Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

شه‌وێکی سپی

Be First!
by April 4, 2008 ئەدەب

فرمێسک مسته‌فا…..

به‌گریانێکی به‌کوڵ به‌ره‌و لام ڕای کرد و به‌په‌نجه‌ بێ هێزه‌ بچوکه‌کانی له‌ ئامیزی گرتم ،لێزمه‌ی فرمیسک له‌چاوه‌ ڕه‌شه‌کانیه‌وه‌ دائه‌بارینه‌ سه‌ر کوڵمه‌ ‌هه‌ڵبزر کاوه‌کانی به‌ ده‌نگێکی له‌رزۆکه‌وه‌ووتی .
دایه‌ ماسیه‌ سپیه‌کام مرد

چه‌خماخه‌یه‌ک  دای له‌هه‌رێمی جه‌سته‌ و مێشکم،لێوه‌کانم چه‌قینه‌ به‌سته‌ڵه‌کێ   گۆیان نه‌ده‌کرد به‌حاڵێک وه‌ڵامم بۆ درایه‌وه‌،
کوڕه‌ شیرینه‌که‌م مردن بۆ هه‌موو گیان له‌به‌رێکه‌ ته‌نانه‌ت سه‌وزایی و گوڵاڵه‌کانیش، ئه‌مه‌ش مانای ته‌واو بوون نیه‌ له‌وه‌رزێکی ترو له‌ کاتێکی تردا له‌دایک ده‌بنه‌وه‌ .
به‌ ده‌م هه‌نسکه‌وه‌ گووتی
ماسیه‌ سپیه‌که‌م نه‌ده‌با بمردایه‌ زۆرم خۆشده‌ویست ئه‌و زۆر جوان و ئاسوده‌ بوو
بۆ بمرێت؟
ئه‌و نه‌ی ده‌زانی ئه‌م ووشه‌یه‌ی ئه‌ی دا به‌گوێمدا چۆن مێشکم ده‌هاژێنێت، ئیفلیجم   ده‌کات له‌ هه‌ر کات و جێگایه‌کدا به‌ر گوێم بکه‌وێت ژیانم لا ڕاده‌وه‌ستێت ،ئه‌م  لوغزه‌ تاڵه‌ تاکه‌ شتێکه‌ هیواکانم لێ ده‌ستێنێت و  لێی ناگه‌م !! ده‌مکاته‌ گێلگامێشیکی دیکه‌ و وه‌دووی نهێنی ئه‌م کۆتایه‌دا وێڵ ده‌بم و ئه‌نجامیش ده‌مکاته‌وه‌ جیهانێکی کپی بێ ووته‌ .
جاریکی تریش وا په‌رت په‌رت بوومه‌وه‌ ،گه‌ڕامه‌وه‌ که‌ناری ئه‌و گڵکۆیانه‌ی    باوک و خۆشه‌ویست و هاوڕێکانمی لێ سه‌ندم ئه‌و جه‌نگ و کاره‌ساتانه‌ی وه‌ بیر هێنامه‌وه‌ که‌ مرۆڤیان قڕکرد و بێ گوناه له‌ به‌رۆکی ژیان ڕاماڵدران ،له‌گه‌ڵ قوڵپی گریانی دا ئه‌وانیش له‌ناو ویژدان و هه‌ستمدا قوڵپیان ئه‌دا  یه‌که‌  یه‌که‌ له‌ چه‌ند چرکه‌یه‌کدا زیندوو ئه‌بونه‌وه‌ و مردن بۆ خۆی ده‌بردنه‌وه‌ .. منێ به م  هه‌موو په‌ژاره‌یه‌مه‌وه‌ چ وه‌ڵامێکیم  بۆ ئه‌درێته‌وه‌ تا ئه‌م جگه‌رگۆشه‌یه‌م ئارام بکاته‌وه‌  به‌ چ ڕسته‌یه‌کی دروست سه‌بوری به‌م کۆسپه‌ی ئه‌م شه‌وی بده‌مه‌وه‌ ؟به‌ ناچاری و دوو دڵیه‌وه‌ هاتمه‌ وه‌ڵام.
 وه‌ره‌ ده‌ستم به‌رێ با له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌که‌ته‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ بکه‌ین، پێکه‌وه‌ په‌رده‌که‌مان له‌ ڕوخساری په‌نجه‌ره‌که‌ لادا  ئاکاری شه‌و سپی ‌هه‌ڵگه‌ڕابوو جیهانێکی کپ و بێ ده‌نگ دونیای ئه‌و دیوو په‌نجه‌ره‌که‌ بوو  کلۆ به‌فره‌کان وه‌ک فرمێسکی شیوه‌نی دایک دائه‌بارینه‌ خوارێ …  زۆر به‌ خێرایی دائه‌بارین له‌ ڕۆیشتنی ته‌مه‌نیان ده‌کرد ، ته‌مه‌نێ که‌ زۆر په‌له‌ی ته‌واو بوونی بێت و وتم
سه‌یری ئه‌م شه‌وه‌ سپیه‌ بکه‌ شیرینه‌که‌م هه‌ر ئه‌ڵێی ماسیه‌ سپیه‌که‌ی تۆیه‌ هێمن و ئارام ڕۆحی دائه‌بارێته‌ سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژوره‌که‌ت و باخچه‌که‌مان پڕله‌ ئاسوده‌ی ده‌کات  به‌یانی له‌ باخه‌که‌دا ماسی سپی بچوک بچوک دروست ده‌که‌ین له‌گه‌ڵیاندا یاری ده‌که‌ین ، ئیدی هه‌موو زستانێک له‌م وه‌رزه‌دا کاتی به‌فر بارین به‌شێکی وه‌رزی زستانه‌ و به‌شه‌که‌ی تریشی ماسیه‌ سپیه‌که‌ی تۆیه‌ دێته‌وه‌ لامان !!
