Skip to Content

Friday, December 3rd, 2021

عه‌شق, وه‌ك ته‌زینی خۆر وه‌ك ئاره‌قه‌ی به‌فر

Be First!
by April 12, 2009 هۆنراوە

(عه‌شق, وه‌ك ته‌زینی خۆر
وه‌ك ئاره‌قه‌ی به‌فر)

     زانا عه‌لی حه‌مه‌ ئه‌مین
(1)
شمشێره‌كه‌ت  فڕێده‌,
به‌ مردنی من ئه‌م جه‌نگه‌ نابه‌یته‌وه‌
عه‌شق هه‌میشه‌ ده‌مێنێت.

(2)
به‌ دوای خۆتدا مه‌گه‌ڕێ‌ كه‌ عاشق نیت,
ئه‌وه‌ی له‌ تۆدا وون بووه‌
له‌ عه‌شقا ئه‌دۆزرێته‌وه‌
گه‌مژه‌ مه‌به‌.

(3)
كه‌ به‌شه‌وق و خۆشییه‌وه‌
له‌ یه‌كتری ده‌ئاڵێین و یه‌ك ماچ ده‌كه‌ین
ده‌بین به‌ یه‌ك,
وه‌ك په‌یكه‌ری (ده‌ستی خوا)ی ئوگست
له‌ناو ئاپورای خه‌ڵكدا.

(4)
عه‌شق و نان
دوو رووی ئاوێنه‌یه‌كن,
نان بۆ برسییه‌كی هه‌ژار و
عه‌شق بۆ غوربه‌تییه‌كی ته‌نیا.

(5)
موعجیزه‌ی عاشقان ئه‌وه‌یه‌
ئازار ماندوویان ناكات
به‌ڵكو چێژی لێ وه‌رده‌گرن.

(6)
جگه‌ره‌كه‌ت داگیرسێنه‌,
له‌ باخچه‌یه‌كدا سته‌مكار واعیزبێت
عه‌شق ئه‌سته‌مه‌.

(7)
له‌م نیشتیمانه‌دا عه‌شق
وه‌كو ده‌نكه‌ زه‌نگیانه‌یه‌ك ورد بۆته‌وه‌,
به‌ چراوه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێین.

(8)
پێش هه‌فته‌یه‌ك
پێشانگایه‌كی هونه‌ری له‌ باخچه‌یه‌كدا كرایه‌وه‌,
نمونه‌یه‌ك له‌ ئیشه‌كان
په‌یكه‌رێك بوو به‌ دارشه‌قه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕا,
دوای وردبونه‌وه‌و تێڕامان
په‌یكه‌رتاشه‌كه‌ پێی وتم:
ئه‌وه‌ عه‌شقه‌,
له‌ مه‌زادخانه‌كانی ئێمه‌دا.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply