Skip to Content

Thursday, February 25th, 2021

فرەژنى بووبە یاسا ، گەنجان چ دەڵێن ؟

Be First!
by November 24, 2008 ژنان

  بەدواداچوون:  هێما نیازى
 رانیە

 Hema89rania@yahoo.com
 
 
          فرەژنى بووبە یاسا ، گەنجان چ دەڵێن ؟
                كوڕێك  : فرەژنى جۆرێكە  لە ئینحرافى كۆمەڵایەتی !
                  كچێك  :  فرەژنى بەرزى ئاستى پیاوەتى پیاو لە كۆمەڵگەدا دەردەخات !!
       
 
      " بۆ توێژى لاوان  ، هاوسەرگیرى گرنگى و واتاى  خۆى  هەیە  ، چونكە پرۆسەیەكى  سروشتییە و رووداوێكى گرنگى ژیانى تاكەكەسە ،  لە داهاتوودا ئەركێكى كۆمەڵایەتیشە  ، یاساى فرەژنى لە پەرلەمانى كوردستان  پەسند كرا  ، گەنجیش وەك هەموو یاسا هەمواركراوەكانى دى  بە دوورەپەرێزى   لەم یاسایەى ڕوانى ، لە كاتێكدا ئەو پڕۆسەیە گرێبەستێكە تایبەتە بەوان . ئەدى  دەبێ بیروڕایان     چۆن بێ دەربارەى یاساى چەسپاوى فرەژنى و چۆن گوزراشتى لێ بكەن  "   
 
 
    ( كاروان ) گوتى : ئافرەت سیمبولى جوانى و نەرمونیانى و خۆشەویستییە ، بێ گومان ئەوەى ئافرەت   پێشكەشى ڕەگەزى نێرى دەكات هیچ دروستكراوێكى تر ناتوانێت پێی ببەخشێت ، دەبێ پیاوانیش ئافرەتئاسا بە هەمان شێوە وەڵام و پەرچەكردار  بەرامبە ئافرەتان دروستبكەن ، بەڵام بە داخەوە ئێمە بە فرەژنى پاداشتیان دەدەینەوە كە پرۆسەیەكە پڕاوپڕە لە تاكڕەویی و پاتریاكى و جۆرێكە لە ئینحرافى كۆمەڵایەتى  ،  دەشبێ ڕۆژێك بێ هەمووان  هەست بە خراپى فرەژنى بكەین نەك دەستەبژیرێكى رۆشنبیر  ، ئاكام دەبێ  لە كۆمەڵگەدا بنبڕببێ  .
 
 
 
    ( ڕەوەز ) خێزاندارە و خاوەنى منداڵێكە دەستى بە قسەكانى كرد و گوتى : من تا بەرزترین رادە دژى فرەژنیمە  چونكە بە ڕاى من یاسایەكى مێژوویی كۆن و سواوە و كرانەوەى دەروازەى ئاژاوە و ناعەدالەتى نایەكسانیە لە هەمو ماڵ و كۆمەڵێكدا ، بۆیە من دژى ئەو یاسایەم و بە چاكى دانانێم بە پێشبینى منیش پێموایە چۆن دیاردەى ژن بە ژنە بە تێپەڕبوونى كات كەمبۆوە و خەریكە هەر نامێنێ ئاواش فرەژنى بە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ڕۆشنبیری خەڵكەوە نامێنێت  .
 
    ( ئاشنا ) گووتى : لە وڵاتى كوردستاندا ، چەمكە مۆدێرن و ریفۆرمیی و هاوسەردەمەكان تەنها بە وشەى رووت هاتوونەتە ناومان ، هیچ پاشخانێكى واقعییان لە پشت نیە تەنها چەمكى سادەن و بە سەرماندا گشتێنراون و لە ماناكانیان نازانین و پراكتیزەیان ناكەین  ، یەكێك لە دیاردە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكانى ئێمە فرەژنییە ، فرەژنى لە كۆمەڵى ئێمەدا بەرزى ئاستى پیاوەتى پیاو لە كۆمەڵگەدا دەردەخات ، بەڵام ئەوەى جێگەى پەژارەیەكى زیاترە بۆ ئێمە ئەوەیە چەمكى ( دژە فرەژنى )یش وەك ئەم چەمكە رۆتینیانەیە  كە لەسەرەوە باسم كرد ، ئەوەش بە جۆرێك تەنانەت لەو ژنانەش دڵنیا نیمە كە بانگەشەى عەدالەت و یەكسانى و دژەفرەژنى دەكەن چجاى بنبڕكردنى و بەرەنگاربوونەوەى ! 
 
 
    ( سیروان ) گەنجێكە تەمەن 22 ساڵە ، گوتى : سەرەتا من وەكو ڕاى خۆم دژى فرەژنیم بە هەموو پاسا و و بیانوە نەگریسە باوكساراییەكانیەوە ، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانى منە كاركردنى ئەنجومەنی نیشتمانیە لە رووى كارو بەرنامە و پلانەكانى ،  نازانم لە وڵاتێكى وەكو كوردستان كە وڵاتێكى پڕا و پڕە  لە ئاریشە و كێشە چ پێویست دەكات لە سەر دیاردەیەكى كلاسیكى كۆنى كۆمەڵایەتى قسە بكرێت لە كاتێكدا ئێمە سەدان كێشەى لەوە گرنگترمان هەیە كە قسەو باسیان نەگەیشتۆتە ناو پەرلەمان .
 