هه‌رشتێ بمرێت بۆمان ده‌بێته‌ شتیکی جوان و له‌ ژیانماندا به‌دیان ده‌که‌ینه‌وه‌ ده‌ بنه‌ مایه‌ی به‌خته‌وه‌ریمان.. دوا جاریش ساتێ گه‌وره‌ بوویت ئه‌م چیرۆکه‌ بۆ ساواکانت بگێره‌وه‌ تا ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ تۆدا ماسی سپی به‌ کڵۆ به‌فره‌کان دروست که‌نه‌وه‌  ئه‌مه‌ش نه‌مری و وه‌فایه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌م .. له‌نێوان گومان و حه‌قیقه‌تدا ده‌ژیا چیرۆکه‌که‌م چاوه‌ له‌ تاسه‌وه‌ چوه‌کانی به‌ره‌و وه‌نه‌وزی خه‌و برد و بێده‌نگی دایگرت بێ ده‌نگیه‌ک له‌ بێهوده‌ی زێده‌ترله‌ هیچی تر نه‌ ده‌چوو .زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی سارد لێوه‌کانی داپۆشی و توند له‌ ئامێزی گرتم منیش به‌هه‌موو هێزێکمه‌وه‌ نوساندم به‌سنگمه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ردوکمان له‌ دابڕان تۆقیبێتین و بمانه‌وێت خۆمانی لێ لاده‌ین ، دوای ئه‌وه‌ی ماچێکی له‌سه‌ر ڕوومه‌تم کێشا  خه‌وی لێکه‌وت …..
ئه‌وجا من دامه‌ پڕمه‌ی گریان ،جارێکی که‌ش بۆ مردن بۆ کۆتایه‌کی تاڵ و دابڕان، بۆ ماڵئاوایی، بۆ ماسیه‌ سپیه‌که‌ تا دوێنێ بووچه‌ند به‌نازه‌وه‌ له‌نجه‌ی ده‌کرد بێ خه‌به‌ر بوو له‌ پلانی قه‌وزه‌کان..
دیمه‌نی بلوزی ساوایه‌کم هاته‌وه‌ به‌رچاو هێنده‌ی مشته‌کۆڵیه‌ک ده‌بوو چۆن گوڵله‌ ڕێژ کرابوو ، ئه‌ی ئه‌و کۆرپانه‌ی سه‌ر له‌به‌یانیه‌ک چاوی گه‌شیان بۆ ژیان هه‌ڵهێنا و  ته‌مێکی سپی یه‌که‌م قومی شیری ئه‌و به‌یانیه‌یان بووله‌ ئامێزی گه‌رمی دایکیان دا  پێکه‌وه‌ ڕاپێچی مه‌رگ بوون !ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌زیندووی زینده‌ به‌چاڵ کران !وێنه‌ی ئه‌و دایکانه‌ هاتنه‌ به‌رچاوم پێش له‌ دایک بوونی ڕۆڵه‌کانیان به‌ر گوڵله‌ دران و وه‌فات نامه‌کانیان له‌سه‌ر لوله‌ی تفه‌نگێ نوسرایه‌وه‌ ئه‌ی…! ئه‌ی …!
تۆ بڵێێ ڕۆحیان به‌ ئاسوده‌ی سه‌ردانی گونده‌کانیان بکا و له‌ به‌هاراندا ببنه‌ چڵه‌ نێرگز و له‌ نه‌ورۆزێکدا جه‌ژنێ بگێڕن ؟؟ که‌سێ نه‌بوو که‌سێ نه‌هات  ڕۆحیان ئاسوده‌ بکات .. ئه‌وانه‌ به‌ مردوی یاخی بوون له‌ ئێمه‌ی ئێستاکه‌مان تازه‌ نه‌له‌گه‌ڵ  ڕه‌نگی به‌هارو نه‌ تنۆکه‌ بارانی پایزێ ده‌یان بینینه‌وه‌ . ئه‌وان به‌م ئاشوبه‌یه‌ ڕازی نین ڕۆژانه‌ هه‌زاران جار ده‌مرن و گوله‌ڕێژیان ده‌که‌نه‌وه‌ .
ئه‌م شه‌وه‌ سپیه‌ کردمیه‌ ده‌ریایه‌ک له‌ ئازار شێتانه‌ شه‌پۆله‌کانم ده‌یان ناڵاند و به‌ بالای ئاسماندا هه‌ڵده‌چوون و له‌ که‌ناریکی ووندا ده‌گیرسانه‌وه‌ . ده‌یان بردمه‌ دیده‌نی ئه‌و کیژۆڵانه‌ی له‌ چه‌شنی ماسیه‌ سپیه‌که‌ نازدار و بێ گه‌رد له‌نجه‌یان بۆ حه‌زو ئاواته‌ ساده‌کانیان ده‌کرد له‌ پێناوی قه‌وزه‌ی نامووسی پیاوێکدا پارچه‌ پارچه‌ کران به‌ سوتاندنیان دان ،به‌رد باران کران ،ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ربانگێکی سه‌ر له‌ به‌یانیدا سوره‌تێ بۆ یان ده‌بێته‌ قه‌ره‌ بروت ولافاوێکی ڕه‌ش به‌رماڵه‌کان بۆ لای یه‌زدان لوول ئه‌دات…
ژیان که‌ ئه‌دۆڕێت مردن ئه‌ی باته‌وه‌.

                                                                         
frmesk@arcor.de
.

Previous
Next

Leave a Reply