز وه‌كو دوا ساته‌كانی كووژانه‌وه‌ی فانۆسێك ده‌سوتێن.
هه‌ڵده‌سێت و ده‌ست ده‌كات به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه ناردووییه‌تی بۆ خۆشه‌ویسته دووره‌كه‌ی، ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئێستا ڕه‌نگه له ناشوێن بێت و زه‌وی ته‌ڵاقی دابێت : ((ئه‌ی كچی ونبوو! داوات لێ ده‌كه‌م له ساتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌دا، به ته‌نیابه و له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌تدا دانیشه و گوێ بۆ حه‌حه‌پی سه‌گه‌كان ڕادێره و ڕووخساری تێكچووی من بێنه پێش چاو. من هه‌موو وشه‌كانی ئه‌م نامه‌یه‌م تێكه‌ڵ به ئازارێكی قووڵ كردووه، تۆش به ئازاره‌وه بیانخوێنه‌وه و ده‌سته ناسكه شمشاڵییه‌كانت له‌سه‌ر پیته‌كان دانێ، من ئه‌و پیتانه‌م، به‌ڵێ.. ئه‌وانه منن، هه‌ركات ویستت من ببینیت، بڕۆ سه‌یری ئه‌و پیتانه بكه. من نه‌متوانی پێت بڵێم خۆشم ده‌وێیت، هه‌روه‌ك چۆن نه‌متوانی پێت بڵێم ڕقم لێته.. دڵنیابه وه‌ك پرچ و هه‌ناسه‌ت لێت جیا نابمه‌وه و ئه‌و كاته‌شی كه بیر له تۆ ناكه‌مه‌وه، ئه‌وه ویستوومه پشوویه‌كی كورت بده‌م و دووباره و به شێوه‌یه‌كی جیاواز خۆم شه‌ڵاڵی بیركردنه‌وه له تۆ بكه‌م… ده‌زانم كه مژووڵ بوون به بیركردنه‌وه له تۆ، وه‌ك گره‌وكردنه له‌سه‌ر یارییه‌كی دۆڕاو، وه‌لێ هه‌روه‌ك چاوی كامێرای نێو یاریگای تۆپی پێ، كه چۆن له‌سه‌ر تۆپه‌كه لانه‌چێت و به‌رده‌وام به دواوه‌یه‌تی، خۆ ڕه‌نگه تۆپه‌كه‌ش پێی خۆش نه‌بێت كه ئه‌م كامێرایه دووی بكه‌وێت، منیش چاوی ئه‌و كامێرایه‌م و تۆش تۆپه‌كه… هیچ كات دووجار بیرم له یه‌ك شتی تۆ نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر جاره و شتێكت بیرمی داگیركردووه، جارێك دڵڕه‌قییه‌كه‌ت… جارێك پێكه‌نینه‌كانت، كه ئازاری منت پێ ده‌دا، ئه‌و ئازاره‌ی كه خۆم به دوایدا وێڵ بووم… جارێكی تریش ئه‌و زه‌وییه‌كی كه پێیدا گوزه‌رت كردووه، چه‌ندین جار له‌و جێگه پێیانه‌وه تۆم بینیوه، كه ته‌ماشای منت كردووه…
ئێستا ناتبینم، به‌ڵام هه‌ستت پێ ده‌كه‌م.
ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ ئه‌وه بۆت نه‌نووسیوه، كه وه‌ڵامم بده‌یته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه من هه‌ست بكه‌م به ته‌واوی تۆم خۆش ده‌وێ، من ویستم خۆم تاقی بكه‌مه‌وه كه تا چه‌نده تۆم خۆش ده‌وێ، نه‌ك زانینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی تۆ بۆ من، هه‌نووكه گومانبڕ بووم له‌وه‌ی كه من به ڕاستی تۆم خۆش ده‌وێت.
چاوه‌ڕێی وه‌ڵامیشت ناكه‌م… ئێره‌ش كۆتایی نییه، به‌ڵكو كۆتایی بریتییه له…….))
تارماییی
كاتژمێر دوانزه لایداوه… شه‌و به هه‌موو تاریكیی و قورسیی خۆیه‌وه په‌رده‌ی ڕه‌شی به‌سه‌ر زه‌میندا داداوه… له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مه‌وه ده‌ڕوانمه كۆڵانه نووته‌ك و ترسناكه‌كه. له سیله‌ی كۆڵانه‌كه‌دا چاوم به تامارێك (تارمایی) ده‌كه‌وێت… هه‌نگاو به‌ره‌و لای من ده‌نێت… چاوه‌كانم هه‌ڵده‌گڵۆفم، ده‌ڵێم نه‌ك چاوم ڕێشكه‌وپێشكه بكات. زۆر لێم نزیك ده‌بێته‌وه، تاڕاده‌یه‌ك كه ده‌توانم هه‌ست به هه‌ناسه‌ی بكه‌م، بۆم ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و تارماییه واقیعییه، كچێكه به به‌رگێگی سپی ئاوادامانه‌وه به‌ره‌و لای من دێت، یان هه‌ر من وا هه‌ست ده‌كه‌م كه به‌ره‌و ڕووی من دێت… ئای خوایه! ئه‌وه خۆیه‌تی… ئه‌وه كچی ناو خه‌ونه‌كانمه… له جێگه‌ی خۆم هه‌ڵده‌ستم و ده‌چم بۆ لای… ون ده‌بێت، ئا… ون ده‌بێت و نامێنێ… ئێستا تێگه‌یشتم كه ئه‌و بۆ من تارماییه‌كه، ته‌نیا ده‌توانم له دووره‌وه بیبینم و هه‌ستی پێ بكه‌م…
كۆتایی
له یه‌كێك له به‌یانییه زۆر سارد و باراناوییه‌كانی وه‌رزی زستاندا چوومه نێو بازاڕ. كه‌سم نه‌دی، یان من كه‌سم به‌دی نه‌كرد. چوون ده‌شتێكی قاقڕی كاكیبه‌كاكی بێده‌نگ و تۆقێنه‌ر چۆڵ بوو… دووكانه‌كان هه‌موو داخرابوون، ته‌نیا له‌سه‌ر دووكانێك نووسرابوو ((ئێره كۆتایی دنیایه.)) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بۆ خوێنرایه‌وه و ته‌واو…
+ ئه‌م كورتیله چیرۆكانه له ژماره (77) ی گۆڤاری (هه‌نار) بڵاوبۆته‌وه.