    ( عەبدولڵا )  جیا لەوانى تر گوتى : فرەژنى لە لایەن پێغەمبەرمان محمد (د.خ ) پەسند كراوە ئەمەش بە پیشت بەستن بە دەقى قورئانى پیرۆز ، پێشم وایە دەستكارى كردنى یاسا ئاینییەكان لە زەرەر زیاتر هیچى تر بە ئێمە ناگەیەنەت ، هەر یاسایەك كە لە لایەن خوداى گەورەوە هاتبێت پێویست ناكات مرۆڤەكان دەستكارى بكەن ئەمە یاسایەكى ئاینیە , سەرپێچییەكى گەورەبە بۆ ئێمە دەست لەم بابەتە وەربدەین .
 
     لە پپَش ئاینى ئیسلام و لە سەروبەندى بڵاوبوونەوەى ئاینى ئیسلام  لە ڕووى بارى كۆمەڵایەتى ئاینى و سیاسیەوە لە نیمچە دوورگەى عەرەب ، واى دەخواست فرەژنى ببێتە دیادەیەكى پێویست و خوازرا و ئەمەش لەم كاتەدا ڕەگى داكوتا و ڕەنگى دایەوە، بە واتایەكى تر پێویستییەكى مێژوویی واى كردوە فرەژنى دروست بێت ، ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییەش درێژ بۆتەوە تا ئێستا ، هەنوكە لەم سەردەمەدا فرەژنى نامۆیە چونكە ئێمە لەم سەردەمە تێپەڕیون و دەبێ مرۆڤەكان بە هۆشیارى بیر بكەنەوە كە فرەژنى جگە لە دروسبوونى كێشە هیچى تر بە دەوروبەر ناگەیەنێت ، فرەژنى هیچ ڕەهەندێكى لۆژیكى لەپشتەوە نیە تەنها خۆى لە  تێركردنى غەریزەى تاكەكەسى  ئەو كاراكتەرەى  بە فرەژنى هەڵدەستێت دەبینێتەوە  . ئەمە قسەى ( جوتیار) ى قوتابی زانكۆ  بوو .
 
     ( ئارام ) گەنجێك بوو ،گوتى : من پشتگیرى لەم یاسا هەمواركراوە دەكەم ئەوەش بە پەیڕەوكردنى ئەو بنەماو مەرجانەى بۆى دانرا ، بە ڕاى من فرەژنى دیاردەیەكى پۆزەتیڤە لە كۆمەڵى ئێمەدا چونكە ئاستى ڕۆشنبیرى تاكەكانمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەى وەكو وڵاتانى ئەوروپى گەنجان و پیاوان ( گیڕڵ فڕێند ) یان هەبێت بۆ مەبەستى پڕكردنەوەى فەڕاغ و بۆشاییە  سێكسۆلۆجیەكانى ، ئەمە لێرەدا سنور بەزاندنە بەڵام فرەژنى جێگاى ئەوەى گرتۆتەوە ئەمەش لە چوارچێوەیەكى یاسایی و ڕەوایەتى ئاینیەوە ، ئەمە لە لایەك لە لایەكى ترەوە سودى فرەژنى ئەوەیە كە گەنجان دوور دەخاتەوە لە كارى ناڕەوا و نابەجێ بەوەى كە بە شێوەیەكى یاسایی ژنى دووەم و سێهەم دێنێ و لەگەڵیان ژیان دەكات ، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە دژى فرەژنى ڕەهامە و بە لەبەرچاوگرتنى ئەو مەرجانەى پەرلەمان داینا بۆ  كردەى فرەژنى پەسندى دەكەم .
 
 
     ( هەردى ) بە مۆبایلەكەى لەگەڵ خۆشەویستەكەى قسەى دەكرد دواتر بۆم دواو و گوتى : سەبارەت بە فرەژنى زۆر زۆر بە توندى دژى دەوەستمەوە چونكە هیچ پاساوێك نیە پیاوێك چوار ژن بهێنێت ، ئەمە ئەوپەڕى تێنەگەیشتنە لە مانا و بەها جوانەكانى خۆشەویستى و پەیوەندییە پیرۆزەكانى ژن و پیاو .  ئەو گوتى : من  ماوەى 6 ساڵە كچێكم خۆش دەوێت ئەو هەموو ژیانى بۆ من تەرخان كردووە و لە داهاتوودا دەبێتە هاوسەرم ،  ئەو لە ماوەى خۆشەویستەكەماندا قوربانیەكى زۆرى بۆداوم  دڵنیام لە داهاتووشدا هەر وادەبێت  ،  پاش هاوسەرگیرى چ كارەساتێكە بچم ژنى دووهەمى بەسەر بهێنم ئایا ئەمە دەرخستنى وەفا دەگەیەنێت   ، بۆیە من پشتگیرى لەم یاسایە  ناكەم و دژى دەوەستم ،  بەڵام ئەوەى روحێكى بچووكمان بە بەردا دەكاتەوە  ئەو  مەرجانەن كە بۆ فرەژنى چەسپا لە لایەن پەرلەمانەوە .
 
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply