شیرین له دو به‌رهه‌می وه‌فایی و هێمندا
پێشه‌کی
ئه‌و وتاره که لێره‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه به نێوی شیرین له دو به‌رهه‌می وه‌فایی و هێمندا ، له ئه‌سڵدا وتارێکه به نێوێ شیرین ته‌شی نارێسێ به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێکی جیاوازی شیرین له روانگه‌ی دو شاعیری کورد مامۆستا وه‌فایی و مامۆستا هێمن باس ده‌کا ، لێره‌دا به‌و نێوه بڵاوی ده‌که‌مه‌وه ، بۆیه باسی مه لێره‌دا لێکدانه‌وه‌ی شێعری شیرین ته‌شی دهرێسێی مامۆستا وه‌فایی نیه و باس باسی جیاوازی دو شیرین و سرجنێک له سه‌ر شێعره‌که‌ی مامۆستا هێمن به نیسبه‌ت شێعری شیرین ته‌شی دهرێسێی مامۆستا وه‌فاییه .
سه‌رده‌مایه‌ک بو ، هه‌ستی دینی له ناو خه‌ڵکدا پته‌و بو ، نه کوردایه‌تی پێش دینی ده‌گرت و نه دینداریش به شێوه‌ی روانینی کوردایه‌تی ئێستا پێشی کوردایه‌تی ده‌گرت ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا شاعیریکی کورد و خودا ناس ، ئه‌هلی دڵ ، ته‌شی به ده‌ستێک له نێوان ره‌نگه سه‌دان ته‌شی رێس ده‌بینێ و شاکاره شێعرێک ده‌خوڵقێنێ به نێوی شیرین ته‌شی ده‌رێسێ ، له سابڵاغی ئه‌و کات ئافره‌تانی دیکه‌ش به شێوه‌ی شیرین یان تهشیان ده‌رست یان ، خه‌ریکی کاری وه‌ک یارمه‌تی باخه‌وانی ، تفاق و جۆ دان به مهر و ماڵآت و ته‌ندور داخستن و نان کردن و شتی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته بون ، کچی وامان نه‌بو تروسکه‌ی لوله‌ی تفه‌نگی هه‌ستی وه‌فایی بجوڵێنێ ، سابلاغ وه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان شارێکی سونه‌تی بو ، وه‌فایی که روانگه‌یه‌کی عارفانه و دیندارانه‌ی به دونیا هه‌بوو ، ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی عرفانی خۆی له هه‌مو شت دا ده‌دیت ، بۆیه کاتێک شیرینی ته‌شی رێس ده‌بینێ ، ته‌نیا ته‌شی نیه که سرنجی راده‌کێشێ ، چونکه چی زۆر بو ته‌شی و ته‌شی رێس ، شیرین شتێک له وجودی داب‌و که ئاسمانی بو له جنسی زکر و خه‌ڵوه‌تی خانه‌قا ، زه‌رافه‌تێکی شێخانه که ده‌کرا له قودره‌تی جه‌زه‌به‌ی شێخانی نه‌هریدا لێی بگه‌رێی ، وه‌فایی رۆحیاتی تایبه‌ت به خۆی هه‌بوه سۆفی مینهی حه‌لاج ده‌ڵێ ، کهرهتێکیان من و میرزا عه‌بدوڵا له گه‌ڵیدا ( مه‌به‌ست مامۆستا وه‌فاییه ) چوینه باخی و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان خۆش بوو گه‌یشتینه پۆلێک گوڵی گوڵاوی تازه پوشکوتوو ، دیتمان وه‌کوو که‌سێکی گڕ گڕتوو ئاور تێبه‌ربوو که خۆی بگه‌یه‌نێته ئاو یا عاشقێکی سوتاو خۆی بخاته مه‌عشوقێکی دوروڵات و دوڵرفێنی ، خۆی خسته نێو پنجه گوڵه‌که و باوه‌شی پێدا کرد و ده‌ستی به هاوار و گریان و وت و وێژی عاشقانه و راز و گله‌یی و هه‌ڵبه‌ست و شێعر خوێندنه‌وه تا بێهۆش بوو …. ١ وه‌فایی به‌و رۆحیاتهوه ده‌روانێته شیرین و بۆنی عه‌ترێک ده‌کا که درێژه‌ده‌ری هه‌مان بۆن و به‌رامه‌ی کوچه باخه‌کانی سابلاغ بوو ، جۆره سادهیهکی عه‌زه‌مه‌ت که له گوڵه باخێکدا به دی ده‌کرا ، ئه‌و ته‌شیه زۆری فه‌رق بو ،، ئه‌و ته‌شیه له ده‌ستانی مه‌له‌کوتی کچه کوردێکدا ، له مانای ساده‌ی رستن ده‌چوه ده‌ر ، له عه‌رزی خاکی تێپه‌ر ده‌بوو به دڵدا هه‌ڵده‌کشا و سه‌ری له ئاسمان و کاکه‌شانه‌کان وه‌ده‌ر ده‌نا ،
تایێکی ڕیشه‌یی دڵ، به نووکی غه‌مزه دادا
ده‌ستێکی بۆ سه‌ما برد ڕووبه‌ندی ماهی لادا
نافه‌ی گوڵی عه‌یان بوو، عه‌تری به ده‌م سه‌با دا
باریک و لووس و ناسک، دوو زولفی خاوی بادا
وه‌ک شاخی گوڵ به لا دا، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ
..
ئیدی ئه‌وه‌ی ده‌یبینێ نه‌ک سوڕانی ته‌شی به‌ڵکوو خولاناوهوه و نور پژاندنی ئه‌ستیران له فه‌زای بێکهراندایه
که که‌وته چه‌رخ و گه‌ردیش ته‌شی به ده‌ستی ڕه‌نگین
هه‌ودای له لێو و ده‌م دا، خورشیدی سینه نه‌سرین
سه‌مای به “زوزه‌نه‌ب” دا “که‌فولخه‌زیب”ی شیرین
گرتی خه‌تی “مه‌دارات”، شه‌فه‌ق به “عه‌قدی په‌روین”
سێحرێکه بۆ دڵ و دین، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ
……
نووکی ته‌شی به گه‌ردیش قوتبێکه چه‌رخی پێوه
“مه‌جه‌ڕڕه” بوو به داوی که چه‌رخی که‌وته نێوه
وه‌ک “زوهره” ده‌ستی کێشا که به‌ندی قه‌وسی زێوه
ئه‌ستێره ماهی داگرت سابت کرا به پێوه
ئاره‌ق به ڕوو به‌ڕێوه، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ ٢ !
وه‌فایی که شێعر له دهرویندا قوڵپه‌ی کرد ، له گه‌ڵ سورانی ته‌شی ، به شێوه‌ی ده‌روێشه‌کان سورا و زکری کرد و حاڵی لێ هات و سه‌ری له جێگه‌یه‌ک وه ده‌ر نا که پیامێک بوو بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌هڵی دڵ و جوانین ، سه‌د و چه‌ند ساڵ گوزرا ته‌شیه‌کی شیرین له چه‌شنی ئه‌ستێران به‌ر ده‌وام دهسوراوه تا که‌سێک هات به نێوی مامۆستا هێمن و ویستی رای گرێ ، بۆیه هات له پێشدا شیرینێکی دیکه‌ی ناساند ، شیرینێکی بێ ته‌شی
من تهشیڕێسێــکی وه‌ک شــــــــــــیرنی وه‌فاییم بۆ چییه؟
کیژی وریای چاوکراوه‌ی فــــــــــــێرهزانـــــــــــــــــینم ده‌وێ
که‌م نه‌بون و نین ئه‌وانه‌ی وا دازنن به هانتنی ئه‌و شیرینه ، شیرینی وه‌فایی باوی نه‌ماوه و ده‌بێ ته‌شیه‌که‌ی فرێ دا. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مامۆستا هێمن شیرنی وه‌فایی به گێل و چاو به‌ستوو ده‌زانێ و ته‌نیا هۆیه‌که‌یشی له ته‌شی رستن دا ده‌بینێ ، ئه‌و زه‌مان کارخانهجاتمان نه‌بوه و ته‌شی رستن به‌شداری ئافره‌ت له سورانی چهخی ئابوری و بژێو بۆ درێژه‌ی ژیان بوه ، کار کردن هیچ کات ئێستاشی له سه‌ر بێ نیشان دانی ن ازیرهکی و گێل بوون نه‌بوه و نیه ، له ئروپا به هه‌زاران کج و ژن خه‌ریکی کار له رستوران و هوتێلداری و ده‌ست شویی خاوێن کردنه‌وه‌ن که‌سیش به نه‌زان ناویان نابا ، ته‌شی رستنی شیرین له کۆمه‌ڵگایه‌کی سونه‌تی ئه‌و کات یانی کار له کارخانه و هه‌بوونی رۆڵی ژن له چه‌رخه‌ی ئیقتساد ، که‌وابوو ته‌شی رستنی شیرین بۆ ده‌بێته ملاکی چاو به‌ستویی و نه‌زانی ؟ له لایه‌کی دیکه‌وه‌ش له باری جوان ناسێوه چاوی لێ بکه‌ین
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه له زاری ئینسانێکی بێ قه‌ریحه‌ی شێعر و بێ زه‌وق و هه‌ژار له باری هێزی خهیاڵاوه هاتبا ده‌ر قه‌یدی نه‌بوو به‌ڵام جێگای سه‌رسورمان و داخه که‌سێکی وه‌ک مامۆستا هێمن که خۆی شاعیرێکی ناسک خه‌یاڵه ئاوا بروانێته شێعر ، به بروای من ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه زۆرتر ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌وه که مامۆستا هێمن ئه‌وه‌ی له به‌ر چاو نه‌گرتوه که عیشق ، شێعری شیرین ته‌شی دهرێسێی خولقاندوه ، بۆ ئه‌وه‌ی عیشق حزوری هه‌بێ ، ده‌بێ فه‌قه‌ت عاشق و مه‌عشوق له گۆرێ دابن و به‌س ، مامۆستا وه‌فایی جوان په‌ره‌ست به‌و مانایه که جوانی له جنسی ئافره‌تدا خولاسه‌ی کاته‌وه نه‌بوه ، ئه‌گه‌ر وا با عاشق نه‌ده‌بوو ، جوان په‌ره‌ست له ژێر ته‌وژم و فشاری روحێدا نیه ، ناسوتێ و نازانێ هیجران چییه ، چونکه جێگری بۆ مه‌عشوق هه‌یه ، ئه‌و جوانه نا جوانێکی دی ، وه چونکه جوانی مه‌حدود نیه وه‌فاداری به مه‌عشوق و مانه‌وه‌ش غه‌یری مومکینه و هیچ کات ناگاته ئاخ و سۆز و توانه‌وه و پله‌یه‌ک به نێوی عیشق ، ئه‌گه‌ر خودی شێعره‌کانی مامۆستا هێمن بکه‌یه‌نه محه‌ک ، مامۆستا هێمن رۆح و هه‌ستی به دیتنی هه‌ر ئافره‌تیکی جوان وه شه‌پۆل که‌وتن ده‌که‌وێ
جوان په‌ره‌ستم جوان په‌ره‌ستم
به دیداری جوانان مه‌ستم
هه‌تاکوو جوانێ ده‌بینم
سارێژ ده‌بێ گشت برینم
یان ده‌ڵێ
جیلوه‌یی جوانی له هه‌رچی دا هه‌بێ خۆشم ده‌وێ
ڕۆژێ کوشته‌ی مینی ژۆپ و ڕۆژێ گیرۆده‌ی شه‌ده‌م،
له فرمێسکی رنوو دا ده‌ڵێ
من به فرمێسکی ڕنووی کوێستانی کورد په‌روه‌رده بووم
کوڵمی سوور و چاوی شین و سینگی بهفرینــم ده‌وێ
که وا بوو مامۆستا هێمن به شێوه‌ی شاعیرانی وه‌ک نالی مه‌ستوره‌ی خۆی نیه ، یان وه‌ک وه‌لی دێوانه بۆ کچێک به نێوی شه‌م ناسوتێ ، که‌چی وه‌فایی شیرینی خۆی هه‌یه ، . که وا بوو زۆر گرینگه بزانین که مامۆستا وه‌فایی باسی ته‌به‌قه‌ی ئافره‌ت به عام ناکا و شیرین نوێنه‌ری جنسی ئافره‌تی کورد نیه ، شیرین یه‌ک که‌سه و هه‌ر چۆن هه‌ر ئینسانێک مافی خۆیه‌تی مه‌عشوقی خۆی خۆش بوێ و پێیدا هه‌ڵبڵێ ماۆستا وه‌فاییش ئه‌و کاره‌ی کردوه ، که‌چی شیرینی مامۆستا هێمن له باسی عاشقانه ده‌رواته ده‌ر و نوێنه‌ری ئافره‌تی کوردی سه‌ده‌ی نویه که مامۆستا هێمن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا و به ئاواتی ده‌خوازێ ،
بۆیه به داخه‌وه مامۆستا هێمن به روانگه‌یه‌کی جوان ناسی چاو له شیرینی مامۆستا وه‌فایی ناکا و له دونیای مه‌عنه‌ویات و شێعر ده‌چێته ده‌ر، جۆرێک به‌رخورد له گه‌ڵ ئه‌و شێعره ده‌کا که گۆیا مامۆستا وه‌فایی ئێعلامیه‌ی ده‌رکردبێ و کچی کورد به ته‌شی
رستن هان بدا و دژی خوێندن و زیره‌کی بێ ، ده‌بێ بزانین کاتێک کچه کوردێک ئه‌و کاته ته‌شی ده‌رست ، پیاوی کوردیش کڵاشی ده‌چنی ، جاجم و به‌رماڵی ده‌چنی و ئه‌گه‌ر بێت‌و شاعیرێک زه‌رافه‌ت و جوانییه‌ک له ده‌سته‌کانی پیاوێکی کڵاش چندا ببینێ و بیکا به شێعر نابێ پێمان وا بێ شاعیره‌که پیاوی کورد هان ده‌دا وه شوێن خوێندن نه‌که‌ون ، لێره‌دا به داخه‌وه عاله‌می مه‌عنه‌وی و دونیای شێعری مامۆستا وه‌فایی ده‌رک ناکرێ و له جیات روانگه‌یه‌کی شاعیرانه بۆ شێعره‌که به شێعرێکی ره‌خنه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی که له فکری سیاسی ئاو ده‌خواته‌وه وه‌ڵآمی شێعرێکی عاشقانه و عارفانه ده‌داته‌وه که دو دونیای ته‌واو لێک جودان ، لێره‌دا نامهه‌وێ بچمه نێو باسی رۆڵی ژن له شێعری مامۆستا هێمن دا ، ته‌نیا ده‌م هه‌وێ هه‌ڵسه‌نگاندێک بکه‌م بزانین جیاوازی ئه‌و شیرینانه له چی دان ، جا با بزانین مامۆستا هێمن چ جۆره شیرێنێکی ده‌وێ .
ئه‌و شیرینه‌ی مامۆستا هێمن که زۆر شاعیر به شێعر پێشوازی لێ ده‌که‌ن و زۆر نوسه‌ر له پێشه‌کی کتێبی نوسه‌رانی ئافره‌تدا بۆ نمونه ده‌یهێنه‌وه له‌و به‌یته‌دا زۆر به رونی باسی لێ کراوه
من تهشیڕێسێــکی وه‌ک شــــــــــــیرنی وه‌فاییم بۆ چییه؟
کیژی وریای چاوکراوه‌ی فــــــــــــێرهزانـــــــــــــــــینم ده‌وێ
به‌ڵام به راستی مامۆستا هێمن ئه‌گه‌ر شیرینی وه‌فایی ره‌ت ده‌کاته‌وه ئایا خۆی باوه‌ری به شیرینی خۆی هه‌یه ؟ ئایا به راستی هه‌ر زیره‌کی و وریای لێ ده‌وێ ؟ من ده‌ڵێم نا و مامۆستا هێمن له چه‌ندین جێگا له چوارچێوه‌ی تاریفی خۆی له شیرین لاده‌دا بۆ نمونه له شێعری به‌هاری کوردستاندا ده‌ڵێ :
لێو ئاڵن، ده‌م بچووکن خوێن شیرن ، ڕه‌زا سووکن
کوڵمه‌یان وه‌ک گڵوکن گه‌وره کچن ، نه‌و بووکن
…..
شل و مل و له‌بارن چاو به‌کل ، گوێ به گوارن
ده‌سماڵ پووڵهکهدارن شه‌ده و گێلگێلهدارن
…..
ناسک و نه‌رم و نۆڵن خاوێنن ، سپی و سۆڵن
بڵباسی و توند و تۆڵن به مژۆڵ جه‌رگان ده‌کۆڵن
…..
هه‌ڵیان ماڵیوه باسک باسکی قه‌ڵه‌و و ناسک
که ده‌که‌ن تاسکه تاسک ڕهوهکترن له ئاسک
…..
کیژی مهزرینگ و سهکردن به له‌نجه و لار ڕاده‌برن
ناز ده‌که‌ن چاو داده‌گرن کوڕگه‌ل ده‌به‌ریان ده‌مرن
…..
کابانی قۆڵ به بازن شه‌نگه‌بێری کێل گه‌ردن
له نێو مه‌ڕ دێن و ده‌چن وه‌ک پۆلی پۆڕان ده‌چن
له کۆتایدا ده‌ڵێ
مامز دایگرتووه شیری ناسک ده‌کوشێ په‌نیری
ناز ده‌شێلێ هه‌ویری کاڵێ ده‌کا نان تیری
هه‌ر وه‌ک ده‌بینین لێره‌دا خه‌به‌رێک له زیره‌کی نیه ، کیژ لێره‌دا کێل گه‌ردن و خاوه‌ن له‌نجه و لار و ناز ده‌که‌ن ، چاو داده‌گرن و دڵی کوڕان یه‌خسیر ده‌که‌ن مامۆستا هێمن ته‌شی له ده‌ستی شیرین فرێ ده‌دا به‌ڵام شیری پێ ده‌دۆشێ و په‌نیر ده‌کوشێ و به یه‌کی دیکه هه‌ویر دهشێڵێ ، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی باسی جوان ناسی و دونیای شێعر بچینه ده‌ره‌وه یانی هه‌ر ئه‌و کاره‌ی خودی مامۆستا هێمن ده‌رحه‌ق به وه‌فایی کردویه‌تی ، ناکرێ بڵێین سه‌د ره‌حمه‌ت به شیرینی ته‌شی رێس ؟
من ئه‌گه‌ر بم هه‌وێ چ له باری شێعرێوه یان هه‌ر وه‌ک ده‌قێکی ساده قه‌زاوه‌ت له سه‌ر ئه‌و دو شیرینه بکه‌م به سه‌راحه‌ت ده‌ڵێم شیرینی وه‌فایی به ده‌یان به‌ڵگه سه‌ر و گه‌ردنێک له شیرینی مامۆستا هێمن له سه‌رتره . ئێمه له دونیای شێعری وه‌فاییدا له گه‌ڵ شیرینێکی سادق ، ساکار ، کورد، به حوجب و حه‌یا و نه‌گۆر ته‌ره‌فین ، که‌چی له هی مامۆستا هێمندا وا نیه له شێعری بۆ کچه کوردێکدا ده‌ڵێ :
کچه کوردێکی نه‌شمیل و له باری
به‌وه‌ی نییه ماوه‌یه‌که چویه شاری
ئه‌گه‌ر پێت خۆشه هه‌روا بت په‌رستم
نه‌که‌ی لاده‌ی له دابی کورده‌واری
که‌چی له شوێنێکی دیکه‌دا :
جیلوه‌یی جوانی له هه‌رچی دا هه‌بێ خۆشم ده‌وێ
ڕۆژێ کوشته‌ی مینی ژۆپ و ڕۆژێ گیرۆده‌ی شه‌ده‌م
مینی ژۆپ له گه‌ڵ دابی کورده‌واری به تایبه‌تی دێهات ناته‌بایه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌یه که خه‌می بۆ ده‌خوا ، بۆ مامۆستا هێمن لێره‌دا گرینگ داب و نه‌ریت و ره‌سه‌ن مانه‌وه نیه ، گرینگ جوانیه که داب و نه‌ریتیشی فیدا ده‌کا و شه‌ده و مینی ژوپ یه‌ک شتن .
١ . دیوانی وه‌فایی ، میرزا عه‌بدول ره‌حمی سابلاغی چاپی سه‌یدیان له مه‌هاباد
٢.ساغ کردنه‌وه دیوانی وه‌فایی ، کاک سوله‌یمانی چیڕه
سه‌لاح گوڵ ئه‌ندامی