Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

شکستی دانوسان و هه‌ڵکشانی هه‌ره‌شه‌ی جه‌نگ!

Be First!
by July 16, 2012 گشتی


سه‌باره‌ت به‌ئاکامی دانوسانو گفتوگۆکانی نێوان ئه‌مریکاو ئێران له‌سه‌ر چه‌کی ئه‌تۆمی

 

له‌دوای شه‌ڕو داگیرکاری عێراق له‌ساڵی 2003وه‌له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه،‌تاکو ئه‌مڕۆ کێشه‌و ململانێی نێوان ئه‌و وولاتانه‌و ئێران، بۆته‌یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین قه‌یرانه‌سیاسییه‌کانی جیهان.ئه‌مه‌ش به‌به‌هانه‌ی هه‌وڵه‌کانی ئێران بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ئه‌تومی، که‌به‌پێی قسه‌ی میدیاکانی ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا، مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی جیهانی پێکهێناوه‌‌. هه‌ر بۆیه‌دانوسانه‌کان له‌گه‌ڵ کار به‌ده‌ستانی ئێراندا، به‌ئا‌ڕاسته‌ی، دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک وهه‌وڵدان بۆ ڕازی کردنی کاربه‌ده‌ستانی ئێران تاده‌ست له‌هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌کی ناوه‌کی هه‌ڵگرێ، یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌بووه‌که‌تائێستا سه‌دان کۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌باره‌وه‌له‌سه‌ر به‌ستراوه‌. ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی دانی کۆمه‌ک به‌ئێران وبه‌خشینی ووزه‌وسه‌رمایه‌و ئیمکاناتی جۆراوجۆر، گۆشه‌یه‌کی ئاشکرای نێو ئه‌و کۆبونه‌وانه‌بووه‌. به‌ڵام تائێستا ئه‌م کێشيه نه‌ک هه‌ر هه‌نگاوێک له‌چاره‌سه‌ر کردنی نزیک نه‌بۆ‌ته‌وه،‌به‌ڵکو ڕۆژبه‌ڕۆژ ئاڵۆزتر وبارگرژی وبگره‌ئاکامی زیانبار لێکه‌وتۆته‌وه‌. به‌تایبه‌تی بۆ خه‌ڵکی ئێران له‌هه‌مو ڕوویه‌که‌وه‌، زیانی به‌دواوه‌بووه‌.به‌دیاری کراویش دانانی گه‌مارۆی ئابووریو بازرگانی له‌سه‌ر ئێران، هه‌رله‌سه‌ره‌تای خۆیدا، هه‌ژاریو گرانیو بێکاری وکه‌مبونه‌وه‌ی مه‌وادی خۆراکی وخزمه‌ت گوزاریه‌کانی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێش له‌ئێراندا، کردۆته‌وه‌وله‌ولاشه‌وه، ده‌ستی کۆماری ئیسلامی ئاوه‌ڵاکردووه‌تاهێرشه‌کانی خۆی بۆسه‌ر هاوڵاتیانو هه‌ڵخستنی فه‌زای جه‌نگو توندکردنه‌وه‌ی سه‌رکوتو داسه‌پاندنی فه‌زای میلیتاریزمه‌کردنی ناوخۆی ئێرانو ناوچه‌که‌، به‌رینو فراوان بکاته‌وه‌. 

هه‌ڵبه‌ت دوا هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌باره‌ی کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانه‌وه‌، سازدانی ئه‌و دانوسانو گفتوگۆیانه‌بوو که‌به‌میانجی گه‌ری عێراق و ڕوسیا، له‌یه‌ک دوو مانگی ڕابردودا، به‌ڕێوه‌چوون. دوو کۆبونه‌وه‌ی دوایی که‌یه‌کێکیان له‌به‌غداو ئه‌ستامبوڵ سازدارو ئه‌وه‌ی دواهه‌مینیشیان له‌موسکو به‌ڕیخرا، که‌نوێنه‌رانی گروپی 5+1 ونوێنه‌رانی ئێران تاییدا به‌شداریانکرد. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی ڕوسیاو چین وه‌ک دوو ده‌وڵه‌تی زلهێز له‌گروپی 5 وجۆرێک لایه‌نگریان ‌به‌لای ئێراندا، به‌حوکمی ململانێی توندی ئه‌م دوو‌ده‌وڵه‌ته، یانی ڕوسیاو چین، له‌گه‌ڵ ده‌وڵاتانی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکا وڕۆژئاوادا، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه‌مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی وئابووری وکێشه‌له‌سه‌ر ناوچه‌کانی نفوزیان، له‌وانه‌ش لایه‌نگیری و کۆمه‌کی جدی ئێران بۆ ڕژێمی سوریا، ڕێگای نه‌دا ئه‌م گفتوگۆ ودانوسانانه‌به‌ئه‌نجامێک بگات وته‌نگژه‌کان به‌ره‌و خاوبونه‌وه‌به‌رێت. له‌ئاکامیشدا ئه‌مریکاو وولاته‌زلهێزه‌کانی ناوچه‌ی یۆرو، به‌تایبه‌تی فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیا، گیرڤی هه‌ڕه‌شه‌یان هه‌ڵکشاو داوای داسه‌پاندنی زیاتری سزا وئابڵوقه‌ی ئابوریان له‌سه‌ر نه‌وت ودارایی ئێران ڕاگه‌یاند وبڕیاریاندا که‌له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزه‌وه‌به‌کرده‌وه‌ئابڵوقه‌که‌داسه‌پێنن وهاوکات سزای هه‌ر وووڵاتێک بده‌ن که‌هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌کی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێراندا به‌ڕیوه ‌ببات. دیاره‌ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش وای کرد که‌زورێک له‌و ووڵاتانه‌ی که‌په‌یوه‌ندی بازرگانیان هه‌یه‌له‌گه‌ڵ ئێراندا، پابه‌ند بونی خۆیان به‌م بڕیاره‌وه‌ڕابگه‌یه‌نن وخۆیان به‌سیاسه‌تی دانانی ئابلوقه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئێران، گرێ بده‌نه‌وه‌‌.بێگومان‌هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا ته‌نها به‌سه‌پاندنی ئابڵوقه‌ی ئابورییه‌وه‌ناوه‌ستێته‌وه،‌به‌ڵکو هاوکات هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی سه‌ربازی و جه‌نگێکی به‌کرده‌وه‌ش، ده‌رگای له‌به‌رده‌مدا کراوه‌یه‌. 

به‌پێی پێشبینی چاودێران ولێکدانه‌وه‌سیاسییه‌کان، ته‌نانه‌ت به‌پێی لێدوانی سه‌رانی ئه‌و ووڵاتانه‌و تاده‌گاته‌سه‌ران و به‌رپرسانی ڕوسیاو چین، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌هه‌یه‌که‌ئه‌مریکاو ئیسرائیل به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌بۆ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ده‌ست له‌سه‌رچاوه‌و دامه‌زراوه‌ئه‌تومییه‌کانی ئێران بوه‌شێنن تا لانی که‌م ده‌س ڕاگه‌یشنی ئێران به‌چه‌کی ناوه‌کی بۆ ماوه‌یه‌کی تر دور خه‌نه‌وه‌. بۆیه‌له‌دوای شکستی گفتوگۆی موسکۆوه‌هه‌ڕه‌شه‌کان وئابڵوقه‌کان تادێت ڕوو هه‌ڵکشانه‌وله‌ولاشه‌وه‌فه‌زای جه‌نگو میلیتاریستی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی ڕوو له‌زیاد بونه‌.

به‌لام ده‌بی ئه‌وه‌ش بوترێت که‌ئه‌م ده‌ورانه‌ئه‌وه‌نده‌ی فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا وئه‌لمانیا، شوڵیان له‌ئێران هه‌ڵکێشاوه‌که‌متر ئه‌مریکا.ئه‌مریکا به‌پێی جێگه‌و ڕێگه‌ی سیاسی وسه‌ربازی وئابوری ئه‌م ده‌ورانه‌ی که‌تێی که‌وتووه‌، ئه‌و ڕۆڵه‌سه‌نته‌ره‌ناگێڕی که‌جاران هه‌یبوو، چونکه‌هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌دوو جه‌نگی ماڵوێرانکه‌ری ئه‌فغانستان وعێراق وهاوکات قه‌یرانێکی ئابوری قوڵ، که‌له‌4 ساڵی ڕابرددا یه‌خه‌ی بانکه‌کان وسه‌رمایه‌ی ئه‌مریکای گرتووه‌، ئه‌و توانایه‌ی لێسه‌ندووه‌که‌بتوانێ ئه‌و ڕۆڵه‌ی که‌جاران هه‌یبوو ئێستا بیگێڕێ. به‌تایبه‌تیش ‌به‌دوای شکستێکی ستراتیژیه‌وه‌که‌ئه‌مریکا له‌ده‌ورانی نه‌زمی نویی جیهانیدا، چنیویه‌تیه‌وه‌. به‌ڵام ئێستا ناوه‌ڕۆکی پرسیاره‌که‌له‌وه‌دایه‌که‌ئاخۆ ئه‌م کێشه‌و ململانێیه‌ی ئه‌مریکاو فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیا..هتد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پیتاندنی یۆرانیوم وهه‌وڵی ئێران‌بۆ ده‌س ڕاگه‌یشتنی به‌چه‌کی کۆکژی وئه‌تومی، مه‌ترسی تێکدانی ئاساییشی جیهانی هه‌یه؟! ئایا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌له‌خه‌م خۆریانه‌وه‌یه‌بۆئاسایشی جیهانی یان مه‌رامی سیاسیان له‌م که‌یسه‌دا به‌ده‌سته‌وه ‌گرتووه‌؟

له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا، ناویان ناوه‌قه‌یرانی ئه‌تۆمی ئێران، جگه‌له‌پێکهێنانی قه‌یران وئاژاوه‌گێڕی له‌ئاستی جیهان وناوچه‌که‌شتێکی زیاتر نییه‌. هاوکات ئه‌و ڕاستییه‌ش که‌ڕژێمی ئێران، ڕژێمێکی تا مۆخ کونه‌په‌رست و سه‌رکوتگه‌رو شه‌ڕه‌نگێزه‌، هیچ که‌س ولایه‌نێکی ئازادیخواز نکوڵی له‌و ڕاستییه‌ناکات.به‌ڵام ته‌نانه‌ت به‌م ڕاستییانه‌شه‌وه‌، ئه‌وه‌ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوان، که‌چه‌کی ئه‌تۆمیان کردۆته‌به‌هانه‌یه‌ک، بۆ ته‌سفیه‌ی حساباتی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی زلهێزی ‌وه‌ک ڕوسیاو چێنو چۆک پێدانانیان. به‌واتایه‌کیتر مه‌سه‌له‌ی چه‌کی ئه‌تۆمی ئێران بابه‌تێکه‌بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشمه‌کێشه‌ئابوریو سیاسیه‌کانی نێوخۆی بلۆکه‌سیاسی وئابوریه‌جیهانیه‌کان وگێرانه‌وه‌ی رۆڵی تاقانه‌ی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانیه‌تی له‌ڕۆژئاوا به‌سه‌ر دونیای ئه‌مڕۆدا وده‌رکردنی حه‌ریفه‌کانیانه‌له‌مونه‌فه‌سای دوباره ‌سازدانه‌وه‌ی جیهانو دابه‌ش کردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی نفوز. پاساوه‌کانیش له‌م کێشمه ‌کێسانه‌دا شتێکی زیاتر نییه‌، له‌و‌بیانوانه‌ی که‌بۆشه‌ر کردن له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسدا، هێنرانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌باسی ئاسایشی جیهانیه‌، ئه‌وا ده‌بێ هه‌موئه‌و وڵاتانه‌ی وه‌ک ئه‌مریکاو رۆژئاوا، ئیسرائیل، ڕوسیاو چین، تورکیاو پاکستان.. که‌خاوه‌نی چه‌کی کۆکژین، له‌چه‌که‌کانیان دابماڵڕێن. قسه‌له‌سه‌ر نه‌کردنی ئه‌مریکا وڕۆژئاوا، له‌سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌، کاتێک ده‌م له‌پاراستنی ئاسایشی جیهانه‌وه‌ده‌ده‌ن، به‌سه‌بۆئه‌وه‌ی پاساوه‌کان به‌درۆیه‌کی شاخدار بزانرێو ئامانجه‌سیاسیه‌شاراوه‌کانی پشتی کێشه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به‌ڕۆشنی ببینرێت. بۆیه‌ناوه‌رۆکی کێشه‌و ململانێی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌سه‌ر چه‌کی ئه‌تومی و ته‌نانه‌ت ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤیش نییه‌، به‌ڵکو هه‌مو ئه‌مانه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌که‌چۆک به‌ڕژێمی ئیسلامی ئیران بدرێ وبه‌پێی ستراتیژه‌سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا وخواسته‌کانیان له‌جیهانو ناوچه‌که‌دا، جڵه‌وی بکه‌ن. خاڵێکی تر که‌پێویسته‌ئاماژه‌ی پێبکرێ له‌بۆته‌ی ئه‌م کێشه‌و ململانێ و قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆدا، دیارده‌ی ناڕه‌زایه‌تی وڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانی باکوری ئه‌فریکاو ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاسته.‌به‌تایبه‌تی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له‌تونس و میسر وڕووخانی دوو ڕژێمی جێگیرو هاوپه‌یمانو هاوکاری ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا، که‌بێگومان سه‌ره‌رای ناکام مانه‌وه‌ی ئه‌و شؤڕشانه‌و ته‌نانه‌ت به‌لاڕیدابردنیان، به‌لام هێشتا کاریگه‌ریان هه‌یه‌له‌سه‌ر وه‌رچه‌رخانی هێزهاوسه‌نگی کێشه‌و ململانێکانی ئه‌مریکاو ڕۆژئاوا له‌به‌رامبه‌ر ئێراندا‌.

تا ئه‌و جیگه‌یه‌ی ده‌گه‌ریته‌وه‌به‌ئیرانه‌وه‌ئه‌وه‌یه‌که‌ته‌واوی هیزگه‌لو ده‌سته‌و تاقمه‌قه‌ومی و لیبرالی و ته‌نانه‌ت ره‌وته‌به‌ناو چه‌په‌کانیش خۆشیان به‌شکستی دانیشتن وگفتوگۆکان و هه‌ڵکشانی هه‌ره‌شه‌کانی جه‌نگ و ئابڵوقه‌ی ئابوریدا دیته‌وه‌و هه‌میشه‌ده‌س به‌پشتی ئه‌مریکادا ده‌هینن بۆ سه‌پاندنی ئابڵوقه‌و بریاردانی جه‌نگ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌له‌م نیوه‌دا زه‌ره‌رمه‌نده‌جه‌ماوه‌ری کریکاران و زه‌حمه‌تکیشانو زۆربه‌ی خه‌لکی ئیرانه‌که‌ده‌بیت باجی ئابڵوقه‌ی ئابوری و جه‌نگ بده‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی که‌گومانی تیا نییه‌ئه‌وه‌یه‌که‌به‌هه‌ر پله‌یه‌ک زیاتر ئابلوقه‌ی ئابوری بسه‌پینن یاخود فه‌زای جه‌نگ گه‌رم تر بیته‌وه‌به‌وڕاده‌یه‌ش ته‌مه‌نی جمهوری ئیسلامی ئێران درێژتر ده‌بێته‌وه‌وپاساوی زیاتریش بۆ سه‌رکوتی کۆمه‌ڵگا وپاشه‌کشه‌پێکردنی خه‌باتی کڕیکاران وخه‌ڵکی ئێران ده‌گرێته‌به‌ر. هه‌ربۆیه‌ئه‌رکی کریکاران و خه‌ڵکی ئازادیخوازه‌به‌گشتی و کۆمۆنسیته‌کانه‌به‌تایبه‌تی، چ له‌کوردستان وچ له‌ئێران به‌ڕووی سیاسه‌تی ئابڵوقه‌و توندکردنه‌وه‌ی فه‌زای جه‌نگ له‌ناوچه‌کادا ڕاوه‌ستن، که‌ ئه‌مریکاو رۆژئاوا به‌ده‌ستیانه‌وه‌گرتووه‌. هاوکات پێویسته‌کریکاران و خه‌ڵکی ئازادیخوازی ناوچه‌که‌، هه‌رچی زیاتره‌، هێزو توانای خۆیان یه‌کگرتوو ڕێکخراو بکه‌ن وبۆ کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌مڕۆ له‌ئیران و عیراق کوردستاندا، بێنه‌مه‌یدانه‌وه‌.

15-7-2012

موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

mozafar_as@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply